ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:06 - 19/02/2020

پلانی نوێی ناتۆ چییە لە عێراق؟‌

كوردستان ئەحمەد

دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی لە لایەن ئەمریكاوە كوژرا و بنكەی سەربازی ئەمریكا  عەین ئەسەد لەلایەن ئێرانەوە  بەموشك بۆردومانكرا دواتر شیعەكان لە پەرلەمان پڕۆژەی دەركردنی هێزە بیانیەكانی لە عێراقدا پەسەند كرد، لە ئێستادا ئەمریكا لە ڕێگەی ناتۆوە دەیەوێت دووبارە لە عێراقدا رۆڵێكی گەورە ببینێت و دووبارە كۆنترۆڵی دۆخی عێراق بكەنەوە.

لەچەند رۆژی رابردوودا چەند بەرپرسێكی باڵای هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) سەردانی عێراقیان كردووە و دەیانەوێت لە عێراقدا كاریی نوێ دەكات و دەیەوێت پێگەی خۆیی بەهێز بكات مانەوەی ئەمریكاش لەناو هێزەكانی ناتۆدا زیاتر خۆیی جێگیر بكات.

وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" پێی راگه‌یاندوون، كه‌ چه‌ندین پلانیان بۆ به‌ره‌وپێشبردن و فراوانكردنی كاره‌كانیان له‌ عێراق ئاماده‌ كردووه‌، دەیانەوێت چەند پلانێكی تۆكمە لە عێراقدا جێبەجێ بكەن.

عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق چاوی به‌ ژه‌نه‌راڵ جینی گاردینیا، سه‌رۆكی نێرده‌ی ناتۆ له‌ عێراق كه‌وتووه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر زیادكردنی ئه‌ركی ناتۆ و فراوانكردنی ئۆپه‌راسیۆن و كاره‌كانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ له‌ عێراق كردووه‌ته‌وه‌، باس لەوەشكراوە كە سەربازی ناتۆ لە عێراقدا زۆر بەبەهێزی چالاك بكرێت.

عوسمان غامنی دەڵێت: "دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی پێشوو لە گەڵ بەرپرسانی باڵای باكوری ئەتڵەسیدا  به‌ شێوه‌یه‌كی باش و نایاب به‌ڕێوه‌چوون و چه‌ندین راسپارده‌ و بڕیاری گرنگ بۆ به‌رده‌وامیدان و چالاككردنی كاری ناتۆ له‌ عێراق ده‌ركراون، به‌تایبه‌ت له‌ خوێندنگا ئه‌كادیمییه‌كانی پۆلیسی ئیتیحادی و سه‌ربازگه‌كانی مه‌شقدان".

ناتۆ و خولی سەربازی بۆ سوپا
غامنی دەڵێت سپای عێراق پێویستیەكی زۆری بە راهێنانی سەربازی وهەروەها هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ ناتۆدا هەیە بۆ ئەوەی بتوانن سوپای عێراق نیزامی تر بكەن و بتوانن رووبەرووی هەر هەرەشەیەكی دیكەی داعش یان تیرۆر یان هەر هێزێكی تری دەرەكیدا بگرێت.

 دەشڵێت: جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی زیادكردنی كورسی خولی سه‌ربازی بیانی و وه‌رگرتنی زۆرترین ژماره‌ی كادیری عێراقی كردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ببن به‌ خاوه‌ن ئه‌زموونی سه‌رده‌میانه‌ی سه‌ربازی و بتوانن له‌گه‌ڵ سوپا پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان هه‌ڵبكه‌ن‌".

تۆد واڵتێرز، ژه‌نه‌راڵی ئه‌مه‌ریكی و هاوكات فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ناتۆ له‌ ئه‌وروپا، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌ی ئاسایشی میۆنشن به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، "هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی كار له‌سه‌ر فراوانكردنی ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌ی له‌ عێراق ده‌كات، كه‌ 500 سه‌رباز له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند گرێنتییه‌كی ئه‌منی له‌ حكوومه‌تی به‌غداوه‌ وه‌رگرتووه‌ و پێدەچێت  هێزێكی زۆر بنێرنە عێراق و سوپایەكی باش لەعێراقدا كۆ بكاتەوە وهێزێكی زۆریش بتوانێت لە ناوچەكەدا بەبەهێزی بمێننەوە.

ژه‌نه‌راڵ دەششڵێت: "ناتۆ نامه‌یه‌كی وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م پرسه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق پێگه‌یشتووه‌"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان هه‌وڵ ده‌دات به‌ زووترین كات كاری تیمه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی له‌ عێراق فراوان بكات، به‌ڵام گرێنتی ئاسایشی سه‌ربازه‌كانیان له‌ پێشینه‌ی هه‌موو كاره‌كانیانه‌وه‌یه‌‌".
ناتۆ  و عێراق
هەر لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ناتۆ وەك هێزی سەربازی لە عێراقدا چالاكی هەبووە و  سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندیی نیشانداوە بە مانەوەی هێزەکانی رێکخراوی ناتۆ و فراوانکردنی چالاکییەکانی بۆ مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان.

ئەوە لەكاتێكدایە كە  ناتۆ دەیەوێت  راوێژکاری سەربازیی زیاتر بگوازێتەوە بۆ بنکە سەربازییەکانی عێراق بۆئەوەی راوێژی سەربازی بە هێزە عێراقییەکان بدەن و چەند چالاکییەک لەبری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ئەستۆ بگرێت..

هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی  ناتۆ لە ساڵی 2018وە بە 500 سەرباز و راوێژکارەوە  دەستیان بە مەشقپێکردن و راوێژپێدانی هێزە عێراقییەکان کردووە، بەڵام دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە سەرەتای ئەمساڵ، چالاکییەکانی وەستاند، تاوەکو لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە، بڕیاریاندا بە بەردەوامیدان بە چالاکییەکانیان.

ناتۆ و راهێنانی سەربازی
فەرماندەی هێزەكانی ناتۆ لەعێراق لەبارەی راهێنان بە سەربازەكانی عێراق دەڵێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پلانیان هەیە تا چوار ساڵی دیكە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و سوپای عێراق بكەن و تواناكانیان بەرەو پێش ببەن.

باس لەوەشدەكات ، نزیكەی 500 راهێنەر و راوێژكاریان لە عێراقن بۆ یارمەتیدان و بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی هێزە ناوخۆییەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، فەرماندەی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق جەختی كردەوە؛ ئامانجی سەرەكییان ئەوەیە دوای راهێنانیان بتوانن خۆیان تواناكانیان بەرەو پێش ببەن و ببنە راهێنەر و راوێژكار.

ناتۆ دەشڵێت: لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پلانیان هەیە تا ماوەی چوار ساڵی دیكە مەشق و راهێنان بە هێزەكانی سوپا و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ و پێشمەرگە بكەن بۆ بەرەوپێشبردنی تواناكانیان و هەماهەنگی تەواویان هەیە لەگەڵ یۆنامی و یەكێتی ئەوروپا و سەرجەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكە.

پێدەچێت ئەمریكا لە عێراقدا بیەوێت لە رێگەی ناتۆوە پێگەی خۆی بەهێز بكات، سەرەرای ئەویە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو  5 هەزار سەربازیان لە عێراقدا هەیە و نزیكەی هەزار سەربازیان دەكشێننەوە، بەڵام بەشێك لە زانیاریەكان باس لەوە دەكەن كە ئەمریكا لەرێگەی ناتۆوە بەنیازە 3 هەزار سەربازی دیكەی وڵاتەكەی بهێنێتە ناو عێراقەوە.