ڕاپۆرتی کوردستانی

03:25 - 24/02/2020

ئەمریكا چی وتوە بە عێراقیەكان؟‌

كوردستان ئەحمەد

پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پشكی لایەنەكانی عێراق یەكێكە لە گەرمترین رۆژەفەكانی شەقامی كوردی، محەمەد عەلاوی دەیەوێت وەك پاڵەوانێكی سەربەخۆ دەربكەوێت و رۆڵببینێت لە چارەسەر كردنی كێشەكانی عێراقدا و حكومەتە فریادرەسەكەشی ببێتە حكومەتی هەموو لایەنەكانی عێراق.

هەرچەندە تاكو ئێستا هیچ دڵنیایەكی نێوخۆی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە سەركەوتوی و بەهێزی حكومەتە نوێكەی عێراق و هەوڵەكانی عەلاوی نییە، بەڵام بە كۆی گشتی و لە رواڵەتدا وادەردەكەوێت هەموو لایەنە ناوخۆیەكان نیەتێكیان هەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەتەكە ئەگەر پشكی خۆیان تێدا هەبێت.

لەلایەكی تریشەوە خۆپیشاندانەكانی عێراق بەردەوامن دەیانەوێت حكومەتێك ردوست بكرێت كە چارەسەری كێشەكانی خەڵكی عێراقی تێدا بكرێت وبەدڵی شەقامی عێراقی بێت كە شەقامێكی فرەلایەن و فرە رەهەندە.

ئەمریكا چی دەڵێت؟
هەر لەسەرتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان و دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆكی حكومەتی عێراق: ئەمریكا پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێی كردو داوای كرد ئەو حكومەتەی كە پێكدەهێنرێت مافی هەموولایەك دابین بكات و بەدڵی هەموو لایەكیش بێت.

هەرچەندە عەلاوی خۆی بە كەسێكی سەربەخۆ لەقەڵەم دەدات و بانگەشەی پیكهێنانی حكومەتێك دەكات بەبێ لایەنە سیاسیەكان و كەسانی تەكنۆكۆرات و بێلایەنی كاندید كردووە بۆ ئەوەی ببنە وەزیر لە كابینەكەیدا، بەڵام تا ئێستا بەتەواوەتی نەیتوانیوە دڵی لایەنە عێراقیەكان رازی بكات بە تایبەتی كورد و سونە.

هەر لەسەرتادا چەندین جار ئەمریكا بە راستەوخۆو ناراستەوخۆ پەیامی واشنتنی لەرێگەی مایك پەمپیۆ و باڵوێزی عێراقەوە گەیاندوەتە تەواوی بەرپرسانی عێراق و چەندین جاریش بە تەلەفۆن قسە لەسەر ئەوە كراوە كە دەبێت هەرچی زوترە كار بكرێت بۆ ئەوەی حكومەتی نوێی عێراق بەشێوەیەكی دەستوری دابمەزرێت.

ئەمریكا چی بە عەلاوی وتوە؟
رۆژی دوو شەممە 24/2/2020 مایك پەمپیۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ محەمەدعەلاوی كردووە، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەر، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پەمپیۆ بە عەلاوی وتوە پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ و  هیچ لایەنێكیش بێبەش نەكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی نێودا.

مایك پەمپیۆ بەعەلاوی وتوە، پێویستە لایەنی كورد و سونە لە عێراق و حكومەتی نوێدا بێبەش نەكرێن و نیگەرانیەكانیان بڕەوێنرێتەوە و داواكاریەكانیان جێبەجێ بكرێت و بەپێی دەستوری عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر ئەمریكا بە هەردوولایەنی كوردی و سونیشی وتوە پێویستە پشتیوانی حكومەتەكەی عەلاوی بن و كاربكەن بۆ دروست كردنی حكومەتەكە و لەبەرامبەریشدا مافە دەستوریەكانتان پەسەند دەكرێت.

ئایا ئەمریكا پشتیوانی حكومەتی نوێی عێراق دەكات؟
ئێستا كورد نیگەرانە لە پێكهێنانی حكومەتی نێوی عێراق و پێدەچێت بەو بەشەی كە پێی دراوە رازی نەبێت لەبەر ئەوەی هەندێك لایەنی كوردی نیگەرانیان دەربڕیوە لە كاندیدە كوردەكان و پێدەچێت پشتیوانیان نەكەن، هەرچەندە ئەمریكا ئاگادری كوردەكانی كردوەتەوە كە دەبێت پشتیوانی حكومەتەكەی عێراق بكەن.

لەسەر پرسی دروستكردنی حكومەتی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پشتیوانی ئەمریكا تارا شوان بەرپرسی ئینستتیوتی ئابوری ئەمریك كوردی بە پەیسەری ڕاگەیاند: یەكێك لە هەرە پرسە گرنگەكان لە كابینەی دۆناڵد ترەمپدا پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقە و پیویستە عێراقیەكان رێككەون لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ مافی هەموو پێكهاتەكانی تێدا پارێزراو بێت و  حكومەتێكی بەهێز دروست بكرێت، بەو شێوەیەش ئەمریكا پشتیوانی حكومەتی نوێدەكات و دەبێت  رێز لە هەموو پێكهاتەكانی عێراق بگیر دێت .

تارا دەشڵێت: حكومەتی نوێی عێراق ئەگەر بتوانێت كێشەكانی لەگەڵ لایەنە ناوخۆیەكاندا چارەسەر بكات و پرسە هەنوكەیی و ئابوری و داواكاریەكانی خەڵك چارەسەر بكات ئەوا دەتوانێت سەركەوتوو بێت و هەروەها ئەمریكاش پشتیوانی دەكات و هاوكاریی دەكات لە هەموو رویەكەوە.

پێویستە كورد چی بكات؟
دكتۆر موحەمەد  جەلال مەجید پسپۆر لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان و مامۆستای زانكۆ  دەڵێت: حكومەتی عێراق حكومەتێكی ئاڵۆزە هەر لەسەرتاوە مافی كوردی پێشێل كردووە ئەگەر كورد لاواز بێت ئەوا عێراق مافی دەخوات.

لەپێكهێنانی حكومەتی نوێدا دووشت زۆر گرنگە ئەویش سازش نەكردنە لەسەر مافەدەستوریەكان بەتایبەتی پرسی ماددەی 150 و هەروەها ناوچە جێناكۆكیەكان كە ئەوە گرنگترین خاڵە بۆ كورد.

وەهەروەها پێویستە كورد یەكدەنگ و یەك ریز بێت كاتێك دەچێتە عێراق چونكە یەكریزی و یەك دەنگی دەتوانێت زۆر شتی گرنگ بۆ كورد بكات و دەتوانێت رۆڵ ببینێت لەبەردەم بەدەست ھێنانی مافە دەستوریەكانی كوردا.

لەراستیدا كورد لە عێراقدا و لە چوار چێوەی ئەو وڵاتەدا رێگەی نابێتەوە، هەركاتێك ئەو دوو لایەنە رێككەوتبن ، ئەوا تەنها كاتی بوە و دوای ماوەیەك كێشەكانی نێوانیان سەری هەڵداوەتەوە بۆیە پێویستە كورد بەشێوەیەكی زۆر سەركەوتوانە ئەمجارە روو لە عێراق بكات و پشك پشكێنە بگۆرن بۆ پرسی دەسكەوتی دەستوری .