ڕاپۆرتی کوردستانی

07:07 - 10/02/2020

ئاسمان چیتر شوێنێکی ئارام نییە بۆ فڕۆکەکان‌

پەیسەر

لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا زۆرترین هەواڵی کەوتەخوارەوە یان خستنەخوارەوەی فڕۆکەکان بە هەر هۆکارێک بێت لەناو میدیا جیهانییەکاندا بڵاوبوویەوە، پشکی شێری نا ئارامی ئاسمان، بۆ فڕۆکەکان پەیوەستە بەو ململانێ نێودەوڵەتییەوە کە وڵاتانی جیهان بەرامبەر بەیەک دەیکەن.

چیرۆکی نا ئارامی ئاسمان بۆ فڕۆکەکان، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆچوونێکی تەواوە، بەهۆی ململانێکانی هێزە جییهانییەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست فڕۆکە و کەسانی مەدەنی زۆرجار دەبنە قوربانی یەکلایی کردنەوە و گومانی زلهێزان بەرامبەر بە یەکتر.

شەڕی داعش فڕۆکەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆراند

لە کاتی بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتی داعش لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراق و سوریا، فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکە تۆرا و بەشێک لە کۆمپانیاکان گەشتەکانیان وەستاند، بەتایبەت بۆ عێراق.
کاتێک گرووپە جیهادییەکان لەسوریا فشاری گەورەیان بۆ حکومەتی بەشار ئەسەد هێنا، ڕوسیا و ئێران ناچاربوون بە موشەکی دورهاوێژ گروپە نەیارەکانی بەشار ئەسەد بکەنە ئامانج، لەهەر کردنە ئامانجێکی بارەگای گرووپە نەیارەکاندا ئاسمانی عێراق دەبووە ترافیکی موشەکەکانی ڕوسیا و ئێران بەرەو سوریا و ئیتر شتێک نەمایەوە بەناوی ئاسمانی هێمن بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان.

ئاسمانی عێراق ترافیکی موشەکەکانە

ڕوسیا و ئێران چەندین جار بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای حکومەتی عێراق، ئاسمانەکەی بەکار دەهێنن بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکان لە سوریا و عێراق، روسیا دووجار لە دەریای خەزەرەوە موشەکی ئاڕاستەی سوریا کرد و لەهەر یەکێک لەو هێرشانەشدا ئاسمانی عێراق، شوێنێکی ئارام نەبوو بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان.

روسیا و ئێران لە بنکەیەکی سەربازی هەمەدانەوە هەوڵی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانیان دەدا لە سوریا، لە ئەگەری هەر هێرشێکی موشەکیدا لە هەمەدانەوە دیسانەوە ئاسمانی عێراق بەکار دەهاتەوە بۆ بۆردوومانکردنی سوریا، لەماوەی هەموو ئەو کاتانەدا کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ترسیان هەبوو لە ئەنجامدانی گەشتەکانیان.

لەدوای ئەم رووداوانەوە دەزگای گواستنەوەی سوید (Transportstyrelsen) گەشتەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگرت و بە ناوچەیەکی نا ئارامی دانا بۆ گەشتەکانی، لە دوای سێ ساڵ لە راگرتنەکە هێشتا دەزگاکە ئامادەنییە گەشتەکانی بۆ هەرێم و عێراق دەستپێبکاتەوە، بەوەش کوردەکان تا ئێستاش دەبێت ڕێگەیەکی پڕکێشە و دورودرێژی ترانزێت بەکاربهێنن، بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لەم ماوەیەشدا ئەنجوومەنی کوردانی سوید، بە فەرمی داوایەکی ئاڕاستەی دەزگای گواستنەوەی سوید کردووە، بۆ پێداچوونەوە بەو بڕیارە و کردنەوەی گەشتەکان.
ساڵی ٢٠١٨ ئێران هێرشێکی موشەکی نەک بە ئاسمانی عێراق بەڵکو بۆ خاکی عێراق ئەنجامدا و بنکەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە قەزای کۆیە کردە ئامانج، چەند شەهید و بریندارێکی لێکەوتەوە، لەدوای هێرشەکە ئەو کۆمپانیایانەی گەشتیان بۆ ناوچەکە ڕاگرتبوو دڵنیابوونەوە لە درووستی بڕیارەکەیان و تێگەشتن کە ئاسمانی عێراق لەهەر کات و ساتێکدا بەبێ هەماهەنگیش دەتوانرێت بکرێتە شوێنی گواستنەوەی موشەکەکان.

ئێران رۆڵی سەرەکی هەیە لە نا ئارامکردنی ئاسمانی ناوچەکە

ئێران بە دوو هۆکار ئاسمانی ناوچەکەی بۆ فڕۆکەکان نا ئارام کردووە، یەکەم دەستوەردان لە ململانێکانی سوریا و شەڕی ئەمریکا بە هەڕەشە و ئەنجامدانی هێرشی کرداری.
سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی تەنها سێ ساڵدا، هەوڵیدا بە موشەکەکانی چەند ململانێیەک یەکلایی بکاتەوە لە بەرژەوەندی خۆی، لە شەڕی سوریا و بۆردوومان و ترس درووستکردن لای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و موشەک ئاڕاستەکردن بەرەو سەربازگەکانی ئەمریکا لە عێراق هەموو ئەمانە بە موشەک کرا، لەسەر نائارامکردنی ئاسمانی ناوچەکە کەوت بۆ هێڵەکانی فڕۆکەوانی.

