ڕاپۆرتی کوردستانی

05:29 - 18/02/2020

ململانێی روسیا و ئەمریكا لەسەر خاكی رۆژئاوای كوردستان‌

پەیسەر

مەترسی لەسەر پێكدادانی هێزە جیاجیاكان لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا زیاتر دەبێت. ئەمەش لەناو خەڵكی ناوچەكەدا لەلایەك ترس و دڵەڕاوكێی لێدەكەوێتەوە، لەلایەكەی دیكە دەبێتە مایەی گاڵتە پێكردن. رۆژی چوارشەممەی رابردوو، 12 شوبات لە نێوان دەورییەكی سەربازی ئەمریكی و هێزێكی بەرگری نیشتمانی سەر بە حكوومەتی سوریا لە گوندی (خەربەت عەمۆ) لە باشووی قامیشلی شەڕ هاتە ئاراوە. لە ئەنجامدا چەكدارێكی سەر بە ملیسە عەرەبەكان گیانی لەدەستدا، هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی هێزی هاوپەیمانان بازگەیەكی بەرگری نیشتمانیان لەم گوندە بۆمباران كرد. لە هەمان كاتدا دەوریەكی سوپای روسیا گەیشتە شوێنی رووداوەكە بێ ئەوەی هەوڵب ناوبژیوانی و لەیەك دوورخستنەوەی هەردوو بدات.

سوپای ئەمریكا چەند جارێك رێگای لە دەوریەكانی روسیا گرت و رێگای نەدا لەناوچەكەدا زیاتر پێشڕەوی بكەن

بەر لەم رووداوەش، زنجیرەیەك ئاڵۆزی لە نێوان دەورەیەكانی ئەمریكا و روسیا لەناوچەكەدا هاتنە ئاراوە. بێ ئەوەی پێكدادانی چەكداری دروست بێ، سوپای ئەمریكا چەند جارێك رێگای لە دەوریەكانی روسیا گرت و رێگای نەدا لەناوچەكەدا زیاتر پێشڕەوی بكەن، وەكو ئەوەی لە 4 شوبات لە رمێلان رۆژهەڵاتی قامیشلی و 25 كانوونی دووەم لەسەر رێگای نێوان تل تەمڕ – قامیشلۆ روویدا.

ئەم رووداوانە وەكو دەرەنجامی، شڵەژانی سیاسەتی ئەمریكی لەناوچەكە و هەوڵەكانی رووسیا بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە لە قەڵەم دەدرێت. نەواف خەلیل سەرۆكی ناوەندی كوردی بۆ توێژینەوە ئەم لێكدانەوەیە بۆ پەیسەر پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت:" روس هەوڵدەدەن داگیركاری توركیا لە بەرژەوەندی خۆیان بەكاربێنن". 

دوای ئەوەی لە ئەیلولی 2014 (هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش) دامەزرا، باكووری رۆژهەڵاتی سوریا كە لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) دایە بووە ناوچەی هەژموونی ئەمریكی. لەم ناوچەیەدا سوپای ئەمریكا 10 بنكەی سەربازی دروستكرد. كە چواریان لە پارێزگای حەسكێ بوو، جگە لەمانە چەندین وێستگەی لۆجستیكی، هەواڵگری و ئەمنی دیكەشی دروستكرد.

بەڵام ئۆپاراسیۆنی توركیا لەگەڵ بەناو (سوپای نیشتمانی سوری) لە 9 تشرینی یەكەمی 2019 دژ بە هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)، رێگای بۆ دەستێوەردانی هێزی روسیا بۆ ناوچەی هەژموونی ئەمریكی خۆشكرد. بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشڕەوی توركیا هەسەدە ناچاركرا لێكتێگەیشتن لەگەڵ روسیادا بكات، كە بەگوێرەی ئەمە هێزەكانی روسیا و سوپای سوریا لەناوچە سنووریەكان لەگەڵ توركیادا بڵاوە بكەن. لە رێككەوتنی نێوان روسیا – توركیا لە 22 تشرینی یەكەمی 2019 لە سۆچی پشتگیری لەم لێكتێگەیشتنە كرایەوە و ئەنقەرە راگرتنی پڕۆسەی (كانی ئاشتی) راگەیاند.

هێزەكانی ئەمریكا لە ئێستادا خەریكی دروستكردنی بنكەیەكی دیكەی سەربازین لە گوندی (عەلی فەرو)

كشانەوە و گەڕانەوەی ئەمریكا
بەر لە دەستپێكردنی پڕۆسەی سەربازی توركیا لە سەرێكانیێ و گرێ سپی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە باكووری سوریا راگەیاند، دوای پاشگەز كردنەوەی لە بڕیاری كشانەوەدا، هێزەكانی ئەمریكا لە منبج و كۆبانێ، هەروەها تەواوی (رەقا) و فڕۆكەخانەی (تەبقە) كشانەوە. تەنیا بنكەكانیان لە دێرەزور و حەسكێ چۆڵ نەكرد. 

