ڕاپۆرتی کوردستانی

04:39 - 10/02/2020

ئەمریكا هەولێر و بەغدادی ئاگادار كردوەتەوە‌

كوردستان ئەحمەد

هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عێراقدا و هێرشە موشەكیەكانی ئێران بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد و هەروەها بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە لایەن شیعەكانی عێراقەوە، ئەمریكای بەتەواوەتی نیگەران كردووە چەندین جار پەیامی توندی داوەتە لایەنە عێراقیەكان و هەرێمی كوردستانیشی لە چەند پرسێكی گرنگ ئاگادار كردوەتەوە.

ئه‌مریكا په‌یامێكى تایبه‌ت ئاڕاسته‌ى كورد ده‌كات، داوا ده‌كات یه‌كڕیزى ناوخۆیى هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێت و كورد پشتیوانى كابیینه‌كه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى بكات. 

باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق بۆچی هاتە هەولێر؟
 رۆژی 5ی شوبات باڵوێزی ئەمریكا ماسۆ تۆلێر سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ هەریەكە لە مەسعود بەرزانی و  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە و بەپێی زانیاریەكان چاویشی بە هەریەكە لە  نێژیرڤان بەرزانی  سەرۆكی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتووە.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ی باڵیۆزه‌كه‌یه‌وه‌، په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی كورد كردووه‌، واشنتن سێ داواكاری لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كردووە

یەكەم: ئەمریكا لە ڕێگەی باڵوێزەكەیەوە داوای لە هەرێم كردووە  پارێزگاری له‌ یه‌كڕیزی ناوخۆی هه‌رێم بكه‌ن
دووەم: هەرێمی كرودستان  پشتیوانی كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی بن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی  عێراق
سێیەم: پێویستە هەرێم پشتیوانی لایەنە شیعەكان نەكات بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق

لەبەرامبەریشدا  ئەمریكا هاوكاری هەرێم دەكات  بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد و هەروەها زامنی مافەكانی هەرێم لە عێراقدا دەكات، و ئاگاداریی مافەدەستوریەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت و گرنگی بەوە دەدات كە هەرێم چی دەوێت لە عێراقدا.

ماسیۆ تۆلێر باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق كاتێك سەردانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستای كردووە بەڕاشكاوی ئەو پەیامەی داوەتە هەرێمی كوردستان و داواشی لێكردوون كە پێویستە هەرێمی كوردستان بەوردی تێبینی ئەو خاڵانە بكات كە ئەمریكا چاوی خستوەتە سەر .

ئەوە لەكاتێكدایە شیعەكانی عێراق  بەهەرێمی كوردستانیان وتوە ئەگەر پشتیوانی حكومەتی نوێدەكەن و وەزیر و وەزارەتیان هەبێت دەبێت رۆڵببین و كار لە حكومەتەكەدا بكەن، ئەگەریش نەیكەن دەبێت خۆیان بەرپرسیاریەتیەكە بگرنە ئەستۆی خۆیان.

دوای ئەو داواكاریەی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان ، سەرۆكایەتی هەرێم بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووه‌ بۆ كۆبوونەوە، سەرۆكایەتی هەرێم بانگهێشتنامەی بۆ سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناردووە بۆ ئەوەی رۆژی سێ شەممە ١١ى شوبات لەشاری هەولێر كۆببنەوە.

نێچیرڤان بارزانی ژمارەیەك داواكاری ئامادەكردووە و دەیەوێت بیخاتە بەردەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ ئەوەی وەك مەرجی كورد بە دەنگدان بە كابینەی داهاتوو رێككەوتنی لەسەر بكرێت، هەروەها سەرۆكی هەرێم دەیەوێت لەو رێگەیەوە یەكریزی لەناو فراكسیۆنەكوردستانییەكان دروست بكات، پێش ئەوەی دانوستانی كورد و عەلاوی بەفەرمی دەست پێبكات.

ئەمرریكا هەڕەشە لە عێراق دەكات
باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق كاتێك لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆبوەتەوە بەهەمان شێوە پەیامی داوەتە بەرپرسانی عێراق و بەرهەم ساڵح  وەك سەرۆكی كۆماری عێراق و حەیدەر عەبادیش وەك سەرۆكی دەسلەكار كێشراوەی حكومەتی عێراق ئاگاداری ئەو پەیامەیە.

لەلایەكی تریشەوە ئەمریكا لە رێگەی باڵوێزخانەكەیەوە چەندین جار عێراقی ئاگادار كردوەتەوە كە نابێت هاوڵاتیانی مەدەنی لە عێراق لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا بكوژرێن و هیچ لایەنێك دەستدرێ     ژی نەكاتە سەر عێراقیەكان.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لە عێراق لە ڕێگەی فەیسبوكەكەیەوە پەیامێكی بڵاو كردوەتەوە و  رایگەیاند، پێدەچێت لە ڕۆژی 11ی مانگەوە  تاوەکو ١٤ی ئەم مانگە خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا بەڕێوەبچێت،

دەڵێت: بەپێی ئەو راپۆرتانەی بە دەستیان گەیشتووە، لە ١١ تاوەکو ١٣ی شوبات خۆپیشاندانی گەورە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و لە ١٤ی شوباتیشدا شاری نەجەف دەگرێتەوە، بۆیە دەبێت بەوریاییەوە بڕوانرێتە دۆخی ئێستای عێراق.

ئەمریكا هاوڵاتیانی خۆی ئاگادار دەكاتەوە
ئەمریكا سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی عێراق و ئەو هاوڵاتیانەی وڵاتەكەی كە لە عێراقدان ئاگادر دەكاتەوە و هۆشداریان دەدات  لە هۆشدارییەکەدا کە ئاڕاستەی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە، هاتووە، "وەکو ئەزموونمان هەیە لە خۆپیشاندانەکانی پێشتردا، رێگاکان دادەخرێن (لەناویشیاندا رەنگە ناوچەی نێودەوڵەتی بەغدا و رێگاکانی سەر بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بگرێتەوە)، هەربۆیە کارەکانی باڵیۆزخانەکەمان لەو ماوەیەدا رادەگیرێن."

باڵوێزخانەكە دەڵێت: "هاوڵاتییە ئەمریکییەکان نابێت نزیکی باڵیۆزخانەکە بکەون و بۆ هەر کارێکی تایبەت بە ڤیزا و کێشەی پاسپۆرت و چاوپێکەوتن، دەتوانن سەردانی کونسوڵخانەی هەولێر بکەن."
عێراق بەكوێ دەگات
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەقەرێت  کە لە بەغدای پایتەخت و بەشێک لە شارەکانی دیکە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ھاوڵاتییان لە بەرامبەر چۆنیەتی حکومڕانی لە وڵاتەکەدا دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە و هاوڵاتیان داوای گۆڕانكاریی ڕیشەی لە حكومەتی نوێی عێراقدا دەكەن.

دوای  دوو مانگ لە خۆپیشاندان و چونە سەرجادە لەلایەن هاوڵاتیانی عێراقەوە و بە فشارەکانیان  عادل عەبدولمەھدییان ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە کرد و دواتریش ھەر کاندیدێک کە پێشتر پۆستی حکومی ھەبووبێت یاخود لە گەندەڵییەوە تێوەگلابێت رەتدەکردەوە، داوای حكومەتێكی شەفاف و نوێیان كرد

ئەوە لەكاتێكدایە لە سەرەتای مانگی شوباتەوە  سەرۆک کۆماری عێراق بەرەهەم ساڵح ، محەمەد تۆفیق عەلاوی وەکو سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکەی راسپارد کە دەبێت لەماوەی مانگێکدا حکومەتێکی نوێ پێکبھێنێت، بەڵام ناوبراو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رەتکراوەتەوە.

پێدەچێت ئاڵۆزیەكانی عێراق و بەردەوام بێت و كابینەی نوێی عێراقیش بەئاسانی دروست نەكرێت و ئەمریكا و ئێران و شیعەكانیش بەو دۆخە ڕازینەبن و حكومەتێك دروست نەكرێت كە رەزامەندی لایەنەكانی لەگەڵدابێت و چارەسەری كێشەكانی عێراق بكرێت.