ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:25 - 04/02/2020

هیچ شتێک نەماوە تورکیا و روسیا لەسەری کۆکبن‌

پەیسەر

دوای هێرشێکی سوپای تورکیا بۆ سەر سەربازانی رژێمی سوریا لە ئیدلیب، خەریکە ناکۆکی و شەڕە بێدەنگەکەی نێوان تورکیا و ڕوسیا لە سوریا، لە شەڕی بریکارەکانەوە دەگوڕێت بۆ شەڕی رووبەڕوو.

 شەوی ٢ لەسەر ٣ی شوبات هێزەکانی ڕژێمی سوریا، گروپە چەکدارەکان و سوپای تورکیای کردە ئامانج و لە ئەنجامدا و بەپێی دوایین ئامار ٨ سەربازی تورکیا کوژران و ٩ سەربازی تر برینداربوون.

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا دوابەدوای هێرشەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: هێزەکانی ڕژێمی سوریا نەیانزانیوە کاروانی سەربازانی تورکیا لەو ناوچەیەدابووە و بە هەڵە پێکراون، بەڵام عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی دادوگەشەپێدان ڕایگەیاند: لەمەودوا سوپای تورکیا وەکو دوژمن تەماشای هێزەکانی ڕژێمی سوریا دەکات و دەبنە ئامانجی هێرشەکانی سوپای تورکیا.

 

"پێویستە بە هیچ شێوەیەک ڕوسیا بەرگری لە ڕژێمی سوریا نەکات، لەمەودوا تورکیا وەکو دوژمنێك دەڕوانێتە ڕژێمی ئەسەد و تۆڵەی سەربازەکانمان دەکەینەوە.. عومەر چەلیک"

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە ڕۆژی ٢٩ی کانونی دووەمدا ڕایگەیاندبوو، روسیا بەگوێرەی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکانی سوچی و ئاستانا ناجوڵێتەوە، بۆیە مافی تورکیایشە کە کار بەو رێککەوتنە نەکات.

ئەردۆغان ڕەخنەی توندی لە روسیا گرت لەپای پشتگیریکردنی لە ڕژێمی سوریا و گوتی:" بێگومان تورکیا تۆڵەی سەربازەکانی دەکاتەوە. حکومەتی روسیا چاوپۆشی لە کردەوەکانی ڕژێمی سوریا دەکات و بووەتە هۆکاری ئەوەی نزیکەی ملیۆنێک خەڵکی مەدەنی بەرەو سنوورەکانی تورکیا کۆچ بکەن".

دوای کوژرانی سەربازانی وڵاتەکەی لە ئیدلیب، خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا کە لەگەڵ ئەردۆغان و شاندێکی باڵای تورکیا لە ئوکرانیا بوو، دەستبەجێ گەڕایەوە بۆ ئەنقەرە و ڕایگەیاند: کارە پێویستەکە ئەنجام دەدەن و هێرشەکە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەن.

دوای چەند کاتژمیرێک ئاکار راگەیەنراویکی بڵاوکردەوە و گوتی،:" دوای هێرشەکە، سوپای تورکیا هەموو ڕێشوێنێکی گرتووەتەبەر و ٥٤ خاڵ و بارەگای ڕژێم لەڕێی تۆپخانە و فڕۆکەکانیانەوە کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ٧٦ سەربازی ڕژێمی سوریا کوژراون".

 

ئەگەر روسیا ناتوانێ ڕژێمی سوریا کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا تورکیا دەتوانێ بە ئاسانی کۆنترۆڵی بکات. ئێمە ئەم دۆخە قبوڵ ناکەین.. ئەردۆغان"

ئەوەی سەرنجی جیهانی ڕاکێشا راگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگریی روسیابوو. وەزارەتی بەرگریی روسیا دوای قسەکانی ئەردۆغان و ئاکار ڕایگەیاند: ئاسمانی ئیدلیب لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی روسیاوە کۆنتڕۆڵکراوە و فڕۆکە ئێف١٦ کانی تورکیا بە هیچ شێوەیەک هێرشیان نەکردووەتە سەر هێزەکانی ڕژێم.

لەلایەکی ترەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: ئەو ئامارانەی کە تورکیا باسی دەکات گوماناوین و بەپێی زانیارییەکان لە هێرشەکەی تورکیادا بۆ سەر هەندێک پێگەی ڕژێم، شەش سەربازی سوریا کوژراون و ٢٠ تریش برینداربوون. ئەو زانیارییانەش قسەکانی بەرپرسانی تورکیا لەبارەی کوشتنی ٧٦ سەربازی سوریا ڕەت دەکاتەوە.

قەیرانی لیبیا

لە ١٩ و ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بە بەشداری سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا، ڕوسیا، تورکیا، ئەمهریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی لیبیا، لوتکەی بەرلین بۆ چارەسەری قەیرانی لیبیا ئەنجامدرا. بەڵام نەیانتوانی چارەسەرێکی خێرا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەو وڵاتە بدۆزنەوە. هەرچەندە هەموو لایەنەکان داوای کۆتاییهانینی شەڕ و ئاگربەستیان کرد، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک لە کۆنفڕانسەکە، شەڕ جارێکیتر ڕوویدایەوە و پێشرەوییەکانی خەلیفە حەفتەر بەرەو ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانیی دەستیپێکردەوە.

وەک دەزانرێ لە شەڕی لیبیادا، روسیا پشتگیری لە خەلیفە حەفتەر و تورکیاش پشتگیری لە حکومەتی هاوپەیمانی دەکات. هەرچەندە روسیا و تورکیا ئاگربەستیان ڕاگەیاندبوو، بەڵام تورکیا بە ناردنی چەکدارە جیهادییەکانی سوریا و ناردنی چەند کەشتیەکی شەڕ ئاگربەستەکەی پێشێلکرد.

قەیرانی ئوکرانیا و هەرێمی کریمیا
لە ساڵی ٢٠١٤ دا هەریمی کریمیا بە پشتگیری رووسیا هەوڵیدا لە ئوکرانیا جیاببێتەوە، ئەوەش ئاڵۆزییەکی گەورەی لێکەوتەوە. لەو کێشەیەدا حکومەتی تورکیا پشتگیری لە ئۆکرانیا دەکرد و وەک ئەندامێکی ناتۆ پشتگیری لە یەکێتی ئەوروپا دەکرد و تائێستاش لەسەر هەمان هەڵوێستە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکیتر ڕەخنەی لە روسیا گرت کە پشتگیری لە هەرێمی کریمیا دەکات و گوتی:"پشتگیریکردن لە کریمیا بە واتای پێشێلکردنی یاساکان و خاکی ئوکرانیا دێت و تورکیا سوورە لەسەر هەڵوێستەکەی" بەوەش جارێکیتر بەرپرسانی روسیای نیگەران کردووەتەوە.

 

لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی تورکیا و روسیا لەبارەی قەیرانەکانی لیبیا و کریمیا و ئیدلیبەوە وایکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ هەردوو وڵات لە یەکتری دووربکەونەوە

لە لایەکی ترەوە تورکیا دەزانێ ڕژێمی سوریا بەبێ ئاگاداری روسیا هیچ هێرش و ئۆپەراسیۆنێک لە ئیدلیب ئەنجام نادات، لەبەرئەوەی ئیدلیب هەرێمێکە کە خاڵی بە یەکگەیشتنی هێزەکانە و هەرجۆرە هێرش و ئۆپەراسیۆنێک بەبێ ئاگاداری یەکتری کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە.

کاردانەوەکانی دوای هێرشەکەی ٢ لەسەر ٣ی شوباتی ٢٠٢٠یش ئەگەر کۆنتڕۆڵنەکرێنەوە، ئەگەری ئەوەی هەیە، روسیا و تورکیاش دەست لە پشتگیریکردنی هێز و لایەنەکانی دژی یەکتری هەڵگرن و ڕاستەوخۆ لەدژی یەکتری بکەونە شەڕەوە.