لە ئێستادا ئەمریكا هەوڵدەدات هەبوونی خۆی لە پارێزگای حەسكێ قایمتر بكات. لە 8 شوباتدا، بارەگایەكی پێشووی دەستەی بەرگری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە گەڕەكی (غوێران) لە باشووری حەسكێ كردە بنكەیەكی سەربازی، هەروەها بنكە هەواڵگریەكەی لە گوندی (هیمۆ) لە دەروازەی رۆژئاوای قامیشلۆ كردە وێستگەی یەكگرتنەوەی دەوریە سەربازیەكان. چاودێرێك لەناوچەكەدا كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ پەیسەر دەڵێت:" هێزەكانی ئەمریكا لە ئێستادا خەریكی دروستكردنی بنكەیەكی دیكەی سەربازین لە گوندی (عەلی فەرو) لە تل بەراق كە 10 كم لە رێگای نێوان قامیشلۆ – حەسكێ دوورە". 

لە ئێستادا هێزەكانی ئەمریكا چەند بنكەی سەربازیان لە حەسكێ هەیە كە ئەمانەن:
بنكەیەكی سەربازی لە دێرك، فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی لە گوندی (رمیلان شێخ) دوای ئەوەی بەرفراوان كرا و بووە فڕۆكەخانە و بنكەیەكی سەربازی
بنكەیەكی سەربازی لە گوندی (سفاتە) لە رۆژهەڵاتی دێرك
بنكەی سەربازی لە گوندی (دەلافێ كڕا)
فڕۆكەخانەی كشتوكاڵی لە گوندی (روباریە) كرایە شوێنی نیشتنەوەی فڕۆكە سەربازیەكانی ئەمریكا
بنكەیەكی سەربازی لە شارەدێی (چل ئاغا)
بنكەیەكی سەربازی لە گوندی (قەسرۆك) سەر بە تل بەدیر لەسەر رێگای لازقیە – حەلەب نزیك تل تەمڕ
بنكەی سەربازی لە شارەدێی ئەلشەدادی لە باشووری حەسكێ

ئەم گرنگی پێدانەی ئەمریكا بە حەسكێ و دێرەزور، ئەنجامی هەوڵەكانیەتی بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان. سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ چەند جارێكی لە قسەكانیدا جەختی لەم مەسەلەیە كردۆتەوە. هەروەها ئەوەی لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریادا روودەدات دەرەنجامی:" ناكۆكی نێوان ترەمپ و فەرماندە سەربازیەكانە. بڕیاری ترەمپ لەبارەی كشانەوە ناڕەزایی فەرماندە سەربازیەكانی لێكەوتەوە كە ناخوازن ناوچەكە لە بەرژەوەندی روسیا و ئێران چۆڵ بكەن". 

بڵاوەپێكردنی هێزەكانی روسیا
لە رۆژی 1 تشرینی دووەمی 2019 دا، بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان هەردوو وڵات لەناوچەی نێوان گوندی (شیرك) و شارەدێی دیرباسیە لە حەسكێ یەكەمین دەوریەی سەربازی نێوان روسیا و توركیا لەناوچەكەدا سوڕایەوە. ئەمەش ئاماژە بوو بە هاتنە ناوەوەی روسیا بۆ یەكەم جار بۆ باكووری رۆژهەڵاتی سوریا. چونكە پێشتر هەبوونی روسەكان تەنیا قەتیس بوو بە مانەوەیان لەناو فڕۆكەخانەی قامیشلۆدا، كە لە ئێستادا بە گەورەترین بنكەی سەربازی روسی لە قەڵەم دەدرێت. 

جگە لە فڕۆكەخانەی قامیشلۆ سوپای روسیا، بنكەیەكی لە دەروازەی باشووری شارەدێی ئاموودا لە باكووری حەسكێ، دەوروازەی درباسیە باكووری حەسكێ، گوندی (ئەبو رەئسەین) سەر بە سەرێكانیێ لە رۆژئاوای حەسكێ هەیە.

هەروەها هێزەكانی روسیا لەچەندین شوێنی شاری رەقا و كۆبانێ و منبج لە باكووری حەلەب بنكەی سەربازیان هەیە كە پێشتر لەژێر دەستی هێزەكانی ئەمریكادا بووە. هێزەكانی روسیا بنكەی سەربازیان لە فڕۆكەخانەی تەبقە لە باشووری رەقا دروست كردووە كە پێشتر بنكەیەكی ئەمریكی بوو. هەروەها لە بنكەی لیوای 93 لە شارەدێی عەین عیسا، بنكەی سڕینی ئاسمانی، بنكەی گوندی (خەراب عوشەك) لە كۆبانێ و بنكەی ئاسمانی ئەلسەعیدیە لە رۆژئاوای منبج. 

ركابەری و ململانێ
لە 18 شوباتی 2018 دا هێزەكانی سوریا بە پاڵپشتی ملیشیای روسی و ئێران ویستی پێشڕەوی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی فوڕاتدا بكات كە ناوچەی هەژموونی ئەمریكی بوو، ئەمریكا بەمە ناچاربوو ئەم هێزە بۆمباران بكات و بەدەیانیان لێ بكوژێت. ئەمەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە یەكەم رووبەڕوبوونەوەی ئەمریكا – روسیا لە دوای شەڕی سارد لە قەڵەمدرا. 

دواتر سوریا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و رێككەوتنی لەگەڵ هەریەك لە هەسەدە و توركیا بە دەرفەتێك زانی بۆ ئەوەی تەواوی ناوچەكە بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە. بەڵام بڕیاری ئەمریكا بە گەڕانەوەی هێزەكانی و مانەوەیان لە ناوچەكانی دەوروبەری حەسكێ و دێرەزور چاوتێبڕینی رووسی تا ئێستا راگرتووە، لەگەڵ ئەمەشدا زەمینەی پێكدادانی هەردوو هێزی دروست كردووە. 

ئەمریكا نەیتوانی لە رێگای دروستكردنی ناكۆكی لە نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە سنورێك بۆ مۆسكۆ لەناوچەكە دابنێ

بەگوێرەی نەخشەكان هەژموونی ئەمریكا لە قامیشلۆ بە ئاراستەی رۆژهەڵات بەرەو هەرێمی كوردستان و باشووری شاری حەسكێ دەست پێدەكات. ناوچەی هەژموونی روسیش دەكەوێتە نێوان رۆژئاوای قامیشلۆ تا تل تەمڕ لە رۆژئاوای حەسكێ. بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت كە ئەم دوو هێزە هەوڵنەدەن بچنە ناوچەی هەژموونی یەكتر، وەكو ئەوەی روسیا هەوڵیدا لە 4 شوباتی ئەم مانگەدا بەرەو دەروازەی سێماڵكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێشڕەوی بكات. كاتێك هێزەكانی هەسەدە نەیانتوانی رێگا لە دەوریەی روسی بگرن، هێزەكانی ئەمریكا ئاگادار كرانەوە، دەوریەكی ئەمریكی لە گوندەكانی سەر بە دێرك رێگای لە هێزەكانی روسی گرت. 

ئەم رووداوە و رووداوەكانی دیكە تەنیا ئاماژە نیە بە نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان ئەمریكا و روسیا، بەڵكو ئاماژەیە بە هەبوونی ناكۆكی قوڵ لە نێوانیاندا

ئەم رووداوە و رووداوەكانی دیكە تەنیا ئاماژە نیە بە نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان ئەمریكا و روسیا، بەڵكو ئاماژەیە بە هەبوونی ناكۆكی قوڵ لە نێوانیاندا. بە گوێرەی نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی نورەدین عومەر بۆ پەیسەر:" لە ئێستادا ئەمریكا هەوڵدەدات سنوورێك بۆ هەژموونی روسیا لەناوچەكەدا دیاری بكات. كە پێشتر نەیتوانی لە رێگای دروستكردنی ناكۆكی لە نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە ئەمە بكات". 

جەنەڕال كینیس ماكینزی فەرماندەی هێزی ناوەندی ئەمریكا لە 25 كانوونی دووەمی 2020 سەردانی ناوچەكەی كرد، بنكەكانی هێزی ئەمریكای لە حەسكێ بەسەر كردەوە. بە گوێرەی نورەدین عومەر:" ئەمریكا لە رێگای ئەم سەردانە ویستی هەڵەی رابردووی لەمەڕ كشانەوە راست بكاتەوە". 

هەر لەم چوارچێوەیەدا نەواف خەلیل دەڵێت:" سەردانەكە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی ئەنجامدرا. كە لەوانەیە ببێتە هۆی بەهێزبوونی مانەوەی ئەمریكا لە سوریادا". نەواف ئەم لێكدانەوەیە بەم ئاماژەیە دەبەستێتەوە:" ئەمریكا بەردەوامە لەسەر رەوانەكردنی چەك و كەلوپەلی لۆجستیكی بۆ دروستكردنی بنكەی نوێ لە قامیشلۆ و ناوچەكانی دیكەدا". 

نەواف خەلیل لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت:" سەردانی ماكینزی چەندین پەیامی بۆ چەندین لایەن هێنا. یەكێكیان ئێمە بەردەوامین لەگەڵ هەسەدە. ئەوەی دیكەیان بۆ روس، ئێران و رژێم بوو كە ئەمریكیەكان واز لەم ناوچەیە ناهێنن، لەوانەشە پەیامی سێیەم بۆ داعش و ئەوانە بێ كە هاوكاری دەكەن". 

لە ئێستادا هەژموونی روسیا بەهێزترە لە هەژموونی ئەمریكی

بەڵام نورەدین عومەر لەمبارەیەوە خوێندنەوەیەكی پێچەوانەی هەیە و دەڵێت:" لە ئەنجامی نەبوونی ستراتیژیەكی دیاری ئەمریكا لە سوریادا، لە سایەی ئیدارەی ترەمپ چەندین لایەنی هێزی لە بەرژەوەندی روسیا و ئێران لە دەستدا. لە ئێستادا هەژموونی روسیا بەهێزترە لە هەژموونی ئەمریكی. لەبەر ئەمە لەوانەیە ئەمریكا ناچاربێت لە سوریادا پاشەكشە لە بەرژەوەندی روسیادا بكات".