یەکەم قوربانی هەوڵی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، بە خستەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکرانی دەستیپێکرد بە زیاتر لە ١٧٠ سەرنشینەوە. ئێران بۆ ئەوە داوای لێبوردنی کردو گوتی، هەڵەی کردووە.

بەرپرسانی سوپای پاسداران پاساوی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان وا راگەیاند، کە بە سەکۆ دژە موشەکەکانیان وتووە، هەر روناکییەک بە نزمی و ڕێکی فڕی بیکەنە ئامانج، چونکە ئەوە خاسییەتی موشەکی کروزی ئەمریکییە.

فەرماندەی ئاسمانی سوپای پاسداران لەبارەی خستنە خوارەوەی فرۆکەکەوە گوتی:"ئەو کەسەی لە تاران بڕیاری موشەک ئاڕاستەکردنی بەرەو روناکییەکە داوە، تەنها ١٠ چرکەی لەبەردەستدابووە بڕیاربدات، لەبەرئەوە بڕیاریداوە و پێی وابووە ئەمریکا بە موشەکی کروز وەڵامی موشەکەکانی ئێرانی داوەتەوە".

دوای ڕووداوەکە ئەو پرسیارە لەسەر توانای موشەکی ئێران درووستبوو، کە چۆن دەکرێت لە بارودۆخێکی وادا، ناوەندێکی دژە موشەک لە تارانی پایتەخت هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆکەخانەیەکی مەدەنیدا نەبێت کە چەند کیلۆمەترێک لێیەوە دووربووە؟

لەدوای تێکشکاندنی فڕۆکە ئۆکرانییەکە بە کەمتر لە مانگێک، ڕۆژی ٢٧ی مانگی رابردوو فڕۆکەیەکی دیکە کەوتە خوارەوە، کە والێکدرایەوە فڕۆکەکە لەلایەن تاڵیبانەوە کراواتە ئامانج و فڕۆکەکە سەربازان و ئەفسەرانی ئەمریکای تێدابووە.

لەدوای ڕووداوەکە غەلام مەعسوم، بەڕێوەبەرى چاودێرى ئاسمانی وەزارەتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە ئەفغانستان رایگەیاند، رووداوى تێکشکانى فڕۆکە ئەمەریکییەکە لە ئەفغانستان بەهۆى وەستانی بزوێنەری فڕۆکەکەوە بووە، فڕۆکەوانەکە بەناچارى هەوڵی داوە لە فڕۆکەخانەى شارى باکتیکا کە نزیکترین شوێن بوە، بنیشێتەوە.

هەر لەوکاتەدا گروپی چەکداری تاڵیبان رایانگەیاند کە ئەوان فڕۆکە ئەمریکییەکەیان کردووەتە ئامانج و چەند بەرپرس و پلەدارێکی ئەمەریکی تێدابووە. هەرچەند هەواڵی ورد لەبارەی ژمارەی کوژراوانی فڕۆکەکە بڵاونەکرایەوە، بەڵام نزیکەی ١٠ کەس لە رووداوەکەدا گیانیان لە دەستدا.

لە کەمتر لە ١٥ ڕۆژدا چەندین ڕووداوی تێکشکاندن و لادانی فڕۆکە روویدا

هەر لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی رابردوو فڕۆکەیەکی ئێرانی بە ١٣٥ سەرنشینەوە لە شاری ماهشەر لە سنووری فڕۆکەخانە لایدا و لە شەقامێکی گشتیدا وەستایەوە، لەکاتی ڕوودانی ڕووداوەکەدا مەترسییەکی زۆر هەبوو فڕۆکەکە ئاگر بگرێت و ١٣٥ سەرنشینەکە گیانیان بکەوێتە مەترسییەوە.

لەدوای ئەو رووداوەش سەرەتای ئەم مانگە فڕۆکەیەکی دیکەی ئێرانی بە زیاتر لە ١٠٠ سەرنشینەوە لە فڕۆکەخانەی کرماشان لایدا و کەوتە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە، بەوەش چەند کەسێک بە سووکی برینداربوون.

بەشێک لە شیکەرەوانی بواری فڕۆکەوانی پێیان وایە، کە هۆکاری درووستبوونی کێشە لە فڕۆکە ئێرانییەکەدا بۆ ئەو سزا ئابورییەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە ڕێگری لە ئێران دەکات، بە ئاسانی فڕۆکەکانی نوێ بکاتەوە و پارچەی یەدەگی سەردەمی بکڕێت.

لە دوای ئەم رووداوەش  لە ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، فڕۆکەیەکی تورکی هێڵی پێگاسوس لە فڕۆکەخانەی sabiha gökçen لە ئیستەنبوڵ لایدا ١٨٢ کەس بەهۆی ڕووداوەکەوە برینداربوون، فڕۆکەکە بەهۆی ڕووداوەکەوە بووە سێ پارچە.

لەدوای کۆی ئەم ڕووداوانە و مانەوەی هاوکێشەکان بە چارەسەر نەکراوی، دەکرێت تا ئێستاش فرۆکەکان بەبێ بوونی دڵەراوکێ بە ئاسمانی ناوچەکەدا بگەڕێن و گەشتەکانیان ئەنجام بدەن؟