ڕاپۆرتی کوردستانی

12:28 - 10/02/2020

تورکیا رێگە نادات هەرێم نوێنەرایەتی لە وڵاتەکەیدا بکاتەوە‌

پەیسەر

تورکیا رێگە دەدات نەوتی ھەرێم بە وڵاتەکەیدا ھەناردەی دەرەوە بکرێ و پارەکەی لەبانکێکی نزیک لە حکومەت ھەڵبگیرێ و ھێزی سەربازیی لێ جێگیرکردووە و بە دۆستی خۆی دەزانێ. کەچی ئامادە نییە خانوویەک و چەند ژوورێکی بداتێ وەکو نوێنەرایەتی حکومەت لە ئەنقەرە بەکاری بهێنێ!

 
رەنگبێ لە دنیادا، ئەمە دەگمەنترین و ناوازەترین پەیوەندی نێوان دوو لایەنبێ کە بەرژەوەندی ئابووری و سەربازیی و ئەمنیی و سیاسیان پێکەوە هەیە. بەڵام هێزە گەورەکە هەر بیەوێ پەیوەندییەکان لەڕێی دەزگا ئیستبخاراتییەکانی خۆیەوە بەرەدوام بن نەک کەناڵە دیپلۆماسییەکان.

نوێنەرەکانی پارتی و یەکێتی دەرکراون
لە ساڵی ١٩٩٢ ـەوە پارتی و یەکێتی، بە جیا نوێنەرایەتی خۆیان لە تورکیا کردووەتەوە. ئێستا دوای ٢٥ ساڵ هێشتا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە چوارچێوە حزبییەکەدا ماوەتەوە. کەچی تورکیا ئەوانیشی داخستووە.
تا ساڵی ٢٠١٧ ئەو نوێنەرایەتیانەی یەکێتی و پارتی کێشەیان نەبوو، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە تورکیا یەک لەدوای یەک نوێنەرەکانی یەکێتی و پارتی دەرکردووەو تائێستاش ئامادە نییە بگەڕێنەوە.
سەرەتا لەیەکێتیەوە دەستیپێکرد ئەوەبوو رۆژی ٢٣/٨/٢٠١٧ بەبیانووی هەبوونی چالاکی کادرو ئەندامانی پەکەکە لە سلێمانی،  تورکیا بەھرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە دەرکرد.

دوو رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم واتە ٢٧/٩/٢٠١٧ مەولودچاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرایکرد، داوایان لە عومەر میرانی نوێنەری پارتی لەتورکیا کردووە نەگەڕێتەوە بۆ تورکیا.

کردنەوەی نووسینگەی حکومەتی هەرێم
بەگوێرەی (رێککەوتننامەی ستراتیژیى) نێوان پارتى و یه‌كێتی، نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمیان بە‌شكردبوو‌ بەمجۆرە: ئێران و ئەمریکا بۆ‌ یه‌كێتى، تورکیا و  به‌ریتانیا بۆ‌ پارتى.
هەرچەندە نوێنەرایەتییەکەی ئێران کراوەتەوە، بەڵام دوای چەندینجار هەوڵ و پێشنیاز، بەڵام تائێستا تورکیا رازی نەبووە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەنقەرە بکرێتەوە.

مانگی ئازاری ٢٠١٧ عومەر میرانی، نوێنەری پارتی لە ئەنقەرە لە چاوپێکەوتنێکی میدیاکانی پارتیدا گوتبووی: ساڵێك ده‌بێ له‌لایه‌ن حكومه‌تى توركیاوه‌ ره‌زامه‌ندیمان پێدراوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هەرێم و‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌كرێته‌وه‌. هۆكار‌ى دواکەوتنیشی ته‌نیا بۆ كێشه‌ ناوخۆییه‌‌كان و قه‌یرانى دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و هیچى تر.

