03:56 - 23/02/2020
ده‌ف له‌خانه‌قای ده‌روێشانه‌وه بۆ ناو مۆسیقای فارسی
ئه‌و ده‌فـی له پشت كێوه‌كانی (كوردستان) سنه‌وه گه‌یانده پایته‌ختی ئێران و له‌كه‌ناری شه‌جه‌ریان دا ده‌فی لێده‌دا، ئه‌مكاره‌ی بووه جێی ناڕه‌زایی ده‌روێشان و هونه‌رمه‌ندانیش پێشوازیان لێ‌كرد. به‌ر له چل ساڵ له‌نێو مۆسیقای ئێران‌دا ده‌فژه‌نیان نه‌بوو، بیژه‌ن كامكار كه له منداڵیه‌وه ده‌چووه ته‌كیه و خانه‌قاكانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سنه، له‌وێوه دڵبه‌سته‌و شه‌یدای ده‌ف بوو.
یه‌كه‌م كه‌س بوو كه توانی سود له‌سازی ده‌ف وه‌ربگرێ و بیهێنێته ناو گروپه‌كانی مۆسیقای ئێرانی و ئێسته فارسه‌كانیش زۆری كه‌ڵك لێ وه‌رده‌گرن. چونكه پێش ئه‌و سه‌رده‌مه ته‌نها له ته‌كیه‌و كۆڕی ده‌روێشاندا ده‌فیان لێده‌دا.
هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی نیگه‌رانه له‌وه‌ی ئێران ده‌یه‌وێت ئه‌م ئامێره‌ش بكات به‌ناوی خۆیه‌وه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "كامكاره‌كان به‌وه سه‌ركه‌وتن كه ده‌فیان برده ناو مۆسیقای ئێرانییه‌وه، هه‌رچه‌نده ئێستا له‌ناو مۆسیقای ئێرانی‌دا خه‌ریكه ده‌ف ده‌كاته هی خۆی و بۆخۆی ده‌با، به‌ڵام ده‌ف یه‌كێكه له‌ئامێره‌كانی كورد".
ده‌ف..
ئه‌وانه‌ی كه به ساده‌یی ته‌ماشای ده‌ف ده‌كه‌ن وای بۆ ده‌چن ئامێرێكی مۆسیقایی ساده بێت (پێست و چێوه و زنجیر) ، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، ده‌ف وه‌ك سازێكی عیرفانی ته‌كنیكی خۆی هه‌یه. ده‌ف ده‌توانێ شانبه‌شانی هه‌ر ئامێرێكی مۆسیقایی دیكه بدوێت و گوزارشت له خۆشی و ناخۆشییه‌كان بكات.
ده‌ف سازێكی عیرفانییه، ئامێرێكی ڕیتمییه. ناوه‌كه‌ی له سه‌داكه‌یه‌وه وه‌رگیراوه. مێژووه‌كه‌ی زۆر دوورودرێژه، به‌ڵام له‌كوردستان هێلانه‌ی كردووه و ماوه‌ته‌وه. ده‌ف یه‌كێكه له ئامێره كوتراوه‌كانی كوردستان و له رابردوویه‌كی زۆر كۆنه‌وه ئه‌م ئامێره ته‌نیا له ته‌كییه و خانه‌قاكانی كوردستان ژه‌ندراوه. نه‌وای ئه‌م ئامێره عیرفانییه له‌گه‌ڵ زیكری پیاوچاكان و ئه‌هلی ته‌ریقه‌ت هاوڕێی بووه.
له‌باره‌ی مێژووی ده‌فه‌وه چل ساڵ به‌ر له ئێستا ئه‌و سازه هاته ناو مۆسیقای سوننه‌تی ئێرانیه‌وه كه به‌رله‌وه "ده‌ف" له‌نێو مۆسیقای ئێرانی‌دا نه‌بوو. به‌ڵام هه‌زاران ساڵه كورد ده‌یژه‌نن و بووه‌ته به‌شێكی گرنگی مێژووی فه‌رهه‌نگی كورد.
ئه‌مڕۆ ده‌ف له‌وه ده‌رچووه ئامێرێكی كوردی تایبه‌ت به ته‌كییه‌و خانه‌قای ده‌روێشان بێ، به‌ڵكو مۆسیقای ته‌واوی ئێرانی داگرتووه، ته‌نانه‌ت له وڵاته ئه‌وروپیه‌كان به‌هۆی گروپی مۆسیقای كامكارانه‌وه برایه كۆنسێرت و ڤیستیڤاڵه جیهانییه‌كان، ئه‌مه‌ش زۆر خه‌ڵكی بێگانه‌ی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوه.
بیژه‌ن كامكار، ئه‌م هونه‌رمه‌نده كورده جگه له‌وه‌ی گۆرانیبێژه، ژه‌نیارێكی به‌توانای ئامێره‌كانی ده‌ف و روباب و زه‌ڕب و تاره، له ماوه‌ی ئه‌م 40 ساڵه‌دا بێجگه له‌گه‌ڵ گرووپی موزیكی كامكاران، له‌گه‌ڵ گرووپه ناوداره‌كانی موزیكی ئێرانی، له‌وانه: شه‌یدا، عارف، ده‌ستان و ته‌نبووری شه‌مسیش هاوكاریی كردووه. تاكوو ئێستا كۆنسێرت گه‌لی جۆراوجۆری له شاره جۆراوجۆره‌كانی ئێران، هه‌رێمی كوردستان و سه‌رتاسه‌ری جیهان پێشكه‌ش كردووه و له كۆمه‌ڵێك فیستیڤاڵی گرینگی نێونه‌ته‌وه‌یی موزیك به‌شداری كردووه.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده كورده له‌باره‌ی ئاشنا بوونی به‌و سازه ده‌ڵێ: "من به منداڵی و ته‌نانه‌ت مێردمنداڵی ده‌چوومه خانه‌قاكانی كوردستان، شكۆ و گه‌وره‌یی ئه‌و ئامێره‌م هه‌ست پێده‌كرد، كاتێ ده دانه ده‌ف، بیست دانه ده‌ف پێكه‌وه لێیان ده‌دا، من تووشی جۆش و كوڵ ده‌بووم، هه‌ستم به‌وه ده‌كرد كه ده‌كرێ ئه‌و جۆش و خرۆشه بگوازرێته‌وه ناو مۆسیقا. كاتێ ڕیتمه‌كانی خودی ده‌ف لێده‌ده‌ین، خۆی زۆر نیشان ده‌دا و ته‌نانه‌ت له گروپدا زه‌ق ده‌نوێنێ.
ده‌ف له سه‌رده‌مانی كۆنه‌وه له كوردستاندا ژه‌نراوه. شوێنكه‌وتوانی ڕێبازی قادری له سه‌رده‌مانی كۆنه‌وه ده‌فیان بۆ كۆڕی زیكر به كار هێناوه. ئه‌مڕۆ "سنه به پایته‌ختی ده‌ف له‌جیهاندا" ناسراوه. ئه‌و سه‌رده‌مه له‌هه‌ر گه‌ڕه‌كێكی سنه‌دا (5-6) خانه‌قای هه‌بوو، كه هه‌ر خانه‌قایه له‌وانه ده تا سی ده‌فژه‌نیان تێدابوو، له‌ته‌كیه‌و خانه‌قادا ده‌روێشه‌كان له‌كاتی پێشوازیكردن یا به‌خاكسپاردنی شێخان ده‌فیان لێده‌دا، مه‌رامسیمی زیكر هه‌میشه به ده‌فه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چوو.
ئه‌و ڕیتمانه‌ی له خانه‌قاكاندا هه‌ن وه‌ك (2/4) و ( 3/4) و چه‌ند ڕیتمێكی تر، كه وه‌كو وه‌زن و كێشی عه‌رووزی شیعر چه‌ند ناویان بۆ داناون، كه زۆربه‌ی له‌ناوه ئیلاهی و قورئانییه‌كان وه‌رگیراون وه‌ك (لا اله اله الله) ، ( الله دایم) (یار علی) (مولا علی). ئه‌م ڕیتمانه‌ش تایبه‌ت به ته‌كیه و خانه‌قای ده‌روێشان، كه بوونی ده‌ف له‌ناو هه‌ڵقه‌ی زیكر حاڵه‌تێكی روحانی و عارفانه ده‌به‌خشێ.
دف نوازی استاد بیژن كامكار در مراسم عرفانى گریقت قادریه
ده‌روێشه‌كانی قادری ده‌فیان رزگار كرد
له سه‌رده‌می پێش هاتنی ئیسلام ده‌ف له مۆسیقای كوردی و ئێرانی هه‌روه‌كوو ئامێره‌كانى تر بوونی هه‌بووه، به‌ڵام به‌هاتنی ئیسلام كه مۆسیقا حه‌رام كراوه بۆ پاراستنی له تیاچوون له خانه‌قاكان و ته‌كیه‌كانی كوردستان ماوه‌ته‌وه. به‌جۆرێك كه بووه به به‌شێك له خانه‌قا و زكر و سه‌مای ده‌روێشانی كوردستان.
ئه‌ندامی سه‌ره‌كی گرووپی موزیكی كامكاران له به‌شی "چاوخشاندنێك بۆ مێژووی ده‌ف له ئێران‌دا" نووسیوییه‌تی: كاتێ ئه‌عراب هێرشیان كرده سه‌ر ئێران، هێندێك له‌و ئامێرانه له ئێرانه‌وه چوونه ده‌رێ و ئیتر نه‌هاتنه‌وه وه‌ك "چه‌نگ" كه چۆ رووسییه، یا "عوود" كه چۆ نێو عه‌ره‌به‌كان. ئێسته ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ ئه‌و ئامێرانه فێر بین، ده‌بێ له‌وان فێر بین.
هێندێك له‌و ئامێرانه‌ی تر به شێوه‌یه‌كی تر مانه‌وه"به‌ست نشینیان" كرد. (به‌ست نشینی، یانی په‌نابردن بۆ هێزێك كه له رێگه‌یه‌وه خۆت ده‌رباز بكه‌ی).
ئه‌و ئامێرانه‌ی "به‌ست نشینییان" كرد بۆ وێنه "كه‌مانچه" چووه مه‌راسیمی ئاینی لوڕه‌كان، "ته‌نبوور" چووه ناو مه‌راسیمی ئاینی ئه‌هلی حه‌ق كرماشان، "ده‌ف و نه‌ی" هاتنه نێو خانه‌قا و ده‌روێشانی قادری.
ده‌ف له كوردستاندا
مه‌وله‌وی شاعیر ده‌ڵێ:
سه‌دای ده‌ف و نه‌ی به‌یۆ نه گۆشت نه‌شئه‌ی مه‌ی به‌خشۆ حه‌یات وه هۆشت
بویه‌ر جه سـای ته‌رز ده‌ف و نه‌یه‌وه وه زات مـه‌ستــی نـه‌شئـــه‌ی مــه‌یـــه‌وه
ده‌ف له سه‌رده‌مانی كۆنه‌وه له كوردستاندا ژه‌نراوه. شوێنكه‌وتوانی ئایینی یارسان و هه‌روه‌ها شوێنكه‌وتوانی ڕێبازی قادری له سه‌رده‌مانی كۆنه‌وه ده‌فیان بۆ كۆڕی زیكر به كار هێناوه. هه‌روه‌ها چون له ئایینی ئیسلامدا به سازێكی حه‌ڵاڵ داده‌نرێ، له مه‌ولوونامه‌كان و كۆڕی زیكردا به كاری دێنن. هه‌روه‌ها له زه‌ماوه‌ندی پیرشالیاریشدا ده‌ف لێدان به‌شێك له مه‌راسمیكه‌یه. له‌به‌ر ئه‌مانه ده‌ف جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی له كورده‌واریدا هه‌یه و له‌گه‌ڵ سازی ته‌مبووردا به سازێكی كوردی داده‌نرێ و زۆرێك له خه‌ڵكی كوردستان ئاشناییان له‌گه‌ڵ ئه‌م سازه‌دا هه‌یه.
ته‌نانه‌ت له ناو كورده‌واریدا به تایبه‌ت له نێوان شوێنكه‌وتوانی ڕێبازی قادریدا باوه كه كاتێك كه ده‌فێك ده‌شكێ، له جیاتیی وشه‌ی شكاندن، وشه‌ی شه‌هیدبوونی بۆ به كار ده‌به‌ن. له ساڵی ٢٠١٤دا فێستیڤاڵێكی گه‌وره‌ی ده‌فژه‌نی له شاری سنه‌ی پارێزگای كوردستاندا به ڕێوه چوو. بۆیه له ئێران‌دا ده‌ف به ناوی كوردستانه‌وه ناسراوه و ده‌وترێ كه پارێزگاكانی كوردستان و كرماشان ناوه‌ندی ئه‌سڵیی ده‌فن و كورد و ده‌ف پێكه‌وه ده‌ناسرێن.
یه‌كه‌مجار كه ده‌ف چووه‌ناو مۆسیقای سونه‌تی ئێرانیه‌وه
هێنانی ده‌ف بۆ ناو موزیك و گۆرانیی كوردی، مێژوویه‌كی كۆنی نییه و له ساڵانی حه‌فتاكانه‌وه هاوشانی ئامێره موزیكییه‌كانی تر به‌كار هاتووه. ئه‌ویش له رێگه‌ی گرووپی كامكارانه‌وه ده‌ف بۆ گۆرانییه‌كان به‌كار هێنرا. له‌وه به‌دواوه زۆربه‌ی گرووپ و تیپه موزیكییه‌كان به‌كاریان هێنا.
بیژه‌ن كامكار هونه‌رمه‌ند و موزیكژه‌نی كورد جێ په‌نجه‌ی به‌سه‌ر مۆسیقای ئێرانییه‌وه دیاره، ئه‌ویش به‌هێنانی ده‌ف بۆ ناو مۆسیقای ئێرانی. ئه‌و له‌ماوه‌ی ئه‌ندام بوونی له گروپی موسیقای "شه‌یدا" ، به پێشنیاری محه‌مه‌د ڕه‌زا لوتفی هونه‌رمه‌ندی ناوداری ئێرانی كه‌ڵكی له سازی ده‌ف وه‌رده‌گرێت له كۆنسێرت و ئاهه‌نگه‌كانی ئه‌و گروپه. كه بۆیه‌كه‌مجار بوو له‌مێژووی مۆسیقای ئێرانی‌دا ده‌ف له‌نێو گروپی مۆسیقادا هاوشانی ئامێره‌كانی تر بژه‌نرێت. ئه‌م كاره‌ی بیژه‌ن كامكار به‌هۆی ئه‌وه‌ی شتێكی تازه‌بوو بووه جێی سه‌رنجی هونه‌رمه‌ندان و له‌لایه‌ن خه‌ڵكیشه‌وه پێشوازی فراوانی لێكرا.
بیژه‌ن له چاوپێكه‌وتنێكیدا ده‌ڵێ: "زۆر به راشكاوانه ده‌ڵێم پێشتر له هیچ جێیه‌ك و له هیچ شوێنێك نه‌بوو و كه‌ڵكی لێ وه‌رنه‌گیراوه. ئه‌و سازه سازێكی ئێرانییه و دوای هێرشی ئه‌عراب بۆ ئێران، كورده‌كان به‌تایبه‌ت ده‌روێش و سۆفییه‌كانی قادری نه‌جاتیان دا.
بیژه‌ن كامكار له‌به‌شێكی كتێبه‌كه‌یدا نووسیوییه‌تی: ئه‌م ئامێره سه‌ره‌تا باوكم ره‌وانشاد مامۆستا حه‌سه‌ن كامكار له گرووپی سه‌ر به فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ئه‌و كاتی كوردستان كه‌ڵكی لێوه‌رگرتووه و پاشان من له ساڵی 1974 له گرووپی موزیكی "شه‌یدا" ده‌ستم به ژه‌نینی كردووه، له‌ڕاستیدا ئه‌م دوو كاته ده‌توانین به خاڵی سه‌ره‌تایی په‌ره‌پێدانی ژه‌نیاری ئامێری ده‌ف له وڵاتی ئێران ده‌ستنیشان بكه‌ین.
بۆ یه‌كه‌م جار به شێوازێكی حێرفه‌یی ئه‌وه‌ل له با‌غی فیردۆس و دوایی له جه‌ژنی هونه‌ری شیراز، ساڵی ١٩٧٤ له ئاهه‌نگێكی مامۆستا شه‌جه‌ریان كه‌ڵكمان لێ وه‌رگرت. له‌و به‌رنامه‌یه‌دا خۆم ژه‌نیاری ده‌ف بووم".
دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌نێو گروپه‌كانی مۆسیقادا له‌جێی ئامێری تومبه‌ك "زه‌ڕب" ده‌ف به‌كارده‌هات، هونه‌رمه‌ند شه‌هرامی نازری یش له‌سێ ئه‌لبومی خۆیدا به‌ناوه‌كانی "گل صد برگ، اتش نیستان، صدای سخن عشق" سوودی له‌م سازه بینی و بووه هۆی زیاتر ئاشنابوون و ناساندنی ئه‌م ئامێره له‌نێو مۆسیقای ئێرانی‌دا.
ده‌روێشان ناڕه‌زا بوون ده‌ف له‌خانه‌قا بچێته‌ده‌ره‌وه
ده‌ف سازێكی ته‌واو عیرفانی و تایبه‌ت به ده‌روێشانی ته‌ریقه‌تی قادری كوردستان بوو، زكر و سه‌مای ده‌روێشانی ته‌ریقه‌تی قادری به ئامێری ده‌ف ده‌كرێ. ده‌ف ئامێرێك بووه كه به پیرۆزی ته‌ماشا كراوه، به‌جۆرێك كه زۆربه‌ی ژه‌نیارانی كورد به بێ ده‌ستنوێژ نایژه‌نن.
له رابردوویه‌كی زۆر كۆنه‌وه ئه‌م ئامێره ته‌نیا له ته‌كییه و خانه‌قاكانی كوردستان له بۆنه‌ی مه‌ولوود و له زیكری ئاینیدا به‌كار هاتووه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی بیژه‌ن له‌ناو مۆسیقای ئێرانی‌دا پێشوازی باشی لێكرا، به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی ناڕه‌زایی توندی ده‌روێشانی كوردستان بووه‌وه چونكه ده‌ف به‌لایانه‌وه پیرۆز و جێی ڕێز بوو. نه‌وای ئه‌م ئامێره عیرفانییه له كۆڕی زیكری پیاوچاكان و ده‌روێشانی ئه‌هلی ته‌ریقه‌ت ژه‌نراوه، نه‌ك كه‌سێك بێت‌و گۆرانی له‌گه‌ڵ بڵێ. ئه‌وان موخالف و نه‌یاری ئه‌وه‌بوون ده‌ف له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ته‌كیه‌و خانه‌قا بچێته ده‌ره‌وه و له‌جێگه و كۆڕی غه‌یره عیرفانی بۆ گۆرانی به‌كاربێت.
بیژه‌ن كامكار بۆ ساردكردنه‌وه‌ی كه‌فوكوڵی ناڕه‌زایی ده‌روێشان، سه‌ردانی یه‌كێ له‌خانه‌قاكانی سنه ده‌كات. پێده‌چێت بیژه‌ن توانی بێتی له‌و دانیشتنه‌دا قه‌ناعه‌تیان پێبكات و له‌وێدا په‌یمانی ئه‌وه‌یان پێده‌دا حورمه‌تی ئه‌و سازه بپارێزێت.
جگه له‌و ده‌نگه ناڕازییه‌ی له‌نێو ده‌روێشانی ته‌كیه‌و خانه‌قا به‌رز بووه‌وه، هونه‌رمه‌ندێكی كوردیش ڕه‌خنه‌ی توند له‌و مۆزیكژه‌نانه ده‌گرێ كه "ده‌فیان برده ناو مۆسیقای فارسیه‌وه بێ ئه‌وه‌ی به كوردی نێوی به‌رن".
ناسری ڕه‌زازی له‌وتارێكدا ده‌ڵێ: " له كوردستانی بنده‌ستی ئێران، به هۆی هه‌ندێ مۆسیقاری به‌ناو كورده‌وه، ده‌ف كه ئامێرێكی كۆنه و له كوردستان له‌به‌ر بوونی ده‌رویش و خانه‌قا، زۆربه‌ی ده‌روێش و لایه‌نگره‌كانی ئه‌و ته‌ریقه‌ته ده‌یزانن و ده‌فژه‌نن و له ئێران‌دا بووه به سازێكی كوردی و تایبه‌ت به ناوچه‌كانی كوردستانه، به تایبه‌ت شاری سنه، برایه ناو مووزیكی فارسی و پێشكه‌ش به باره‌گای مووزیكای سوننه‌تی ئێران كرا و ده‌یان مێلۆدی كوردیش هه‌ر به‌هۆی ئه‌وانه‌وه كه ئێستا زۆریان له تاران ده‌ژین، كرا به فارسی و درا به گۆرانیبێژانی فارس، بێ ئه‌وه‌ی به كوردی نێوی به‌رن ".
1-چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بیژه‌ن كامكار، گۆڤاری ڕامان، ژماره (52)
2-(داگیركردنی كوردستان و تاڵانی هونه‌ری كوردی): ناسر ره‌زازی ، گۆڤاری خاك
3- ( حكاییت از خانقاه تا خیابان: گفتگو با بیژن كامكار) له سایتی (موسیقى ایرانیان).