ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

09:09 - 17/02/2020

نهێنی هەڵوەشاندنەوەی كڵاوشینەكان و گەڕانەوەی كەسایەتی موقتەدا سەدر‌

پەیسەر پرێس

لە ئێستادا موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدریی لە هەوڵی ئەوەدایە كەنیگەرانی و ناڕەزایەتیەكانی شەقامی عێراقی كۆتایی پێبهێنێت یان بۆخۆی بیقۆزێتەوە، دوای ئەوەی شەوی سێ شەممەی ڕابوردوو كاری –كڵاو شینەكان-ی كۆتایی پێهێناو هەڵی پەساردن، ئەو گرووپەی كە خەریكی كاری تێكدەرانەبوون و سەربەڕەوتی سەدربوون و لە دژی خۆپیشاندەرانی بەغداد و نەجەفی خوارووی عێراق چەندین كار توندوتیژییان ئەنجامدا، ئەوەش بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران و مانگرتوەكان كۆتایی پێبهێنێـت و بڵاوەیان پێبكات، پاڵپشت بە هاوپەیمانیە نوێیەكەیان لەگەڵ ئێران كە لەم دواییانەدا هاتوەتە ئەنجام.

 
سەركردە سیاسیە عێراقییە گەنجەكە، لە دوو رۆژیی پێشوودا كاری بۆ ئەوە دەكرد لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ناوچەی تەحریری بەغداد ڕێكەوتن بكات و بگەڕێتەوە بۆ شێوازی كاركردنی پێشووی، بەڵام ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ لاوە خۆپیشاندەرەكاندا شكستی هێنا، ئەوەش لەبەر ئەوەی متامانەیان بە لایەنی دووەم نییەو تاوانباریان دەكەن بە خیانەت و پشتگیریی كردنی دەسەڵات.

رەوتی سەدر-كە زۆرترین لایەنگری هەیە لە عێراقدا- لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە كەوتوونەتە بەرهێرشی توندی ناڕەزایی و تەنانەت گاڵتەپێكردنیش بەتایبەتی لەنێوتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، لەبەر ئەوەی كەوتوونەتە گیانی هاوڕێكانی دوێنێی خۆیان و چەندین كەسیان بە توندی برینداركردووە.

هەڵوەشاندنەوەی كڵاو شینەكان و ....:
لە نوێترین هەڵوێستدا، سەركردەی رەوتی سەدر-موقتەدا سەدر- لە شەودا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گروپی كڵاوشینەكانی داوە و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شێوازی كاری پێشوویان.

سەدر لە توێتێكدا جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە : چاوەڕوانی لێكۆڵینەوە دەكەم لە بارەی ڕوداوەكەی نەجەفەوە، بۆئەوەی بە ئەرکی شەرعی و نیشتیمانی خۆم هەستم.

ئەو ئاماژەیەك بۆ كڵاوشینەكان دەكات كەلە رۆژی چوارشەممەی ڕابودووداهێرشیان كردووەتە سەر خۆپیشاندەران و فیشەكیان پێوەناون، ئەو لە توێتەكەیدا گوتوویەتی: بەپێی ئەو هەواڵانەی بە من گەشتووە لە سەرچاوەی متمانە پێكراوەوە، شۆڕش بە هێواشی بەرەو ئاڕاستە سەرەتاكەی خۆی دەگەڕێتەوە، هەرچەندە لە لایەن هەندێك تێكدەرو بانگەشەكەرانی توندوتیژییەوە پەلاماردراون، ئومێد دەكەم ئەو جۆرەكەسانە بە هێواشی و بە شێوەیەكی ئاشتی دووربخرێنەوە، بۆیە ڕایدەگەیەنم كە كڵاوشینەكانم هەڵوەشاندوەتەوەو ڕازی نیم بە مانەوەی ئەو گرووپە و دەبێت بچنە ناو خۆپیشاندەران و ببنە بەشێك لەوان و بەهیچ شێوەیەك باس لە پابەندبوونیان نەكەن بەو گرووپەوە. لەبارەی دروستكردنی حكومەتی نوێی عێراقەوە لەلایەن محمد عەلاوییەوە لە پەیوەندایە لەگەڵ هێزە عێراقیەكان بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجام و ڕوونی كردوەتەوە كە فشاری حیزبی و ئاینی و تائیفی لەسەرە، ئەوەشی گوتووە ئەگەر ئەو فشارانە بەردەوام بن ناچاری دەكات خۆ بێبەری بكات.

كڵاوشینەكان، شوناس و ئامانج:
لەو كاتەوەی ناڕەزایەتی و نیگەرانیەكانی شەقامی عێراقی لە سەرەتای مانگی تشرینی ڕابوردوەوە دەستی پێكردووە تا ئەو كاتەی كە موقتەدا سەدر گروپێكی دروستكرد بەناوی –كڵاوشینەكان- كە درێژكراوەی – سەرایا سەلام- ن كە میلشیای تایبەت بە ڕەوتی سەدرن، كاتی خۆشی بۆ جێگرتنەوەی سوپای مەهدی دروستی كردن لە ساڵی 2014 دا، لە كاتی جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعشدا رۆڵی سەرەكییان بینی، و لە چەند ناوچەیەكی عێراقدا چالاكییان ئەنجامدا.

كازن بەهادلی سەركردە لە رەوتی سەدر لەبارەی كڵاوشینەكانەوە دەڵێت: گروپی كڵاوشینەكان، كۆمەڵێكی سەر بە سەدرییەكانن و جەماوەریی و ئاشتی ویستن، ئامانجەكەی پاراستنی خۆپیشاندانەكانی عێراقن كە لەلایەن میلشیا عێراقیەكانەوە دەكرێنە ئاماج و هێرشیان دەكرێتە سەر، ئەو كۆمەڵەیە بەرگری لە گۆڕەپان و حەرەمی خۆپیشاندانەكان دەكات، لەوبوارەشدا چەند چالاكییان ئەنجامداوە بەتایبەتی ئەو ڕوداوەی كە لە دوو مانگی پێشوودا لە ناوچەی خلانی ڕوویدا، لەوكاتانەدا كە گروپێكی چەكدار دەیویست هێرش بكاتە سەر خۆپیشاندەران و توانییان رەتیان بدەنەوە.
بەهادلی دەڵێت: ئامانجمان ئاشتییەكی ڕاستەقینەیە، كۆمەڵەكەشمان هەربۆ ئەومەبەستە دروستكردووە، هەركارێكی پشتیوانی و لۆجستیمان كردبێت بۆ خزمەتی خۆپیشاندەران بووە، ئیتر گوێمان بەوە نەداوە سەدریی بوون یان نە، خزمەتگوزارییەكان هەمووانی گرتوەتەوە. ئەوەی لەماوەی پێشوودا سەبارەت بە كڵاوشینەكان گوتراوە پڕوپاگەندەی نەیارەكانی سەدر بووە و لەوانەوە سەرچاوەی گرتووە كە دوژمنی عێراقن.

كارەساتە خوێناوییەكەی نەجەف:
بەیەكدا هەڵپرژانی رەوتی سەدرو خۆپیشاندەران لەو كاتەدا دروست بوو كە محمد تۆفیق عەلاوی ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، مانگرتن و گردبوونەوە لە شەوی چوار شەمەی ڕابوردوو لە شاری نەجەف ڕوویاندا، شەوێكی خوێناوی هاتە كایەوە، دەیان كوژراوو برینداری لێكەوتەوە.

گۆڕەپانی – سەدرەین – لەناوەڕاستی شارەكەدا بووە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان، بەركەوتنەكان چەكی تێكەوت، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشی كڵاوشینەكانەوە بۆ سەر چادری مانگرتوەكان، داوایان لێكردن كۆی بكەنەوەو وازی لێبهێنن، ئەوانیش ڕازی نەبوون و دوای دروستبوونی دەمەقاڵەی نێونان و دواتر بۆمبی مۆنۆتۆف و چەقۆی تێكەوت.

