ڕاپۆرتی کوردستانی

08:09 - 25/02/2020

بۆ رازیكردنى شیعه‌ كورد له‌ ده‌رگاى ئه‌مریكا و به‌ریتانیا ده‌دات‌

پەیسەر پرێس

كورد له‌گه‌ڵ شیعه‌كان و عه‌لاوى رێگه‌چاره‌یه‌كى نه‌دۆزیوته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى خۆى بخزێنێته‌وه‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ته‌وه‌، ئه‌مریكا بۆ رازیكردنى هه‌ردوولا له‌سه‌ر خه‌ته‌، هه‌رێمى كوردستان به‌ فه‌رمى داواى له‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا كردووه‌، هاوكارى كورد بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌م قۆناغه‌ له‌ مه‌ترسى دووربێت و به‌ سه‌لامه‌ت به‌شدارى حكومه‌ت بكات، بێباكى شیعه‌كان به‌ جۆرێكه‌ كورد داواى گرنتى بۆ مانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات. 

مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان راگیراوه‌و كراوه‌ته‌ كه‌ره‌سته‌ى فشار

چه‌ند دانیشتنێك له‌ نێوان شاندى كورد و عه‌لاوى، شاندى كورد و لایه‌نه‌ شیعییه‌كان كوردى نه‌گه‌یاندووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى چوونى بۆ نێو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ى عه‌لاوى خێردار بێت، ئه‌وه‌ى زیاتر كوردى دوودڵ كردووه‌، بێباكى و په‌یامه‌ تونده‌كانى عه‌لاوییه‌ كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بێباكى خۆى راگه‌یاندووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان راگیراوه‌و كراوه‌ته‌ كه‌ره‌سته‌ى فشار له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ شیعه‌كان بابه‌تى سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى و ده‌سه‌ڵاتێكى ناوه‌ندى به‌هێزیان هێناوه‌ته‌ گۆڕێ و به‌ راشكاوى خواستى خۆیان بۆ پاشه‌كشه‌ له‌ فیدراڵى داوه‌ به‌گوێى شاندى كورددا. 

دۆخه‌كه‌ به‌ جۆرێكه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ست ده‌كات، له‌ به‌رده‌م مه‌ترسى سڕینه‌وه‌ى یه‌كجاریدایه‌ و شیعه‌كان له‌ بیرى به‌ستنه‌وه‌ى ته‌واوى پارێزگاكانن به‌ ناوه‌نده‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك په‌یوه‌ست بكه‌ن به‌ حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌. فایله‌كانى دانوستانى هه‌رێمى كوردستان كورد هێشتا له‌ بابه‌تى دانانى وه‌زیر گیرى كردووه‌، هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌كانى دیكه‌شه‌ جگه‌ له‌ به‌ڵێنێكى عه‌لاوى بۆ به‌دوور گرتنى مووچه‌ له‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان شتێكى ئه‌وتۆ به‌ كورد نه‌گوتراوه‌. 

 كوردو سووننه‌ تا ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ی رێككه‌وتنن

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى فه‌رمى بۆ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌م قۆناغه‌دا هاوكاریان بن، به‌ سه‌نگ و پێگه‌وه‌ به‌شدارى حكومه‌تى عێراق بكه‌ن و گره‌نتى مانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانیش بكرێت. تا ئێستا دیارنییه‌ وه‌ڵامى ئه‌مریكا بۆ كورد چى ده‌بێت، به‌ڵام زانیارى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ عه‌لاوییان گوتووه‌ حكومه‌تێكى بێ كورد و سوننه‌یان ناوێت.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ به‌غدا بڵاویكرده‌وه‌، مایك پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى ئه‌نجامداوه‌و پێى گوتووه‌، كه‌ چاره‌سه‌رى ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ كوردو سوننه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركه‌وتنى كابینه‌كه‌ى گره‌نتى بكرێت. 

ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رۆژى پێنجشممه‌ى داهاتووی دیاریكردوو بۆ كۆبوونه‌وه‌ى خۆى تایبه‌ت به‌ ده‌نگدان به‌ كابینه‌ى نوێ، كوردو سوونه‌ تا ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ رێككه‌وتنن، شیعه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كابینه‌كه‌ به‌ ده‌نگى زۆرینه‌ تێده‌په‌ڕێنن، به‌ڵام پێناچێت شیعه‌كان خۆیان خوازیارى وه‌ها هه‌نگاوێك بن. 

عه‌لاوى كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌ بیانییه‌كانى ناو خاكى عێراقى خستووه‌ته‌ سه‌ره‌تاى به‌رنامه‌كه‌ى

حه‌سه‌ن ئالى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسیله‌وه‌كرد، كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و كاندیدانه‌ى عه‌لاوى دیاریكردوون له‌ سه‌درییه‌كانن، به‌ڵام عه‌لاوى بابه‌تى كاندید ته‌نها به‌سه‌ر كورد و سوننه‌دا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌و پێى وابوو عه‌لاوى به‌ په‌راوێزخستنى كوردو سوننه‌ ده‌ستیپێكرد و ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌كى باش نه‌بوو. 

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌ بیانییه‌كانى ناو خاكى عێراقى خستووه‌ته‌ سه‌ره‌تاى به‌رنامه‌كه‌ى، به‌وه‌ش پشتیوانى زۆرى شیعه‌كانى بۆخۆى كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌مریكا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى بخاته‌ سه‌رپێى خۆى.

تا كات له‌ كۆتایى نزیكتر ده‌بێته‌وه‌ بۆ راسپاردنى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، لێدوانى لایه‌نه‌ شیعییه‌كان توندتر ده‌بێت سه‌درییه‌كان په‌یامى توندیان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن حكومه‌ت به‌ زۆرینه‌ تێده‌په‌ڕێنن، په‌یسه‌ر پێشتر بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ به‌ راشكاوى به‌ شاندى كوردیان گوتووه‌، چیتر ئه‌زموونى بوودجه‌ى ٢٠١٩ دووباره‌ ناكه‌نه‌وه‌و رێگه‌ش ناده‌ن مه‌له‌فى نه‌وت و گومرك به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت. هادى عامریش به‌ راشكاوى بابه‌تى گۆڕینى سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى داوه‌ به‌ گوێى كورددا. ئه‌گه‌رچى زانیارى هه‌یه‌ كه‌ عامرى سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارى كورد نه‌رمتره‌و له‌سه‌ر خه‌ته‌ بۆئه‌وه‌ى نێوه‌ندگیرى له‌نێوان كورد و عه‌لاوى بكات.

 ئێستا كیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر مه‌ترسییه‌وه‌

به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، باشتر وایه‌ كورد به‌شداری بكات بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نێك حوكمرانی ته‌واوه‌تی عێراق نه‌كات و رێگری بكه‌ن له‌وه‌ی وڵات بگەڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می دیكتاتۆری. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نه‌یشارده‌وه‌، ئێستا كیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر مه‌ترسییه‌وه‌.

روونیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر كیانی هه‌رێمی كوردستان پارێزراوبێت و مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێم مسۆگه‌ر بن ده‌كرێت كورد به‌شداری بكات باشترە، به‌ڵام ئێستا كیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووەته‌ به‌ر مه‌ترسیه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت ده‌ستوری عێراق هه‌مواربكه‌نه‌وه‌ و كیانی هه‌رێم وه‌ك خۆی نه‌مێنێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌لای كورده‌وه‌ هێڵی سوره‌.

چه‌ند كاتژمێرێكى زۆرى نه‌ماوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، كورد ده‌بێت بڕیارى خۆى بدات ئێستا به‌دواى گره‌نتى نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌گه‌ڕێت، شیعه‌كانیش كاتى زۆریان له‌ پێش نییه‌ و تا یه‌ك شه‌ممه‌ ده‌رفه‌تیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر تا رۆژى پێنجشه‌ممه‌ رێككه‌وتن نه‌كرێت پێده‌چێت عێراق پێ بنێته‌ قۆناغێكى ئاڵۆزتره‌وه‌.