لێکۆڵینەوە

07:22 - 04/02/2020

هەموو شتێك دەربارەی ئۆسكار‌

كوردستان ئەحمەد

لەكاتی  دەستپێکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا لە ساڵی 1929وە، هونەرمەندان و فیلم دروستکەرانی هۆلیود، بەردەوام ئەو بۆنەیەیان بەکار هێناوە، تاوەکو دووبارە ڕای خۆیان دەربارەی ئەو بابەتانە دەرببڕن کە فیلمەکانیان باسی لێوەدەکات و پەیام و هەڵوێستی خۆیان دەربارەی کێشەیەکی دیاریکراو بخەنە ڕوو.
ئەوەش واتە ئەوەی ئەم خەڵاتە، تەنها بۆنەیەک نیە بۆ بەخشینەوەی خەڵات، بەڵکو سەکۆیەکە، تێیدا پەیامی گرنگ و کاریگەر دەگەیەندرێت، دەربارەی سیاسەت و ژینگە و مافی مرۆڤ و کێشەمرۆڤایەتیەکانی وەک ڕەگەزپەرستی و بوونی مافی یەکسان بۆ هەموو مرۆڤێک، لە هاو ڕەگەزبازەکان و کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان و چەندین کێشەو بابەتی هەستیاری تریش.


مێژویی دابەشكردنی خەڵاتی ئۆسكار
ئەم خەڵاتە هەر لەسەرەتایی دامەزراندنیەوە پەیامێكی مرۆڤ دۆستانەی هەڵگرتووە و رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی دیاردەیەكدا و توانیویەتی رووبەرووی  خراپەكاریەك ببێتەوە.

ساڵی 1940، وێڕای ئەوەی ڕگەزپەرستیی لە ئەمریکادا لە ترۆپکدابوو، بەڵام هۆلیود خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەتی لە ڕۆڵی یاریدەدەردا بەخشیە هەیتی ماکدانیاڵ، کە خانمێکی ڕەشپێستبوو، ئەو هۆتێلەی بۆنەکەی تێدا سازکرا، سیاسەتێکی توندی هەبوو بەرامبەر ڕێگەنەدان بە چوونەژورەوەی ڕەشپێشتەکان، بەڵام ناوزەندکردنی ئەو ئەکتەرە، ناچاریکردن دەستبەرداری ئەو یاسایە ببن، بەر لە وەرگرتنی خەڵاتەکەش، پێشکەشکارەکە وتەیەکی دژ بە ڕەگەزپەرستی خوێندەوە و شانازیی بەوەوەکرد کە ئەو خەڵاتێکی وەها گرنگ پێشکەش بە ڕەشپێستێک دەکات.

ساڵی 1942 دوای بۆردومانی پێرڵ هاربەر لەلایەن یابانیەکانەوە، بڕیاردرا ئامادەبوانی خەڵاتەکە جلوبەرگی فەرمی نەپۆشن و دۆناڵد کریسپ، کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە ڕۆڵی یاریدەدەردا بردەوە، بە جلوبەرگی سەربازیەوە خەڵاتەکەی وەرگرت.

ساڵی 1943 فرانکلین ڕۆزفێلتی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، نامەیەکی نارد بۆ ئۆسکار و تێیدا وتبووی "لە شەڕی گشتگیردا، وێنەی جوڵاو وەک هەموو هەوڵە مرۆڤانەییەکانیتر، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تێکۆشاندا لە پێناو ئازادی و سەرخستنی دیموکراسیەتدا".

ساڵی 1968، بەهۆی کوژرانی مارتن لوثەر کینگەوە، بۆنەی ئۆسکار بۆ چەند ڕۆژێک دواخرا و لەگەڵ کرانەوەی بۆنەکەدا، پێشکەشکارەکە وتەیەکی بەناوی خۆی و ئەکادیمیاوە پێشکەشکرد بۆ پشتیوانیی لە ڕێبازی دکتۆر کینگ و دژایەتیکردنی ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی. ئاماژەی بەوەشکرد کە دوان لەو فیلمانەی کاندیدن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلم، تایبەتن بەکێشەی ڕەگەزپەرستی و ناوەرۆکەکەیان لە ڕێباز و پەیامەکانی مارتن لوثەرەوە وەرگیراوە.

ساڵی 1973، مارلۆن براندۆ وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپەی بەرامبەر ئەمریکیە ڕەسەنەکان دەکرێن، کە بە هیندیە سورەکان ناسراون، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ڕەتکردەوە، کە لەسەر ڕۆڵگێڕانی لە فیلمی (گاد فاذەر) پێیدرابوو، لەبری خۆشی ئەم خانمەی نارد تاوەکو خەڵاتەکە ڕەتبکاتەوە و ئەو هەڵوێستەی بخاتە ڕوو، کە ئەو دژی ئەوجۆرە مامەڵانەیە و داوای مافی ئەو کەمینەیە دەکات.

ساڵی 1974، لە نێوەندی بۆنەکەدا، کەسێک بەڕوتی هاتە سەر شانۆ و بەدەست ئاماژەی ئاشتییکرد، دواتر دەرکەوت کە ئەوکەسە هونەرمەند و چالاکوانێکی هاوڕەگەزبازە و بەوکارەی ویستویەتی ئەوە بگەیەنێت کە هاوڕەگەزبازەکان مرۆڤی ئاسایین و هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتیانەن.

ساڵی 1978 ڤانێسا ڕێدگرەیڤ، سوپاسی هاوڕێکانیکرد، کە دژی فاشیزم و نازیسم وەستاونەتەوە و بەرگریی لە فەلەستینیەکانکرد و کۆمکاری بەرگریکردن لە جولەکەی بە جەلاد ناوبرد و وتی، ئەوانە شەرمن بۆ ئاینی جوو

ساڵی 1979 جەین فۆندا، لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا، زمانی ئاماژەی بەکارهێنا بۆقسەکردن و وتی، زیاد لە 14 ملیۆن کەس، کەڕن، ئەوانە، ئەو کەمئەندامە نەبینراوانەن کە ناتوانن ئاگایان لەم ئاهەنگەبێت.

ساڵی 1987 ئۆلیڤەر ستۆن خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بۆ فیلمی پلاتوون وەرگرت، ئەو کەخۆی جەنگاوەرێکی پێشتری شەڕی ڤێتنامبوو، لە وتەی سوپاسگوزاریەکەیدا باسی لەوشەڕە و جەنگاوەر و قوربانیەکانیکرد و وتی کە ئەگەر جەنگێکی وەها دوبارە ببێتەوە، ئەوە مانای وایە ئەمریکا هیچ شتێک لەو جەنگە و قوربانیەکانی فێرنەبووە.

ساڵی 1993 هەردوو پێشکەشکار سوزان سارندۆن و تیم ڕۆبینس، قردێلەی سوریان بۆ پشتگیریکردن لە توشبوانی ئایدز بەستبوو بە سنگیانەوە و بەر لە پێشکەشکردنی خەڵاتەکە پشتیوانیی خۆیان بۆ توشبوانی ئەو نەخۆشیە ڕاگەیاند و داوایان لە حکومەتی ئەمریکا کرد کە ئەو هاوڵاتیانەی خەڵکی هایتی کە بەهۆی توشبوونی ئەونەخۆشیەوە لە دورگەی گوانتانامۆ گلیدابوونەوە، ڕێگەیان بدات بچنە خاکی ئەمریکاوە و وتیان، ئەوانە تاوانبارنین، ئەوانە نەخۆشن.

هەر هەمانساڵ، ڕیتچارد گێر، بەر لە پێشکەشکردنی خەڵاتەکە داوای لە دینگ چاوپینی سەرۆکی چینکرد کە سەربازەکانی لە تبت بکشێنێتەوە و ڕێگە بدات ئەو وڵاتە بە سەربەخۆیی و ئازادی بژین.

ساڵی 2000 جۆن ئیرڤینگ کە خەڵاتی باشترین سکرینپلەی بردەوە وتارەکەی بۆ تیشک خستنە سەر بابەتی فیلمەکە تەرخانکرد کە تایبەتبوو بە لەباربردنی منداڵ و نامەیکی گەیاند کە پشتیوانیی لەبوونی بژاردەی پێشوەخت دەکرد بۆ دایکان.

ساڵی 2002 یەکەم ئۆسکاری دوای ڕوداوەکانی یانزەی سێپتەمبەر ڕێکخرا، هەرچەندە بۆنەکە نزیکبوو لەوەی هەڵبوەشیتەوە، بەڵام سازکردنی ئەوبۆنەیە کرایە هەڵوێستێکی نیشتمانی و پەیامێک بۆ تیرۆریستان، کە هەرچی بکەن، ناتوانن ورەی گەلی ئەمریکا لاوازبکەن.

هەر لەو بۆنەیەدا، کورتە فیلمێکی تایبەت بەشاری نیۆرک نمایشکرا، بۆ نیشاندانی پشتیوانیی و خۆشەویستیی بۆ ئەوشارە، دەرهێنەری بەناوبانگ وودی ئالن، کە وێڕای ئەوەی تا ئەوکاتە 4 جار خەڵاتەکەی بردبووەوە و 19 جاریتریش ناوزەند کرابوو، بەڵام هەرگیز ئامادەی بۆنەکە نەببوو، بەڵام لەوساڵەدا بۆ پشتیوانیی لە نیۆرک و دژایەتیکردنی تیرۆر و توندوتیژی، چووە بۆنەکەوە بۆ ناساندنی ئەو کورتە فیلمە.

هەر ئەو ساڵەش، هالی بێری بووە یەکەم کچە ئەکتەری ڕەشپێست، کە خەڵاتی باشترین کچە ئەکتەر لە ڕۆڵی سەرەکیدا بباتەوە و وتارێکی پڕ هەست و سۆزی دەربارەی ئەو شەرەفە گەورەیە پێشکەشکرد.

ساڵی 2003 مایکڵ مۆر، خەڵاتی باشترین دیکۆمێناتری بردەوە، کە چوە سەرشانۆ، سەرجەم ناوزەندکراوانی خەڵاتی باشترین دیکۆمێنتاری لەگەڵ خۆیدا برد و وتی:

(ئەوانەی فیلمی دیکۆمێنتاری دەکەن، حەزیان لەخەیاڵ نیە، لەکاتێکدا ئێمە  لەکاتێکدا دەژین کە ئەنجامێکی خەیاڵیی هەڵبژاردنمان هەیە، کە سەرۆکێکی خەیاڵیی بۆ داناوین ئێمە لە کاتێکدا دەژین کە کەسێکمان هەیە لەسەر هۆکاری خەیاڵیی دەماننێرێت بۆ جەنگ ، ئێمە دژی ئەم جەنگەین بەڕێز بوش، شەرمە بۆ تۆ بەڕێز بوش، شەرمە بۆ تۆ، تۆ کاتت تەواوبوو.)

ساڵی 2004 ئێرۆل مۆریس، خەڵاتی باشترین دیکۆماێنتاریی بۆ فیلمی تەمەکانی جەنگ بردەوە و بەهەمان شێوەی مایکل مۆر،ڕەخنەی توندی لە جۆرج بوش و شەڕی عێراق گرت و بەراوردیکرد بە شەڕی ڤێتنام و وتی، 40 ساڵ لەمەوبەر، ئەم وڵاتە بە کونی کەروێشکێکدا چووە خوارەوە و ئێستاش هەمانشت دوبارە دەکاتەوە.

ساڵی 2009 فیلمی میڵک کە باس لە چیرۆکی ناوازەی ژیانی هارڤی میڵکی هاوڕەگەزباز دەکات کە خۆی بۆ پۆستی گشتی کاندید کرد چەند خەڵاتێکی بەدەستهێنا.

دەستن لانس بلاکی نوسەری فیلمەکە کە خۆشی کەسێکی هاوڕەگەزبازە، لە وتەکەیدا باسی لە ژیانی خۆی کرد و وتی:

( لەتەمەنی 13ساڵیدا دایکم و باوکم منیان لەشارۆچکەیەکی موحفزکاری ویلایەتی تێکساسەوە گواستەوە بۆ کالیفۆرینیا و لەوێ چیرۆکی هارڤی میلکم بیست، بەوەش هیوایەکم تێدا دروستبوو، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان منیش بە ئازادانە بژیم و بکەومە خۆشەویستیەوە و زەواج بکەم، ئەگەر 30 ساڵ لەمەوبەر هارڤی میلکیان لێنەسەندینایە، ئەوا دەیویست بە هەموو ئەو کوڕو کچە هاو ڕەگەزبازانە بڵێم کە لەلایەن کەنیسە و حکومەت و کۆمەڵگا و خێزانەکانیانەوە سوکایەتیان پێدەکرێت، ئێوە بوونەوەری جوان و بەنرخن و وێڕای ئەوەی پێتان دەوترێت، خودا خۆشی دەوێن، بەڵێنیشتان پێدەدەم کە بەم زوانە لە سەرانسەری وڵاتدا، مافی یەکسانتان دەبێت.)

دواتر شۆن پێن، کە ڕۆڵی هارڤی میڵکی گێڕابوو لە فیلمەکەدا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری  بردەوە و لە وتەکەیدا دوای سوپاسکردنی لانس بلاک پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو چینە ڕاگەیاند و وتی دەبێت ئەوانەی دژی یاسای ڕێگەدان بە زەواجی هاوڕەگەزەکان دەنگیان داوە، شەرم لەخۆیان بکەن و لەچاوی نەوەکانیشیانەوە ئەو شەرمە ببیننەوە، دەبێت هەموو مرۆڤێک مافی یەکسانی هەبێت. هەروەها سوپاسی وڵاتەکەیکرد کە نوسەر و هونەرمەندی ئازا و بوێری بەرهەمهێناوە، کە دەوێرن باس لەو بابەتە هەستیارانە بکەن.

ساڵی 2010 فیلمی ذ کۆڤ خەڵاتی باشترین دیکۆمێنتاری بردەوە، ڕیک ئۆبرایان کە چالاکێکی پارێزگاریکردنی دۆلفین و یەکێک لە بەشداربووەکانی فیلمەکەبوو، ئەم لافیتەیەی بەرزکردەوە، تاوەکو هانی خەڵکبدات هاوکارییانبکەن بۆ پاراستنی دۆلفینەکان.

ساڵی 2013، میشێل ئۆبامای خانمی یەکەمی ئەوکاتی ئەمریکا، لە کۆشکی سپیەوە ڕاستەوخۆ دەرکەوت بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتی باشترین فیلم و بەر لە پێشکەشکردنی خەڵاتەکە باسی لە ڕۆڵی گرنگی هونەرکرد لە ڕۆشناییخستنە سەر کێشە گەورەکان و بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و ئیلهام بەخشین بە گەنجان و بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر.
ساڵی 2014 جارێد لیتۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری لە رۆڵی یاریدەدەردا بردەوە، لە وتەکەیدا پشتیوانیی خۆی بۆ توشبوانی ئایدز ڕاگەیاند و خەڵاتەکەی پێشکەشکرد بەو 36 ملیۆن کەسەی بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە گیانیان لەدەستدابوو، لە کۆتایی قسەکانیشیادا بەهۆی داگیرکاریی ڕوسیاوە نامەیەکی هیوا و پشتگیری ئاراستەی ئۆکرانیا و فەنزوێلاکرد.

ساڵی 2015 پاتریشیا ئاکوێتیی، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی لە ڕۆڵی یاریدەدەردا بردەوە و کاتەکەی تەرخانکرد بۆ دژایەتیکردنی جیاوازیی نێوان ئەو پارەیەی بە پیاوان و ژنان دەدرێت لە هۆلیۆددا.

هەمان ساڵ، خەڵاتی باشترین فیلم، درایە فیلمی ذ بێردمان، ئەلیهاندرۆ ئینیریتوی دەرهێنەری فیلمەکە کە بەڕەچەڵک مەکسیکیە، باسی لە کێشەی پەنابەرە مەکسیکیەکان کرد و خەڵاتەکەی بۆ ئەومەکسیکیانە تەرخانکرد کە لەوڵاتی مەکسیکن و ئەوانەشی کە وەک پەنابەر هاتونەتە ئەمریکا، داواشی لە ئەمریکیەکانکرد کە ڕێزەوە مامەڵەی مەکسیکیەکان بکەن.

هەر ئەوشەوە، هەردوو هونەرمەند جۆن ستێفنس و لۆنی لیین، خەڵاتی باشترین گۆرانیان بردەوە بەناوی گلۆری، کە بۆ فیلمی سێلما وترابوو، بابەتی گۆرانی و فیلمەکە باسکردنبوو لەو مارشەی مارتن لوثەر کینگ و هاوڕێکانی لە جوڵانەوەی مافە مەدەنیەکان بەسەر پردی سێلمادا کردیان بۆ دژایەتیی ڕەگەزپەرستیی ولە وەرگرتنی خەڵاتەکەدا وتیان:
جۆن ستێفنس ( سەرەتا دەمەوێت سوپاسی خودا بکەم کە لەڕۆحماندا دەژی، لەم ماوەیەدا من و جۆن توانیمان بچینە سێلما و گۆرانیی گلۆری لەسەر هەمان پرد بڵێینەوە کە پەنجا ساڵ لەمەوبەر، دکتۆر کینگ و ئەندامانی جوڵانەوەی مافە مەدەنیەکان مارشیان بەسەرداکرد، پێشتر ئەو پردە ئاماژەیەکبوو بۆ وڵاتێکی دابەشبوو، بەڵام ئێستا هێمایەکە بۆ گۆڕان، ڕۆحی ئەو پردە ڕەگەز و جێندەر و ئاین و مەیلە سێکسیەکان و باری کۆمەڵایەتی تێدەپەڕێنێت. ڕۆحی ئەو پردە منداڵەکانی ڕۆژئاوای شیکاگۆ کە خەون بە ژیانێکی باشترەوە دەبینن دەبەستێتەوە بەوانەوە کە لەفەڕەنسا هەستاونەتە سەرپێ بۆ ئازادیی ڕادەڕبڕین، بە خەڵکی هۆنکۆنگەوە کە خۆپشاندان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی دیموکراسی، ئەو پردە لەسەر هیوا دروستکراوە و بە هاوغەمیی پێکەوە بەستراوە و بە خۆشەویستیی بۆ هەموو مرۆڤێک بەرزکراوەتەوە.)

لۆنی لیین:
(مینیسمۆ دەڵێت کە ئەرکی هونەرمەد ئەوەیە ڕەنگدانەوەی ئەو کاتە بێت کە تیایدا دەژی، ئێمە ئەم گۆرانیەمان بۆ فیلمێک نوسی کە ڕوداوەکانی پەنجا ساڵ لەمەوبەر ڕویانداوە، بەڵام ئێمە دەڵێین کە سێلما ئێستایە، چونکە تێکۆشان بۆ دادپەروەری لە ئێستادایە، ئێمە دەزانین ئەو مافانەی کە ئەوچالاکوانانە پەنجا ساڵ لەمەوبەر خۆیان بۆتەرخانکرد، ئێستا لەم وڵاتەدا لەبەر هەڕەشەدایە، دەزانین کە لەمساتەدا تێکۆشان لە پێناو ئازادی و دادپەروەریدا بەردەوامە لەم وڵاتەدا کە زۆرترین بەندکراوی هەیە لە جیهاندا، لە ئێستادا ژمارەی ئەو ڕەشپێستانەی لە ژێر کۆنترۆڵی چاکسازییدان، لەو کۆیلانە زیاترن کە لەساڵی 1850دا هەبوون، بۆ ئەوخەڵکانەی لەگەڵ گۆرانیەکەی ئێمەدا مارش دەکەن، پێیاندەڵێین کە ئێمە لەگەڵتانداین ئێمە دەتانبینین و ئێمە خۆشماندەوێن و بەردەوامبن لە مارشکردن، خودا پیرۆزتان بکات)

هەر ئەو شەوە، جولیان مۆر، کە خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بردەوە، باسی لە نەخۆشانی ئەلزەهایمەرکرد و وتی ئەوانەی ئەو نەخۆشیەیان هەیە دەبێت ببینرێن، تاوەکو چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

ساڵی 2016، لیۆناردۆ دیکاپریۆ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری بردەوە بۆ ڕۆڵبینینی لە فیلمی ذ ڕێڤێنانت، ئەو کە خۆی هەمیشە وەک چالاکوانێکی بوارێکی ژینگە کاریکڕدووە وتارەکەی بۆ تیشک خستنە سەر کێشەی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا بەکارهێنا و داوای لە هەموانکرد کە پارێزگاریی لە زەوی و سروشتەکەی بکەن.

هەمان فیلم خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردەوە و ئەلیهاندرۆ ئینیریتوی دەرهێنەر، لە وتارەکەیدا دژی نایەکسانیی ڕەگەزیی وەستایەوە هیوای خواست کەخەڵک کارێک بکەن کە ڕەنگی پێست وەک کورتو درێژیی قژ، هیچ پەیوەندیەکی لە حوکمدان بەسەر بەرامبەردا نەبێت.

ساڵی 2017 خەڵاتی باشترین فیلم بەزمانی بیانی بەخشرایە فیلمی ذ سەیڵسمان، ئەشگەر فەرهادیی دەرهێنەری فیلمەکە کە خەڵکی ئێرانە، وەک ناڕەزییەک لەبارەمبەر یاسای قەدەغەکردنی گەشتی حەوت وڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، وێڕای ئەوەی خۆی ڤیزای تایبەتی پێبەخشرابوو، بەڵام ئامادەی بۆنەکە نەبوو، لەبری خۆی نامەیەکی نارد کە تێیدا نوسیبووی، ئامادەنەبوونم بەهۆی ڕیزگرتنمەوەیە لە خەڵکی وڵاتەکەم و ئەو شەش وڵاتەیتر کە بەهۆی ئەو یاسا نا مرۆڤانەیەوە سوکایەتیان بەرامبەرکراوە.

هەمانساڵ گەیل گارسیای ئەکتەری مەکسیکی بەر لە پێشکەشکردنی خەڵاتی باشتری فیلمی ئەنیمەیشن بۆ دژایرتیکردنی بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە دروستکردنی دیوارێک لەنێوان ئەمریکا و مەکسیکدا وتی:
(ئەکتەرەکان لە گۆشت و خوێنن، ئەوان کرێکارێکی پەنابەرن، ئێمە بە هەموو دونیادا گەشت دەکەین، خێزان دروستدەکەین، جیرۆک پێکدەهێنین، ژیانێک بونیاد دەنێین کە ناکرێت دابەشبکرێت. وەک مەکسیکیەک، وەک ئەمریکاییەکی لاتینی، وەک پەنابەرێکی کرێکار، وەک مرۆڤێک، من دژی هەموو جۆرە دیوارێکم کە دەیەوێت لەیەکترمان داببڕێت.)
شارەزایانی بواری فیلمسازیش، باس لەوە دەکەن، کە ئۆسکاری ئەمساڵیش، بەدەر نابێت لەو جۆرە ساتانە، بەتایبەت کە زۆرێک لەفیلمەکان، دژی سیاسەت و بۆچونەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکان، بەتایبەتی فیلمەکانی ذ شەیپ ئۆف وۆتەر و ذ پۆست و گێت ئاوت، کە تەواو پێچەوانەی بۆچونەکانی ئەون دەربارەی هاوڕەگەزبازەکان و کێشەی ئافرەتان و بۆچوونی ئەو دەربارەی کاری ڕۆژنامەوانی و کێشەی ڕەگەزپەرستی.