ڕاپۆرتی کوردستانی

09:07 - 19/01/2020

تورکیا به‌نیازه‌ ته‌مبوور له‌ كورد بدزێت‌

پەیسەر

هەزاران ساڵە كورد ته‌مبور بەدەسته‌ و ته‌مبور ده‌ژه‌نێت، لە ڕۆژهەڵات و باکوری کوردستان په‌یوه‌ندى كورد و ئه‌م ئامێره‌ مۆسیقییه‌ تایبه‌تترو دێرینتره‌، تەمبور بووه‌ته‌ بەشێکى گرنگى مێژووی فەرهەنگی کورد لە چەند پارچەی کوردستان، پێنج هه‌زار ساڵه‌ كورده‌كان ئاوازى پێده‌چڕن، دواى ئه‌و ته‌مه‌نه‌ زۆره‌ى ئامێرەکە قۆناغ به‌ قۆناغ گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتووه‌، بەڵام ئەوەی ئێستا سەر بەهەمان بەرەبابی ئامێرەکەیە و چەند گۆڕانکارییەکی بچووکی تێدا ئەنجامدراوە.

تورکیا دەیەوێت ئەم ئامێرەش وەک دیوانی مەسنەوی مەولانا بکات بەناوی خۆیەوە، لە لیستی فەرهەنگی یونسکۆ، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵى چڕى ده‌ستپێكردووه‌، ته‌مبوور ژه‌نانى كورد نیگه‌رانن كه‌وتوونه‌ته‌ خۆیان تا ببنه‌ به‌ربه‌ست بۆ ئه‌و خواسته‌ى توركیا. بڕیاره‌ له‌ كرماشانه‌وه‌ ته‌مبوور ژه‌نان به‌ به‌رهه‌مى نوێ و كوردانه‌ به‌ ته‌مبوور ژه‌نین وه‌ڵامى توركیا بده‌نه‌وه‌و بڵێن كورد و ته‌مبوور لێك جودا نابنه‌وه‌.

تەمبوور لە کاسەیەکی گەورەی هێلکەیی یان خڕ پێکدێت، چوار تاڵ ژێی بەسەردا تێدەپەرێت و بە قامکێک دەژەندرێت، دەنگی ئامێرەکە لە مێژووی گەلی کورد و بەشێک لە گەلەکانی ناوچەکەدا زیاتر بۆ ئاوازێکی غەمگین یان شیوەن بەکارهاتووە، سەرچاوەی جیاواز هەیە کە ناوی ئامێرەکە لەکوێیوە هاتووە، بەڵام باوترینیان ئەوەیە کە لە مێژوودا بە (تەل + موور) ناوبراوە، تەل زیاتر مەبەست لە ژێکانی بووە، مووریش ناوی ئاوازێک بووە بۆ شینگێڕی یان کۆڕێکی ماتەمینی.

لە پۆلێن و ناساندنی ئامێرە مۆسیقییەکاندا، ئامێرەکە بەناوی  پاندۆرا (Pandora)، پاندۆلا (Pandola)، ماندۆرا (Mandora) و ماندۆلا (Mandola) و ماندۆلین (Mandoline) ناوی هاتووە، بەڵام بەهۆی مێژووی کۆنی ئامێرەکەوە ناوێکی جێگیری بۆ یەکلا نەبووەتەوە.

مێژووی تەمبوور

لەسەر ئەو پەیکەرە ژەنیارانەی لە ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە، ئاماژەن بۆ ئەوەی مێژووی بوونی ئەم ئامێرە دەگاتە زۆرتر لە (٥٠٠٠ساڵ) پێش ئێستا، هەڵبەت ئەو ئامێرە دیار نییە چ سازێکە، بەڵام رواڵه‌تى به‌ گشتیى لە تەمبوور دەچێ.

مێژووی تەمبوور لە چواردەوری میللەتانی کورد و فارس و تورک سوڕاوەتەوە، ئەو سێ گەلە ئامێرە مۆسیقییەکەیان هەبووە، بەڵام لە شێوه‌و بەکارهێنانیش جیاوازییان هەبووە، ئەو بەڵگانەی لەبەردەستن بە ئێستاشەوە خاوەندارێتی ئامێرەکە هی کوردە، پاشان بە ناوچەکانی دیکەدا بڵاوبووه‌تەوە.

بەهۆی مێژووی کۆنی ئامێرەکەوە لە ناوچەکانی کوردستان ناوهێنان و تێڕوانینی کوردەکان لە پارچەکانی کوردستان جیاوازە بۆی، بۆ نموونە:

لە باکووری کوردستان دەڵێن تەمبوور.
لە باشووری کوردستان لە ناو یارسان دا ئامێرێک ھەیە بە ناوی تەموورە.
لە ناو کوردەکانی خوراسان دا بە دوو تار دەڵێن تەمبوورە.
لەگەڵ ئەوەشدا گەلانی دیکەی دونیا تەنانەت ئەفریقاش تەنبوریان هەیە و لەو کیشوەرەش مێژووی خۆی هەیە، ئەم ناوانەی خوارەوە ناوی تەمبوورەکانن:

تەمبووری شێروانی
تەمبووری خوراسانی
تەمبووری بەغدادی یان مەزانی
تەمبووری تورکی
تەمبووری دوو تەلی، ئامێرێکی سەرەتاییە و لە باکووری ئه‌فریقا دەژەندرێت.
نای تەمبوور، کە بە کەمان دەژەندرێت.
تەمبووری مەراکەشی، کە ٧ تەلی ھەیە.
فارابی لە کتێبی"الموسیقی الکبیر" لە تەمبوورەی بەغدادی و تەمبوورەی خۆراسانی ناو دەبات.

تەمبوور لای کورد

کاتێک باسی ئەم ئامێرە مۆسیقییە دەکەین لای کورد، دەبێت یەکەم جار باس لە تەمبوور بکەین لای یارسانەکان، چونکە بەهۆی تێکەڵبوونی ئامێرەکە لەگەڵ هێڵە ئاینییەکانی یارسان، چەندین ساڵە ئامێرەکە لەناو کوردانی یارسان-دا، ماوەتەوە و پارێزگاری لێکراوە، هەرشتێکیش لەناو کۆی ئاینەکاندا پیرۆزبێت زیاتر دەمێنێتەوە.

لەناو ئاینی یارساندا مۆسیقا بە پیرۆزی هێڵدراوەتەوە، لەگەڵ تەمبوور چەندین ئامێری دیکەش لەناو کوردانی یارساندا هەبووە و ماوەتەوە لەوانە (دایرە، دەف، تەبەڵ، سورنا، نەی، کەمانچە، تار) هەموو ئەوانە هاوکاری خەتی مۆسیقایان کردووە، لەناو کوردانی یارسان-دا.

ئاینی یارسان تەمەنی هەزاران ساڵە، لە سەردەمی میتراییەکانەوە درێژ بووەتەوە و لەگەڵ هەر سەردەمێکدا جۆرێک نوێبوونەوە و لقی لێ پەیدابووە، بۆنموونە یارسانەکان پێغەمبەر دانیاڵ لایان پیرۆزە، کە ئێستا گۆڕەکەی لە نزیک کەرکوکە و بەشێک لە پەیڕەوانی ئەهلی حەق سەردەمێک لە سەردەمەکان لە نزیک کەرکوک و ڕێگای موسڵ ژیاون، وەک سەرچاوە مێژووییەکانی یارسان باسی دەکەن لە نزیک گۆڕەکەی پێغەمبەر دانیاڵ چەند هێمایەک بۆ ئامێرێکی مۆسیقی تەمبوور ئاسا دۆزراوەتەوە.

لەگەڵ ئەم مێژووە کۆنەی تەمبوور لەگەڵ یارسانەکان و بەکارهێنانی وەک ئامێرێکی پیرۆزی ئاینیی، ئەم ئامێرە وردە وردە جۆرێک لە پیرۆزی ئاینی دەگرێت، بە جۆرێک تا سەردەمی ئاینی ئیسلام و دوای ئەو سەردەمەش لە کەشە عیرفانییەکاندا تەمبوور بەکار هاتووە. تەنانەت ئامێرەکە لەناو شیعر و وتە عیرفانییەکانی مێژووی ناوچەکە بەکار هاتووە و تا کەسایەتییە عیرفانەکانی مێژوویەکی نزیک ئامێرەکە وەک ئاوازی ڕۆحی و گوازرشت لە ڕۆح بەکارهێندراوە.

درێژبوونەوەی خەتی تەمبوور لەگەڵ ئاینەکاندا 

ئەگەرچی تەمبوور لەناو ئاینەکانی دیکە و ئەوانەشی کە یارسان نین هه‌یه‌، بەڵام کاتێک زیاتر باسی یارسانەکان دەکەین لەم بابەتەدا پەیوەندی بە مێژووی ئامێرەکەوە هەیە لەو ئاینەدا.
لەناو پەیڕەوی ئاینی یارساندا جەژن زۆر هەن، لەگەڵ هەموو جەژنێکیشیاندا تەمبوور ئامادەیە، لە سەرەتای هەموو وەرزەکاندا یارسان جەژنیان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا دوو جەژنی دیکەشیان هەیە کە گرنگی پێدەدەن ئەویش جەژنی( بالوێڵە)، جەژنی یەکەم ڕۆژی چلەی زستانە و جەژنی تەمبوور ژەنین یان ژەنانە، کە ئەمەیان هەر زۆرینەی کاتەکەی بە ژەنینی تەمبوور بە کۆ و بەیەکەوە تێدەپەرێت.

دوانەی ئاینی جەژن و تەمبوور و درووستکردنی کەشە ڕۆحییەکە وایکردووە، لە پەیڕەوانی ئاینانی دیکە وەک عیرفانانی سەر بە ئاینی ئیسلام تەمبوور وەک درووستکردنی کەشی ڕۆحی تەماشا بکرێت و ببەسترێتەوە بە عیرفانەوە.

ئەمە ئەم خاڵه‌یه‌ کە تورکیا دەیەوێت لە رێگەی پێشەوای تەریقەتی مەولەوییەوە ناوی ئامێرەکە لە لیستی فەرهەنگی و مێژووی یونسکۆ بکات بەناوی خۆیەوە.

پاساوی تورکیا بۆ بەستنەوەی تەنبور بە مێژووی خۆیەوە چییە؟

تورکیا و ئێران، لەسەر بنەمای داواکارییەکی بەرنامەی یادگەی گێتیی «Memory of the World»ـی یونسکۆ، دیوانی «مەسنەوی»ـی مەولەوییان بە کەلەپوورێکی فەرهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەکە لە لیستی یونسکۆ بۆ کولتووری جیهانیی تۆمارکردووە، لە ساڵی ٢٠١٦ دا هەرچەندە ئەم هەوڵە لەلایەن ئەفغانستانەوە کە بە خاوەنی سەرەکی جەلالەدینی ڕومی (مەولانا) دادەنرێت ڕەتکرایەوە.

ساڵانە لە شاری کۆنیا لە تورکیا کە بە شوێنی مردنی مەولانا دادەنرێت، فیستیڤاڵێکی ڕۆحی سازدەکرێت و لە زۆرینەی وڵاتانی دەورووبەر و لە کرماشانیش وەک شوێنی مانەوەی یارسانەکان خەڵکی بانگ دەکرێت بۆ ئەو ڤیستیڤاڵە تا بە ژەنینی تەمبوور بەشداری بکەن.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا تەمبوور ژەنانی کرماشانی سەردانی کۆنیایان کردووە، بەڵام ساڵی ڕابردوو بارودۆخەکە گۆڕدرا بۆ نارەزایەتی ژەنیارانی ئامێرە مۆسیقییەکە، کاتێک زانرا تورکیا دەیەوێت ئەم ئامێرەش وەک دیوانی مەسنەوی مەولانا بکات بەناوی خۆیەوە لە لیستی فەرهەنگی یونسکۆ.

هەزار تەمبوور ژەنی کورد دژی بڕیارەکەن

لەبەرامبەر هەوڵەکەدا بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کرماشانی هەڵوێستیان دژی هەوڵەکە وەرگرتووە، دەیانەوێت لە رێگای پڕۆژەیەکی هونەرییەوە ڕێگری لە هەوڵەکە بکەن ئەنجوومەنی مۆسیقای کرماشان بە پێشنیاری شەهرام نازری ژەنیار و هونەرمەندی کورد  و بە واژۆی ٦٠٠ تەمبوور ژەن، بڕیارە  سێ بەرهەمی بەنرخی  شەهرام نازری سەرلەنوێ  تۆمار بکەن و مەبەست لەو کارەش  پێشگرتن لە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیایە.

هونەرمەندان دەیانەوێت لە کرماشانەوە نیشانی بدەن، کە ئەوان وەک کەلتوری ئاینی و خەڵکی ناوچەکە خاوەنداری لە ئامێرە مۆسیقییەکە دەکەن و مێژووی خەڵکی کوردی ناوچەکە نیشان بدرێت کە چەند پەیوەستن بە ته‌مبووره‌وه‌.

فەرزاد شاسواری، سەرۆکی ئەنجومەنی مۆسیقای کرماشان لەبارەی ئەو هەوڵەی تورکیاوە دەڵێت، بەشێک لە هونەرمەندەکانی تورکیا لە کۆنییا پێیان راگەیاندووە کە حکومەت سەرقاڵی تۆمارکردنی ئەو ئامێرەیە بەناوی خۆیەوە، لەکاتێکدا لە پێش هاتنی ئیسلامەوە ئەم ئامێرە یان باوکی ئەم ئامێرە لەناوچە کوردییەکاندا ژەندراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە تورکەکان بیانەوێت جۆرێک ئامێری تەنبوور خۆیان بەناوی خۆیانەوە تۆماربکەن، بەڵام دواجار ئەو ئامێرە بەناوی ئەوانەوە تۆمار دەکرێت".
لە کۆتایدا ئەگەر تورکیا لە هەوڵەکەی سەرکەوتووبێت بۆ تۆمارکردنی جۆرێک لە تەنبوور بەناوی خۆیەو، ئایا هەوڵ و ڕەتکردنەوەی کورد وەک هەوڵەکەی ئەفغان بۆ بەشێک لە شیعرەکانی مەولەوی لەلایەن تورکیاوە بێ ئەنجام دەبێت؟