ڕاپۆرتی کوردستانی

05:29 - 08/02/2020

تورکیا و بەریتانیا، چۆن کورد و ئاشورییەكانیان لەدژی یەکتری بەکارهێنا‌

پەیسەر

ڕاپەرینی ئاشوری - نەستورییەکان لە (٧ی تەموز بۆ ٢٦ی ئەیلولی ١٩٢٤) لە شاری جولەمێرگی باکووری کوردستان و بەکارهێنانی بەشێک لە کوردەکان لەدژیان بە ناوی ئایین و پاشەکشێی بەریتانیا لە پشتگیریکردنی ئاشوورییەکان، نمونەیەکی ئاشکرایە لە دروستکردنی ناکۆکی و ململانێ لە نێوان گەلانی کوردستان و ناوچەکە.

دوای هاتنی بۆ ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتن نەوتی موسڵ و کەرکوک و لەناوبردنی ئیمپراتۆری عوسمانی، بەریتانیا دەستی بە پشتگیریکردنی ئاشووری – نەستوریەکانی موسڵ، کەرکوک و ناوچەکانی تری باشووری کوردستان تا شاری جولەمێرگ و شرنەخی باکووری کوردستان کرد.

لە ساڵی ١٩٢٣ کۆماریی تورکیا دامەزرا و هەرچەندە کۆماری تورکیا ڕگەیەنرا بەڵام کێشەی سنورەکانی تورکیا و عێراق یەکلایینەکرابوونەوە. تورکیا داوای موسڵ و کەرکوکی دەکرد، بەڵام بەریتانیا بە هۆی نەوتی ئەو دوو شارەوە ڕێگری لە هەوڵەکانی تورکیا دەکرد.

ئاشوری – نەستوریەکان بوون بە قوڕبانی سیاسەتی بەریتانیا
بەریتانیا لە سەرەتادا هەوڵیدا لە کەرکوک تا جولەمێرگ و شرنەخ ناوچەیەکی ئارام دروست بکەن. لە پلانی بەریتانیا هەبوو، حکومەتێکی ئاشوری لە ناوچەکەدا دابمەزرێنێت و لە رێگەیەوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت و بەو هۆیەوە ئاشوریە نەستوریەکانی لە کەرکوکەوە تا جولەمێرگ و تا شاری ئۆرمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاگادارکردەوە کە خۆیان بەڕێکخستن بکەن و لەدژی کۆماری تورکیا دەست بە ڕاپەرین بکەن.

ئاشوری – نەسروریەکان کە زۆر جار لە لایەن عوسمانیەکانەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی ببوونەوە، بڕوایان بە بەڵێنەکانی بەریتانیا کرد  و دەستیان بە ئامادەکاری بۆ ڕاپەرین کرد.

بە پێی دەقە مێژووییەکان ئاشوریەکانی هەولێر، کەرکوک و ڕەواندوز و موسڵ لە لایەن بەریتانیاوە پڕچەککران و بەرەو پارێزگای جولەمێرگی باکووری کوردستان ڕەوانەکران کە وەک ناوەندی ڕاپەرینی ئاشوریەکان دەناسرێت.

ڕەشید خەلیل بەگ جەنەڕالی تورکی باوەرپێکراوی ئەتاتورک لە بیرەوەرییەکانی باسی ئەو سەردەمە دەکات و دەڵێت:"تورکیا لەبەرامبەر پلانەکەی بەریتانیا و ئاشوری – نەستوریەکان ڕێوشوێنی وەرگرت و پلانی لێدانی چەکدارانی ئاشوریەکانی دا. لە سەرەتادا چەندین جار لە ئەنقەرەوە ئاشوریەکان ئاگادارکرانەوە، بەڵام چونکە پشتیان بە بەڵێنەکانی بەریتانیا دەبەست، ئاشوریەکان دەستیان بە شەڕ کرد و تورکیاش هێزێکی زۆری بۆ پارێزگای جولەمێرگ نارد.

هەڵخەڵەتاندنی بەشێک لە هۆزە کوریەکان بە ناوی ئایینەوە
دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٤ بە هەموو هێزێکیەوە دەستی بە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڕاپەرینی ئاشوریەکان کرد، بەڵام نەیتوانی رێگری لە چەکدارە ئاشوریەکان بکات.

بەو هۆیەوە تورکیا بانگەشەی ئەوەی لە ناو کوردەکاندا بڵاوکردەوە کە ئاشوریەکان کافرن و دەیانەوێت ناوچەکانیان داگیر بکەن و بەو هۆیەشەوە توانی بە هەزاران چەکداری کورد لە هۆزە جیاوازەکانی پارێزگای جولەمێرگ و شرنەخی باکووری کوردستان کۆبکاتەوە و لەدژی ئاشوریەکان بەکاریان بهێنێت.


لە هەرێمەکانی جولەمێرگ و بێشەباب و هەندێک ناوچەی تری شرنەخ لە لایەک و لە ئۆرمیە و سنورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووریش لە لایەکی ترەوە کوردەکان و سەربازانی عوسمانی شەڕێکی گەورەیان لەدژی ئاشوری – نەستوریەکان دەستپێکرد و لە ئەنجامدا گورزێکی گەورە لە ئاشوری – نەستوریەکان درا.

بەو شێوەیە ڕاپەرینی ئاشوریەکان کە لە ٧ی تەموزی ١٩٢٤ دەستیپێکرد لە ماوەی دوو مانگدا و لە ٢٧ی ئەیلولی هەمان ساڵدا تێکشکێنرا و ئاشوریەکان بۆ ناوچەکانی تر هەڵهاتن.

بەو شێوەیە تورکەکان ئاشوریەکانیان بە دەستی کوردەکان لەناوبرد و دوای ئەوەش لە گەڵ دەوڵەتی ئێران رێککەوتن و بە هەردوو دەوڵەتەوە پەلاماری سمایلخان و هێزەکەیان دا و شۆڕشی کوردیشیان تێکشکاند.

هەرچەندە بەریتانیا بە هەموو شێوەیەک بەڵێنی بە ئاشوری – نەستوریەکان دابوو کە دەوڵەتێکیان بۆ دروست بکات، بەڵام لە شەڕی دژی دەوڵەتی تورکیادا هاوکاری ئاشوریەکانی نەکرد و بەو شێوەیە گورزێکی گەورەیان بەرکەوت و بە هەزاران چەکداریان کوژران.

دواتر دەولەتی تورکیا و بەریتانیا لەبارەی پرسی سنورەوە ڕێککەوتن و تورکیا دەستی لە موسڵ و کەرکوک هەڵگرت و بەریتانیاش ئیمزای لەسەر ڕێککەوتنێک کرد کە دەست لە کاروباری تورکیادا وەرنادات.

بەو شێوەیە تورکیا و بەریتانیا هەردوو گەلی کورد و ئاشوری –نەستوریان لەدژی یەکتری بەکارهێنا و لە ئەنجامدا بەرژەوەندیەکانی یەکتریان پاراست و دوژمنایەتیان لەنێوان کورد و ئاشوری دروست کرد کە تا ئێستاش لەبیری هەردوولا نەچووەتەوە.