ڕاپۆرتی کوردستانی

06:34 - 18/02/2020

قورسایى داواكارى زۆرینه‌ى كورد له‌ عه‌لاوى؛ مانه‌وه‌ى وه‌زیره‌كان‌

پەیسەر پرێس


پارتی دیموكراتی كوردستان و محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی گه‌یشتوونه‌ته‌ بنبه‌ست له‌سه‌ر چاره‌نووسی فواد حوسێن، عه‌مار حه‌كیم بۆ كردنه‌وه‌ى گرێكه‌ نێوه‌ندگیری ده‌كات و هه‌مووان به‌ ده‌ورى مێزى خوانێكدا كۆده‌كاته‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكى فراكسیۆنى سائیرون رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێك لە وه‌زیره‌كانی دارایی و نه‌وت به‌ كورد ده‌درێت.

پارتی به‌ رۆیشتنى وه‌زیره‌كانى رازى نییه‌

پارتی دیموكراتى كوردستان پێداگری له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زیره‌كه‌ی له‌ پۆسته‌كانیان ده‌كات، به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس له‌ ماوه‌ی رابردوودا محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی و مه‌سعود بارزانی به‌ ته‌له‌فۆن گفتوگۆیان له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت كردووه‌ به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، ئێستا باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ پارتی داوای هێشتنه‌وه‌ی به‌نگین رێكاری وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌شی كردووه‌.

كورد وه‌زیری دارایی یا نه‌وت وه‌رده‌گرێت

دكتۆر ریاز مه‌سعودی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران-ی عێراق، به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كاندیدی راسپێردراو هه‌وڵ ده‌دات دڵنیایی و پشتیوانی هه‌موو كوتله‌ سیاسییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ له‌به‌رده‌م ژماره‌یه‌ك ئاڵنگاریدایه‌، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ دیاریكردنی كاتی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی بێكاری و خزمه‌تگوزاری و چه‌ند داواكاریه‌كی تری گه‌لی عێراق، بۆیه‌ ئێستا په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كان و محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی.

عه‌لاوى تا ئێستا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دیاریكردنى كاندیده‌كانى كابینه‌كه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى توانا بێت نه‌ك حزبیى. مه‌سعودی ده‌ڵێت:"كوتله‌ كوردستانیه‌كان سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر بۆچوونیان له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت وه‌رنه‌گیردرێت، ئه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌ی پشتیوانی عه‌لاوی ده‌بن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن له‌ نێوان كاندیدی راسپێرداو و كوتله‌ كوردستانییه‌كان، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ ئه‌م دۆسیه‌ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ و له‌دوای ئه‌وه‌ عه‌لاوی كابینه‌وزاریه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات و ده‌یخاته‌ به‌رده‌م كوتله‌سیاسییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكرێت، دواتر له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران متمانه‌ی پێ بدرێت".

هێزه‌ شیعیه‌ كاریگه‌ره‌كانی وه‌ك هاوپه‌یمانی، سائیرون، فه‌تح، حكمه‌ و نه‌سر سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت هیچ وه‌زیرێكی دووباره‌ی تێدا نه‌بێت، به‌ تایبه‌تی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، ئه‌وه‌ش گرفتى گه‌وره‌ى بۆ خواسته‌كانى پارتى دروستكردووه‌، لایه‌نه‌ شیعییه‌كان دژى ئه‌و داواكارییه‌ى پارتین و پێیان وایه‌ ده‌بێت مه‌رجه‌كانى عه‌لاوى بۆ هه‌موویان بێت.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى سائیرون ده‌ڵێت:"پێمان وایه‌ پێویسته‌ بنه‌ماكان له‌سه‌ر هه‌مووان جێبه‌جێ بكرێن و هیچ كه‌سی لێ به‌ده‌ر نه‌كرێت، به‌ڵام هه‌ر جیاكارییه‌ك بۆ لایه‌نێك كه‌ پێداگری له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی وه‌زیرێكی پێشووی بكات، ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی جێگه‌ی دڵخۆشی نییه‌ و ده‌بێته‌ ئاڵنگاریه‌كی تری به‌رده‌م ئه‌و هێزانه‌ی له‌پشت پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ن پێم وایه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌ سیادیه‌كانی نه‌وت و دارایی یه‌كێكیان بۆ كورد ده‌بێت، هه‌روه‌ها چوار وه‌زیری خزمه‌تگوزاری تر ده‌درێته‌ كورد".

مه‌سعودى نایشارێته‌وه‌ هه‌ندێك لایه‌ن پشتیوانى له‌ بیرۆكه‌ى مانه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان،"به‌ڵام به‌ تێپه‌ربوونی كات بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پێویسته‌ پشتیوانی كابینه‌ی نوێ بكه‌ن".

حه‌كیم نێوه‌ندگیری ده‌كات

بڕیاره‌ ئه‌مشه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گرنگ له‌ ماڵى عه‌مار حه‌كیم بكرێت، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و حزبه‌ كوردستانییه‌كانی بانگهێشت كردووه‌ بۆ ماڵی خۆی له‌ به‌غداد، محه‌مه‌د تۆفیق علاویش به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌كات. به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس محه‌مه‌د تۆفیق علاوی رایگه‌یاندووه‌، كه‌ كوتله‌ شیعییه‌كان فشاریان له‌سه‌ر دروستكردووه‌ كه‌ نابێت هیچ وه‌زیرێكی دووباره‌ی كابینه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بهێڵێته‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پشتیوانی ناكه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ردا پارتیش فشاری كردووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر وه‌زیره‌كان بگۆڕدرێن به‌شداری كابینه‌ی حكومه‌ت ناكات.

یه‌كێتی و شاندی دانوستانكار

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی سێ شه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، بڕیاردرا به‌ دیاریكردنی لاهور شێخ جه‌نگی به‌ سه‌رۆكی تیمی دانوستانكاری یه‌كێتی بۆ به‌غداد، شێخ جه‌نگی په‌یوه‌ندییه‌كی خراپی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌، بۆیه‌ دیار نییه‌ ئایا كورد وه‌ك جاری پێشوو په‌رشو بڵاو ده‌بێت یاخود ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می هاوپه‌یمانی كوردستانیی.

پێم وانیه‌ عه‌لاوی سه‌ركه‌وتووبێت

لای خۆیه‌وه‌ دكتۆر محمود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری دیاری كورد پێی وایه‌، عه‌لاوى ناتوانێت له‌ یه‌ك كاتدا خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه‌كانیش رازى بكات، بۆ په‌یسه‌ر گوتى:"به‌رپرسانی عێراق ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت كاندیدی سه‌ربه‌خۆ دابنێن، به‌ڵام كێ پشتیوانی كاندیدی سه‌ربه‌خۆ ده‌كات، ئه‌گه‌ر حزب و كوتله‌یه‌كی له‌ پشت نه‌بێت، به‌ تایبه‌تی كه‌ دۆخی عێراق جیاوازه‌ و هه‌موو چه‌ك و گروپ و میلیشیای هه‌یه‌، كاندیدی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت چی بكات و چی پێ ده‌كرێت، ده‌كرێت له‌ناو حزبه‌كانه‌وه‌ خه‌ڵك كاندید بكرێت چونكه‌ له‌ناو حزبه‌كان خه‌ڵكی باش و خه‌ڵكی خراپ هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت سود له‌كه‌سه‌ باشه‌كان وه‌ربگیردرێت".

گوتیشى:"عه‌لاوی بیه‌وێت و نه‌یه‌وێت ده‌بێت له‌لایه‌ك كوتله‌كان رازی بكات و له‌لایه‌كیش خۆپیشانده‌رانی سه‌ر شه‌قام، پێشم وانیه‌ به‌ئاسانی بتوانێت هه‌ردوولا رازی بكات، بۆیه‌ ره‌نگه‌ سه‌ركه‌وتووبێت له‌ دروستكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت به‌ڵام پێناچێت بتوانێت له‌ كاره‌كانی سه‌ركه‌وتووبێت، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران كوژراوه‌ ده‌بێت بكوژه‌كان بدۆزێته‌وه‌ و راده‌ستی دادگایان بكات ئایه‌ ده‌توانێت ئه‌وه‌ بكات؟ برواناكه‌م، سه‌ركه‌وتووبێت هه‌رچۆنێك بێت وه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌بێت. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كورد یه‌كگرتوو بێت و یه‌ك بۆچوون بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانن چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه‌".

كورد ئه‌مجاره‌ یه‌ك بۆچوون نییه‌، به‌ سێ باڵه‌وه‌ خه‌ریكى دانوستانه‌، به‌ڵام زۆرینه‌یان كه‌ یه‌كێتى و پارتین، قورسایى داواكارییه‌كانى خۆیان خستووه‌ته‌ سه‌ر وه‌رگرتنى وه‌زاره‌ت یاخود مانه‌وه‌ى وه‌زیره‌كانیان ره‌نگه‌، ئه‌م یارییه‌ بۆ كورد به‌ شكانێكى دیكه‌ كۆتایى بێت.