ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:38 - 16/02/2020

بۆچی دەوڵەتی تورکیا دەچێتە هەرشوێنێک، ناچێتە دەرەوە؟‌

پەیسەر

دەوڵەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ئەوەی رێککەوتنەکانی سەدەی بیستەم کۆتاییان پێدێت و ناوچەکە بەرە و ڕێککەوتنی نوێ هەنگاو دەنێت، لە دەرەوەی سنورەکانی هەوڵی بەدەستهێنانی خاکی زیاتر و بەرژەوەندی زیاتر دەدات.

دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا یەکەم شوێن کە داگیریکرد، پارێزگای هاتای سوریابوو کە لە ئێستادا بووەتە بەشێک لە خاکی تورکیا.


ئەو شارە لە ٣ی تەموزی ساڵی ١٩٣٨ بە رێککەوتنێکی نێوان تورکیا و فەڕەنسا درا بە تورکیا و لەگەڵ ئەوەی لە ناوچەکەدا کورد و عەرەب دەژیان، بەڵام لە ئێستا تەتریککراوە و ژمارەیەکی کەم کورد و تورکی تێدا دەبینرێت.

هەڵمەتە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورکیا دوای شاری هاتای، قوبروس بوو. بولەنت ئەجەڤیت سەرۆک وەزیری ئەو کاتەی تورکیا لە ساڵی ١٩٧٤ لەدژی یونانەکان ئۆپەراسیۆنی قوبڕسی ڕاگەیاند و توانی بەشێک لەو دۆرگەیە داگیر بکات و تا ئێستاش بە ناوی، کۆماری باکووری قوبروسی تورکی لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەنقەرەدایە.

لە مێژوودا پەندێک هەیە کە دەڵێت 'سوپای تورکیا بۆکوێ بڕوات، بە بیانووی خوێنی تێدا ڕشتووە، ناچێتە دەرەوە'. بە هۆی ئەوەی لە پراکتیکیدا ئەو کردەوانەی تورکیا دەبینرێت، پەندەکە پشتڕاست دەکرێتەوە.


دوای ئەوەی شەڕی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ دا ڕوویدا، دەوڵەتی تورکیا بە هەموو هێزێکیەوە پشتگیری لە گروپە جیهادیەکان و بە تایبەتی گروپەکانی سەر بە ئیخوان موسلمین کرد. تورکیا لە ئیدلب و حەلەب هەژموونی زیادکرد و هەرچەندە لە حەلەب بە پێی هەندێک ڕێککەوتن کشاوەتەوە، بەڵام لە ئیدلب ماوەتەوە و لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک ناچێتە دەرەوە و لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەستی بە شەڕێکی راستەوخۆ کردووە.

کردەوە داگیرکەریەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستانیش دووبارە بووەتەوە. تورکیا عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی و بەشێک لە هەرێمی شەهبای نێوان کانتۆنی کۆبانی و عەفرینیشی داگیرکردووە و دەستی بە تەتریککردن و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە کردووە.

لە هەرێمی کوردستانیش نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە پێشەوە و بارەگا و سەربازگەی گەورەی کردووەتەوە و ئامادە نییە بە هیچ شێوەیەک بچێتە دەرەوە.

لە دوایین هەوڵیدا دەوڵەتی تورکیا لە سەر پێداگیری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بەرپرسانی ئاکەپە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە حکومەتی ناوەندی لیبیا دەکات و لەدژی خەلیفە حەفتار شەڕ دەکات.

ئەردۆغان بە هەزاران سەربازی ناردووەتە لیبیا  و لەسەر ناردنی چەک بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامە. بە پێی زانیاریەکان سەربازگەی خۆشی لەوێ کردووەتەوە و چاوی بڕیوەتە نەوتی لیبیا.


ئەردۆغان کە بە خەیاڵی عوسمانی نوێ پەلی بۆ وڵاتانی ناوچەکە هاوێشتووە، دەیەوێت پڕۆژەی میساقی – میللی کە عەبدولحەمیدی دووەم لە سەرەتای جەنگی یەکەمی جیهانی پێشکەش کرد زیندوو بکاتەوە.

دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان کە خۆیان وەک گەورەترین زلهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانن، تا ئێستاش لە سەر هزری دەوڵەتی عوسمانی دەژین و هەموو ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکاندا بوون بە موڵکی خۆیان دەزانن و هیوایان وایە جارێکیتر بگەڕێنەوە ئەو ناوچە  وڵاتانە.


ئەردۆغان تا ڕادەیەک بە دوای خەیالێ عوسمانی نوێدا وێڵە کە ئامادەیە لەدژی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانیش بووەستێتەوە و نمونەکەیش لیبیا و ئیدلبە. لە ئیدلب و لیبیا، هەموو رێککەوتنەکانی لەگەڵ ڕووسیا تێکداوە و لەدژی دەوەستێتەوە.

لە لیبیا شتێک بە ناوی حکومەتی سەراج نەماوە و ئەردۆغان بە ناردنی هێزەکەی هەوڵ دەدات سەراج لەسەر دەسەڵات بهێلێتەوە. ئەگەر حکومەتی سەراج لەسەر بەشێک لە لیبیا بمێنێتەوە، ئەوە وەک باکووری قوبڕس دەبێتە بەشێک لە تورکیا و ئەگەری هەیە سیناریوی ساڵی ١٩٧٤ کە تورکیا باکووری قوبرسی داگیرکرد کرد، دووبارە ببێتەوە.