ڕاپۆرتی کوردستانی

04:07 - 24/01/2020

جوڵەی نوێیی ئەمریكا و ڕوسیا لە ڕۆژئاوای كوردستان‌

كوردستان ئەحمەد

دوای كۆتایی هاتنی شەڕی داعش لە سوریا و ڕۆژئاوای كوردستان، سوپای ئەمریكا و ڕوسیا لە ناوچە نەوتیەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەتی دێرەزور و حەسەكە  بەبەردەوام دەسوڕێنەوە و دەورییەی جۆری لە ناوچە نەوتییەكان ئەنجام دەدەن و لێدوانی جیایاش سەبارەت بە كێڵگەنەوتیەكان و سەروەت و سامانی سوریەكان دەدەن

لەلایەك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا تویت دەكات و دەڵێت ئێمە لە سوریا چەند هێزێكی سەربازیمان لە ناوچە نەوتییەكان هێشتوەتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە كێڵگەنەوتیەكان بكەن و دڵنیایشمان داوەتە كوردەكان كە پێكەوە  نەوتەكە دەپارێزین و دڵنیایشمانداوە كە قازانجی نەوتی ئەو ناوچانە بۆ كوردەكان دەبێت.

نەوتیی سوریا لەگەڵ كوردەكان دەپارێزین و قازانجەكەشی بۆ كورد دەبێت

لەلایەكی تریشەوە ڤلادمێر پۆتین وەزیری دەرەوەی روسیا، سەردانی سوریا دەكات و باس لە ئایندەی نەوتی ئەو وڵات دەكات و دڵنیایی دەداتە بەشار ئەسەد كە نەوتی سوریا بۆ بەشار ئەسەد دەبێت، ئەوەش دژبەریەكی گەورەی لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپە كە دەڵێت نەوت لە دەستی ئێمە و كورددایە قازانجەكەشی بۆ كوردەكان دەبێت

نەوتی سوریا بۆ حكومەتی سوریایە و دەبێت حكومەت كۆنترۆڵی هەموو شتێكی ئەو وڵات بكات

لە رۆژئاوای کوردستان هێزەکانی ئەمریکا و رووسیا دەورییەی سەربازیی ئەنجامدەدەن،هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لەو ناوچانەن کە نەوتی لێیە، ئەمەش لە نزیک سنوورەکانی باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، کە دەکەوێتە ناوچەی روومێلان و قامیشلۆ و شارە کوردییەکانی دیکە.

هێزەكانی روسیاش لە ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر دەكەونە ئەوناوچانەی كە لە دەرەوەی ناوچە نەوتییەكانن و كار بۆ پاراستنی سنورەكانی خۆیان لەگەڵ هێزەدەرەكیەكان دەكەن ئەوەش بەشێوەیەكە كە هێزەكانیان تارادەیەك دوڵەی دیاریی كراویان هەیە و كەمتر دەتوانن بچنە ناوچەنەوتیەكانەوە.

زۆرجار روودەدات پۆلیسی سەربازی رووسیا هەوڵدەدات لەناوچە نەوتییەكان  نزیکببێتەوە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا رێگریان لێدەکرێت نێردراوی  تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، لێكتێگەیشتنی سەربازیمان لەگەڵ رووسیا هەیە، تاوەکو رێگری لە بەریەککەوتنی هێزەکانمان لە سووریا بکەین و نەیەڵین ئاڵۆزی گەورە رووبدات.

هەرچەندە چەند جارێك هێزەكانی روسیا هەوڵیانداوە بچنە ناوچە نەوتیەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە بەڵام هێزەكانی ئەمریكا ڕێگریان كردووە لە چونی هەرێزێكی ڕووسی بۆ ئەو ناوچانەو ئەوەش بەو واتایە دێت كە ئەمریكا ڕێگە نادات هیچ هێزێكی دەرەكەی لە ناوچەنەوتیەكانی سوریادا هەبێت جگە لە هێزەكانی خۆی و هێزەكانی سوریای دیموكرات كە تا ئێستاش ناوەڕۆكی رێككەوتنەكانی نێوان ئەمریكا و هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بارەی كێڵگە نەوتیەكانەوە روون نەكراوەتەوە

جێمس جێفری باسی نەوتی ڕۆژئاوا دەكات

نێردراوی تایبەتی ئەمریکا  و نێردراوی تاییەتی سەرۆكی ئەمریكا دۆنڵد ترەمپ، جەیمس جێفری، بۆ کاروباری سووریا لە بارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و گۆڕانكارییە سەربازی و سیاسی و ئابوریەكانەوە دەڵێت: "ئێمە لە وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی ناوەندە سەربازییەکانەوە کاردەکەین، لەسەر ئاستی سیاسی و  لە سەر ئاستی وەزارەتی دەرەوەو گفتوگۆیەکی زۆر کەرممان هەیە، کاتێک ئێمە قسە لەسەر هەمووشتێک دەکەین، لەگەڵ رووسەکان گفتوگۆ دەکەین، یانیش هەندێکجار لە ئەنجوومەنی ئاسایش بەریەککەوتنمان دەبێت، بەڵام سەیری دۆخەکە دەکەین و دەڵێین باشە، هەوڵەکانی ئێمە بۆ بەریەکنەکەوتنمان بەردەوامن، ئەوان گرنگن، هەردوولامان ئەوە دەزانین کە ئەوان گرنگن."کاروانی ئۆتۆمبێلی هێزەکانی رووسیا لە رێگەی نێودەوڵەتی M4 لە رۆژئاوای کوردستان.

هەروەها دەشڵێت: ئێمە بەشێوەیەكی مەیدانی لە ناوچەكەداین بەردەوام سەیری دۆخەكە دەكەین و دەمانەوێت بەشێوەیەك كار بكەین كە ناوچەكە پێش هەموو شتێك ئارام بێت و دوربێت  لە هەر شەرو ئاڵۆزی و ناخۆشیەك ئەوەش بۆ ئێمە گرنگیەكی گەورەی هەیە و لەكاتی ئاشتیدا دەتوانین باشترین كار بۆ لێكتێگەیشتن و هەروەها ئاراستەكردنی هەر بابەتێك كە گۆرانكاریی بوێت
 ئەو قسانەی جێفری لە كاتێكدایە كە پێشتر بەهۆی هێرشەكانی  توركیاوە بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان چەندین ئاڵۆزی  لە ناوچەكەدا روویدا هەرچەندە ئەمریكا ناوچەكەی چۆڵكرد و ناوچەكەی جێ هێڵا ئەوەش كوردەكانی سوریای نیگەرانكرد  و كوردەكان هەوڵیاندا لەگەڵ روسیا هەماهەنگیەكی بەو شێوەیە دروست بكەن كە  بوتاونن بەلایەنی مەكەوە ناوچەكان بپارێزن و بشتوانن كوشتاری توركەكان لە سوریا لە لایەن توركیاوە ڕابگرن.

بەجۆرێكی تر لە دوای هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، هێزەکانی سووریای دیموکرات، رێککەوتنێکیان لەگەڵ مۆسکۆ و دیمەشق ئەنجامدا تاوەکو هێزەکانیان بە چەند ناوچەیەکدا بڵاوبکەنەوە کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندان، بەتایبەتیش ئەو ناوچانەی ئەمریکا لێیان کشایەوە، لە نێویاندا لە رەققە.

هەر لە بارەی جومجۆڵی نوێی روسیاوە لە سوریا ئەمریكیەكان دەڵێن:  ئێستا رووسەکان چالاکییان لەو ناوچانە زیاتربووە کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان، ئەمەش پێویست دەکات وردەکاری زیاترمان هەبێت و ئاگاداری هەنگاوەکانی یەکدی بین و هێڵەکانی یەکدی نەبەزێنین، تاوەکو رێگە نەدەین، ئەوەی 14 مانگ پێش ئێستا لە مونبیج روویدا دووبارە ببێتەوە، کە ئەوکاتە هێزەکانی ئەمریکا رێگریان لە سوپای سووریاکرد بچێتە نێو مەنبج و كۆنترۆڵی بكات.

ئەوەلەكاتێكدایە هەرلەسەر ئەو دۆخە جێفری دەڵێت: "سەبارەت بە دۆخی کاروانەکانی ناوچەکەش، دەبینیت کە هێزەکانی رووسیا زیاتر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان، ئەمەش وەک بەشێک لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات. لە دوای هاتنی تورکەکان، هێزەکانی رووسیا و حکومەتی سووریا رۆڵێکی چالاکتریان هەیە، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی، ئەمەش پێویستدەکات کە وردەکاری زیاترت هەبێت سەربارەت بە یاساکانی بەریەکنەکەوتن، چەند هێڵێک کە خەڵک بەبێ هەبوونی مۆڵەت نەبەزێندرێت، هەندێک هێڵیش کە خەڵک بتوانێت بڕۆن و زانیاری هەبێت کەی رێگاکان کراوەن و کەی رێگاکان داخراون."

ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، جگە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات،  هێزەکانی ئەمریکا، پۆلیسی سەربازی رووسیا، سوپای حکومەتی سووریا، هێزەکانی تورکیا و ژمارەیەک گرووپی چەکداری سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و نزیک لە تورکیا هەن.

 هەرچەندە ئەو هێزانەی كە لەسوریادا هەن بە تایبەتی لە ناوچە كوردییەكان هیچكامیان هیچ هەقێكی یاسایی و شەرعی بۆ مانەوە نییە بەدەر لە هێزەكانی سوریایی دیموكرات بەڵام  بەبەردەوام جوڵەی سەربازیان هەیە و هەرهێزێكیش لە سوریا بەداوای بەرژەوەندی خۆیدایە، بە واتایەكی تر لە و جوگرافیە بچوكەی ڕۆژئاوای كوردستان دا پێناچێت هەبوونی ئەو هەموو هێزە بە بێ هەماهەنگی و بەبێ لێكتێگەیشتن بەركەوتن روونتەدات، هەربەركەوتنێكیش لە زیانی كوردەكاندا دەبێت.