ڕاپۆرتی کوردستانی

05:38 - 15/02/2020

كورد و میونشن‌

پەیسەر پرێس

گەڕێكی تریی دانیشتنەكانی  كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن به‌به‌شداری زیاتر له‌ 500 سه‌رۆك و نوێنه‌ری وڵاتانی جیهان ده‌ستی پێكردووە،  بۆ قسەكردن لەسەر ئایندەی ئاسایشی و ئابوری جیهان  و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمیش وەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنفرانسەكەی كردووە.

لەپەراوێزی كۆبونەوەكانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین دانیشن و كۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە جیهانیەكان ئەنجام داوە و كە لە ئاستی زۆر بەرزدابوون بەپێی لێدوانەكان توانیویانە لەسەر چەند پرسێكی گرنگ قسە بكەن.

‌ له‌یه‌كه‌م رۆژی كۆنفرانسه‌كه‌دا، مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مارك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمریكا و دان برولێتی وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئانگرێت كرامپ وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیاو بۆیكۆ بۆریسۆڤ سه‌رۆكوه‌زیرانی بولگاریا   كۆبوەوە.

مەسرور بارزانی لە میونشن چی دەكات؟
مەسرور بارزانی  سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو: لە كۆنفرانسی  میونشندا  چه‌ندین دیداریان  له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ده‌بێت ،  باس له‌قوربانیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆرو مه‌ترسیه‌كانی گروپی تیرۆرستی داعش ده‌كه‌ن، لەسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و جیهان.

لە كۆنفرانسەكەدا  مەسرور بارزانی 12 كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا و ئەوروپا كردووە، و بەپێی لێدوانەكان زۆرترین گفتوگۆ دەربارەی هێزەكانی پێشمەرگە و شەری داعش و هەروەها گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و ناوچەكە كراوە.

مەسرور بارزانی و ئەمریكا

له‌ په‌راوێزی كاره‌كانی یه‌كه‌م رۆژی په‌نجاوشه‌شه‌مین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مایك پۆمپیۆ كۆبوه‌وه‌.

بارزانی و پەمپیۆ دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا.

قسە دەربارەی سەقامگیری  دۆخی عێراق و مانەوەو بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە کرایەوە .

باس لە حكومەتی نوێی عێراق كراوە و هەرێم داوای كردووە زامنی پاراستنی هەرێمی كوردستان لە مافەدەستوریەكانی عێراقدا پێشێل نەكرێت.

لە لایەكی تریشەوە مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریكادا كۆبوە و باسی دۆخی ئابوری ناوچەكە كراوە، له‌ به‌رایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، "برۆلیێت" له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، گوتی: باس له‌ چیرۆكێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌كه‌ین، كه‌ چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی ئێوه‌یه‌. هه‌رێمی كوردستان له‌ لیبیا نه‌وتی زیاتره‌ و هیوادارین په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئێوه‌ فراوانتر بكه‌ین.

بارزانیش لە بارەی كۆبونەوەكەوە لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریكا دەڵێت: به‌رده‌وام له‌ هه‌ماهه‌نگیداین له‌گه‌ڵ جه‌نابی وه‌زیردا و ئه‌مڕۆش كۆده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كانمان فراوانتر بكه‌ین.

بارزانی و لیندسی گراهام كۆبونەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری میونشن لەگەڵ شاندێکی گەورەی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی سیناتۆر لیندسی گراهام کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق وناوچەکە تاوتوێ کرا و شاندی کۆنگرێس پشتیوانی خۆیان بۆهەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا، سەرۆكی  حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەبارەی كۆبونەوەكە دەڵێت: سوپاسی پشتیوانیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد و گوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەوەی فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بێت.

مەسرور بارزانی لەگەڵ مارك ئیسپەر كۆبوەوە
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مارك ئێسپه‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و واشنتن یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن بۆ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌.

مه‌سرور بارزانی، له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ مارك ئێسپه‌ر، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، دووپاتمان له‌وه‌ كرده‌وه‌، په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا، بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ گرنگه‌".
كۆبونەوەی بارزانی و روسیا

 جیاواز لە كۆبونەوەكانی ئەمریكا   مەسرور بارزانی لەگەڵ  سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە، وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەدا کە رووسیا پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد لە ناوچەکە دەکات و گوتیشی دەمانەویێت دۆخی عێراق ئارام و سەقامگیر بێت و رێگە لە چالاکبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بگیرێت.
بارزانی داوای لە  رووسیا کرد رۆڵی گرنگی خۆی لە سەقامگیربوونی دۆخی سووریا و رێزگرتن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لە نێویشیاندا گەلی کورد بگێڕێت.

كۆبونەوەكانی بارزانی و ئەوروپا
مەسرور بارزانی لە گەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپاشدا كۆبوەو باس لە پرسی سەقامگییری ناوچەكە و رۆڵی پێشمەرگە و سەرهەڵنەدانەوەی  داعش و  هێرشەكانی داعش لە عێراقدا كراوە و باس لە هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەوروپا كراوە، قسە لەسەر ئەوە كراوە كە هەماهەنگی لەنێوان وڵاتانی ئەورپا و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.
كورد و میونشن
لەدوای سەرهەڵدانی شەری داعش هەرێمی كوردستان چەندین جار بەشداری كۆبونەوەكانی میونشنی كردووە و لە پەراوێزی كۆبونەوەكانیشدا چەندین كۆبونەوە لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا و ئەوروپادا هەبووە، كە زۆرترینیان بۆ قسەكردن بووە لەسەر هاوكاریی پێشمەرگە و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە و هەروەها رووبەرووبونەوەی چەكدارانی داعش.