ڕاپۆرتی کوردستانی

09:34 - 05/02/2020

چی بەسەر تۆمارە دەنگییەکەی شێخ سەعیدی پیراندا هات و لەکوێیە؟‌

پەیسەر

شێخ سەعیدی پیران یەکێک لە ڕێبەرە هەرە بەناوبانگ و نەتەوەییەکانی گەلی کوردە کە لە باکووری کوردستان لە دژی دەسەڵاتی مستەفا کەمال ئەتاتورک دەستی بە شۆڕش کرد و لەو ڕێگەیەشدا لەسێدارەدرا و گیانی بەخت کرد.

زۆر بەڵگە و دیکۆمێنت لە بارەی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشەکەی و دۆخی ئەو کاتەی باکووری کوردستان هەن و چوار پارچەی کوردستان دەزانن کە شێخ سەعید کێ بووە و هۆکارەکانی راپەڕینەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە.

 

هەروەها ژمارەیەک وێنەی شێخ سەعیدیش لە ئەرشیفەکانی دەوڵەتی تورک و دەزگا نەتەوەییەکانی کوردستاندا هەڵگیراون و زۆربەشیان لە ماڵپەر و ڕۆژنامەکاندا چاپکراون و لەچاپ دەدرێن، بەڵام تا ئێستا هیچ تۆمارێکی ڤیدیۆیی و دەنگیی شێخ سەعید بڵاونەبووەتەوە و کەس گوێی لێ نەبووە.

بەپێی بەڵگە مێژووییەکان شێخ سەعید خاوەنی تۆمارێکی دەنگییە کە لەسەر قەوانێک تۆمارکراوە و لە گوتارێکدا باس لە پرسە نەتەوەیی و ئایینیەکان و کێشەی کورد و رەفتاری دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر گەلی کورد دەکات. لەو سەردەمەدا زۆر کەس گوێیان لە قەوانە دەنگیەکەی شێخ بووە، بەڵام لە دوای لەسێدارەدانی، دەوڵەتی تورکیا دەستی بە سەر قەوانەکەدا گرت و ونی کردووە و تا ئیستا هیچ کۆپیەکیشی بڵاونەبووەتەوە.

ئەو نووسراوە فەرمییەی حکومەت کە داوای لەناوبردنی قەوانە دەنگییەکەی شێخ سەعید دەکات
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دادوەری دەوڵەتی تورکیا لە نووسراوێکدا بە فەرمی داوای لە ئەتاتورک و بەرپرسە باڵاکانی تورکیا کردووە کە بەهۆی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، تۆمارە دەنگییەکەی شێخ سەعید بدۆزنەوە و لەناوی بەرن.

ئەتاتورک فەرمانی لەناوبردنی قەوانە دەنگییەکەی شێخی دەرکرد
لە بەرامبەردا مستەفا کەمال ئەتاتورک کە ئەو کاتە سەرۆک کۆماری تورکیا بووە، نووسراوێکی هاوپێچ بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی دادوەری دەوڵەتی تورکیا دەنێرێت و تێیایدا تەئکید لەسەر مەترسی قەوانە دەنگییەکەی شێخ دەکات و فەرمانی لەناوبردنی قەوانەکە دەدات.

ماڵپەری بیتلیسنامە نووسراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دادوەریی دەوڵەتی تورکیای دەستکەوتووە کە تێیایدا باسی فەرمانی قەدەغەکردنی قەوانە دەنگییەکە دەکات و بڵاویکردووەتەوە کە بەم شێوەیە:

 

"بە پێی نووسراوی I-256 تۆمارە دەنگییەکەی شێخ سەعیدمان وەک مەترسی لەقەڵەمداوە و بە پێی ماددەی ٥١ی دەستووری بنەڕەتی تورکیا، بڕیاری لەناوبردنیمان داوە و ئەم بڕیارە لە ٢٦ی کانونی دووەمی ١٩٣٧ەوە جێبەجێ دەکرێت."


بەم شێوەیە قەوانە دەنگییەکەی شێخ سەعید قەدەغەکرا و دەستی بەسەرداگیرا و تا ئەمڕۆش زۆر کەس نازانن کە شێخ سەعید قەوانێکی بە دەنگی خۆی و بە کوردی تۆمارکردووە. ناشزانرێت ئایا ئەو قەوانە لە ئەرشیفی دەوڵەتی تورکیادا ماوە یاخود نا، بەپێی زانیارییەکان تا ئێستاش ژمارەیەک کەسایەتی و نووسەرانی کورد لە باکووری کوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی قەوانەکەی دەنگی شیخ سەعید دەدەن بەڵام تا ئێستا دەستیان نەکەوتووە.

شۆرشی شێخ سەعید
دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەرچەندە کوردەکان زۆرجار لە گەڵ بەرپرسانی حکومەت کۆبوونەوە و داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان کرد، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ کورد زیاتر پشتگوێ خرا. هەڵوێست و فشاری کەمالیستەکان بووە هۆی بێ ئۆمێدی گەلی کورد.

دامەزراندنی دەوڵەت _ نەتەوە لە ناوچەکەدا و پەراوێزکەوتنی گەلی کورد بووەهۆی هۆشیاربوونەوەی کورد و بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوەیی و بیری یەکگرتنی گەلی کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان.

ساڵێک دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا و لە ساڵی ١٩٢٤دا شێخ سەعید لە ناوچەی پیرانی پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان، دەستی بە خەباتی سەربەخۆییخوازانەی کوردستان کرد.

بە هۆی نائۆمێدی لە بەڵێنەکانی ئەتاتورک، زۆربەی کەسایەتی و سەرکردە کوردەکان چوونە پاڵ شێخ سەعیدی پیران و لە ماوەیەکی کەم و لە چەند مانگدا شۆرش لە باکوری کوردستان تەشەنەی سەند.

هەرچەندە لە سەرەتادا شۆرشەکە بە شێوەیەکی خێرا لە باکووری کوردستان بڵاوبووەوە، بەڵام بەهۆی هەندێک هەڵە و خیانەتی ژمارەیەک سەرۆک خێڵەوە کۆتایی بە شۆڕشەکە هات و لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ شێخ سەعیدی پیران و ٤٠ کەسی تر لەسێدارەدران.