ڕاپۆرتی کوردستانی

08:07 - 24/01/2020

پڕفرۆشترین ڕۆمان کوردی لە ساڵی ٢٠١٩ دا یەکەمین ڕۆمانی کوردی (شوانی کورد) بوو‌

پەیسەر

ماڵپەری www.pirtukakurdi.com  لیستی پڕفرۆشترین کتێبە کوردیەکانی ساڵی ٢٠١٩ی لە باکووری کوردستان و لە ناو کوردانی کورمانجی چوار پارچەی کوردستان و جیهان بڵاوکردەوە. ڕۆمانی (شوانێ کورمانجا) (شوانی کورد) لە نووسینی عەرەبێ شەمۆ نووسەری گەورەی کوردی سۆڤییەت پڕفروشترین کتێبی کوردی لە ساڵی ٢٠١٩ بوو.

 شوانێ کورمانج کە بە ناوی شوانی کورد وەرگێڕاوەتە سەر زاراوەی سۆرانی یەکەمین ڕۆمانی کوردیە لە چوار پارچەی کوردستان کە تا ئێستاش پێشەنگی ڕۆمانە کوردیەکانە.

ڕۆمانی شوانێ کورمانجا (شوانی کورد)
شوانی کورد لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا وەک یەکەمین ڕۆمانی کورد پێناسە دەکرێت، لە ڕووی چۆنیەتیی ناوەرۆکەکەیەوە، خاوەن پێگەیەکی مێژووییە لەناو مێژووی وێژەی کوردیدا. ڕۆمانی شوانی کورد بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۱۹۳٥ لە ئیرەڤانی پایتەختی ئەرمەنستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئینجا بۆ سەر چەندین زمان وەرگێڕدراوە.

 

شوانی کورد لە دوو بەشی سەرەکیی، شوانی کرمانجان و چیرۆکی کوردانی ئەلەگەز پێک هاتووە کە لە هەردوو بەشەکەدا، نووسەر خۆی قارەمان و کاراکتەری سەرەکیی تێکستەکەیە.

بەشی یەکەم وەک بەشی سەرەکیی ڕۆمانەکە دائەنرێت و بەشی دووهەمیش وەک درێژەی بەشی یەکەمە. جیا لەم دوو بەشە کە ناوەرۆکی ڕۆمانەکە پێک ئەهێنن.

ڕۆمانی شوانی کورد هەتا ئێستا دوو جار بۆ سەر پیتی “کوردی-عەرەبی” وەرگێراوە کە جاری یەکەم لە ساڵی ۱۹۸۹ و بە سەرپەرشتیی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس، لەلایەن “دوکتۆر موحسین ئەحمەد عومەر ” و جاری دووهەمیش لە ۲۰۱۷ لەلایەن “زنارێ مەلێ”وە ئەم کارە کراوە.

 

هەروەها لەساڵی ٢٠١٩ دا ڕۆمانی "شوانی کورد" لە لایەن دکتۆر محەمەد خزری ئەقدەم نووسەری مەهابادی لە کورمانجییەوە وەرگێڕاوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی و پێشەکی بۆ نووسراوە.

ڕۆمانی (شوانی کورد) جیا لەوەی، کە جێگە و پێگەیەکی مێژوویی لە ئەدەبیاتی مۆدێرنی کوردیدا هەیە، بەسەرهاتێکی کۆمەڵایەتی، نیمچە سیاسی و فۆلکلۆری ژیانی کۆچەرنشینانی کوردانی یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکاتەیە و تیایدا نووسەر خۆی وەک پاڵەوانێکی رۆمانەکە، ئەو بەسەرهاتانە دەگێڕێتەوە، کە لە سەردەمی منداڵی و هەرزەکاری و گەورەبوونی بەسەر ناوچەکەیاندا هاتووە، باس لەوە دەکات کە چۆن کورد لەو ساتە و لەناو ئەو کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا توانیویەتی ژیانی خۆی بەڕێوەبەرێت و وێنەیەکی تراژیدیای هەژاری و نەداریی خێزانەکانی ئەو ناوچەیەمان بۆ دەکێشێت.

لینکی ڕۆمانی شوانی کورد بە PDF بە کورمانجی
https://www.academia.edu/37142404/Romana_%C5%9Eivan%C3%AA_Kurmanca

 

عەرەبێ شەمۆ (شامیلۆڤ) کێیە و بەرهەمەکانی تری چین؟
عەرەبی شەمۆ (شامیلۆڤ) لە ساڵی ١٨٩٧ لە گوندی سوسزی پارێزگای قەڕسی باکووری کوردستان لە بنەماڵەیەکی سەر بەشێخانی ئێزیدی لەدایک بووە کە ئەو کاتە پارێزگاری قەڕس لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕووسیادا بووە.

هەرچەندە عەرەبێ شەمۆ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە، بەڵام زمانەکانی ڕووسی، تورکی عوسمانی، یونانی، ئەرمەنی، جۆرجی، ئەڵمانی و ئازەری بە باشی زانیوە.

عەرەبێ شەمۆ لە گەڵ ئیسحاق ماریگۆلۆڤ کە ئەویش کەسایەتیەکی کوردی سۆڤیەتە دەستیان بە ئاماەکردنی کتێبێک بۆ فێربوونی ئەلفابێی کوردی کورمانجی بە پیتی لاتینی کرد. لە ساڵی ١٩٢٨ دا کاری کتێبەکەیان تەواو کرد. کتێبەکەیان ناونا (خۆت فێری کورمانجی بکە).

 

عەرەبێ شەمۆ هەروەها یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕۆژنامەی (ڕێیا تازە) یە کە بە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی (لاتینی) دادەنرێت و یەکەم ژمارەی لە ١ی نیسانی ١٩٣٠ چاپکرا.

عەرەبی شەمۆ لە سالی ١٩٣٧ دا سەردانی سڕبیا دەکات، بەڵام لەوێ بە هۆی چالاکیەکانی دەستگیردەکرێت و دواتر سزای قەدەغەی گەشتکردنی بە سەردا دەسەپێننن و تا سالی ١٩٥٧ واتە بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لە سڕبیا دەمێنێتەوە.

شەمۆ پێشتر لە گەڵ ژنێکی ئەڵمانی ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنابوو، بەڵام لە سڕبیا لە گەڵ ژنێکی ڕووس بە ناوی ماریا ڤاسیلینا هاوسەرگیری دەکات و دوو کچی لێی دەبێت بە ناوەکانی ئاسێ و زینێ.

دوای مردنی ستالین ئازاد دەبێت و جارێکیتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەرمینیا. ساڵی ١٩٦٦ ڕۆمانی خۆی بە ناوی (قەڵای دم دم ) بڵاودەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٦٧ لە مۆسکۆ ڕۆمانێکی تری بە ناوی (ڕێیا بەختەوەر) کە لەبارەی دۆخی گەلی کوردە بڵاودەکاتەوە.

دوای ئەوە ماوەیەکی درێژ دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمونیستی ئەرمینیا.

دوای هەموو ژیانی لە ئێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا بەسەردەبات و لە ٢١ی ئایاری ١٩٧٨ لە ئێریڤان کۆچی دوای دەکات.

بەرهەمەکانی عەرەبێ شەمۆ
ڕۆمان
شوانی کورمانج، ١٩٣٠
بەربانگ، ١٩٥٨
ژیانی نەختەوەر. ١٩٥٩
قەڵای دم دم، ١٩٦٦
هۆپۆ ١٩٦٩

شانۆ
کۆچکێ دەرەوین، ١٩٣٠
چیرۆک
حیکایەتێن گەلێ کورد، ١٩٦٧
کوردێن ئەلەگەزێ، ١٩٣٦

وتار
پرسی دەرەبەگایەتی لەناو کورددا، ١٩٣٦
شۆرشی ئۆتۆبەر ١٩٧٢
شەڕی تاریلکا ١٩٧٢
ژیاننامە
تەمەنی لێنین، ١٩٣٠

سەرچاوە
http://yeniozgurpolitika.net/erebe-semo-u-sivane-kurmanca/
https://www.pirtukakurdi.com/sivane-kurmanca-erebe-semo-1058-tr
https://mezopotamyaajansi.com/kr/HEM-NCE/content/view/10097
http://www.welateme.net/kurdi/modules.php?name=News&file=article&sid=4631#.XisX5mgzbIU
http://kurdishbookhouse.com/ku/100-182
/