ڕاپۆرتی کوردستانی

04:10 - 28/01/2020

ئاکەپە جیاوازی دادەنێت لە هاوکاریکردنی زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی خارپێت‌

پەیسەر

ڕۆژی هەینى ڕابردوو ٢٤ كانوونى دووەمى ٢٠٢٠  بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٨ پلە بە قوڵای ١٠ کیلۆمەتر لە شاری خارپێتی باکووری کوردستان ڕوویدا و بەهۆی بەهێزییەکەیەوە لە شارەكانی ئامەد، مێردین، دیلۆک، جزیر، هەولێر و دهۆکیش هەستی پێکرا.

سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی دۆخی نائاسایی (ئافاد)ی تورکیا ڕایگەیاند، کاری گەڕان و رزگارکردن کۆتایی هاتووە. بەپێی دواین ئامار ٤١ کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ١٦٠٧ کەسیش بریندارن.

دوای ئەوەی زۆر لایەن بانگەوازییان بۆ هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی خارپێت کرد، سولەیمان سویلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، هیچ لایەنێک و ڕێکخراوێک بۆی نییە، بێ ئاگاداری حکومەت هاوکاری بۆ خارپێت بنێرێت و هەموو هاوکارییەکان دەبێت لە ڕێگەی حکومەتەوە پێشکەش بکرێن.

 

دوای قسەکانی سولەیمان سویلۆ، حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ناڕەزایی تووندیان پیشاندا و ڕایانگەیاند، هاوکاریکردنی لێقەوماوانی کارەساتە سروشتیەکان ئەرکی هەموو کەس و لایەنەکە و نابێت  تەنها بە حکومەتەوە ببەسترێتەوە.

باجی بوومەلەرزە و بیدەنگی حکومەت
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٩ بومەلەرزەیەکی گەورە هەرێمی مەڕمەڕەی تورکیای هەژاند و بە تایبەتی لە ئەستەنبوڵ بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و بە هەزاران بالەخانەش وێران بوون، حکومەت یاسای باجی بوومەلەرزەی پەسەند کرد.

بە پێی یاساکە، هەموو خێزانێک مانگانە بڕە پارەیەک وەک باجی بوومەلەرزە پێشکەش بە حکومەت دەکەن و حکومەتیش لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەدا دەبێت بەو پارەیە هاوکاری لێقەوماوان و زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە بکات.

بەپێی ئامارە فەرمیەکانی دەوڵەت خۆی لە ڕۆژی دەرکردنی یاساکە کە لە سەردەمی بولەند ئەجەڤیت پەسەند کراوە و تا ئێستا کە دەکاتە زیاتر لە ٢٠ ساڵ، ٧٢ ملیار و ٨٢ ملیۆن و ٥٧٢ هەزار لیرەی باجی بوومەلەرزە کۆکراوەتەوە، بەڵام حکومەت دەستی بە کەمپینێک کردووە لە ڕاگەیەندنەکاندا و ژمارە تەلەفۆنێکی بڵاوکردووەتەوە کە هەموو کەسێک ١٠ لیرە وەک کارتی تەلەفۆن بنێرێت، بۆ ئەوەی هاوکاری لێقەوماوان بکرێت.

هەرچەندە حکومەت ئاشکرایکردووە هەر ماڵێک بە تەواوی وێران بووبێت، هەشت هەزار دۆلار (٨٠) وەرەقەی وەک هاوکاری پێشکەش دەکرێت، بەڵام ئەو بڕە پارەیەکی کە وەک باج کۆکراوەتەوە زۆر لەوە زیاترە کە بۆ زیانلێکەوتووەکان دابیندەکرێت.

بەو هۆیەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) ناڕەزایی دەربڕی و ڕایگەیاند، پێویستە حکومەتی ئاکپارتی ئاشکرای بکات ئەو هەموو پارەیەی کە لە باجی بوومەلەرزە کۆکراوەتەوە لە چیدا خەرجی کردووە و بۆچی بە شێوەی پێویست بە هانای لێقەوماوانەوە ناچێت.

 

لەلایەکی ترەوە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) شاندێکی باڵای لە بەرپرسانی ناردە خارپێت و گوندەکانی دەوروبەری و شاندەکە ڵێکۆلینەوەی ئەنجامدا.

دوای ڵیکۆلینەوەکە هەدەپە چەند بارهەڵگرێکی وەک هاوکاری کۆکردەوە و ڕەوانەی خارپێتی کرد، بەڵام بەرلەوەی هاوکاریەکە بگاتە دەستی لیقەوماوان، لە لایەن پۆلیسی تورکەوە بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ دەستی بەسەرداگیرا و رێگە بە هاوکارییەکانی هەدەپە نەدرا.

سەلیم کاپلان یاریدەدەری هاوسەرۆکانی هەدەپە لەو بارەیەوە بە میدیاکانی باکوری کوردستانی ڕایگەیاند، رێگریکردن لە هاوکاری شارەوانییەکانی هەدەپە، سزادانی گەلی خارپێت و مەلەتیەیە.

شەڤین جوشکۆن پەرلەمانتاری هەدەپەی مووشیش کە ئەندامی شاندی هەدەپە بوو ئاشکرای کرد، هاوکاری بەسەر لایەنگرانی ئاکەپەدا بڵاوکراوەتەوە و هاوکاری نەگەیشتووەتە نزیکەی ٦٠ گوند و ڕێگەیش نادرێت لایەنەکان هاوکاری پیشکەش بکەن.

لەبارەی بودجەی بوومەلەرزەوە، هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەش ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، زۆر گرنگە بێ ئەوەی خەڵک هیوای بە دەوڵەت بێت، پشتگیری لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بکەن و ئاماژەی بەوەکرد، دوای بوومەلەرزەکەی مەڕمەڕە لە ساڵی ١٩٩٩ بەدەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، ئەو باجەی بۆ بوومەلەرزە کۆکرایەوە، بۆ ڕێوشوێنی بوومەلەرزە خەرج نەکراوە.

لە لایەکی ترەوە لە شارە تورکییەکان لە سەر ئاستی هاوڵاتیان هاوکارییەکی زۆر کەم کۆکراوەتەوە و زۆر کەس لە هاوڵاتییە تورکەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پرسیاری ئەوەیان کردبوو، ئایا زیانلێکەوتووەکان خۆیان بە کورد و لایەنگری هەدەپە دەزانن یان لایەنگری دەوڵەتن و بەم شێوەیە جیاوازی لە نێوان زیانلێکەوتووەکان دەکەن.

لە بوومەلەرزەکەی وانیشدا حکومەت ڕێگری لە هاوکارییەکان کرد
لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١١داش لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە پلەی ٧،٢ ڕوویدا.

لەو بوومەلەرزەیەدا کە ٢٥ چرکەی خایاند، ٦٤٤ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٥ هەزار کەسیش برینداربوون. نزیکەی ٧٢ هەزار خانوو و باڵەخانە ڕووخان و زیانیان بەرکەوت.

لەو کاتەدا بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکا، ناتۆ، ئازەربایجان، بۆسنە و هەرسک، ئەرمینیا، فەڕەنسا، عێراق، ئیسرائیل، کۆسۆڤۆ، قوبروسی باکوور، میسر، پاکستان، ڕووسیا، یونان و زۆر وڵاتی تر ئامادەیی هاوکاریکردنیان دەربڕی، بەڵام عەبدوڵلا گویلی سەرۆک کۆماری ئەو کاتە هەموو هاوکارییەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، تورکیا بۆ خۆی دەتوانێت، هاوکاری هاوڵاتیان بکات.

بەڵام لە کۆتاییدا دەرکەوت و بینرا کە حکومەت جیاوازیەکی زۆر لە نێوان هاوڵاتیاندا دەکات و هاوکارییەکان بە تەنها پێشکەش بە لایەنگرانی ئاکەپە دەکات و ئەمەش وایکرد، بە هەزاران خێزان بە هۆی هەژاری و لەناوچوونی خانوو و باڵەخانە و دوکان و کارگاکانیان ڕوو لە شارەکانی تر بکەن و کۆچبەر ببن.