یەكێك لە خۆپیشاندەرەكان بەناوی –عەلی ضیاء- بە سایتی –حفریات- ی ڕاگەیاندووە شەوی چوارشەممەی ڕابوردوو لەلایەن دوو كەسەوە كە كڵاوی شینیان لەسەردا بوو هاتنە سەرمان و هەڕەشەیان لێكردین و پێیان گوتین كەگۆڕەپانی سەدرەین چۆڵبكەین، وەك عەلی دەڵێت ئەوان جەختیان دەكردەوە ئەگەر وانەكەن ئەوا لە لایەن سەدرییەكانەوە هێرشیان دەكرێتە سەر بە داری كارەبایی و ئازاریان دەدەن و برینداریان دەكەن. عەلی باس لەوەش دەكات هەر لەو كاتەدا بوو كە یەكێك لە چادرەكانمان بە بۆمبێكی دەنگی هێرشی كرایە سەر، لە ڕاستیدا كەس نەیزانی لەكوێوە هات و كێ هاویشتی، ئەو بەسەر سوڕمانەوە دەڵێت بێگومان لەلایەن هاوڕێكانی دوێنێی خۆمانەوە بوو!!

پاشان باس لەوەش دەكات كە رەوتی سەدر لە ماوەی شەووڕۆژێكدا لە پشتیوانیەوە بوونە بكوژی خۆپیشاندەران، ئەوانیش كە تادوێنێ بەرگرییان دەكرد بوون بە یەكێك لەو گروپانەی تر كە هێرش دەكەنە سەر خۆپیشاندەران.


سەركردەی پیرۆز و كوشتن!
هەر ئەوەندە ئەو بابەتە چووە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، سەدریەكان و جەماعەتی كڵاوشینەكان بوو بە هەرایەكی گەورە، ئەوانیش ئیتر دەستیان نەپاراست و بەخێرایی هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریری بەغداد، بە داری كارەباییەوە هێرشیان كردە سەر مانگرتوەكانی -چێشتخانەی توركی- كە لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە تا ئەوڕۆژە بە قەڵای خۆپیشاندەران ئەژمار دەكراو دەیڕوانی بەسەر هەموو وەزارەتەكانی حكومەت و پەرلەمان و ناوچەی سەوزیشدا.

محمد هادی كە یەكێك بوو لە مانگرتوەكانی ناو ئەو باڵەخانەی پێی دەگوترێت چێشتخانەی توركی دەڵێت: هێزەكان كاتێك هاتنە سەرمان بە بیانووی ئەوەوە هاتبوون گوایە ئێمە ئافرەتانی بەدڕەوشتمان لایە، خەریكی كاری بێرەوشتین، من وادەزانم بۆیە ئەو تۆمەتەیان دایە پاڵ ئێمە تا لەڕووی دینییەوە لەكەدارمان بكەن، بۆ ئەوەی خۆپیشاندانی ئاشتییانە كۆتایی پێبهێنن.
سەدرو دارودەستەكەی تووشی شۆك بوون كاتێك ئێمە پیرۆزییمان بەسەركردەكەیانەو نەهێشت، ئەوان هاتن خەڵك بترسێنن، ئەوەش كاری چەند ساڵەیان بووە، بەڵام ئێستا بوونەتە گاڵتەجاڕیی خەڵك. بڕۆ سەیری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بكە. خۆپیشاندەرانی بەغداد لە ئێستادا ناوی موقتەدایان لە ڕیزبەندی خەڵكی گەندەڵ و بەدڕەوشتەكاندا داناوە. ئەو جەختی لەوەش كردەوە كە كاتی ئەوە هاتووە كە خەڵك نەترسێت لە تێكشكاندنە پیرۆزیی سیاسی دا درێغی نەكات.

دانوستانی تەحریر هی ئێمە نیە:
لەوبارەیەوە هاشتاگێك لەناو خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریرەوە بڵاوبووەتەوە كە دەڵێـت: دانوستانی تەحریر نوێنەرایەتی ئێمەناكات، ئەوەش جەختكردنەوەیە لەسەر ئەوەی هەركەسێك لەگەڵ رەوتی سەدر قسە بكات رەت دەكرێـتەوەو گەنجە خۆپیشاندەرەكان بە هی خۆیانی نازانن و پێیان وایە نوێنەرایەتی ئەوان ناكات. چوونكە رەوتی سەدر لیژنەیەكی وەك نوێنەر ناردووەتە لایان لە رۆژی دووشەمەی ڕابوردوو لە گۆڕەپانی تەحریر بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆپیشاندەران بگەنە ئەنجام و پێكەوە یەك هەڵوێستیان هەبێت لەگەڵ حكومەتی داهاتوو بەسەرۆكایەتی عەلاویی.

لەوبارەیەوە  لەتیف هاشم توێژەرو مامۆستای زانكۆی عێراقی دەڵێت: سەركردەی رەوتی سەدەر ئەیەوێت ڕووی پیاوچاكی و چاكسازیخوازیی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ خۆی، چوون قەبارەی ئەو هەموو هێرش و نیگەرانییانە دەزانێت كە دەكرێنە سەریی، لەپای ئەو هێرشانەی لەلایەن دەستەو تاقمەكەیەوە لە پارێزگاكانی عێراق دەكرێتە سەر خۆپیشاندەران، درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت: سەدر نایەوێت بچێتە ڕیزی ئەو گەندەڵكارانەی كە گەل ناویان دەبات و دەیانناسێنێت، ئەو دەیەوێت ڕۆڵی دەربازكارو چاكەخوازیی هەبێت و خۆی بە پشتیوانی ستەمكاران بناسێنێت، چوون ئەو خۆی بە كەسێكی  پراگماتیی دەبینێت.


سەبارەت بە شكستی گفت و گۆكانیش هاشم بۆ ئەوەی دەگەڕێنێتەوە كە خەڵك متمانەیان بە سەدرییەكان نەماوە، چوون ئەوان  پێیان وایە هەر كە سەدر گەڕایەوە باوەشی ئێران كەوتە لێدانی خۆپیشاندەران، سەدر دەیەوێت لەسەر شانی خەڵكی خۆپیشاندەروماندووی ئەو وڵاتە دەستكەوتی زیاتر لە حكومەتی نوێدا بەدەست بهێنێت، ئەو ئەكادیمییە عێراقییە دەڵێت: جارێكی دیكە سەدر ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی تشرینی یەكەم.

هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی شەقامی دینی:
لەنێوان تیۆتێك و یەكێكی تردا موقتەدا سەدر هەوڵ دەدات یەكێك لە هەڵوێستە سیاسیەكانی وەبیربهێنێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان رووی قسەكانی لە گەنجانە، بەتایبەتی ماوەیەك پێش لە ئیستا داوای كرد دوو ڕەگەزەكە پێكەوە تێكەڵ نەبن، لەو ڕێگەیەشەوە دەیوست ڕێنماییە دینیەكانی خۆی بەسەر خۆپیشاندەراندا بسەپێنێت، ئەوە لە كاتێكدایە ئەو سیاسیە نەك موفتی و شارەزای دینی.

لمی العانی، چالاكوانی خۆپیشاندانەكان باس لەوە دەكات توێـتەكانی سەدر مایەی پێكەنینن، سەعاتی جارێ توێتێك دەكات جیاواز لەوەی پێشووی من نازانم ئەو كابرایە چی لە ئێمە دەوێـت؟

العانی باس لەوە دەكات كە سەدر مافی ئەوەی نیە بیروباوەڕو بۆچوونەكانی بەسەر خۆپیشاندەراندا بسەپێنێت، عێراق دەوڵەتێكی دینی نیە تا پیاوە دینیەكان قسەكانیان بە زۆر بسەپێنن، فەتوامان لەدژبدەن، سەدر هێشتا قوتابییەكی گەنجە، ئەو نەبووتە موجتەهید و موفتی، ئیتر چۆن چاوەڕێ دەكات خەڵك گوێی بۆ بگرێت.  ئەو چالاكوانە درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت: بڕۆ قسە بۆ جەماعەتەكەت بكە، بۆ ئێمەی باس مەكە بەڕێز...

ئەو چالاكوانە ژنە عێراقییە باس لەرۆڵی ژنان دەكات لە خۆپیشاندانەكانداو داوادەكات لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كە بەدواداچوون بكەن بۆ خۆپیشاندانەكان بزانن یەك حاڵەتی دەستدرێژیی دەبینن؟ ئەو دەڵێت شۆڕشەكەمان زۆر خاوێنە، بەڵام ڕەوتی سەدر بەو قسە ناڕاستانەی دەیەوێت شەقامی دینی لە دژمان بجوڵێنێت.