لە دوای ریفراندۆمەوە تورکیا نوێنەری پارتی لە ئەنقەرە دەرکردووە

دوای نزیکەی سێ ساڵ لەو قسەیە، تورکیا نەک رازی نەبووە بە کردنەوەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو نوێنەرایەتی پارتی و یەکێتیشی داخستنووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەر لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، حکومەتی ھەرێم بە فەرمی چوارجار داوای لە تورکیا کردووە رێگەی پێبدات نوێنەرایەتی لە ئەنقەرە بکاتەوە، بەڵام تائێستا تورکیا رازی نەبووە.
هەروەها لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ـەوە، ھەرێمی کوردستان داوای لە تورکیا کردووە رێگە بەکردنەوەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم بدات، تەنانەت فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم، فەرمانبەری بۆ ئەو نوێنەرایەتییە دیاریکردووەو سەفین دزەیی دەکرێ بە بەرپرسی نوێنەرایەتییەکە.

سێ ساڵ زیاترە هەموو رێکارەکانی کردنەوەی نوێنەرایەتی هەرێم لە تورکیا تەواو بووە

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای لەحکومەتی ھەرێم کردووە، لاری نییە لەو داواکارییە بەو مەرجەی رەزامەندی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیان بۆ بھێنن بەوپێیەی ھەرێمی کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆ نییە و بەشێکە لە عێراق.
هەرێمی کوردستان سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ رەزامەندی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی وەرگرتووەو ناردوویەتی بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بەڵام تائێستا ئەنقەرە وەڵامی حکومەتی ھەرێمی نەداوەتەوە.
تورکیا دەیەوێ نوێنەرایەتی هەرێم لە ئەنقەرە لەژێر چاودێری وەزارەتی دەرەوەی عێراقدابێ، بەڵام پارتی بەمە رازی نییە و نایەوێ نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم بەشێکبێ لە باڵیۆزخانەی عێراق.

تورکیا و ئابووری ھەرێم
ئەم دەستی دەستیی و ناڕازیبوونەی تورکیا لە کاتێکدایە، ئەنقەرەو هەولێر پەیوەندییەکی ئابووری بەهێزیان لە نێواندایە. بەجۆرێک تا مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، نزیکەی ١٥٠٠ کۆمپانیای تورکی لە هەرێمدا سەرمایەگوزارییان کردووە کە ئەمە دەکاتە ٤٤٪ی تێکڕای کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمدا.

هەروەها تورکیا رازی بووە کە نەوتی ھەرێمی کوردستان بەناو وڵاتەکەیدا بڕوات و تا ماوەیەکیش لەمەوبەر، داهاتی فرۆشی نەوتەکە دەخرایە (هاڵک بانک)ی تورکییەوە.
هەروەها تورکیا ساڵانە بایی ١٢ ملیار دۆلار کاڵا ھەناردەی عێراق دەکات، لەو بڕەش ٤٠% ی لەناو ھەرێمی کوردستاندا ساغ دەبێتەوە. داھاتی ساڵانەی گومرگی ئیبراھیم خەلیل لەو بڕە ھەناردەیەی تورکیا، نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە.
لەڕووی نەوت و وزەوە، مامەڵەی تورکیا و هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٧  بەڵام رۆژی ٢٩/١١/ ٢٠١٣ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم گرێبەستێکی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی تورکیا ئیمزاکرد کە ئەوەبووە دەروازەی دەستواڵابوونی هەرێم بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت.

بەپێی رێککەوتنەکە، ھەرێمی کوردستان نەوتەکەی لەرێگەی تورکیاوە ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکات و کۆمپانیا تورکیەکانیش لە پەرەپێدانی ١٣ کێڵگەی نەوت و غازی ھەرێم بەشدار دەکەن.
تورکیا پەشیمان بووەتەوە
رۆژی  ١٥ی ئایاری ٢٠١٩ عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تورکیای کردبوو، تورکەکان پیشنیازی ئەوە دەخەنە بەردەم عادل عەبدولمەهدی کە هاوکاری تورکیا بکات تا رێککەوتننامەکانی لەگەڵ هەرێم هەڵبوەشێنێتەوەو راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکەن.

پارتی و یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنقەرە نوێنەرایەتییان هەیە

دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق تایبەت لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی کورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و نیاز و مەرامی تورکیایان تێدەگەیەنێ.
جەمال کۆچەر کە یەکێک بووە لە بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیەی بۆ پەیسەر گوتی: عادل عەبدولمەھدی پێیگوتین ئەردۆغان ئامادەیی دەربریوە گرێبەستە ئابوورییەکان لەنێویشیاندا گرێبەستی ٥٠ ساڵیی، لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێنێتەوە. تورکیا دوومەرجی ھەبووە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانی لەگەڵ ھەرێم ئەوانیش بریتیبوون لەوەی لە گرێیبەستی جێگرەوەدا، رەچاوی بەرژوەندییەکانی تورکیا بکرێ و بەغدا بەرپرسیارێتی قەرزەکانی ھەرێم هەڵبگرێ.

کێ لە تورکیا نوێنەرایەتی هەیە؟
تائێستا هەریەکە لە پارتی و یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی، نووسینگە و نوێنەرایەتییان لە ئەنقەرە هەیە. هەرچەندە نزیکەی سێ ساڵە ئەوانەی پارتی  ویەکێتی داخراون.
سەعدی ئەحمەد پیرە لێپرسراوی پێشووی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرایکرد، لە ساڵی ٢٠١٩ دا بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتیەکەیان لە تورکیا، دەستیان بەگفتوگۆکردووە و نیمچە رەزامەندیەکیش ھەیە لەلایەن تورکیاوە، بەڵام کاتەکەی دیار نییە.

یەکێتی بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکەی بکرێتەوە، کەوتە داخستنی بارەگای تەڤگەری ئازادی کە نزیکە لە پەکەکە و سنووردارکردنی چالاکی ئەندامانی پەکەکە لە سنووری دەسەڵاتەکەیدا.
ئەبوبەکر ھەڵەدنی ئەندامی پیشووی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ پەیسەر گوتی: ئێمە وەکو یەکگرتوو نوێنەرایەتیمان لە تورکیا و ئێران ھەیە. خۆی دەبوایە نوێنەرایەتی حزبەکان دابخرانایە و نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لەچوارچیوەی باڵیۆزخانەکانی عێراقدا بکرانایەتەوە.

ھەڵەدنی بەپێویستی دەزانێ لە داھاتوودا، پرسی کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانی ھەرێم لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێ. چونکە بەشێک لەو نوێنەرایەتییانە تەعبیر لە حکومەتی ھەرێم ناکەن و بوونەتە بەشێک لە سیاسەتی حزبەدەسەڵاتدارەکان.
ھۆشیار عومەر عەلی بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەیسەر رەتیکردەوە، گۆڕان ھیچ نوێنەرایەتییەکی لە دەرەوەی هەرێم هەبێ.

تورکیا داوای لە گۆڕان کردووە نوێنەرایەتی لە ئەنقەرە بکاتەوە بەڵام گۆڕان رازی نەبووە

هۆشیار گوتی: لە میانی سەردانی ئەحمەد داودئۆغڵو وەزیری ئەو کاتەی دەرەوەی تورکیا بۆ گردی زەرگەتە لە سلێمانی لە رۆژی ٤/٣/٢٠١٤ پیشنیازی ئەوەی خستە بەردەم کاک نەوشیروان کە بزووتنەوەی گۆڕان نوێنەرایەتی خۆی لە تورکیا بکاتەوە. بەڵام کاک نەوشیروان رەتیکردەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە بڕوامان بە نوێنەرایەتی حزبیی نییە و دەبێ تەنیا حکومەتی ھەرێم نوێنەرایەتی ھەبێ.

شارەزایەکی کاروباری دیپلۆماسی کە نەیویست ناوی بنووسرێ بۆ پەیسەر روونیکردەوە، تورکیا دەزانێ بە کردنەوەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم، جۆرێک لە شەرعیەت دەدا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، بۆیە خۆی لەمە دەبوێرێ و کات دەکوژێ. بەهۆی درەنگخستنی کردنەوەی نوێنەرایەتی حکومەتیش، حزبەکان دەخاتە ژێر باری ئەوەی لە ئەنقەرە نووسینگە بکەنەوە. بەمەش سەرکەوتوو دەبێ لەوەی لەڕێی دەزگا ئیستخباراتییەکانییەوە، پەیوەندی لەگەڵ حزبەکانی باشوور هەبێ و نەیباتە قاڵبێکی رەسمییەوە.

 

ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٨ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە