ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:19 - 09/02/2020

هەڵبژاردنێکی ساردوسڕ لە دۆخێکى گەرموگوڕدا‌

پەیسەر

رۆژی ٢١ی شوبات هاوڵاتیانی ئێران دەچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و ئەنجوومەنى پاراستنی دەستووریش خۆپاڵاوتنى چه‌ندین کەسی بۆ پەرلەمانی ئێران ڕەتکردووەتەوە.

ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت ناڕەزایی خەڵکی ئێران لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە لە لوتکەدایە و لە سەر ئاستی جیهانیش کۆماری ئیسلامی ئێران بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت.

ئەمە ١١هه‌مین هەڵبژاردنە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. تەنها هەفتەیەک بۆ تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان دیاریکرابوو. تۆمارکردن لە ١ بۆ ٨ی کانوونی دووەم بوو. هەزاران کەس بۆ تۆمارکردنی ناویان سەردانی بنکەکانیان کرد. ئەنجوومەنى پاراستنی دەستووریش سەردانی زۆر کەسی ڕەتکردەوە و تا ئێستا لیستی ناوی کاندیدەکان ئاشکرا نەکراوە.

 

ئەنجوومەنى پاراستنی دەستوور لە ١٢ ئەندام پێکدێت. ٦ کەسیان ڕاستەوخۆ لە لایەن عەلی خامنەیی ڕابەری ئایینی ئێرانەوە ده‌ستنیشانده‌كرێن. ٦ کەسیش ئەندامی دادوەری ئێرانن کە پەرلەمان قبوڵیان دەکات. ناوی کاندیدەکان لەلایەن ئەم ئەنجوومەنەوە پەسەند دەکرێت، دواتر دەتوانن بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژادرند بکەن.

بڕیارە هەفتەیەک بەرلە هەڵبژاردن، لیستی ناوی کاندیدەکان ئاشکرا بکرێت. ناوی نزیکەی ٩٠ کاندید قبوڵنەکراوە و ڕەتکراوەتەوە کە کەسایەتی ناسراویشی تێدایە. یەکێک لەوانه‌ کامبیز مێهدیزادە زاوای حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێرانە. یەکێکی تریش عەلی موتەهەری پەرلەمانتاری تارانە کە کوڕی مورتەزا موتەهەری یەکێک لە پارێزەرانی سەرەکی ئایدۆلۆژیای خومەینیە.

پەرلەمانی ئێران له‌ ٢٩٠ کورسی پێكدێت، ٥ کورسیان بۆ کەمینەکانە. دووانیان بۆ جووه‌كان و یەکێک بۆ زەردەشتیەکان، یەکێک بۆ ئاشووری و یەکێکیش بۆ کەلهوڕەکانە.
لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تا ئێستا هیچ ژنێک، سونەیەک و جوویه‌ك و کوردێک و کەسایەتیەکی دەرەوەی شیعەکانی سەر بە دەسەڵات نەبوونەتە سەرۆکی پەرلەمان یان جێگری.

مێژووی هەڵبژاردن دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی شا
دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تی و هاتنە سەر دەسەڵاتی خومەینی، یەکەمین هەڵبژاردن لە ١٤ی ئازاری ١٩٨٠دا ئەنجامدرا، ٣ هەزار و ٩٥٤ کەس خۆیان بۆ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان کاندید کرد، ٢٣٤ کەسیان هەڵبژێردران. ڕێژەی بەشداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ٥٢.١٤٪ بوو.

عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی بووە یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران و محەمەد عەلی ڕەجایی، کە کەسێکی نزیکی خومەینی بوو، وەک سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرا.

 

دووەم هەڵبژاردن ١٥ی نیسانی ١٩٨٤ ئەنجامدرا و ڕێژەی بەشداریکردن ٦٤،٦٤٪ بوو. ئەم جارەش لە هەزار و ٥٩٢ کەس ٢٧٠ کەس هەڵبژێردران.

هاشمی ڕەفسەنجانی و جێگرەکەی محەمەد یەزدین، لە پۆستەکانیاندا مانەوە، میر حسێن موسەوی کە یاریدەدەری رەفسەنجانی بوو، وەک سەرۆک وەزیران هەڵبژێردرا.
سێیەمین هەڵبژاردنی ئێران ٨ی نیسانی ١٩٨٨ ئەنجامدرا. رێژەی بەشداریکردن ٥٩.٧٢٪ بوو.

جارێکیتر هاشمی رەفسەنجانی لە جێگەی خۆی مایەوە و میر حسێن موسەوی بووه‌وه‌ بە سەرۆک وەزیران. بەڵام دواتر سیستمی سەرۆک وەزیری لە ئێران هەڵوەشایەوە.

چوارەم هەڵبژاردن ١٠ی نیسانی ١٩٩٢ ئەنجامدرا. ڕێژەی بەشداریکردن ٥٧.٨١٪ بوو. ٣ هەزار و ٢٣٣ کەس خۆیان کاندید کرد. عەلی ئەکبەر ناتقی نوری لە شوێنی رەفسەنجانی بووە سەرۆکی پەرلەمان. سەرۆک کۆماری ئێستا حەسەن ڕوحانی و حوسەین هاشمیان و ئەکبەر پەروەریش بوونە یاریدەدەری.

 

هەڵبژاردنی پێنجەم لە ٨ی ئازاری ١٩٩٦دا ئەنجامدرا، ڕێژەی بەشداریکردن ٧١٪ بوو. ناتقی نوری و حەسەن روحانی لە جێگەكانی خۆیاندا مانەوە، محەمەد عەلی مواحید هێرمانیش وەک یاریدەدەری سێیەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

شەشەمین هەڵبژاردن لە ١٨ی شوباتی ٢٠٠٠دا ئەنجامدرا. ڕێژەی بەشداریکردن ٦٧.٣٥٪ بوو. مه‌هدی کەڕوبی کە لە ساڵی ٢٠٠٩وە لە ماڵەكه‌یدا له‌ژێر هێشتنه‌وه‌ی زۆره‌ملێدایه‌، بووە سەرۆکی پەرلەمان. به‌هزاد نەبەوی و محەمەد ڕه‌زا خاتەمیش بوونە یاریدەدەری.

حەوتەمین هەڵبژاردن ٢٠ی شوباتی ٢٠٠٤ ئەنجامدرا و ڕێژەی بەشداریکردنی هاولاتیان ٥١،٢١٪ بوو، غولام حسێن حەداد عادل بووە سەرۆکی پەرلەمان.

لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئازاری ٢٠٠٨دا و ٢ی ئازاری ٢٠١٢ دا گۆڕانکاریەکی گەورە دروست نەبوو. ڕێژەی بەشداریکردن و کاندیدەکان لەیەکەوە نزیکبوون. تاکە شتێک کە گۆڕانکاری بەسەرداهات ئەوە بوو عەلی لاریجانی لە هەڵبژاردنەکانی ٢ی ئازاری ٢٠١٢دا بووە سەرۆکی پەرلەمان.

١٠هه‌مین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئێران لە ٢٦ی شوباتی ٢٠١٦دا ئەنجامدرا. عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمان لە جێگەی خۆی مایەوە.

 

ئەگەر سەرنج بدەینە مێژووی هەڵبژاردن لە سایەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبینین، هیچ گۆڕانکاریەک لە دەسەڵاتدا ڕووینەداوە، ئەو کەسانەی بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراون هەمان ئەو کەسانەن کە لەلایەن ویلایەتی فەقێ و خامنەییەوە پەسەندکراون و چەند ساڵ جارێک دەموچاوەکان گۆڕاون و ئایدۆلۆژیاکە وەک خۆی ماوەتەوە.

لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٠دا هاوڵاتیانی ئێران بۆ ١١هه‌مین جار دەچنەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا بە هۆی بێکاری، گەندەڵی، قەیرانی دارایی و توندوتیژی ڕژێمی ئێران، خەڵک ڕژایە ناو شەقامەکان و پێکدادانی گەورە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی دەوڵەتدا ڕوویدا.

 

بەپێی دوایین ئامار نزیکەی ١٥٠٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون و هەزاران کەسیش برینداربوون.

لە لایەکی ترەوە به‌هۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و گرژیەکانی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران و خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنی ئۆکرانی لەلایەن ئێرانەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و پێناچێت هەڵبژاردنێکی سەرکه‌وتوو ئەنجامبدرێت و ڕێژەی بەشداریکردن لە ئاستێکی باڵادا بێت.

لە ناوخۆی ئێرانیشدا ساردوسڕیەکی زۆر بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە دیارە، هاوڵاتیان پێشوازیەکی گەرم لە هەڵبژاردن ناکەن. بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ژمارەیەک حزبی کوردی هەڵبژاردنیان بایکۆتکردووە و پێدەچێت هەموو حزبەکانی تری ڕۆژهەڵات هەڵبژاردن بایکۆت بکەن.