ڕاپۆرتی کوردستانی

06:14 - 17/02/2020

بشاڕی چەتۆ دەسەڵاتی تورکەکانی قبوڵ نەکرد و تا شەهیدبوو خۆینەدا بەدەستەوە‌

پەیسەر

لە ساڵی ١٩٠٨دا کاتێک ڕێکخراوی تورکە لاوەکان ناسراو بە (جۆن تورک) لە تورکیا دەسەڵاتیان گرتە دەست و بە هاوپەیمانی لەگەڵ عەبدولحەمیدی دووەم سوڵتانی عوسمانی، لەدژی هۆزە کوردیەکان کە هەر یەکەو لە ناوچەی خۆیان باڵا دەست بوون دەست بە دژایەتی و ململانێ کرا.

بە تایبەتی لە شارەکانی ئامەد و بەدلیسی باکووری کوردستان بە هەموو شێوەیەک دژایەتی هۆزە کوردیەکان کران و ژمارەیەک سەرۆک هۆزیش لە لایەن سوپای عوسمانیەوە کوژران و ونکران.

یەکێک لەو سەرۆک هۆزانەش کە دەوڵەتی عوسمانی بە هەموو شێوەیەک دژایەتی دەکرد، کەسایەتیەکی کوردی شاری ئامەد بە ناوی (بشارێ چەتۆ) بوو. بەرپرسانی عوسمانی لە ئامەد نزیکەی ١٠٠ فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ بشارێ چەتۆ و ٤ کوڕەکەی دەرکرد. بەڵام بە هۆی ئەوەی بشارێ چەتۆ و کوڕەکانی هەرێمێکی زۆریان کۆنتڕۆڵ کردبوو و خاوەنی هێزێکی زۆر بوون، هیچ فەرمانبەرێکی حکومەت نەیدەوێرا فەرمانەکە بگەیەنێتە دەستی بشارێ چەتۆ.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٠٨ دا هێزەکانی حکومەت کوڕێکی بشارێ چەتۆ و کوڕەزاکەی لە باکووری ئامەد دەستگیردەکەن و دەیانخەنە زیندانەوە. بشارێ چەتۆش چەند نامەیەک بۆ دەسەڵاتداران دەنێرێت و دەڵێت، ئەگەر کوڕ و کوڕەزاکەی ئازاد نەکرێت بە شێوەیەکی زۆر توند خۆی و هێزەکەی هێرش دەکەنە سەر فەرمانگە و دامودەزگاکان حکومەت.

بشارێ چەتۆ دوای ئەوەی دەسەڵاتداران وڵامی نادەنەوە، ڕاگەیەنراوێک بۆ ڕای گشتی بڵاودەکاتەوە و تێیایدا دەنووسێت، عوسمانیەکان بە درێژایی مێژوو دژایەتی خانەوادەکەی ئەویان کردووە و کاتی خۆی باپیریشیان کوشتووە و ئەگەر شتێک بەسەر منداڵەکانیدا بهێنن، بە هێچ شێوەیەک لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە خۆش نابێت.

ئەو کاتە رێگای هاتوچوو و بازرگانی لە حەلەب و بەغدادەوە بە تەنیشت ڕووباری دیجلە و نزیک ئامەد تێدەپەڕی و بشارێ چەتۆ و هێزەکەی ئەو ڕێگایانەیان کۆنتڕۆڵ کردبوو و لە بۆ ئەوەی منداڵەکانی ئازاد بکرێن، هەموو فشارێکی لەسەر کاروانە بازرگانی و کاروانە سەربازیەکان دروست دەکرد.

لەو کاتەدا کە پێویست بوو هەموو سەرۆک هۆز و بازرگانە کوردەکان باج بە حکومەتی عوسمانی بدەن، بەڵام بشارێ چەتۆ نەک باجی نەدەدا، بەڵکو لە سەر ڕێگا بازرگانیەکانی ئامەد و بەدلیس باجی لە بازرگانەکانی نزیک لە دەسەڵات و ئەو کەلوپەلانە وەردەگرت کە بۆ حکومەت ڕەوانە دەکران.

