ڕاپۆرتی کوردستانی

10:19 - 16/02/2020

بە بۆرییەکی تر نەوتی کەرکوک بە تورکیاوە دەبەسترێتەوە‌

شاڵاو محەمەد

بە دەستپێکردنی هێڵی دووەمی نەوتبەری کەرکوک – جەیهان، دەروازەیەکی تر بۆ نەوتی پەنگخواردووی کەرکوک دەکرێتەوە کە لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، هەناردنی بە تەواوی کەمیکردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دراونەتە پەیسەر، مانگی پێنج – ئایاری ئەمساڵ پڕۆژەی راکێشانی هێڵی دووەمی کەرکوک - جەیهان دەست پێدەکات.

تورکیا دەڵێ، راکیشانی ئەم هێڵە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی هەناردنی نەوتی عێراقە لەڕێی بەندەری جەیهانەوە. بیرۆکەکەش دوای ئەوە ئاشکراکرا کە (فاتح دونماز) وەزیری وزەی تورکیا رۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠١٩ سەردانی بەغدای کرد.

بڕیارە مانگی ئایاری ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی پڕۆژەکە بکرێ

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کە نەیویست ناوی بنووسرێ بۆ پەیسەر گوتی:" پلانی وەزارەتی عێراقە کە دەروازەیەکی تر بۆ ھەناردنی نەوت کەرکوک بدۆزێتەوە". ئەمەش نیشانی دەدات بەغدا بەو بڕە رازی نییە کە ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم نەوتی کەرکوک لە ھەرێمی کوردستان – بەندەری جەیھانەوە هەناردە دەکات.

پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق، بە بۆری نێوان (کەرکوک – موسڵ –جەیھان) نەوتی کەرکوکی ھەناردە دەکرد ، بەڵام ئەم بۆرییە چەندینجار کەوتووە بەرهێرشی چەکدارانی توندڕەو یان چەکدارانی عەشیرەتەکانی ئەو ناوچەیە و  تەقێنراونەتەوە.
 مانگی ئازاری ٢٠١٤ بریاردرا لە ماوەی نۆ مانگدا بۆرییەکە نۆژەن بکرێتەوە و لەلایەن کۆمپانیای سیکوریتی و پۆلیسی نەوتەوە پاسەوانی بکرێن، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە پڕۆژەکە راگیرا.

بەپێی ئاماری کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کە ماڵپەری وەزارەتی نەوتی عێراق مانگەنە بڵاوی دەکاتەوە، مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکەوە بڕی دوو ملیۆن و  ٨٢٧  ھەزارو ٥٠ بەرمیل نەوت بە بۆری کەرکوک - ھەرێمی کوردستان - جەیھاندا ھەناردەکراوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق پیشبینی دەکات، بۆری دووەمی کەرکوک-جەیهان رۆژانە بتوانێ یەک ملیۆن بەرمیل ھەناردە بکات.
بۆری یەکەمی کەرکوک – جەیھان ساڵی ١٩٧٦ کەوتە کار و تاساڵی ٢٠١٤ نەوتی پێدا رەوانە کراوە، ساڵی ٢٠١٤ تەقێنرایەوەو زیانەکەی خەمڵێنرا بە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.

گواستنەوە بە ئێراندا
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان لە ئەیلولی ٢٠١٧ ھەناردنی نەوتی کەرکوک لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە راگیرا. دواتر حکومەتی عێراق و ئێران رێکەوتن کە بە تانکەر نەوتی کەرکوک بگوازرێتەوە بۆ کرماشان.
ماوەیەک ئەم پرۆسەیە بەردەوام بوو، دواتر بەھۆی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ھەناردنی نەوتی کەرکوک لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ دا راگیرا. بۆیە جارێکی تر حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان رێکەوتن نەوتی کەرکوک لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە بکرێ.

پلانی وەزارەتی عێراق ئەوەیە کە دەروازەیەکی تر بۆ ھەناردنی نەوت کەرکوک بدۆزێتەوە

مەرامی ئەنقەرە تەنیا نەوت نییە
بەگوێرەی لێدوانی شارەزایان قسەی ئەو کەسانەی بۆ ئەم راپۆرتە لێدوانیان داوە، ھۆکارەکانی دروستکردنی ھێڵی دووەمی کەرکوک – جەیهان، تورکیا تەنیا مەبەستی ئەوە نییە کە هێڵیکی تری نەوت بە وڵاتەکەیدا تێپەڕێ، بەڵکو ئەنقەرە دەیەوێ بەم کارتەی دەستی، ھەرێمی کوردستان لە مەنگەنە بدات و چیتر نەوتی کەرکوک لەژێر دەستی ھەرێمدا نەمێنێ.
بە کردنەوەی هێڵی دووەمی کەرکوک – جەیهان، تورکیا سودمەندی سەرەکییە، چونکە ئەوکاتە دەتوانێ گرەوی زیاتر لەسەر یارییە سیاسییەکانی لەگەڵ هەرێم و بەغدا بکات.
ئەوکاتە هەولێر و بەغدا لە یەک کاتدا، ئاتاجیان بە بە ئەنقەرە دەبێ چونکە ھەردوولا بێجگە لە تورکیا، دەرەچەی تریان نییە تا نەوتی کەرکوکی لێوە پێ ھەناردە بکەن بە تایبەت ھەرێمی کوردستان.


ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٨ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە