ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:11 - 19/01/2020

ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێته‌ 19.75%؟‌

پەیسەر

16ی ئه‌م مانگه‌ حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆكی ئێران ڕاسته‌وخۆ له‌ ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ وتی، ئێستا ئێران یۆرانیۆمێكی زیاتر ده‌پیتێنێت، به‌راورد به‌ پێش ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی 2015.

ئه‌گه‌ر ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی ڕوحانی ڕاست بێ، ئاماژه‌یه‌ بۆ زیادبوونی نائاسایی به‌رهه‌مهێنانی مانگه‌ی یۆرانیۆمی پیتێنراو له‌دوای ئه‌و وردبینییه‌ی كه‌ نێرده‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی له‌دوایین سه‌ردانیاندا بۆ ئێران له‌ 3ی تشرینی دووه‌می ڕابردوودا ئه‌نجامیاندابوو.

ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئێران پێویستییه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و بڕه‌ یۆرانیۆمه‌ی له‌ دروستكردنی بۆمبێكی ئه‌تۆمیدا به‌كارده‌هێنرێت، به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك كه‌مبووه‌ته‌وه‌

ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی یۆرانیۆم پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا ببێته‌ نێوه‌ندگیر، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئێران پێویستییه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و بڕه‌ یۆرانیۆمه‌ی له‌ دروستكردنی بۆمبێكی ئه‌تۆمیدا به‌كارده‌هێنرێت، به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

له‌ نێوان مانگی ئایاری 2012 بۆ هه‌مان مانگی ساڵی 2014، ئێران مانگانه‌ 232 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی به‌رهه‌مده‌هێنا

له‌ڕێی چاوخشاندنه‌وه‌ به‌و زانیاریانه‌ی پێش ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌به‌رده‌ستدابوون، ده‌كرێت هێڵێكی پشتپێبه‌ستنمان بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌كانی ڕوحانی بداتێ. له‌ نێوان مانگی ئایاری 2012 بۆ هه‌مان مانگی ساڵی 2014، ئێران مانگانه‌ 232 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی به‌رهه‌مده‌هێنا، (ڕێژه‌ی پیتاندنه‌كه‌ی 5% بوو)، بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ش نزیكه‌ی (900) ئامێری سه‌نته‌رفیوجی له‌ جۆری (ئه‌ی ئاڕ-1) (یان نه‌وه‌ی یه‌كه‌م)ی له‌ دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی ناتانز به‌گه‌ڕخستبوو. كاتێك بۆ پابه‌ندبوون به‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌وه‌ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی كه‌مكرده‌وه‌، مانگانه‌ ته‌نها 156 كیلۆگرامی به‌رهه‌مده‌هێنا. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ ته‌مموزی 2015دا واژۆكرا، به‌ڵام تا كانونی دووه‌می 2016 نه‌خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی نێوان (19ی ئاب تا 3ی تشرینی دووه‌می 2019)، یۆرانیۆمی ئه‌مباركراوی ئێران به‌ ڕێژه‌ی 3.67% و 4.5% زیادیكردووه‌

له‌ نوێترین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمیدا له‌ ماوه‌ی نێوان (19ی ئاب تا 3ی تشرینی دووه‌می 2019)، یۆرانیۆمی ئه‌مباركراوی ئێران به‌ ڕێژه‌ی 3.67% و 4.5% زیادیكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یۆرانیۆمه‌ ئه‌مباركراوه‌كه‌ی ئێران بگه‌یه‌نرێته‌وه‌ ئاستی پێش ڕێككه‌وتنه‌كه‌، به‌لایه‌نی پێویسته‌ ئێران تێكڕای پیتاندنی یۆرانیۆمه‌كه‌ی له‌ مانگێكدا بۆ سێ هێنده‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنان له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ڕابردوو به‌رزبكاته‌وه‌، واته‌ (156 كیلۆگرامه‌كه‌)، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێت. بۆ نمونه‌ (232 كیلۆگرامه‌كه‌ له‌ مانگێكدا). ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ چۆن ده‌سته‌واژه‌ی (پێش ڕێككه‌وتنه‌كه‌) پێناسه‌ ده‌كرێت.

پێناچێت ڕوحانی زیاده‌ڕۆیی له‌ قسه‌كانیدا كردبێت. به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌باره‌ی ئامێره‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانه‌وه‌ هه‌ن، گه‌یشتن به‌ هه‌مان ئاستی پیتاندنی پێش ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌سكه‌وتێكی گونجاو بووه‌، ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ستابوو ئێران ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌ پیتاندنی یۆرانیۆم (واته‌ پێشێلكردنی كۆتوبه‌نده‌ جیاوازه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌). به‌تایبه‌ت كه‌ ئێران ده‌یتوانی ته‌نها به‌ زیادكردنی ژماره‌ی ئامێره‌كانی (ئه‌ی ئاڕ -1) یان له‌ڕێی خستنه‌كاری ئه‌و ئامێره‌ پێشكه‌وتووانه‌ی ئێستا هه‌یه‌تی، كه‌ ده‌بێت به‌رهه‌مێكی زۆر زیاتریان له‌ ئامێره‌ كۆنه‌كانی (ئه‌ی ئاڕ -1) هه‌بێت، ده‌یتوانی ئه‌و كاره‌ بكات.

چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ئێران ڕایگه‌یاند ده‌ستده‌كات به‌ به‌كارهێنانی ئامێره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆم

چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ئێران ڕایگه‌یاند ده‌ستده‌كات به‌ به‌كارهێنانی ئامێره‌ پێشكه‌وتووه‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆم، له‌كاتێكدا ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ ئێرانییه‌كان ئه‌و ئامێره‌ نوێیانه‌یان خستووه‌ته‌ كار و ده‌ستیانكردووه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی یۆرانیۆم.

به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ ئێران پێش ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ئه‌م ئامێرانه‌ی به‌كارنه‌ده‌هێنا، دیارنییه‌ سه‌ركه‌وتووبوون یان نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوی توانایانه‌وه‌ كاربكه‌ن ده‌كرێت وه‌ڵامی زۆرترین قسه‌كانی ڕوحانی بداته‌وه‌ كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات.

ئه‌گه‌ر ئامێره‌ نوێ و پێشكه‌وتووه‌كانیشی له‌گه‌ڵدا كۆبكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وا ئێران زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێت ئه‌و ئاسته‌ تێپه‌ڕێنێت كه‌ پێش ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ پێی گه‌یشتبوو

له‌ 5ی كانونی دووه‌می ئه‌مساڵدا به‌رپرسانی ئێران وتیان، وه‌ك به‌شێك له‌ هه‌نگاوی پێنجه‌می كه‌مكردنه‌وه‌ی پابه‌ندبوونه‌كانیان به‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌وه‌ ژماره‌ی ئامێره‌كانی سه‌نته‌رفیوجی (ئه‌ی ئاڕ-1)یان زیادكردووه‌. به‌له‌به‌رچاوگرتنی ژماره‌ی ئه‌و ئامێرانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تای كاركردن به‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌وه‌ له‌كاركه‌وتوون، ده‌كرێت بوترێت كه‌ نزیكه‌ی 4600 ئامێری دیكه‌ی هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامێرانه‌دا كۆیان بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان پێنج هه‌زار و 60 ئامێره‌ و ئێستا له‌كاردان، ده‌كرێت بوترێت ئه‌مه‌ ئه‌و توانایه‌ ده‌داته‌ ئێران كه‌ دووباره‌ ژماره‌ی ئامێره‌كانی بگه‌یه‌نێته‌وه‌ 9 هه‌زار و 156 دانه‌ له‌ جۆری (ئه‌ی ئاڕ-1) كه‌ به‌ر له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌كاریده‌هێنان. ئه‌گه‌ر ئامێره‌ نوێ و پێشكه‌وتووه‌كانیشی له‌گه‌ڵدا كۆبكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وا ئێران زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێت ئه‌و ئاسته‌ تێپه‌ڕێنێت كه‌ پێش ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ پێی گه‌یشتبوو.

دوای ئه‌وه‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوودا نوێترین ڕاپۆرت له‌باره‌ی ئێرانه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌، ورده‌كاری پشت بانگه‌شه‌كه‌ی ڕوحانی زیاتر ڕوون ده‌بێته‌وه‌. ده‌شبێته‌ یه‌كه‌م ڕاپۆرتی ئاژانسه‌كه‌ كه‌ له‌ دوای ده‌سبه‌كاربوونی سه‌رۆكه‌ نوێكه‌یه‌وه‌ (رافاییل گروسی) له‌باره‌ی ئێرانه‌وه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، ده‌شبێته‌ یه‌كه‌م ڕاپۆرت كه‌ توانای ئامێره‌ نوێكانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران ئاشكرا ده‌كات.

مه‌ترسیدارترین هه‌نگاو كه‌ ده‌كرێت ئێران بیگرێته‌به‌ر زیادكردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمه‌كه‌یه‌تی له‌ 4.5% وه‌ بۆ 19.75%، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ زۆر له‌و یۆرانیۆمه‌ نزیكه‌ كه‌ بۆ دروستكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی پێویسته‌. ئه‌گه‌ر تاران توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت یۆرانیۆمه‌ ئمباركراوه‌كه‌ی به‌و استه‌ زیادبكات كه‌ ڕوحانی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئاستی پیتاندنه‌كه‌ی گه‌یانده‌ 19.75%، ئه‌وه‌ ده‌كرێت هه‌مان ئه‌و مه‌ترسیه‌ی لێبكرێت كه‌ پێش ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ هه‌یبوو بۆ گه‌یشتن به‌ بۆمبی ئه‌تۆمی.