ڕاپۆرتی کوردستانی

03:50 - 03/02/2020

داعش لە کەمپی هۆڵی ڕۆژئاوا ڕێکخستنێکی نوێی دامەزراندووە و تا ئێستا ٢٦ ژنیان تیرۆرکردووە‌

پەیسەر

کەمپی هۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان کە نزیکەی ٧٠ هەزار کەسی تێدا دەژی، بە گوێرەی زانیاریەكان ئێستا زیاتر لە ٩ هەزار دیلی داعش و خێزانەكانیانی تێدایه‌.

ئەو چەکدارە دیلانە سەر بە ٥٥ دەوڵەتی جیاوازن و لەناویاندا ٦٥٠٠ منداڵ هەن. جگە لەو دیلانەی داعش کە خەڵكی عێراقن، ١٣٠٠ ئەندامی دیكەیان سەر بە چەندین وڵاتی ئەوروپی و ئاسیایین.

دەسەڵاتی خۆسەری دیموكراتی رۆژئاوای كوردستان و دامەزراوەكانی دیكە، هەوڵە سیاسی، دیپلۆماسی و میدیاییەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قایل بکەن دادگایەک بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی داعش دابمه‌زرێنێت. دوایین هەوڵی رۆژئاوای كوردستان لەمبارەیەوە سازدانی کۆڕبەندەکەی (عاموودا) بوو لە رۆژانی 6 و 7ی تەممووزی ٢٠١٩.

 

 دەیان پسپۆڕ، توێژەر، راگەیاندنكار و پارێزەر ڕوویان لە رۆژئاوای كوردستان كرد و بە گوتار و لێكۆڵینەوەكانیان ڕێوشوێنەکانی پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتیان بۆ سزادانی تاوانبارانی داعش تاوتوێكرد.

کەمپەکە بە گشتی لە ١٣ بەش پێکدێت. داعش هەوڵ دەدات سەرلەنوێ لێره‌دا خۆی رێکبخاتەوە و رێکخستنێکی بە ناوی (ئەلحوسبە) لە ناو ژنانی کامپەکەدا بونیاتناوە. ئەو رێکخستنە بە زۆری لە کەسانى بە ناو 'موهاجیر' یان 'جیهادییەکان' پێکدێت و بە شێوەیەکى نهێنی کاری پەروەردە دەکەن و دادگا دادەنێن و سزا دەسەپێنن.

ئەو رێکخستنە لە رێى تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرامەوە پەیوەندیی لەگەڵ دونیای دەرەوەدا دروستکردووە و بڕیاری کوشتن بۆ ئەو کەسانە دەردەکات کە بەرەنگاری رێکخستنەکەیان دەبنەوە و دەیانکوژن. لە ٨ مانگی رابردوودا به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی دژی ڕێكخستنه‌كه‌یان وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كان نه‌بوون ٢٦ ژن لەلایەن ئەو رێکخستنەوە کوژراون، بەڵام بەڕێوەبەرانى که‌مپەکە به‌ میدیاکانیان ڕاگەیاندووە، ژمارەى ئەو کەسانەی لەلایەن ئەو رێکخستنەوە تیرۆرکراون لەو ژمارەیە زیاترە، چونکە ئەو ژنانەی کە زیاتر بە چەقۆ دەکوژرێن لە ژێر چادره‌كاندا دەیانکەن بە ژێر گڵەوە و دەیانشارنەوە.

دەوڵەتى تورکیا لە ٩ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٩ کاتێک هێرشی کردە سەر گرێ سپی و سەرێکانى، خێرا و سەرەتا روویکردە بنەماڵەى چەتەکانى داعش لە کەمپی عەین عیسا و بەو هۆیەوە چه‌ندین چەکداری داعش هه‌ڵاتن. دەوترێت ئەوە بووەتە هانده‌رێکى گەورە بۆ رێکخستنى 'ئەلحوسبە' لە کەمپی هۆڵ و ئەوانیش دەیانەوێت بەپێى دەرفەت کارێکى لەو شێوەیە بکەن.

 

لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا گروپێک ژنی داعش کە ٦ ژن و ٩ منداڵ بوون لە کاتێکدا هەوڵیاندەدا لە کەمپی هۆڵ هەڵبێن دەستگیرکراون. ئەو ژنانە خەڵکی ڕووسیا، تورکیا، داغستان، چیچان و جۆرجیان و هەوڵیاندەدا خۆیان بگەیەننە هەرێمەکانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیرکاری تورکیا لە باکووری سوریا.

بە پێی لێدوانی بەرپرسانی کەمپەکە کە بۆ ئاژانسەکانی هەواڵی ڕۆژئاوای کوردستانیان داوە، تاوەکو ئێستا ٢٦ ژن لەلایەن ئەو رێکخستنەوە کوژراون. ئەلحوسبە رێکخستنێکى لەو جۆرەیە کە ڕاستەوخۆ بەپێى فەرمانەکان دەجوڵێتەوە و لە کەمپەکەدا بەرپرسیاری جێبەجێکردنى پێوانە و پێوەرەکانى داعشە و ئەو دۆخە لە داهاتوودا بۆ هەرێمەکە و جیهان دەبێتە کێشە و مەترسییەکى گەورە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەموو شوێنەکانى تری جیهان بەرپرسیارێتیى کەمپەکان لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام لە کامپی هۆڵ ئەرکەکانى ئەنجام نادات. لەبەرئەوەش بەرپرسیارێتیى کەمپەکە لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور – رۆژهەڵاتى سوریادایە.

کەمپی هۆڵ دەکەوێتە ٤٥ کیلۆمەتر ڕۆژئاوای حەسەکە و مەترسیدارترین ئەندامانی داعشی تێدایە و چەندین جار هێزەکانی پاراستنی کەمپەکە ڕووبەڕووی هێرشی خانەوادەکانی داعش بوونەتەوە.