ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:50 - 10/02/2020

بە کۆنتڕۆڵکردنی ئیدلب لە لایەن ڕژێمەوە، گروپە جیهادییەکان بەرەو کوێ دەچن؟‌

پەیسەر

هێزەکانی ڕژێمی سوریا بە پشتگیری سوپای ڕووسیا بەرەو باکووری پاریزگای ئیدلب لە پێشڕەویدایە. چەند ڕۆژ لەمەوبەر کاروانێکی سەربازی تورکیاش لە لایەن هێزەکانی ڕژێمەوە کرایە ئامانج و ٨ سەربازیان کوژران. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ڕژێمی سوریا هیچ ئاستەنگێک قبوڵناکات و لەگەڵ ڕووسیا بڕیاری کۆنتڕۆڵکردنی ئیدلبیان داوە.

ڕۆژ بە ڕۆژ گروپە جیهادییە توندڕەوەکانی ئیدلب کە سەر بە تورکیان پاشەکشێ دەکەن. هەرچەندە تورکیا لەگەڵ ڕووسیا لەدانوستاندندایە، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسیەکانی تا ئێستا سەری نەگرتووە. لەم نێوەندەدا دۆخی گروپە سەلەفیەکانی سەر بە تورکیا کە وەک ئۆپۆزسیۆن لەقەڵەم دەدرین دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئیدلب جێگای پرسیارە.

 

ڕیشەی هەموو ئەو گروپانە دەچێتەوە سەر ئەلقاعیدە کە بەهێزترینیان تەحریر شام /ئەلنوسرەیە کە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، بەڵام تورکیا تا ئێستاش هاوکاری دەکات.

لە ئیدلب چەندین گروپ هەن کە لە ژیر هەندێک ناوی جیاوازەوە کۆبوونەوەتەوە کە گەورەترینەکانیان ئەمانەن:

"سوپای فەتح، هەیئەت تەحریر ئەلشام، بەرەی ئازادیخوازی سوریا، گروپی خراس ئەلدین کە زۆربەیان پاشماوەی داعشن، بەرەی تورکستان کە تورکیا هاوکاری زۆریان دەکات، گروپی چیچانیەکان و گرنگترینیان سوپای سوریای ئازادە".

سوپای سوریای ئازاد ئەو گروپەیە کە تورکیا دەیەوێت وەک ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی سوریا بیانناسێنێت و هەوڵ دەدات جیهان قبوڵی بکات، بەڵام ئەمریکا و زلهێزەکان باش دەزانن ئەم گروپە لە ژمارەیەک زۆر گروپی بچوکی توندڕەو پێکهاتووە کە ئەمانەن:

"فەیلەق ئەلشام، تومان حەمزە، ئەحرار ئەلشەرقیە، جیش ئەلئەحرار، توگای سوڵتان موراد، توگای سەڵاحەدین ئەیوبی. ئەحرار ئەلشام، بزوتنەوەی حەزیمە، نورەدین زەنگی، سوپای ئیسلام، سوپای موجاهدین، توگای فاروق، بزوتنەوەی ئەلموجاهیدین، توگای فاتح سوڵتام محەمەد، توگای سەمەرقەند، بزوتنەوەی ئەلشامیە، سەربازانی ئەلشومال ئەلعەزاز و بزوتنەوەی ئەلنەخبە "

 

سوپای سوریای ئازاد سەرەکیترین هاوپەیمانی تورکیایە کە لە شەڕەکانی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپیدا بە شێوەیەکی زۆر چالاک بەشداری کردووە و دەستی لە ئەشکەنجەدان و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵی کوردان ڕۆژئاوادا هەیە و ڕۆڵێکی خراپیان لە هەوڵەکانی گۆڕینی دیموگرافیای ڕۆژئاوای کوردستاندا گێڕاوە.

هەروەها ئەندامانی ئەم گروپە هەمان ئەو کەسانەن کە ماوەیەک لەمەوبەر تورکیا ڕەوانەی لیبیای کردن و لەدژی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر هاوکاری حکومەتی هاوپەیمانی لیبیا دەدەن.

بە پێی ئامارەکان ژمارەی چەکدارە توندڕەوەکانی ئیدلب کە بە سەر هەندێک ناوی جیاوازەوە دابەشبوون زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس دەبێت. زۆربەی ئەو چەکدارانە ماڵ و منداڵیان هەیە و بە خێزانەکانیانەوە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس دەبن کە زۆربەیان لەم دواییانەدا بە هۆی هێرشی ڕژێمەوە ڕوویان لە سنورەکانی تورکیا کردووە و هەندێکیشیان لە کانتۆنی عەفرین و دەوروبەری جێگیرکراون.

 

لە کاتێکدا کە سوپای سوریا بە پشتگیری ڕووسیا لە پێشڕەویدایە، سوپای تورکیا ژمارەیەکی زۆر سەرباز و جبەخانەی بۆ ئەو پارێزگایە ڕەوانە کرد.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مڕۆڤ ڕایگەیاند، سوپای تورکیا لە شەوی هەینیەوە نزیکەی ٦٠٠ ئۆتۆمبێڵی سەربازی پڕ لە سەرباز و جبەخانەی بۆ باکووری ئیدلب ڕەوانە کردووە.

ئاژانسی ئانادۆڵۆی فەرمی تورکیاش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، ناردنی سەربازەکان بۆ پاراستنی خاڵە چاودێریەکانی سوپای تورکیایە لە باکووری ئیدلب.

دوابەدوای ئەم هەواڵە میدیاکانی سوریا باسی ئەوەیان کرد، دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەى رێگری لە ئۆپراسیۆنى سوپای سوریا و رووسیا لە دژی ئیدلب بکات، خەریکی تاقیکردنەوەى تاکتیکی نوێیە.

 

بەپێى زانیارییەکان دەوڵەتى تورکیا جلوبەرگی سوپاکەى کردووەتە بەر ژمارەیەکى زۆر لە چەکدارە توندڕەوەکان و دەیەوێت لە ئیدلبدا بیانپارێزێت.

سوپای تورکیا لە سەرەتای مانگی شوباتەوە بۆ ئەوەى رێگری لە پێشڕەویى رژێمى سوریا و روسیا بکات، لە چوار خاڵی دەورووبەری شاروچکەی سەراقیبی ئیدلب ئەو گروپە توندڕەوانەی جێگیرکردبوو و بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و تانکی دەوڵەتى تورکیاوە هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانى ڕژێم.  دواى ئەوەی سەراقیب کەوت، ژمارەیەکى زۆر لە چەکدارەکان خۆیان کشاندەوە بۆ ئەو خاڵانە و لەوێوە بە ئۆتۆمبێلەکانى سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی تر گواسترانەوە.

هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت دەوڵەتی تورکیا ژمارەیەکی زۆر چەکی پێشکەوتووی دژە تانک و هەلیکۆپتەری بۆ گروپە چەکدارەکان ڕەوانە کردووە و لە ئێستادا لەدژی ڕژێمی سوریا بەرگیریەکی سەخت دەکەن.

 

لە ئەگەری کۆنتڕۆڵکردنی ئیدلب لە لایەن ڕژێمی سوریاوە، بە تەواوەتی نازانرێت چارەنووسی گروپە جیهادیە توندڕەوەکان چی بەسەر دێت.

بە پێی پێشبینیەکان ئەگەری ڕووداوی سێ سیناریۆ هەیە. یەکەمیان ئەوەیە تورکیا بە تەواوی دەستیان لێهەڵگرێت و خۆیان ڕادەستی ڕژێمی سوریا بکەن. ئەگەری دووەمیش ئەوەیە لە سەر خاکی تورکیا لە نزیک سنوری سوریا کەمپی نوێیان بۆ بکرێتەوە و ئەگەری سێیەمیش کە مەترسی لەسەر کورد هەیە ئەوەیە، لەدژی کورد و بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان ئاڕاستە بکرێن کە ئەویش تا زلهیزەکانی جیهان بە تایبەتی ئەمریکا گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵنەکات ناتوانێت ئەو کارە بکات.