ڕاپۆرتی کوردستانی

02:02 - 26/02/2020

سبەینێ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت و كوردیش چاوەڕێیە‌

پەیسەر پرێس

بڕیارە سبەینێ پێنج شەممە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی عەلاوی بكرێت، كوردیش داواكارییەكی بێ وەڵامی هەیە و نوێنەرانی كوردیش، چاوەڕێی بڕیاری سیاسین بۆ بەشداریكردنی دانیشتنەكە.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، تا ئێستا 200 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئامادەییان هەیە تا بەشداری كۆبوونەوەكەی سبەینێ پەرلەمانی عێراق بكەن، ده‌نگدانیش ئه‌لیكترۆنی ده‌بێت، ئه‌مرۆش ئامێره‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئاماده‌كاریه‌كان بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ ته‌واوبوون.

ئەوەش لە كاتێكدایە، تا ئێستا كورد و سوننە خۆیان یەكلا نەكردوەتەوە لەوەی بەشداری دانیشتنەكە بكەن، چونكە داواكارییەكانیان وەك پێویست وەڵام نەدراوەتەوە و داخوازییەكانیان جێبەجێ نەكراوەو هیچ  بەڵێنێكیش لەلایەن عەلاوییەوە نەدراوە.

لەبارەی دانیشتنكەی سبەینێوە، نه‌هرۆ ره‌واندزی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌غداد و چاوه‌رێی بریاری سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن یان نا.

 

پێشتر پەیسەر بڵاویكردەوە كە هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى فه‌رمى بۆ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا ناردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌م قۆناغه‌دا هاوكاریان بن، به‌ سه‌نگ و پێگه‌وه‌ به‌شدارى حكومه‌تى عێراق بكه‌ن و گره‌نتى مانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستانیش بكرێت. تا ئێستا دیارنییه‌ وه‌ڵامى ئه‌مریكا بۆ كورد چى ده‌بێت، به‌ڵام زانیارى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ عه‌لاوییان گوتووه‌ حكومه‌تێكى بێ كورد و سوننه‌یان ناوێت.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر كورد و سوننە داوایانكردووە، دەنگدان بۆ كابینەكەی عەلاوی بۆ مانگی سێی داهاتوو دوابخرێت، به‌ڵام شیعه‌كان ئه‌و داواكاریه‌یان ره‌تكردۆته‌وه‌. لەبارەی بەشداریكردنی كورد لە دانیشتنەكەی سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رەواندوزی دەڵێ، ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ كورد به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام ده‌نگ به‌كابینه‌ى حكومه‌ت نادات.

دوو دانیشتن لە نێوان بەغداو هەولێر بۆ گەیشتنە رێككەوتن كراوە، بەڵام تا ئێستا هەردوو لا بە داخوازی و نیەتەكانی یەكتری رازی نەبوون و دڵخۆش نین، عەلاوی ترسی ئەوەی هەیە، هەمان ئەزموونی حكومەتەكانی پێشوو دوبارە بێتەوە كە شكستیان هێناوە و كوردیش ترسی لەوە هەیە، كە خواستی بەغدا لە پشت پلانەكانی عەلاوییەوە خۆی گیردابێت و كورد و قەوارەكەی لە داهاتوودا پێ بچوك بكاتەوە.

لەبارەی هەڵوێستی كورد و لایەنە كوردییەكان لەسەر دانیشتنەكەی سبەینێ، رەواندوزی ده‌ڵێت، زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ كوردیه‌كان ده‌نگ به‌كابینه‌ی حكومه‌تی عه‌لاوی ناده‌ن.

ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد نه‌ماوه‌ و كورد له‌كابینه‌كه‌ی بێ ئومێد بووه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كاندیدی راسپێردراو داواكاریه‌كانی هه‌رێمی ره‌تكردۆته‌وه‌.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا كابینەكەی عەلاوی سبەینێ متمانە بە دەست دەهێنێت؟ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێی وایە ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ كابینه‌ی عه‌لاوی له‌ده‌نگدانی سبه‌ینێ ده‌رنه‌چێت.

پێشتر حه‌سه‌ن ئالى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسیله‌وه‌كرد، كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌و كاندیدانه‌ى عه‌لاوى دیاریكردوون له‌ سه‌درییه‌كانن، به‌ڵام عه‌لاوى بابه‌تى كاندید ته‌نها به‌سه‌ر كورد و سوننه‌دا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌و پێى وابوو عه‌لاوى به‌ په‌راوێزخستنى كوردو سوننه‌ ده‌ستیپێكرد و ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌كى باش نه‌بوو. 

 

رەواندوزیش زانیاری نوێی بۆ پەیسەر ئاشكرا كردوو و گوتی: ئه‌گه‌رچی سائیرون و فه‌تح، عه‌لاویان كاندید كرد، به‌ڵام دوای دزه‌كردنی ناوی وه‌زیره‌كان ده‌ركه‌وت حه‌وت وه‌زیر له‌لایه‌ن سائیرونه‌وه‌ كاندیدكراون، به‌هۆیه‌وه‌ فه‌تح هه‌ڵوێستی گۆردراوه‌ و پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ و پشتیوانی ناكات.

 

لایەنە سیاسییەكانی عێراق چاوەڕێی دانیشتنەكەی سبەینێ دەكەن، تا حكومەتێكی نوێ و جیاواز لە كابینەكانی پێشوو متمانەیان پێبدرێت، ئەمریكا و وڵاتانی ناوچەكەش چاویان لەسەر دانیشتنەكە و نایانەوێت كورد و سوننە تەریك بكرێت، كوردیش چاوەڕێی ئەوەیە داخوازییەكانی جێبەجێ بكرێت و بەشداری جدی كابینەكە بكات.