ڕاپۆرتی کوردستانی

03:11 - 20/02/2020

لەنێوان بڵومبێرگ و حکومەتی هەرێمدا ٧ ملیار دۆلار دیار نییە‌

پەیسەر

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی بڵۆمبێرگبێ کە دەڵێ: نەوتی کوردستان هاوشێوەی نەوتی عومانە و نرخی لە نرخی برێنت گرانترە، ئەوا حکومەتی هەرێم ساڵی رابردوو نزیکەی ٧ ملیار دۆلار زیاتر لەو پارەیەی دەستکەوتووە کە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی هەرێم.

کەرتی نەوتی هەرێم تائێستاش بە ناشەفافی هێڵراوەتەوە و هیچ لایەک نییە لێدوان یان روونکردنەوەی تەواو بدات لەسەر ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە فرۆش و داهاتی ئەم سامانەسروشتییە بڵاو دەکرێنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەر لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، ساڵی رابردوو حکومەتی ھەرێم نزیکەی ١٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. رۆژانە تێکرا نزیکەی ٤٦٦ ھەزار بەرمیل نەوت بووە، ئێستا ھەناردەی نەوت بەرزبووەتەوە بۆ ٤٧٥ بەرمیل لە رۆژێکدا.

نرخی راستەقینەی نەوتی هەرێم
کۆتایی ساڵی رابردوو، ئاژانسی بڵومبێرگ لە راپۆرتێکدا سەبارەت نەوتی ھەرێم بڵاویکردەوە: خواست لەسەر نەوتی مام ناوەند قورس کە نەوتی ھەرێمی کوردستان لەوجۆرەیە، زیادیکردووە لەبەر ئەوەی رێژەیەکی زۆر کبریتی تێدایە. نرخی هەر بەرمیلێکیش لەو نەوتە ٢ تا ٣ دۆلار زیاترە لە نرخی نەوتی برێنت.


لەراپۆرتەکەدا هاتووە: مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ سێ کۆمپانیا بە ناوەکانی ( تانکەر ئیکسپۆلەر، مینیرفا و گوانابارا) دوو ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستانیان کڕیوە. بڕیاریش بووە لە مانگی کانوونی یەکەمدا شاحینەیەکی تری نەوتی کوردستان بکڕن.
بڵومبێرگ ئاماژەی بەوەشداوە نەوتی هەرێم هاوشێوەی نەوتی سەڵتەنەی عومانە کە نەوتێکی مامناوەند قورسە و بڕێکی زۆر کبریتی تێدایەو چین  وکۆریای باشوور کڕیاری ئەو جۆرە نەوتەن زیاتر.

حکومەتی هەرێم: بەهۆی ئەوەی دەوڵەت نین ١٠ دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت نەوتی هەرێم دەفرۆشین

ئەم زانیارییانەی بڵومبێرگ لە کاتێکدایە، چەند ساڵە حکومەتی هەرێم دەڵێ، لەبەر ئەوەی ئێمە دەوڵەت نین، نەوتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە ١٠ دۆلار کەمتر دەفرۆشین لە نرخی برێنت. کەچی بڵومبێرگ دەڵێ ٢ تا ٣ دۆلار گرانترە لە نرخی برێنت!

ئەنوەر کەریم بەرپرسی (گۆشەی ئابووری) لە ژووری توێژینەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بەو نەوتەی کە بڵومبێرگ دەڵێ بە گرانتر فرۆشراوە بۆ پەیسەر گوتی:"بەشێک لەنەوتی کوردستان بەتایبەت ئەوەی لەشێخان ھەیە، نەوتی قورسە. پاڵاوگەکانی چین و ئاسیایش هەندێکیان تەنیا ئەو بۆ جۆرە نەوتە قورسە دروستکراون بۆیە لە ئاسیا کڕیاری نەوتی هەرێم هەیە".

ئەنوەر کە شارەزای بواری ئابووری و وزەیە روونی دەکاتەوە، بۆیە ئێستا کڕیاری نەوتی کوردستان لە چین و ئاسیا زۆربووە، چونکە ئێران و ڤەنزەوێلا کە نەوتیان بە چین دەفرۆشت، ئێستا گەمارۆیان خراوەتە سەر و ناتوانن نەوت وەکو جاران هەناردە بکەن.

چین و کۆریا کڕیاری نەوتی هەرێمن چونکە پاڵاوگەکانی ئەوان بۆ ئەو جۆرە نەوتە دروستکراوە هەرێم هەیە

 ئەنوەر کەریم زیاتر گوتی:" وڵاتانی ئێران و ڤەنزەوێلا لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان لەسەرەو ناتوانن نەوتەکانیان بفرۆشن، بۆیە داخوازیەکی زۆر ھەیە لەسەر نەوتی کوردستان و بە دوو دۆلار زیاتر لە نرخی برێنت دەفرۆشرێ. ئەوەیشی کە وەزارەتی سامانەسروشتییەکان دەڵێ نەوتی ھەرێم بەکەمتر لە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێ راست نییە".

بەپێی بە دواداچوونێکی پەیسەر کە پشتی بە بۆرسەی جیھانیی بەستووە، ساڵی رابردوو تێکڕا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت ٦٤ دۆلار و ٣٦ سەنت بووە. ئەگەر نرخی نەوتی ھەرێم بە ھەمان نرخی برێنتیش بووبێ نەک زیاتریش وەکو ئەوەی بڵومبێرگ دەیڵێ، ئەوا داھاتەکەی دەکاتە 10 مليار و ٩٤١مليۆن و ٢٠٠ هةزار دۆلار.


بەڵام عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: مانگانە تەنیا ٢٩٥ ملیۆن دۆلار لە پارەی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم دەگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت. بەوەش ساڵی رابردوو تەنیا ٣ ملیار و ٥٤٠ ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە.

 پرسیارەکە ئەمەیە ئەی ئەوحەوت ملیار و ٤٤٥ ملیۆن و٤٠٠ ھەزار دۆلارەی تر چی لێهاتووە کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم؟ هیچ کەس و لایەنێک نییە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.

شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی سامانەسروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە راپۆرتەکەی بلۆمبێرگ بۆ پەیسەر دەڵێ: ئەوە راستە کە زۆرینەی نەوتی ھەرێم جۆرە باشەیەکە، بەڵام کەمێکیشی ھەیە کە نەوتی قورسە و تەنانەت بەبۆری ھەناردەی دەرەوە ناکرێت و بەتانکەر دەفرۆشرێ.

جێگۆڕکێ بە بانکەکان
بەپێی زانیارییەکانی پەیسەر، لە ناوەوەی کوردستان ئاڵوگۆڕ بەو بانکانە کراوە کە داهاتی نەوتی ھەرێمیان لێ دادەنرا. لەناوخۆدا، پێشتر داهاتی نەوت لە (بانکی کوردستان) کە نزیکە لە نێچیرڤان بارزانییەوە دادەنرا، بەڵام لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆ ئیتر ناگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو بانکە، بەڵکو لەبری ئەودەبرێتە (ئاڕ تی بانک)ـەوە.

شێرکۆ جەودەت ئاشکرای دەکات، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکانی ھەرێم کۆبوونەتەوە و پرسیاری ئەوەیان کردووە بۆچی داھاتی نەوتی ھەرێم دەخرێتە بانکێکی ئەھلییەوە؟ وەڵامی بەڕێوەبەرە گشتییەکە ئەوەبووە کە " بانکە حکومییەکان توانای ئەوەیان نییە پارەی نەوتی ھەرێم لە خۆ بگرن". جەودەت دەڵێ، منیش پێشنیازم کرد مادام توانای ئەوەتان نییە باشترە ھەموو بانکە حکومییەکان دابخرێن.

چارەنووسی دیلۆیت
کۆمپانیای دیلۆیت کە بڕیاربوو چاودێری و وردبینی کەرتی نەوتی هەرێم بکات و ساڵانە راپۆرتی خۆی بڵاو بکاتەوە، بەڵام دوایین راپۆرتی ئەم کۆمپانیای لە مانگی ٥ی پاردا بڵاوکرایەوەو ئیتر دەنگی نەما.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیسەر لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، چوار راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت لە ئەنجومەنی وەزیرانە بەڵام حکومەت نایەوێ بڵاویان بکاتەوە.

سەرچاوەکە روونیکردەوە، بەشێکی ئەوەی کە راپۆرتەکان راگیراون پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە ئامارەکانی کۆمپانیای دیلۆیت لە وەزارەتی سامانەسروشتیەکان وەرگیراون، جیاوازن لە ئاماری کۆمپانیای رۆسنەفت کە سەرپەرشتی بە بازاڕکردنی نەوتی ھەرێم دەکات. هەروەها ئاماری کۆمپانیای سۆمۆش کە نوێنەری لە تورکیا ھەیە جیاوازە لەو ئامارانەی لەلای دیلۆیت تۆمارکراون. بۆیە حکومەتی ھەرێم بڵاوکردنەوەی راپۆرتی دیلۆیتی راگرتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دراونەتە پەیسەر، گرێبەستی نێوان حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیای دیلۆیت ھەڵنەوەشاوەتەوە و وەک خۆی جێبەجێ دەکرێ. ھەروەها سێ مانگ جارێک کۆمپانیاکە راپۆرت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەکاتەوە بەڵام حکومەتی ھەرێم راپۆرتەکان بڵاو ناکاتەوە.

 

ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٨ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە