ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:29 - 02/02/2020

گرێبەستی سەدە كێشەكان چارەسەر دەكات؟‌

كوردستان ئەحمەد

دوای ئەوەی دۆناڵد جەی تەرمپ و بنیامین ناتانیاهۆ لە كۆشكیی سپی پڕۆژەی گرێبەستی سەدەیان بۆ چارەسەری كێشەكانی عرەب ئیسڕائیل ڕاگەیاند، بڕیارە بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە بەشێكی زۆر لە كێشەكاین فەڵەستین و ئیسڕائیل لە پرسی كەرتی غەزە و چەند پرسێكی تردا چارەسەر بكات.

ترەمپ لە بارەی پڕۆژەكەوە دەڵێت: ئەوە یەكێكە لەو پڕۆژەگەورە و گرنگانەی كە دەتوانێت یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی جیهان و دۆستەكەمان كە ئیسڕائیلە چارەسەر بكات وئەمریكا بە تەواوەتی پشتیوانی ئەو پڕۆژەیەدەكات و سەرجەم كارەكانی جێبەجێدەكات.

ناتانیاهۆ بەهەمان شێوەی دۆناڵد ترەمپ پێییوایە پڕۆژەی گرێبەستی سەدە دەتوانێت كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو پرسانەی كە پەیوەندیان بە پرسی  عەرەب ئیسڕائیل و هەروەها فەڵەستین وغەزەوە هەیە چارەسەر بكات.

هەر لە گەڵ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی گرێبەستی سەدە،كۆمكاری عەرەبی كۆبوەوە و مەحمود عەباس سەرۆكی قەوارەی فەڵەستینی ڕایگەیاند ئەو وەك سەرۆكی فەڵەستینیەكان هەرگیز قبوڵێ فرۆشتنی قودس ناكات و ئەوە خاكی خۆیانە و بەهیچ كەسی نادەن و بەدەستی دەهێنن  و هیچ پڕۆژەیەكیشیان قبوڵ نییە كە قودس لەوان بكات.

عەباس وتیشی: قودس بۆ موسوڵمانان گرنگیەكی گەورەی هەیە و هەرگیز لەدەستی نادەن، لە ڕاستیدا ئەو قسانەی مەحمود عەباس هێندە توند نەبوون كە بۆنی شەڕ یان ئاژاوە و دژایەتی پڕۆژەكەی لێوە دیار بێت، هەرچەندە چەند سەرچاوەیەكی میدیای وەك ئەلحۆد ئەلەمۆت و ئۆرشەلیم تودەی باس لەوە دەكەن مەحموود عەباس  پرۆژەكەی قبوڵە و تەنها لەبەر هەڵچون وتوڕەی  قەتح و حەماس ئەو پڕۆژەیەی ڕەتكردوەتەوە، ئەگەر نا خۆشی دەزانێت تاكە چارەسەر بۆ كێشەی فەڵەستین و ئیسڕائیل تەنها گرێبەستی سەدەیە وەك ڕۆژنامەكان دەڵێن.

گرێبەستی سەدە ناوچەكەی كردووە بە دوو بەشەوە
پێش ڕاگەیاندنی گرێبەستی سەدە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا بەرەیەك كە لایەنگری ئێرانە، وەك داربەدەستی شیعەی ئێرانی خۆی نمایشدەكات و لەگەڵ بۆچونی ئێراندایە، لە پرسی ڕاگەیاندنی گرێبەستی سەدەشدا بەهەمان شێوە ئێرانیزمیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  وەك خودی ئێران خۆی و عێراق و لوبنان و قەتەر و بزوتنەوەی حەماس و بزوتنەوەی فەتح و چەند وڵاتێكی تر دژایەتی خۆیان بۆ پڕۆژەكە ڕاگەیاند.

ئەوەتا خامنەیی بە نوێنەرایەتی هێڵی شێعەی توندڕەو و دژە ئەمریكایی لەبارەی گرێبەستی سەدەوە دەڵێت: ئیسڕائیل و ئەمریكا خەریكن پەرداخێكی تریی ژەهر بەدەستی خۆیان بە قوڕگی خۆیاندا دەكەن، چونكە ئەم ژەهرەیان كوژندەتر و بەهێزترە لەبەر ئەوەی هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی  بەئاسانیی توانیان سۆزی موسوڵمانان بۆ قودس ڕابكێشن و خۆیان هۆكارێك بن بۆ ئەوەی شەقامی سونی و شیعی موسوڵمانان بێنە سەرجادە و دژیان بوەستنەوە.

ئەو قسانەی خامنەی لەكاتێكدایە سەرەڕای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی سەدە نەك لە تاران بەڵكو لە قومیش یەك كەس نەهاتە سەر جادە بۆ ئەوەی دژایەتی گرێبەستی سەدەبكەن، بەڵام هەمییشە سیاسیەكانی ئێران بە ناوی گەلی ئێرانەوە ڕایانگەیاندووە كە گەلەكەیان دژی ئەمریكا و ئیسڕائیلە ئەوە لەكاتێكدایە بەسەدان گرتە ڤیدیۆش بڵاو دەبێتەوە كە خەڵك لە ئێرانەوە  پشتیوانی ئیسڕائیل و ئەمریكا دەكەن.
لەلایەكی تریشەوە بەشێكی دیكە لە وڵاتانی سونە مەزهەبی ناوچەكە وەك سعودیە و ئیمارات و میسر و وڵاتەكانی دیكە پشتیوانی پڕۆژەكە دەكەن و  پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت بەشێكی زۆر لە كێشەكانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین چارەسەر بكات و هاوكاریشیان دەبن بۆ ئەوەی لەو پڕۆژەیەدا سەركەوتوبن و كێشەی كەرتی خەزە بەتەواوەتی چارەسەر ببێت.

جیهان پشتیوانی گرێبەستی سەدە دەكات
دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی گرێبەستی سەدە لە لایەن ئەمریكا و ئیسڕائیلەوە هەر زوو ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەڕیتانیا و سوید و دانیمارك و هۆڵەندا و تەواوی وڵاتەكانی دیكەی ئەوروپا پشتیوانی پڕۆژەكەیان كرد، ڕایان گەیاند: ئەو پڕۆژەیە دەتوانێت بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بكات و هاوكاریش دەبن بۆ ئەوەی رووبەرووی ئەو كێشانە ببنەوە كە دەبنە بەربەست لەبەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا و نایەڵن گرفتی گەورەی توش ببێت.

هەرچەندە نەتەوە یەكگرتوەكان تا ئێستا هیچی لێدوانێكی فەرمی لەبارەی پڕۆژەی گرێبەستی سەدە نەبووە، بەڵام پێدەچێت نەتەوە یەكگرتوەكانیش لەگەڵ پڕۆژەكەدا بێت و ڕازیبێت بە گرێبەستەكە و پشتیوانی بكات، لەبەر ئەوەی نەتەوە یەكگرتوەكان هەر لەو وڵاتانە پێكهاتووە كە پێشتر خۆیان ڕایانگەیاندبوو كە پشتیوانی پڕۆژەكە دەكەن.

 كورتەیەك لەسەر گرێبەستی سەدە
بەپێی پڕۆژەی گرێبەستی سەدە میسر ٧٢٠ کیلۆمەتر دوجا لە خاکی خۆی لە بیابانی  سینا دەدات بە كەرتی غەزە ،دانیشتوانی غەزەش  دەستبەرداری ئەو ناوچە بەجوو نیشتەجێکراوانە بن بۆ ئیسرائیل، لەبەرانبەردا ئیسرائیل لە باکووری کەنداوی عەقەبەوە بە درێژای ٧٢٠ کلم بە درێژی بدات بە میسریەکان .

 هەروەها دەروازەیەکی ژێر زەمینی تونێل  بە درێژی ٣٠ کلم بخاتە ژێر ڕکێفی سەروەری میسرەوە لەنێوان ئوردن و میسردا بۆ بەستنەوەی زەمینی ئەو دوو وڵاتە بەیەکەوە .

ناوچەكە لە رووی ئابوریەوە چۆن دەبێت؟
سودی ئابووریەکەی گرێبەستی سەدە بۆ هەموو لایەنەکان لە پێش قازانجە سیاسیەکەیەوەیە ،فەڵەستینیەکان لە بەشە نوێ کەی کەرتەکەیاندا ( سینا) دەبنە خاوەنی مینایەکی جیهانی گەورە کە میسر ، ئوردن ، عێراق ، سعودیەی عەرەبی ، سوریا لە ڕێگای تونێلە میسریەکەی نێوان ئوردن - میسرەوە دەبەستنەوە بەیەکەوە . دەرچەیەکی نزیکی دەریایی ئەو وڵاتە عەرەبیانە لە غەزە نوێ کەوە بەرەوە ئەوروپا و جیهانی دەرەوە دروست دەکەن . ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی نەوت و غازی عێراق و کەنداو بە هەرزانترین تێچوو ئەنجام دەدەن .ئەوەش دەبێتە هۆی بەستنەوەی ئابووری و بازرگانی هەریەک لەو وڵاتانە لەڕێگای مینای پێشنیارکراوی غەزەوە .

سودە سیاسیەكانی گرێبەستی سەدە
هەمو لایەك كە پشكیان هەیە لەم رێككەوتنە سودێكی سیاسی گەورەیان دەبێت   ئیسرائیلیەکان خەونە مێژووییەکەیان دێتەدێ ، کە ئۆرشەلیم دەبێتە پایتەختی دەوڵەتەکەیان ،ترامپ یەکەم هەنگاوی گرێبەستی سەدەکەی بە گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم ناوە .

 هەروەها ئیسرائیل لە ناکۆکی نێوان خۆی و فەڵەستین - عەرەبەکان ڕزگاری دەبێت  میسریەکان بە گەرمی دێنە ناو سیاسەت و جیهانی عەرەبی خۆرهەڵاتی شێوە دورگەی عەرەبی   کەبەهۆی سنووری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دابڕاون .

 فەڵەستینیەکان دەبنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە پشتیوانی ئیسرائیل و ئەمریکاشەوە . ئوردنیەکان لە ئاوارە فەڵەستینیەکان ڕزگاریان دەبێت ، چونکە لە بەندێکی گرێبەستی سەدەدا هاتووە فەڵەستینیە ئاوارەکان لەو غەزە سیناییەدا جێگیر بکرێن کە میسر پێشکەشیان دەکات . سعودیەکان خۆرهەڵات و خۆرئاوای عەرەبی لەڕێگەی بۆریە نەوتیەکانیەوە دەکەوێتە ژێر نفوزیانەوە و ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان و حەماس دادەبڕێت . ڕوسەکان گەرچی دوورن لە وردەکاری پرۆژەکەی گرێبەستی سەدەکەی ئەمریکاوە . بەڵام بە وردی چاودێری دەکەن . بەپێ ی دەنگۆی ناو میدیا ئیسرائیلی و ئەمریکاییەکان ، ڕوسیا لاری لەو پرۆژەیە نیە، بەمەرجێک ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی سوریا بکشێتەوە و سوریا بۆ ژێر نفوزی ڕوسیا جێبهێڵێت . وەک باسکراوە ، لە کۆبونەوەی هلسنکی نێوان پوتین و ترامپدا ، ئەمریکاییەکان بەو داواکاریەی ڕوسیا ڕازی بوون بەمەرجێک ئێران لە سوریادا لاوازبکرێت .

زیانەكانی گرێبەستی سەدە
پێدەچێت ئێران و فەڵەستین و بزوتنەوەی حەماس و فەتح قبوڵی ئەم پڕۆژەیە نەكەن و دەست بكەن بە چالاكی مەیدانی دژی پڕۆژەكە و رووبەرووی ببنەوە و بەمەش ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەكە دا رووبدات
، پێدەچێت ئەو پڕۆژەیە لە هەر كاتێكدا بكەوێتە بەر مەترسیەكی گەورە لە جێبەجێكردندا، لەوانەشە بەشێكی زۆر لە فەڵەستینیەكان و دانیشتوانی كەرتی غەزە قبوڵی نەكەن و ئامادەنەبن بگوازرێنەوەبۆ ناوچە نوێیەكە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەمریكا و ئیسڕائیل لەتوندی هەڕەشەیان لە هەر كەسێك كردووە كە بیەوێت دژایەتی ئەو پڕۆژەیە بكات و هەوڵبدات رووبەرووی ببێتەوە و لەباری ببات، هەر چەندە ئێران و هاو ئاوازەكانی هەرگیز دەستەوەستان نەبوون لە بەرامبەر هەر پڕۆژەیەكی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكەدا.