ڕاپۆرتی کوردستانی

12:46 - 13/02/2020

كورد له‌ سێ لاوه‌ فایلى دانوستان ده‌خاته‌ سه‌ر مێزى عه‌لاوی‌

پەیسەر پرێس

لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا له‌ به‌رده‌م ئه‌زموونێكى نوێدان، سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو به‌رنامه‌ى وایه‌ كاندیدى حزبه‌كان نه‌خاته‌ نێو لیستى كابینه‌كه‌یه‌وه‌، پارتى و تا ڕاده‌یه‌كیش یه‌كێتى ده‌یانه‌وێت پارێزگارى له‌ پێگه‌ى خۆیان بكه‌ن له‌ كابینه‌ نوێیه‌كه‌، هه‌رچى فراكسیۆنه‌كانى دیكه‌یه‌ ده‌خوازن كورد له‌ كابینه‌ى عه‌لاوى ئه‌زمونێكى جیا له‌ پێشوو تاقى بكاته‌وه‌ و كاندیدى"سه‌ربه‌خۆ و ته‌كنۆكرات"ببنه‌ وه‌زیر.


ره‌نگه‌ ئێستا زیاتر له‌هه‌ركات داواکارییەکانی خەڵک مه‌ترسیی لەسەر بێت

تا ئێستا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، داواكارییه‌كانى خه‌ڵكیان نه‌كردووه‌ به‌ پاكێجێكى هاوبه‌ش، هه‌ر لایه‌ك به‌ جیا كاغه‌زى خۆى ده‌خاته‌ سه‌ر مێزى عه‌لاوى، دۆسیه‌كانى نه‌وت، بوودجه‌، مووچه‌، پێشمه‌رگه‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌لاوى نه‌كراوه‌ به‌ بابه‌تى گفتوگۆى كورد و سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراوه‌، له‌ كاتێكدا میدیا عێراقییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن عه‌لاوى زۆرى نه‌ماوه‌ ناوه‌كانى كابینه‌كه‌ى پێشكه‌ش بكات، ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ى لێ تێكنه‌ده‌ن. 

كورد له‌ سێ قۆڵى جیاوه‌ له‌گه‌ڵ محمه‌د تۆفیق عه‌لاوى ده‌ستى به‌ گفتوگۆ كردووه‌، پارتى له‌ رێگه‌ى فواد حسێن-ه‌وه‌، یه‌كێتى شاندى ره‌وانه‌ كردووه‌ و (گروپى ١٥)ش به‌ جیا له‌گه‌ڵ عه‌لاوى دانیشتوون. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، جگه‌ له‌ فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتی و پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی دیکە به‌ دانانی وه‌زیری سه‌ربه‌خۆی ته‌كنۆكرات له‌ كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی رازین. ئێستا لە هەرکات زیاتر ئەو مەترسییە گەورەترە کە داواکارییە کۆن و بنەڕەتییەکانی خەڵک لە بەغدا ببێت بە قوربانی سێ لەتبوونی کورد و پێداگری بەشێکیان بە کاندیدی حزبیی.

به‌ڵێنی به‌ كورد داوه‌ داواكارییه‌كانیان له‌ كارنامه‌ی حكومه‌ت ره‌نگده‌داته‌وه‌، گه‌ر به‌ وه‌زیری بێلایه‌ن رازی بن

به‌پێى زانیارییه‌كان، یه‌كێتیش تا ڕاده‌یه‌ك نه‌رمی نواندووه‌ ئه‌گه‌رچى هه‌ڵوێستى فه‌رمى نییه‌، به‌ڵام پارتی به‌ ته‌واوه‌تی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ و پێی وایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌، بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی كورد و به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌كانه‌. سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ عه‌لاوی به‌ڕوونی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌ وه‌زیری بێلایه‌ن له‌سه‌ر پشكی پارتی رازی نییه‌و پێشنیاری ئه‌وه‌شی كردووه‌ كه‌شیعه‌و سوننه‌ وه‌زیری بێلایه‌ن بۆ پۆسته‌كانی خۆیان دابنێن، به‌ڵام پشكی كورد ده‌بێت لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كلایی بكەنه‌وه‌ نه‌ك له‌ لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه‌ یه‌كلایى بكرێته‌وە.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت، به‌ڵێنی به‌ كورد داوه‌ كه‌ داواكارییه‌كانیان له‌ كارنامه‌ی حكومه‌ت ره‌نگده‌داته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ وه‌زیری ته‌كنۆكرات و بێلایه‌ن رازی بن.

چه‌ند رۆژى رابردوو نوێنه‌رانى (گروپى ١٥) له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى كۆبوونه‌وه‌، یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكى فراكسۆنى گۆڕان دوێنێ له‌ نوسینێكدا ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى باس كرد، هاوكات نیگه‌رانى خۆى خسته‌ڕوو له‌وه‌ى كه‌ باس ده‌كرێت، پارتى ئاماده‌ نییه‌ ده‌ستبه‌ردارى وه‌زیره‌كانى خۆى بێت و پێداگرى له‌ مانه‌وه‌یان ده‌كات. 

 پێداگرى له‌سه‌ر مانه‌وه‌ شه‌خس، هه‌ڵه‌یه‌كى ستراتیژییه‌ 

یوسف محه‌مه‌د ده‌ڵێت، محه‌مه‌د عه‌لاوی ده‌یه‌وێ كابینه‌كەی، دووربێ له‌ قۆرخكردنی وه‌زاره‌ته‌كان له‌ لایه‌ن حزب و گرووپه‌ سیاسییه‌كان."هه‌ڵبه‌ت وه‌ك پاراستنی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ر‌ێمی كوردستان، ئاماده‌یه‌ كورد خۆی وه‌زیره‌كانی دیاری بكات، به‌و مه‌رجه‌ی كه‌سانی دیاریی حزبیی نه‌بن و مه‌رجی لێهاتویی و ده‌ستپاكییان تێدا بێت".سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان پێى وایه‌، پێداگرى له‌سه‌ر مانه‌وه‌ شه‌خس، هه‌ڵه‌یه‌كى ستراتیژییه‌ و له‌ رابردوودا به‌رپرسانى كورد هه‌میشه‌ له‌و پێناوه‌دا داواكارییه‌كانى خه‌ڵكى كوردستانى كردووه‌ به‌ ژێر ئه‌و داواكارییانه‌وه‌. 

جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو بۆ په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، ئه‌وان وه‌ك گروپى ١٥ پێیان وایه‌ ده‌رفه‌ت به‌ عه‌لاوى بدرێت كار بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سى له‌سه‌ر فه‌رز بكه‌ین دواتر ناتوانین لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیره‌كان بكه‌ین، یاخود گله‌یى لێ بكه‌ین.

به‌ بڕواى كۆچه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ دیوێكى دیكه‌ى هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پیاوه‌ خۆى سه‌ربه‌خۆ نییه‌ پێشتریش له‌ پۆستدا بووه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستپاكییه‌كه‌ى دانراوه‌و داواى كه‌سانى سه‌ربه‌خۆ ده‌كات بۆ كابینه‌كه‌ى، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وتووه‌ با داواى كه‌سانى ده‌ستپاك و به‌توانا بكات و ئه‌وه‌ بكاته‌ بنه‌ما بۆ كابینه‌كه‌ى. سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو گوتیشى، یه‌كێتى و پارتى ده‌ڵێن، ده‌بێت كاندیدى حزب له‌ پشكى كورد ببنه‌ وه‌زیر. 

كورد خواستى هه‌یه‌ له‌ كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى ژماره‌ى وه‌زیره‌كانى بۆ چوار زیاد بكات

ئێستا هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌ یه‌ك تیم بچنه‌ دانوستانى وه‌رگرتنى پۆسته‌كانه‌وه‌، راگه‌یه‌ندراوى دوایین كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان كه‌ سێشه‌ممه‌ى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو گوتبووى:"هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ گفتوگۆى پێكهێنانى كابینه‌ى تازه‌ى حكوومه‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌بێت". ئه‌وه‌ى له‌ واقیعدا ده‌بیندرێت پێچه‌وانه‌وه‌ى ئه‌م دێڕه‌یه‌، كورد له‌ سێ میحوه‌ره‌و به‌ سێ ئاوازى جیا له‌گه‌ڵ عه‌لاوى له‌ دانوستاندایه‌.

كورد خواستى هه‌یه‌ له‌ كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى ژماره‌ى وه‌زیره‌كانى بۆ چوار زیاد بكات، تا ئێستا ته‌نها یه‌كێتى و پارتى پشكیان له‌ ده‌سه‌ڵاتى به‌غدا هه‌یه‌، بۆیه‌ش هه‌ردوو حزب پێداگرن له‌سه‌ر پارێزگارى له‌ پشكه‌كانیان. 

له‌ كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ئه‌م مه‌رجه‌ش له‌ گۆڕێ نه‌بوو به‌ڵام یه‌كێتى و پارتى ململانێكانیان تا ئاستى هه‌وڵدان بۆ دووئیداره‌یى برد

زانیارى هه‌بوون كه‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات، به‌ڵام ئێستا به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، جه‌مال كۆچه‌ر به‌دوورى زانى عه‌لاوى سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكات، چونكه‌ سه‌ردانى هیچ كام له‌ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى نه‌كردووه‌، و هه‌ر سه‌ردانێكیشى له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ به‌ سه‌فقه‌ لێك ده‌درێته‌وه‌.  

 

پێده‌چێت پێداگرى عه‌لاوى بۆ كاندیدكردنى كه‌سانى سه‌ربه‌خۆ نێوماڵى كورد زیاتر په‌رت بكات، له‌ كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ئه‌م مه‌رجه‌ش له‌ گۆڕێ نه‌بوو به‌ڵام یه‌كێتى و پارتى ململانێكانیان تا ئاستى هه‌وڵدان بۆ دووئیداره‌یى برد، ئه‌م جاره‌ له‌سه‌ر بیرۆكه‌ى كاندیدى سه‌ربه‌خۆش ناكۆكن، ره‌نگه‌ ئێستا زیاتر له‌ هه‌ركات ئه‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌تر بێت، كه‌ داواكارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، خاك، بوودجه‌و نه‌وت و مووچه‌و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور ببێت به‌ قوربانى ده‌ستبادان و نه‌سازانى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان.