ڕاپۆرتی کوردستانی

07:19 - 21/02/2020

قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە ئەتاتورکەوە تا قەیومەکان‌

لە جیهاندا ژمارەیەکی زۆر زمان هەن کە لەناوچوون و لەبەرلێواری لەناوچووندان. ڕێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوەیە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٠دا ٢١ی شوباتی وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ناساند.

بە پێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان لە جیهاندا زیاتر لە ٧ هەزار زمان هەیە و ٢ هەزات و ٤٧٤ زمان لەژێر مەترسی لەناوچووندان.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە تورکیا زیاتر لە ٣٦ زمانی جیاواز هەیە. لە تورکیا لەگەڵ ئەوەی ٣٦ زمانی جیاواز هەیە بەڵام یەک زمان لە خوێندنگاکاندا دەخوێندرێت و زمانی فەرمیە، ئەویش زمانی تورکیە.

 

سەندیکای پەروەردە و زانستی تورکیا ناسراو بە ( Eğitim-Sen) لە ٢٣ی کانونی دووەمی ١٩٩٥دا ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ٪١٧ی دانیشتووانی تورکیا زمانی دایکیان زمانی تورکی نییە و پێویستە هەموو منداڵێک بە زمانی دایکی خۆی پەروەردە ببینێت.

یەکێک لە زمانە گرنگەکانی تورکیا کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە پشتگوێخراوە زمانی کوردیە. لە باکووری کوردستان دوو زاراوەی کورمانجی و زازاکی هەن. هیچیان زمانی پەروەردە نین و هەوڵی تواندنەوەیان دەدرێت کە مێژووەکەی بۆ سەرەتای دامەزرادنی کۆماری تورکیا بە پلانی (شارک ئیسلاح) دەگەڕێتەوە.

پلانی شارک ئیسلاح و قەدەغەکردنی زمانی کوردی
لە ٢٤ی ئەیلولی ساڵی ١٩٢٥دا دەوڵەتی تورکیا پلانێکی بە ناوی "شارک ئیسلاح" بە واتای "چاکسازی ڕۆژئاوا" ئامادەکرد.
پلانی چاکسازی ڕۆژئاوا کە لە ١٤ مادە پێکدەهات، بە تایبەتی بۆ ڕەتکردنه‌وه‌ی گەلی کورد و قەدەغەکردنی زمانی کوردی ئامادەکرا.

دروشمی پلانەکەش "شێرە تورکەکان بەسەر کوردایەتیدا سەردەکەوین" بوو و بەو شێوەیە هەموو دەرفەتێکی دەوڵەت بۆ تواندنەوەی زمان و که‌لتوری گەلی کورد بەکارهێنرا.

لە ناوەندی حکومەتەوە بڕیارێکی فەرمی بۆ پارێزگارانی شارەکانی مەلەتی،  گورگوم، ئامەد، بەدلیس، وان، مووش، ڕوحا، ئەرغەنی، هۆزات، ئەرجیش، عادلجەواز، ئەخلات، پیران و ژمارەیەک ناوچە و گوندەکان نێردرا.

 

 بە پێی بڕیارەکە دەبێت لە هەموو ناوەندێکی حکومەت، شارەوانی و بازار و قۆتابخانە و خوێندنگاکاندا، جگە لە زمانی تورکی بە هیچ زمانێکی تر بە تایبەتی زمانی کوردی قسە نەکرێت.

پێویستە لە گوندەکاندا بنکەی فێرکردن و پەروەردە دابنرێت. بە تایبەتی لە قوتابخانەی کچاندا گرنگیەکی زۆر بە فێربوونی زمانی تورکی بدرێت.
لە بەشێکی تری بڕیارەکەدا هاتووە، هەر کەس بە پێچەوانەی بڕیارەکەوە بجوڵێتەوە و هەر هاوڵاتیەک یاساکان پێشێلبکات و لەدژی حکومەت بجوڵێتەوە، سزا دەدرێت.
بەو شێوەیە پڕۆسەی تواندنەوە و قەدەغەکردنی زمانی کوردی دەستیپێکرد و هەموو باکووری کوردستانی گرتەوە.

دوابەدوای بڕیارەکە لە ساڵی ١٩٣٠ کەمپینێک لە لایەن هەندێک رێکخراوی نزیک لە حکومەتەوە بە ناوی "هاوڵاتی بە تورکی قسە بکە" ڕاگەیەنرا.

ئەو کەمپینە هەموو تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە. ئامانجی کەمپینەکە پیرۆزکردنی زمانی تورکی و بە شارستانیکردنی زمانی توركی بوو کە زمانەکانی تر وەک شەرمێک و زمانی دواکەوتووەکان لەقەڵەمدەدرا و ئەمەش کاریگەریەکی زۆری لە سەر نەتەوەی کورد و کەمەنەتەوەکانی تر کرد.

لە ساڵی ١٩٦١ پەرە بە سیاسەتەکە درا
لە ساڵی ١٩٦١دا پڕۆسەیەکی چاکسازی لە ڕووی پەروەردە و فێرکردنەوە لە تورکیا دەستیپێکرد و لە ٥ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٦١دا یاسایەک دەرکرا کە لە ٢٢ لاپەڕە پێکدەهات.
یاساکە زیاتر باکووری کوردستانی گرتەوە و لە ٦٠ ناوچەی دووره‌دەستی باکووری کوردستان جێبەجێکرا و ئامانجەکەشی ئەوە بوو، منداڵانی کورد لە زمانی دایک دووربخرێنەوە.

سیاسەتێکی زۆر توند بۆ تواندنەوەی زمان و که‌لتوری کورد بەرێوەبرا و لە ناوەندی شارە کوردیەکان، هەر کەسێک بە کوردی قسەی بکردایا، بە بڕێک پارە سزا دەدرا.

دوای ئەوە بە شێوەیەک زمانی تورکی لەناو کۆمەڵگای کوردی پەرەیسەند کە کوردەکان ئیدی لە ماڵەکانیشیاندا بە تورکی قسەیان دەکرد.

یەک زمان، یەک نەتەوه‌، یەک دەوڵەت و یەک ئاڵا
هەرچەندە لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە، چەندین شۆڕشی کوردی سەریانهەڵداوە و تورکە چەپەکانیش لەدژی سیاسەتی تواندنەوە و ڕەتکردنەوەی گەلانی تر وەستانەوە، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ سیاسەتی تواندنەوە فراوانتر کرا.

لەم سەردەمەشدا کە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە تورکیا دەسەڵاتدارە، هیچ گۆڕانکاریەک لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر گەلی کورد و گەلانی تردا دروست نەبووە.

 

دەوڵەتی تورکیا خاوەنی عەقڵیەتی، یەک زمان، یەک نەتەوه‌، یەک دەوڵەت و یەک ئاڵایە و ڕێ بە خوێندنی زمانێکی تر بە تایبەتی زمانی کوردی بە شێوەیەکی فەرمی نادات و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتی دەزانێت.

هەڵوێستی توندی دەوڵەتی تورکیا لەوەدا خۆی پیشاندایەوە کە لەدوای داخستنی شارەوانیە کوردیەکان و دانانی قەیومەکان لەجێی هاوسەرۆکی شارەوانیەکان، تابلۆی سەر شارەوانیەکان کە بە تورکی و کوردی لەسەری نووسرابوو، لێکرانەوە و زمانی کوردیان قەدەغەکردەوە و دوای هەوڵێکی زۆریش بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی تورکیادا بەشی زمانی کوردی بکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون و تا ئێستاش دەوڵەتی تورکیا دژی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردیە.