ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:37 - 11/02/2020

هەوڵی شکستخواردووی عەممان بۆ سازکردنی دانوستانی نهێنی لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا‌

پەیسەر

ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل لە بارەی پێشنیازی سوڵتان قابووس، سەرۆکی کۆچکردووی عەممان بۆ سازکردنی دانوستانی نهێنی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و ڕازینه‌بوونی بنیامین نەتانیاهۆ بەو دانوستانە، چەند ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردووەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرته‌كان، سەرۆکی ئەو کاتی موساد (دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل)، گرنگیی بە پێشنیازەکە داوە و ویستوویەتی تاوتوێی بکات، بەڵام بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە بۆچوونی یاکوو عامی درور، ڕاوێژکاری ئەو کاتی خۆی بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی، پێشنیازەکەی ڕەتکردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل، پێشنیازی سازکردنی دانوستانی نهێنی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بە نێوه‌ندگیری سوڵتان قابووس، دوای سەرکەوتنی حەسەن ڕووحانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێراندا هاتووە، بەو پێیەی کەسانێک پێیان وابووە کەسایەتییەکی میانڕەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، بڕیاربووە دانوستانی نهێنی نێوان ئێران و ئیسرائیل، قۆناغی دووەمی ئەو گفتوگۆ نهێنییانە بێت کە بە نێوه‌ندگیری سوڵتان قابووس لە مەسقەتی پایتەختی عەممان بەڕێوەدەچوون.

لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٣دا، ئیسرائیل بەوەی زانی کە ئێران و ئەمه‌ریکا بە بێ ئاگادارکردنه‌وه‌ی بنیامین نەتانیاهۆ، لە مەسقەت سەرقاڵی دانوستانی نهێنین.

یاکوو عامی درور، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەو کاتی ئیسرائیل، لەو بارەیەوە بە کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی وتووە: "بە هۆی ئەوەی ئەمه‌ریکییەکان کەم تا زۆر فێڵیان لێ کردبووین بێ ئومێد بووم، ئەم قسەیەم بە خۆیشیان وت".

لە ساڵی ٢٠١١دا، باراک ئۆباما سەرۆکی ئەو کاتی ئەمه‌ریکا و کۆی دامەزراوەی دیپلۆماسی و هێزە چەکدارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا، زۆر لەوە نیگەران بوون کە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئه‌مه‌ریكایش لە شەڕوه‌ بگلێنێت.

بنیامین نەتانیاهۆ و ئێهوود باراک وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لەو ساڵەدا نەک چەندینجار باسی ئەوەیان کرد کە ئەگەری زۆره‌ هێرش بکەنە سەر ئێران، بگرە بە جۆرێک هەڵسوکەوتیان دەکرد کە ئه‌مه‌ریكایان لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و لێکەوتە بەرفراوانەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا ترساندبوو.

بە وتەی چوار بەرپرسی باڵای پێشووی ئیسرائیل، بنیامین نه‌تانیاهۆ لە ساڵی ٢٠٠٩دا کە بۆ جارێکی دیکە بووەوه‌ بە سەرۆک وەزیران. دەزگای هەواڵگری موسادی ئاگادارکردەوە کە دانوستانی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە خۆی قەدەغەیە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ئاگاداریان کردەوە کە تا ئێستا سەرۆکی هیچ وڵاتێکی جیهان فەرمانی لەو شێوەیەی نەداوە.

تامیر پاردوو، سەرۆکی ئەوکاتی موساد، پێشنیازی "هەستیار و نهێنی" سوڵتان قابووسی پێشکەشی نه‌تانیاهۆ کردووە و جەختی کردووە کە عەممان وڵاتێکی بڕواپێکراوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، تامیر پاردوو بە نه‌تانیاهۆی وتووە لە دانوستانی نهێنی لەگەڵ ئێراندا دەتوانن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان، بە ئەنجامی باش بگەن.

سوڵتان قابووسیش وتوویەتی، هاوتەریبی دانوستانی نهێنی ئێران و ئیسرائیل لەگەڵ دانوستانی نهێنی ئێران و ئه‌مه‌ریكا، دەکرێ تەواو سوود بەخش بێت.

بەو حاڵەشەوە یاکوور عامی درور، ڕاوێژکاری ئەو کاتی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، پێیوابووە کە "عەممانییەکان دەیانەوێ دەست لە هەموو شتێک وەربدەن و خۆیان بە فاکتەرێکی کاریگەر دەزانن، بەڵام ئێمە دەبێ پێشنیازەکە هەڵبسەنگێنین و لێکبدەینەوە بزانین ئایا لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدایە یا نا".

لە بەرامبەردا تامیر پاردوو و گرووپێک لە بەرپرسانی موساد بڕوایان وابووە کە پێویستە لانیکەم پێشنیازەکەی عەممان تاوتوێ بکرێت. بەڵام عامی درور بە توندی دژایەتی ئەو بۆچوونەی کردووە و وتوویەتی پێشنیازەکەی عەممان تەنیا بۆ ئەوەیە کە دەیانەوێ بەو شێوەیە دانوستانی نهێنی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا دابپۆشن.
بنیامین نه‌تانیاهۆ لە کۆتاییدا پشتگیری بۆچوونی عامی دروری کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل، پێش ئاشکرابوونی بابەتەکە، تەنیا ژمارەیەکی کەم لە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لێی ئاگاداربوون.

راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل بەم دواییە وتی، هێشتا لە سەر قسەکەی خۆیەتی و هەڵوێستی موساد هەڵە بووە، چونکە تا کۆماری ئیسلامی هه‌ڕه‌شه‌ی لەناوبردنی ئیسرائیل بکات، نابێ دانوستانی لەگەڵ بکرێت.

لە راگەیاندنەکانی ئیسرائیلدا وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە نادۆزینەوە کە ئایا لە بنەمادا حکومەتی حەسەن ڕووحانی یا ڕابەرایەتی ئێران لە پێشنیازەکەی عەممان ئاگادار بوون یان سوڵتان قابووس وەرگرتنی رەزامەندیی بنیامین نه‌تانیاهۆی بە هەنگاوی یەکەمی دانوستانە نهێنییەکە داناوە و ویستوویەتی دوای ئەوە پێشنیازەکە لەگەڵ ئێران باس بکات؟

بنیامین نه‌تانیاهۆ هەرگیز بە دانوستانی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ئێران رازی نەبووە و تەنانەت بۆ تێکدانی ئەو دانوستانانە بە قووڵی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئه‌مه‌ریكای نیگەرانکردووە کاتێک لە کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكادا لە وتارەکەیدا دژی وەستایەوە.

دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە مانگی ته‌مموزی ٢٠١٥، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دژی وەستایه‌وه‌. دوای دەرچوونی ئه‌مه‌ریكا لە ڕێککەوتنەکە، بنیامین نه‌تانیاهۆ رازیبوونی ترەمپی بە دەرچوون لە ڕێککەوتنەکە گەڕاندەوە بۆ ئەو په‌یوەندییە نزیکەی لە نێوان خۆی و ترەمپدا هەیە.

لە كانوونی دووه‌می ٢٠١٩دا، میوانداریی گەرمی سوڵتان قابووس لە کۆشکی مەسقەت لە بنیامین نه‌تانیاهۆ و یووسی کۆهینی سەرۆکی موساد، ئەو کەسانەی تووشی سه‌رسوڕمان كرد کە له‌ ڕووداوەکانی پشتی پەردەی نێوان ئیسرائیل و عەممان بەئاگا نەبوون، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل، عەممان و ئیسرائیل پێشتریش بۆ ماوەی په‌نجا ساڵ په‌یوەندی نهێنییان هەبووە و عەممان سەلماندوویەتی کە دەتوانێ نێوبژیوانێکی "متمانەپێکراو و سوودبەخش" بێت.