ڕاپۆرتی کوردستانی

09:42 - 12/02/2020

تاران یان واشنتۆن.. بەبێ قاسم دۆستەکان روو دەکەنە کوێ؟‌

پەیسەر

دەچووە ژێر باڵی ئەو حزبەی خەریک بوو دەکەوت، دەیدا لە باڵی ئەو حزبەی نەدەچووە ژێر باری داواکارییەکانییەوە. بۆ حزبەکانی هەرێمی کوردستان مەحاڵە کەسێک هەبێ بتوانێ وەک قاسم سولەیمانی لە یەک کاتدا خێر و هەم شەڕ بووبێ.
ساڵی ١٩٩١ کە تازە راپەڕین کرابوو لە کوردستان، شاندێکی بەرەی کوردستانیی دەچنە ئێران و لەوێ چاویان بە قاسم سولەیمانی دەکەوێ. یەکەم داواکاری شاندەکە داواکردنی نەوت و سوتەمەنی بووە بۆ هەرێمی ئازادکراوی کوردستان.

ساڵان هاتن و چوون، نێوانی سولەیمانی و حزبەکان سەریکێشا بۆ سەودا و مامەڵەی گەورەتر لە نەوت و سوتەمەنی. ئەم پەیوەندییە زۆر شتی گۆڕی کە ئەگەر قاسم سولەیمانی نەبووایە رەنگە ئێستا هاوکیشەکان جۆرێکی تر دەبوون.
بەدرێژایی ئەو ساڵانەی قاسم سولەیمانی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لە پەیوەندیدا بووە، تائێستا وێنەیەکی دیدار و کۆبوونەوەکانی هیچ لایەکیان نییە یان بڵاو نەکراوەتەوە. ئەمەش نیشانی دەدات پەیوەندییەکان بەرلەوەی سیاسی و دیپلۆماسی بن، پەیوەندییەکی ژێربەژێر و ئسیختباراتی بوون!

دۆستایەتی دوای ٣١ی ئاب
لە دوای رووداوەکانی ٣١ی ئاب، ئیتر دراوسێکانی هەرێمی کوردستان گۆڕان بە دراوسێی زۆنی زەرد و سەوز. مامەڵەی تورکیا و ئێران لەگەڵ هەرێم دابەشکرا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی و پارتی.
لەم نێوانەدا قاسم سولەیمانی بووە هەڵسوڕێنەری پشتی پەردە. لەدوای ٣١ی ئاب و هێرشی یەکێتی بۆ سەر پارتی کە ناونرابوو " گەردەلوولی تۆڵە" ئێرانییەکان راشکاوانە بە یەکێتی دەڵێن: لە دێگەڵە زیاتر مەڕۆن چونکە پارتی دۆستمانە و نامانەوێ لەناو بچێ!
قسەکەی ئێران سەر دەگرێ و یەکێتی هێرشەکانی دەوەستێنێ، ئیتر لەو کاتەوە قاسم سولەیمانی دەبێتە دوایین بڕیاردەر لە گۆڕانکارییەکانی هەرێم.

دوای مردنی تاڵەبانی فڕۆکەکەی قاسم سولەیمانی لە هەولێر دەنیشتەوە نەک لە سلێمانی

ئێرانییەکان بۆیە یەکێتیان لە دێگەڵە راگرت تا " پارتی دۆستیان لەناو نەچێ"  کەچی دوای ٣١ی ئاب، دۆستایەتییەکان پێچەوانە بوونەوە قیبلەنماکەی پارتی رووی لە ئەنقەرە و ئەوەی یەکێتیش رووی بەرەو تاران چەسپا.

دۆستایەتی سەپێنراو
لەو 435  كیلۆمەترەی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان سنووری هەیە، زیاتر لە ٤٠٠ کیلۆمەتری لەو ناوچەیەدایە کە یەکێتی تێیدا باڵادەست بووە. بۆیە ئەمە جەبری جوگرافیایە کە یەکێتی نزیکتر دەبێ لە ئێرانەوە.
لە دوای ٣١ی ئاب کە یەکێتی لە باشووری کوردستان کرایە دەرەوە، ئێران بووەی هاوکار و پشتوپەنایەکی راستەقینەی یەکێتی. لەو کاتەوە قاسم سولەیمانی کە بەرپرسانی یەکێتی هەر " حاجی قاسم" ناوی دەبەن" لە زۆر قۆناغی گرنگدا بووەتە فریادڕەسی ئەم حزبە.
دوای روخانی رژێمی سەدام حسێن، هەمیشە ئێرانییەکان ویستوویانە هاوسەنگی هیز بپارێزن لەنیوان پارتی  ویەکێتیدا لە بەغدا. تەنانەت ئەو کاتانەی کە یەکێتی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی هەرێمدا تا ئەوپەڕی لاوازبوو، ئێران نەیدەهێشت لە بەغدا ئەم لاوازییە رەنگ بداتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان باجی زۆری دا بەهۆی دەستتێوەردانەکانی قاسم سولەیمانییەوە

گۆڕان و قاسم سولەیمانی
لە ململانێی یەکێتی و گۆڕاندا، هاوکارییەکانی قاسم سولەیمانی بۆ یەکێتی ناشاردرێتەوە. سولەیمانی بە هەر نرخێک بوو نەیهێشت یەکێتی بخرێتە ئەو قاڵبەوە کە دوای هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ بۆی مابوویەوە.
لەو ساڵانەی بزووتنەوەی گۆڕان هاتە گۆڕەپانەکە، قاسم سولەیمانی زۆر هەوڵیدا کە گەشە و بەهێزبوونەکانی ئەم بزووتنەوەیە بەسەر یەکێتیدا رەنگ نەداتەوە. بۆیە هەموو رێگایەکی بەکارهێنا تا هەوڵەکانی سەرکەتووبن.
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی گۆڕان، چەندینجار و لە چەندین دانیشتندا سولەیمانی راستەوخۆ ئەوەی بە نەوشیروان مستەفا گوتووە: کە نایانەوێ یەکێتی بکەوێ، بۆ ئەوەیشی گۆڕان ببێتە دۆستێکی هاوشیوەی یەکێتی بۆیان، ئیمتیازی زۆریان خستوونەتە بەردەست. بەڵام گۆڕان و نەوشیروان مستەفا رەتیانکردووەتەوە.

چاوەڕێ دەکرێ دوای کوژرانی سولەیمانی پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ ئەمریکا زیاتربێ و پارتیش لەگەڵ ئێران

لەو ساڵانەدا گۆڕان باجێکی زۆری ئەو رەتکردنەوانەیدا. چونکە قاسم سولەیمانی کە بێئومێدبوو لە گۆڕان بە تەواوی هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ یەکێتی.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لە ٢٠١٣دا بەتەواوی جێدەستی سولەیمانی دەرکەوت چونکە لە ئەنجامی دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، هاوکێشەکە بە تەواوی گۆڕا. بەشێک لە کادرانی یەکێتی بۆ گاڵتە بەو قۆناغە دەڵێن: دیموکراسی ئەلبیسەکە!
پارتی فریای نەکەوت
دەگوترێ تا ئەو کاتەی مام جەلال زیندوو بوو، فڕۆکەکەی قاسم سولەیمانی لە سلێمانی دەنیشتەوە. بەڵام دوای تاڵەبانی فڕۆکەکەی سولەیمانی لە هەولێر دەنیشتەوە.
پەیوەندی نێوان پارتی و ئێران، لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر چووتە قۆناغێکی ترەوە. ئەویش دوای ئەوەی ئەمریکییەکان ئامادە نەبوون پشتیوانی لە هەرێم بکەن لە ریفراندۆمدا و بێدەنگیشیان هەڵبژارد لە گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەغدا بۆ کەرکوک.
لە ٢٠١٤ـەوە، سەردانە مەیدانەکانی قاسم سولەیمانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوە تێپەڕی سەردانی ئاسایی بن. بەڵکو ئەم وڵاتە بووە وڵاتی دووەمی سولەیمانی لە دوای ئێران.

قسەیەک هەیە دەڵێ: هیچ عێراقییەک ئەوەندەی قاسم سولەیمانی شانسی نەبووە هەموو عێراق بگەڕێ! رەنگە هیچ سەرکردەیەکیش نەبێ لە دنیادا ئەوەندەی ئەو پیاوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم پەیوەندی هەبووبێ.
لە دوای شکستی ریفراندۆم و لە دەستدانی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی تر، پارتی دیموکرات تێگەیشت دوورکەوتنەوە لە ئێران چەند زیانی پێدەگەیەنێ.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەیەک بۆ پەیسەر، مەسعود بارزانی لە دوای ٢٠١٨ـەوە، گڵۆپی سەوزی بۆ پارتی هەڵکردووە تا لە ئێران نزیکتربێتەوەو پەیوەندییەکانیان بەهێز بکەنەوە. ئەمەش وەکو کاردانەوەی دژی ئەو پشتتێکردنەی ئەمریکا لە دوای ریفراندۆم.
نزیکەی ساڵێکە پەیوەندی نێوان پارتی و ئێران ئاسایی بووەتەوە، بۆ ئەمەش قاسم سولەیمانی و نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری ئەو باشکردنەن. بەڵام دیارە چارەنووسی سولەیمانی بەرەو کۆتایی چوو و پەیوەندییە زۆر باشەکەی نەبینی.

تائێستا وێنەی قاسم سولەیمانی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد نییە یان بڵاونەکراوەتەوە

کوردستان دوای سولەیمانی
پیاوێک ئەوەندە کاریگەری هەبووبێ لەسەر هەمووان، ئەی دوای ئەو چی روو دەدات؟
ئایا ئیتر سایە و سێبەری ئێران کەم دەبێتەوە، حزبەکان بە پەیوەندییەکانیاندا دەچنەوە یان نەخێر بە رۆشتنی سولەیمانی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ.
ئەو کەسانەی بۆ ئەم راپۆرتە قسەیان کردووە دەڵێن: بە دڵنیاییەوە قاسم سولەیمانی وایکردبوو پەیوەندییەکان ئەوەندە توندوتۆڵ بن. ئەوەی قاسم دەیکرد لە دەستتێوەردان و گۆڕینی رووداوەکان، ئاسان نییە بە کەسێکی تر بکرێ.
بۆیە لەمەودوا ئەگەری زۆرە پەیوەندی پارتی ئێران فراوانترببێ و یەکێتیش روو لە ئەمریکا بکات. چونکە لەناوبردنی قاسم سولەیمانی بەوجۆرە، دەبێتە هۆی ئەوەی عێراقی داهاتوو زیاتر عێراقی ئەمریکابێ تا ئێران.

 

ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٨ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە