ڕاپۆرتی کوردستانی

04:42 - 19/01/2020

بە دروشمی 'هەدەپەی بەهێزتر، تێکۆشانێکی بەهێزتر' چوارەمین کۆنگرەی ئاسایی ئەنجامدەدات‌

پەیسەر

دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ١٦ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦ لە تورکیا کە حکومەتی ئەو وڵاتە، ڕێکخراوی فەتحولاچیەکانی تۆمەتبار کرد، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ڕووبەڕووی هێرشێکی فراوانی حکومەتی ئاکەپە بووەوە.

لەو کاتەوە زیاتر لە ١٥ هەزار، هاوسەرۆک، پەرلەمانتار، بەڕێوەبەر، سەرۆک شارەوانی و ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە لە لایەن حکومەتەوە دەستگیرکران و تا ئێستاش لە زیندانەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندان.

حکومەت کودەتای سەربازی ١٦ی تەموز و شەڕی ناوخۆی شارە کوردییەکانی وەک بیانویەک بۆ لاوازکردنی هەدەپە بەکارهێنا و لە بە تۆمەتی 'هاوکاری تیرۆر و ئەندامێتی لە پەکەکە' سەرکردە کاریگەرەکانی هەدەپە ڕاپێچی زیندانەکان کران.

بەو هۆیەوە وەک پێویستییەک بۆ دووبارە بەهێزبوون و ئامادەکاریەک بۆ قۆناغی داهاتوو و هەڵبژاردنەکان، هەدەپە ئامادەکاری بۆ سێیەمین کۆنفڕانسیی دەکات.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٠ دا چوارەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدەدات.

بەر لە ئەنجامدانی کۆنگرە، باڵی گەنجانی هەدەپە لە ١٢ی کانونی دووەمدا لە شاری ئەنقەرە دووەمین کۆنفڕانسی خۆیان ئەنجامدا و ئەنجومەنێک لە ٤٥ کەس پێکهێنرا.

لە لایەکی ترەوە دوێنێ و ئەمڕۆ واتە ١٨ و ١٩ی کانونی دووەم، سێیەمین کۆنفڕانسی ژنانی هەدەپە لە ئەنقەرە بە دروشمی 'ئێمە هەوڵی ئازادی دەدەین، بڕیارمان تێکۆشانە' ئەنجامدرا.

لە هەموو تورکیا ٤٠٠ ژن بەشداریان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد و نەخشەڕێگایەک لەبارەی چۆنیەتی تێکۆشان و خەباتی ژنانی باکووری کوردستان ئامادەکرا و بڕیارەکانی کۆنفڕانسی ژنان ڕادەستی ناوەندی گشتی هەدەپە دەکرێت.

هەدەپە لە ٢١ی کانونی یەکەمدا لە دەریای ڕەش و سەرهاد، لە ٢٢ی کانونی یەکەم لە هەرێمی ئەگە، لە ٢٨ی کانونی یەکەم لە مەڕمەڕە، لە ٢٩ی کانونی یەکەم لە چوکورئۆڤا و ئانادۆڵی ناوەڕاست کۆبوونەوەی هەرێمی ئەنجامدا. ئەندامانی هەدەپە لە شارەکانی سامسون، سینوپ، ڕیزە، ئۆردو، چۆروم، گرەسون، ئاماسیا، تڕابزۆن، زۆنگولداغ، وان، جۆلەمێرگ، ئاگری، ئیدر، مووش، بەدلیس، قەڕس، ئیزمیر، ئانتالیا، مانیسا، موغلا، دەنیزلی، ئەستەنبوڵ، بوڕسا، کۆجائەلی، ساکاریا، بۆلو، بالیکەسیر، چاناککالە، ئەدرنە، تالۆڤا، ئەدەنە، مێرسین، هاتای، عوسمانیە، ئەنقەرە، کۆنیا، قەیسەری، کرشەهیر و ئەسکیشەهیر بەشداریان لە کۆبوونەوە و کۆنفڕانسەکانی هەدەپە لە ٧ هەرێم کرد. لە کۆبوونەوەکاندا دۆخی سیاسی و ڕێکخستنی و نەخشەی سەردەمی نوێ تاوتوێکران.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە لە کۆنفڕانسی ژنانی هەدەپەدا تیشکی خستە سەر فشارەکانی سەر حزبەکەیان و ڕایگەیاند، ئامانجی دەسەڵات لاوازکرندی هەدەپەیە. بۆیەش ئەندامانەکانیان دەستگیر دەکرێن. بەڵام لەگەڵ فشارەکان هەدەپە لەسەرپێ ماوەتەوە و هۆکارەکەشی پشتگیری گەلی کوردە.

بوڵدان ئاماژەی بەوەشدا، کۆنگرەکەیان لە ٢٣ی شوبات، بە جۆش و خرۆشێکی زۆر و بە بەشدارییەکی زۆرەوە بەڕێوە دەچێت و وتی:"ئێمە کۆنگرەکەمان وەک وڵامێکی گەورە لە دژی سیاسەتەکانی شەڕ دەبینن. وەکو هەنگاوێک دەبینن کە هەموو پلانەکانی ئاکەپە لەناو بەرین".

لە لایەکی تریشەوە سەزایی تەمەللی هاوسەرۆکی گشتی هەدەپەش لە دوایین وتاریدا ڕایگەیاند، ئەوان لە قۆناغێکی مێژووییدا کۆنگرەیەکەیان ساز دەکەن و بە بڕوای ئەوان دەکرێت کێشەکان بە رێگەی دیمۆکراسی چارەسەر بکرێن و کۆنگرەکەیان هیوایەکی نوێیە و پێویستە کۆمەڵگا لەدەوری یەکتری کۆببێتەوە کۆنگرەی هەدەپە بانگەوازێکی گەورە دەبێت.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە ئەنقەرە دامەزرا.

یاڤوز ئۆنەن و فاتما گۆک سەرەتا وەک هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران و دواتر لە کۆنگرەی یەکەمدا ئەرتوغرول کورکچو و سەباحەت تونجەل لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠١٣ وەک هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران.

٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا لە دووەم کۆنگرەدا سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ وەک هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران و تا دەستگیرکردنیان لە ساڵی ٢٠١٦ وەک هاوسەرۆکی ئەو پارتە مانەوە.

دواتر لە کۆنگرەی سێیەمدا لە ١١ی شوباتی ٢٠١٨ دا سەزایی تەمەللی و پەروین بوڵدان وەک هاوسەرۆکانی هەدەپە هەڵبژێردران و تا ئێستا لەسەر پۆستەکانیان بەردەوامن.

تا ئێستا نازانرێ، هەدەپە پلانی ئەوەی هەیە لە کۆنگرەی چوارەمدا هاوسەرۆکانی بگۆڕیت یان نە کە بریارە لە ٢٣ی شوباتی ئەمساڵدا ئەنجامی بدرێت.