ساڵیک بە سەر دەستگیرکردنی کوڕ و کوڕەزاکەی بشارێ چەتۆدا تێدەپەڕێت و هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی بشارێ چەتۆ هەر لە ململانێ و شەڕدان. لەو ماوەیەدا حکومەت دەست بە گۆڕینی فەرمانبەرە حکومیەکانی ئامەد دەکات و پارێزگارێکی (والی) نوێ کە ئەندامی ڕێکخراوی لاوە تورکەکانە ( جۆن تورک) بۆ ئامەد دەنێرێت.

ئەو پارێزگارە نوێیە کە پێشتر ناوی بشارێ چەتۆی بیستبوو، لە ماوەیەکی کەمدا فەرمانی چەندین هێرش دەدات بۆ سەر هێزەکانی بشارێ چەتۆ و شەڕ لە نێوانیاندا ڕوودەدات.

دوای ماوەیەک بشرێ چەتۆ هەوالێک دەبیستێت کە هاوسەری پارێزگار و منداڵەکانی لە ئەستەنبوڵەوە بۆ ئامەد هاتوون ، بۆ ئەوەی سەردانی پارێزگار بکەن و لە دەرەوەی ئامەد بە ڕێگاوەن.

بشارێ چەتۆش ژمارەیەک لە شەڕڤانەکانی دەنێرێت و کاروانی سەربازی ڕادەگرن و هاوسەر و منداڵی پارێزگار دەڕفێنن و ماوەیەکی درێژ لە لای خۆی دەیهێڵێتەوە و دواتر لە سەر داوای عوسمانیەکان شاندێکی بەریتانی کە لە ناوچەکەدا جێگیر ببوون سەردانی بشارێ چەتۆ دەکەن و لە بەرانبەر ئازادکردنی کوڕ و کوڕەزاکەی هاوسەر و منداڵانی پارێزگار ئازاد دەکات.

شەڕی نێوان ‌هێزەکانی بشارێ چەتۆ و سوپای عوسمانی تا دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ بەردەوام دەبێت و لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی شێخ سەعید، خۆی و ٤ کوڕ و هێزەکەی بەشداری لە شۆڕشدا دەکەن.

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٢٥ شۆرشی شێخ سەعید تێکدەشکێت، بشارێ چەتۆ و خانەوادە و هێزەکەی لە شاخە سەختەکانی ئامەد و ناوچەکە خۆیان هەشار دەدەن و بە پێی بەڵگە مێژووییەکان تا ساڵی ١٩٣٠ لەدژی هێزەکانی تورکیا شەڕ دەکات.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٣٠دا دوای ئەوەی هێزەکەی لاواز دەبێت، بشارێ چەتۆ و سێ کوڕی لە شاخێکی ئامەد دەکەونە بۆسەی سوپای تورکیادا و بشارێ چەتۆ و سێ کوڕێ و ژمارەیەک لە شەڕڤانەکانی لەم جێگایە دەکوژرێن. بەڵام سەرچاوە مێژووییەکان باسی کوڕێکی تری ناکەن و نازانرێت ئەویش پیشتر لە شەڕدا کوژراوە، یان دواتر لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستگیرکراوە و ونکراوە.

باسی ئەوە دەکرێت، کاتێک بشارێ چەتۆ کوژراوە، تەمەنی سەرووی ٨٠ ساڵ بووە و بە درێژایی تەمەنی هیچ کاتێک ئامادە نەبووە لە ژیر دەسەلاتی عوسمانیدا بژی و باج بە دەولەت بدات.

لەم حەیرانەدا کە بە کورمانجی (کلامی دەنگبێژی) پێ دەگوترێت، باس لە قاڕەمانێتی و ئازایەتی بشارێ چەتۆ دەکرێت.