ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:59 - 21/01/2020

بەرپرسانی ئێران خه‌ڵكه‌كه‌یان وه‌لاناوه‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ داوی هێزە دەرەکییەکانەوە‌

پەیسەر

وەک چاوەڕوان دەکرا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆیان بۆ پاشەکشێیەکی دیپلۆماسی دیکە ئامادە دەکەن. ئەم پاشەکشێیه‌ لەو رێککەوتنە ئەتۆمییە دەبێ کە ئیدارەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمه‌ریکا ئامادەیکردبوو. پلانی ئەم پاشەکشێیە بوریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی به‌ریتانیا هێناویەتە ئارا، بەڵام ئەنجامەکەی دەکرێت بە ناوی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمه‌ریکاوە.

میلەکان بەرەو (رێککەوتنێکی ئەتۆمیی ترەمپی) دەجوڵێن

بە واتایەکی دیکە میلەکان بەرەو (رێککەوتنێکی ئەتۆمیی ترەمپی) دەجوڵێن. بەڵام ئەم رێککەوتنە هیچی لێ شین دەبێ؟

چەند بەشێکی وەڵامی ئەم پرسیارە روونە. یەکەم، به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت سەرەڕای دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا، لە بواری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشدا هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ وڵاتانی یه‌كێتی ئەوروپا بپاریزێت. بەو شێوەیە جۆنسۆن نایەوێت کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی وەک ئامرازێکی ئەوروپی ترەمپ دەربکەوێت. لە هەمان کاتدا جۆنسۆن هەوڵ دەدات ترەمپ رازی بکات و رازیکردنەکەی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرای بازرگانی بەکاربهێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ پێشنیازدەکات سەرلەنوێ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پێناسە بکرێتەوە و بكرێت به‌ناوی ترەمپەوە.

ئیمپراتۆریەتی دارایی ترەمپ کە پێکهاتووە لە دەیان هۆتێل، گازینۆ و یاریگای گۆڵف، لە بنەمادا لە کۆمەڵێک یەکە پێکهاتووە کە خاوەنی جۆراوجۆر و جیاجیایان هەیە. بەڵام هەموویان بە ناوی ترەمپەوە ناسراون.

لای ترەمپ بابەتی سەرەکی ئەوەیە مۆری خۆی لە هەموو گرێبەست و رووداوەکان بدات

ترەمپ ئەو سیستمەی لە بواری سیاسەتیشدا بەکارهێناوە. بۆ نمونه‌، گرێبەستی بازرگانی ئازادی ئەمه‌ریکای باکوور، (کەنەدا و مەکسیک)ی هەڵوەشاندەوە و هەمان گرێبەستی بە چەند گۆڕاکارییەکی کەمەوە و لە ژێر ناوێکی نوێدا واژۆکرد و بە ناوی خۆیەوە تۆماریکرد. لای ترەمپ بابەتی سەرەکی ئەوەیە مۆری خۆی لە هەموو گرێبەست و رووداوەکان بدات.

هەرچەندە رێککەوتنی ئەتۆمی بە واتا یاساییەکەی (گرێبەست)ێکی باو نییە، ئەمه‌ش دووبارە نووسینەوەی ئاسانتر دەکات. بە تایبەت ئەگەر ترەمپ پێداگریی لەسەر ئەوە نەکات کە دەقە دەستکاریکراوەکەی بە بەڵێننامەیەکی فەرمی یاسایی بناسرێت.

سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا دەزانێ ترەمپ داوای چ گۆڕانکارییەک لە ناوەڕۆکی رێککەوتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ دەکات

دەکرێ به‌جۆرێك لە قسەکانی سەرۆک وەزیرانی به‌ریتانیا تێبگەین کە ئەو دەزانێ ترەمپ داوای چ گۆڕانکارییەک لە ناوەڕۆکی رێککەوتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ دەکات.

بەڵام ئێمە بۆمان روون نییە کە دۆناڵد ترەمپ لە کۆتاییدا چی دەوێت، هەرچەنده‌ لە رێی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە لیستێکی ١٢ خاڵی داواکارییەکانی راگەیاندووە، بەڵام هێشتا روون نییە قورسایی هەریەک لەو خاڵانە، کە بەشی زۆریان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەڵام دراونەته‌وە، چەندە. کۆماری ئیسلامی تەنانەت داواکارییەکی هەستیاری وەکو سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکیه‌كه‌ی بۆ مەودای ٢ هەزار کیلۆمەتر قبوڵ کردووە. بەڵام هەوڵ دەدات ئەو قبوڵکردنە وەکو بڕیاری سەربەخۆی خۆی نیشانبدات، نەک تەسلیمبوون بەرامبەر ترەمپ. کێشەکە لەوەدایە ترەمپ لە راگەیاندنی سەرکەوتنە کەسییەکانیدا بە هیچ تێر ناخوا و پێداگری لەوە دەکات ئێران له‌به‌رده‌م میدیا جیهانییه‌كاندا چەپڵەی بۆ لێبدات.

رەمپ لە راگەیاندنی سەرکەوتنە کەسییەکانیدا بە هیچ تێر ناخوا و پێداگری لەوە دەکات ئێران له‌به‌رده‌م میدیا جیهانییه‌كاندا چەپڵەی بۆ لێبدات

هەڵوێست یان باشترە بڵێین هەڵوێست و داواکارییەکانی ئێران تەواو جیاوازن. کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای رواڵەتیبوون دانراوە. ئیسلامی رواڵەتی، کۆماری رواڵەتی، بەرگریی رواڵەتی و خەباتی رواڵەتی دژی زلهێزەکان. ئەگەر ئەم رواڵەتیبوونە لە ئێران بسەنرێتەوە، جگە لە ئێسکەپەیکەرێکی سیاسی هیچی لێ نامێنێتەوە.

ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی نەمێنێ تیمی روحانی و تاقمەکەی لە نیویۆرک دوای پێنج ساڵ شتێکیان پێ نابێ پاساوی خۆهەڵکێشانەکانیانی پێ بدەنه‌وه‌

بەم حاڵەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران لەم بوارەشدا یەکدڵ و تەنانەت یەک قسە نین. ئەوانەی لەگەڵ حەسەن ڕوحانین ئامادەن هەموو سەرشۆڕییەک قبوڵ بکەن بەو مەرجەی رێککەوتنی ئەتۆمیی تەنانەت ئەگەر بە ناوی ترەمپیشەوە بووە، بمێنێ. هۆکارەکەی روونە؛ ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمی نەمێنێ تیمی روحانی و تاقمەکەی لە نیویۆرک دوای پێنج ساڵ شتێکیان پێ نابێ پاساوی خۆهەڵکێشانەکانیانی پێ بدەنه‌وه‌.

دیارە رێککەوتنی ئەتۆمیی بوونێکی یاسایی نییە، هیچ کاتێک جێبەجێ نەکراوە و هەرگیزیش جێبەجێ ناکرێت. بەڵام پاراستنی ناوەکەی و فانتازیاکەی بۆ تیمی روحانی بابەتێکی چارەنووسسازە و مان و نەمانیانی پێوە بەستراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە خاوەن دەسەڵاتە سەرەکییەکانی ئێران، کە عەلی خامەنەیی بە ئاڵاهەڵگریان دادەنرێ، هەم دەیانەوێ ئەفسانەی رێککەوتنی ئەتۆمیی بەردەوام بێت، هەم بەئاشکرا باس لە "دڕاندن" و "سووتاندنی" دەکەن. ئەم تاقمە بەردەوامبوونی رێککەوتنی ئەتۆمیی بە جۆرێک لە (گەرەنتی) دەزانن بۆ بەرگرتن بە دەستپێشخەری توندی (زلهێزەکانی جیهان) دژ بە (شۆڕشی ئیسلامی). لە هەمان کاتیشدا نایانەوێ بابەتی رێککەوتنی ئەتۆمیی ببێتە سه‌کۆی بەرزبوونەوە بۆ رکابەرە ناوخۆییەکەیان کە ئێستا لە لاوازترین پێگەدایە.

رێککەوتنی ئەتۆمیی پاشەکشێیه‌كی مێژوویی بوو بەرامبەر دەسەڵاتە بێگانەکان و كۆپی داهاتووشی بە پاشەکشێیەکی گەورەتر دادەنرێ

لە رووی بەرژەوەندی نیشتمانی ئێرانەوە، واتە ئەوەی بۆ پاراستن و پێشکەوتنی وڵاتێکی سەربەخۆ و بەهێز بە حکومەتێکی نیشتمانییەوە پێویستە، رێککەوتنی ئەتۆمیی پاشەکشێیه‌كی مێژوویی بوو بەرامبەر دەسەڵاتە بێگانەکان و كۆپی داهاتووشی، واتە رێککەوتنی ترەمپی، بە پاشەکشێیەکی گەورەتر دادەنرێ.

کاکڵی کۆلۆنیالیستی رێککەوتنەکە تەواو روونە. ئەمە یەکەم جارە وڵاتێکی سەربەخۆ رێگە بدات کۆمەڵێک دەسەڵاتی بێگانە کە هیچ پێگه‌یه‌كی یاسایی نێودەوڵەتییان نییە، لە بڕیاردارن لە بوارە گرنگەکانی سیاسەتی زانستی، بازرگانی، تەکنیکی و سەربازی ئەو وڵاتەدا خاوەنی ڕا و بۆچوون بن. چ په‌یوەندییەکی بە گرووپی ٥+١ وە هەیە کە ئێران یۆرانیۆم بپیتێنێت یان نا؟ پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکە کە بۆ هەموو وڵاتێک بە فەرمی ناسراوە لە ناویشیاندا وڵاتانی ٥+١، پێویست ناکات ئێران لەو بوارەدا مۆڵه‌ت لەوان بخوازێت. ئەگەر ئێران، کە یەکێکه‌ لە وڵاتانی دامەزرێنەری پەیمانامه‌ی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمیی، پەیمانەکەی پێشێلکردووە، دەبێ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و پاشان ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، نەک گرووپێکی دروستکراو کە وەڵامی هیچ شوێن و لایەنێک نادەنەوە.

جگە لەوەش، رێککەوتنی ئەتۆمیی تەواوی بازرگانیی دەرەوەی ئێران دەخاتە ژێر چاودێری وڵاتانی ٥+١. چونکە بە گشتی (بەکارهێنانی دوو بەرامبەر) کە یەکێک لە خاڵەکانە، دەکرێ ببێتە بیانوو بۆ بەرپێگرتن یا دواخستنی دانوستانی هەر کاڵا یا خزمەتگوزارییەک کە (ئەگەر هەیە) رەهەندی سەربازیی هەبێ.

ئه‌گه‌ر  لە روانگەی سەربەخۆیی و بەرژەوەندی نیشتمانی ئێرانەوە، ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئۆباما خراپ بووبێت، رێککەوتنه‌كه‌ی ترەمپ زۆر خراپترده‌بێت

بەو شێوەیە ئەگەر وایدابنێین رێککەوتنی ئەتۆمیی لە روانگەی سەربەخۆیی و بەرژەوەندی نیشتمانی ئێرانەوە، خراپ بووە، دەکرێ گریمانه‌ بکەین کە رێککەوتنی ئەتۆمیی ترەمپی زۆر خراپتربێت.

رێککەوتنی ئەتۆمیی ترەمپی بەردەوامبوونی خلۆربوونەوەیە لە لێژاییەکه‌وه‌ کە بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئۆبامایی دەستیپێکرد. ئەوەش واتە لغاوکردنی پەرەسەندن و بەهێزبوونی ئێران لە زۆر بوار و لەلایەن وڵاتانی ٥+1. ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و بۆریس جۆنسۆن، بڕوایان وایە لغاوکردنی ئێران کارێکی خراپ نییە. ئەگەر رێککەوتنی ئەتۆمیی ترەمپی بتوانێ ئێران لە سەرکێشییەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا رابگرێت، هەمووان سوودی لێ دەبینن. لە هەمانکاتدا پلانی ماکرۆن بۆ بەستنەوەی ئێران بە قەرزی دەرەکی، هەنگاوێکی دیکەیە بۆ پەراوێزخستنی شوێنکەوتووانی خومەینی کە ئێستا لە تاران دەسەڵاتدارن.

ئەوەی ماکرۆن و جۆنسۆن نایزانن، یا دەیزانن و خۆی لێ گێل دەکەن ئەوەیە، ئێران وەکو نەتەوەیەک شایانی هەڵسوکەوتی باشترە و لە پێکهاتەیەکی سیاسی جیاوازدا دەتوانێ دۆست، هاوبەش و تەنانەت هاوپەیمانێکی باشتر بێ بۆ وڵاته‌ دیموکراسییە خۆرئاواییەکان.

رێککەوتنی ئەتۆمیی ئۆباما لە بەرژەوەندی ئۆباما بوو، کە توانی وەکو (سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی)، هەشت ساڵ تەممەڵی دیپلۆماسی خۆی پێ پاساو بدات. رێککەوتنه‌كه‌ دەرفەتی ئەوەی بۆ گرووپی بەناو (ریفۆرمخواز)ی تاران رەخساند پاساو بۆ بوونی پاساوهەڵنەگرییان بهێننەوە. رێککەوتنی ئەتۆمیی ئۆبامایی لە قازانجی ئەورووپییەکانیش بوو، چونکە دووفاقی سیاسی و شکستی دیپلۆماسی ئەوانی دەشاردەوە، چین و ڕووسیاش سوودیان لەم رێککەوتنه‌ بینیوە، چونکە دەرفەتی زیاتریان بۆ ڕەخسا به‌ قازانجی زیاتره‌وه‌ لە ئێران بکێشنەوە و پێی بچنە ریزی دەسەڵاتە گەورە ئابوورییەکانی جیهانەوە.

رێککەوتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ لە بەرژەوەندی گرووپی خامەنەییش بوو، چونکە ئەنجامەکەی بە سوودی دەسەڵاتدارانی راستەقینەی ئێران شكایه‌وه‌، لە كاتێكدا شکستهێنانەکەی گورزێک بوو کە لە شانۆی بووکەڵەیی ریفۆرمخوازان وەشێنرا.

ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ یەک دۆڕاوی گەورەی هەبوو، ئەویش خەڵکی ئێران بوو

ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ یەک دۆڕاوی گەورەی هەبوو، ئەویش خەڵکی ئێران بوو. ئەو رێککەوتنە بۆ چەند ساڵی دیکە ئێرانهی بە زیندوویی هێشتەوە و وایکرد خەڵکی ئێران بەردەوام گیرۆده‌ی لاڕێی مێژوویی، دیکتاتۆریی، دواکەوتوویی ئابووریی و زانستی و گەندەڵی بەربڵاو بن.

ئەگەر رێککەوتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئۆباما خراپ بوو، رێککەوتنی ئەتۆمیی ترەمپ خراپتر دەبێ.

ئەو سه‌ره‌ولێژبوونه‌وه‌ مێژووییەی تاقمی روحانی دەستیان پێکرد، بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ترەمپ بەرەو رۆچوونی تەواوەتی دەڕوات. ئێرانێکی قەرزدار کە ناتوانێ پارەكه‌ی خەرج بکات و دەکەوێتە چنگی بانکەكانی خۆرئاوا، چین و رووسیا و گیرۆدە دەبێ. دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و سەرکوتکار، کاتێک دەستیان بە دارایی زیاتر دەکات، گەندەڵتر و سەرکوتکه‌رتر دەبن. سه‌ره‌ڕایئه‌وانه‌ش هیچ گەرەنتییەک نییە كه‌ ئێران لە سایەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ترەمپدا، نەبێتە ئەژدیهایەکی نوێ و ترسناکتر بۆ هەموو ناوچەکە.

دەسەڵاتدارانی ئێران، هەرگیز بڕیاردانیان لە بارەی پرسە گرنگەکانی وڵاته‌وه‌ نه‌داوه‌ته‌ ده‌ستی خەڵک. بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەرگیز تاوتوێ نەکرا، تاوەکو لەلایەن خەڵکەوە پەسەندکرابێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئامادەن بڕیاردان لە بارەی پرسە گرنگەکانی ئەو وڵاتە بده‌نه‌ دەست هێزە بێگانەکان، ئەویش لە دانوستانی نهێنی و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە.

خۆدزینەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە وەڵامدانەوەی داواكارییه‌كانی خەڵکی ئێران، ئەنجامەکەی بووەته‌ ئەوەی وەک دیل بکەوێتە دەست هێزە بێگانەکان. رێککەوتنی ئۆباما داوی ئەو بەدیلگرتنە بوو و رێککەوتنی ترەمپ داوەکە توندتر دەکات.