ڕاپۆرتی کوردستانی

07:20 - 12/02/2020

كۆسرەت رەسوڵ بێ متمانه‌ و توڕه‌یه‌ له‌ دوو ئامۆزاكە‌

پەیسەر پرێس

ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، شتێكى ئه‌وتۆى لێ شین نه‌بوو كۆبوونه‌وه‌كانى سه‌ركردایه‌تى نه‌وه‌ستان وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى داوایكردبوو له‌ پێناو سازان كۆبوونه‌وه‌كان رابگیرێن، به‌پێى زانیارییه‌كان كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ به‌ راشكاوى گوتوویه‌تى، كه‌ متمانه‌ى نه‌ماوه‌و هه‌موو ئه‌و ته‌وافوقانه‌ى به‌دیهاتبوون پێشلكران.

بافڵ تاڵه‌بانى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌وڵى زۆرى بۆ رازیكردنى كۆسره‌ت ره‌سوڵ داوه‌

ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى، كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تییان به‌ره‌و ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێهێشت، به‌ هیواى ئه‌وه‌ى رازى بكه‌ن به‌ به‌رده‌وامى هه‌نگاوه‌كانى سه‌ركردایه‌تى و ژماره‌ى بایكۆتچییه‌كانى سه‌ركردایه‌تى كه‌م بكه‌نه‌وه‌. سەرچاوەیه‌كى ئاگادار بۆ پەیسەر پرێس دەڵێت، بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی ژمارەیەك پۆستی بە كۆسرەت رەسوڵ داوە بۆ باڵەكەی، ئەگەر بە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ رازی بێت.

بافڵ تاڵه‌بانى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌وڵى زۆرى بۆ رازیكردنى كۆسره‌ت ره‌سوڵ داوه‌، پێى گوتووه‌،"ئەنجومەنى باڵاى سیاسى هیچی كەمتر نییە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، دەسەڵاتەكانیشی لە دەسەڵاتی هاوسەرۆكانی یەكێتی كەمتر نابێت"تاڵه‌بانى هه‌روه‌ها دڵنیاییداوه‌، بۆ بڕیارە چارەنوسسازەكانیش هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی سەركردایەتی دەگەڕێنەوە بۆ كۆسرەت رەسوڵ و ئەنجومەنەكەی.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، كۆسرەت رەسوڵ بێمتمانه‌یى خۆى نه‌شاردووه‌ته‌وه‌و پێى گوتوون، ئێوه‌ پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كانى پێشوو نه‌بوون. سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر گوتى، كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێى وایه‌ هه‌ر رێككه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ بكات، ئه‌وان پێوه‌ى پابه‌ند نابن، بۆیه‌ش بێمتمانه‌یه‌ و توڕه‌یه‌ له‌ جووت ئامۆزاكه‌.

لە سەرەتادا بەڵێنی ئەوەدراوە ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی یەكەمی یەكێتی هەبێت

بەپێی زانیاریییه‌كان به‌شێك له‌ نیگه‌رانییه‌كانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، چەند رۆژێك پێش بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، رێككەوتنێك كراوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنێكی باڵا لەناو كۆنگرە دروست بكرێت و لە لایەن كۆسرەت رەسوڵ-ەوە سەرۆكایەتی بكرێت، ئەو كەسانەش تێیدا ئەندام بن كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوون و خۆیان كاندید نەكردووه‌تەوە.

لە سەرەتادا بەڵێنی ئەوەدراوە كە ئەو ئەنجومەنە دەسەڵاتی یەكەمی ناو یەكێتی هەبێت، دوای كۆتایی هاتنی كۆنگرە ماڵی تاڵەبانی رایانگەیاندووە،  دەسەڵاتەكان بە هاوسەنگی لە نێوان ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی دابەش دەكرێت، بەڵام دواتر ماڵی تاڵەبانی لە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ زۆرینەی دەسەڵاتەكانیان بۆ ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی و پاشانیش هاوسەرۆكەكانی یەكێتی دیاریكردووه‌، ئەنجومەنی باڵای سیاسى كراوه‌ بە ئەنجومەنێكی تەشریفاتی بێدەسەڵات، بە هۆیەوە كۆسرەت رەسوڵ هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە رازی نابێت و قبوڵی ناكات.

ئه‌گه‌رچى سه‌نگى سیاسى كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌دواى كۆنگره‌وه‌ هه‌مان پێگه‌ى پێش ٢١ى كانوونى یه‌كه‌مى پار نییه‌، به‌ڵام هاوكێشه‌ نوێكانى ناوخۆى یه‌كێتى ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌یان پێداوه‌ به‌ هێزێكى زیاتره‌وه‌ به‌رامبه‌ر ماڵى تاڵه‌بانى رابوه‌ستێت.   

خاڵه‌ به‌هێزه‌كانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ

*كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌رامبه‌ر ئه‌و خواسته‌ى ماڵى تاڵه‌بانى و شێخ جه‌نگى كه‌ ده‌یانه‌وێت رێبه‌رایه‌تى یه‌كێتى په‌نجا به‌ به‌نجا له‌نێو هه‌ردوو خێزانه‌كه‌دا دابه‌ش بكه‌ن ته‌نها نییه‌، به‌ڵكو زۆرینه‌ى ره‌هاى ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى پێشوو له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ى كه‌ركوكییه‌كان و گرووپێكى دیكه‌ى تازه‌ ده‌ركه‌وتوو كه‌ هێشتا وه‌ك باڵ ده‌رنه‌كه‌وتوون، هه‌روه‌ها به‌رهه‌م ساڵح، مه‌حمود سه‌نگاوى و شێخ جه‌عفه‌ر پشتیوانى ده‌كه‌ن. 

خودى گوتاره‌كه‌ ره‌وایه‌و به‌شێكى زۆرى حزبه‌كه‌ دژى به‌ بنه‌ماڵه‌ییكردنى یه‌كجاره‌كى یه‌كێتین

*كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌رووى گوتاره‌وه‌ بانگه‌شه‌كه‌ى ره‌وایه‌ كه‌ یه‌كێتى نابێت له‌سه‌ر خێزانێك یا بنه‌ماڵه‌یه‌ك یه‌كلایى بێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى ئامانجى پشتى ئه‌م گوتاره‌ له‌پێناو سه‌پاندنى خێزانى خۆیه‌تى، به‌ڵام خودى گوتاره‌كه‌ ره‌وایه‌و به‌شێكى زۆرى حزبه‌كه‌ دژى به‌ بنه‌ماڵه‌ییكردنى یه‌كجاره‌كى یه‌كێتین.

*لانى كه‌م زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ى(ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى) له‌مه‌دا پشتیوانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كه‌ن، له‌نێوخۆیان یه‌كگرتوون دژى خواستى بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى بۆ كۆنتڕۆڵكردنى یه‌كێتى.

ماڵى تاڵه‌بانى براوه‌ى كۆنگره‌ن و براوه‌ش نایه‌وێت یارى لێتێك بچێت

*ماڵى تاڵه‌بانى بۆیان ئاسان نییه‌ به‌ جارێك هه‌ردوو جێگرانى پێشووى سكرتێر له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ به‌رپرسه‌ ئاوت بكه‌ن، بۆیه‌ رازیكردنى كۆسره‌ت ره‌سوڵ-یان زۆر لا مه‌به‌سته‌، ده‌زانن كه‌ ئه‌ویان رازى كرد به‌ربه‌ستى دیكه‌ نامێنێت و ئه‌وانى دیكه‌ به‌ربه‌ستى بچووكن، خواستى ئاوتكردنى یه‌كجارى به‌رهه‌م ساڵحیشیان هه‌یه‌، ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ش هێزى به‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌خشیوه‌. 

*ماڵى تاڵه‌بانى براوه‌ى كۆنگره‌ن و براوه‌ش نایه‌وێت یارى لێتێك بچێت، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت تا دوا ئه‌ڵقه‌ به‌سه‌لامه‌تى تێپه‌ڕن، ترسیشیان هه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ بگاته‌ ئاستى به‌ركه‌وتن و پێكدادان به‌و جۆره‌ش كاره‌كان ئیفلیج ده‌بن. 

*پێناچێت ئێرانییه‌كانیش خوازیارى ته‌قینه‌وه‌ى ناوخۆى یه‌كێـتى بن، به‌ڵكو ئه‌وان لایان گرنگه‌ ماڵى تاڵه‌بانى هه‌رچییان كردووه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ رازى بكه‌ن.

*پارتیش ئه‌گه‌رچى دواجار مه‌یلى هه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دیفاكتۆى یه‌كێـتى بكات، به‌ڵام تا دوا سات ده‌ست له‌ پشتى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و نزیكه‌كانى ده‌دات، ناخوازێت وازوو ئاوت بن.