ڕاپۆرتی کوردستانی

02:57 - 26/02/2020

كۆرۆنا چ جۆرە پیشەوەرێك دەكاتە ئامانج؟‌

پەیسەر

لەئێستادا هەموو قشسەوباسەكان دەچنەوە سەر باس و خواسی ڤایرۆس و نەخۆشی كۆڕۆنا، هەمووشمان دەزانین ژیان ناوەستێت و بەردەوامە، ئەوانەی كە بەڕێوەبەری كایە سەرەكیەكانی ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانن خاوەن پیشەكانن، ئەوانن كە زۆرترین مەترسییان لەسەرەو لەو چینانەن كە پێدەچێت بكەونە بەردەم هێرشی بێ بەزەییانەی ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە، پرسیار ئەوەیە ئەو پیشەوەرانە كێن؟

 
پەرستارو كارمەندانی تەندروستی:
لەبەر ئەوەی كۆڕۆنا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە نەخۆشخانەوە هەیە، هەر لە پشكنینەوە تا دەستنیشانكردن و یەكلایی بوونەوەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە كۆمەڵێك فەرمانبەری تەندروستی و پەرستارو پزیشكەكانەوە هەیە، وەنەبێت خۆپاراستنی ئەو پیشەوەر و فەرمانبەرانە تەنها بۆ ئەم حاڵەتە بێت، بەڵكو لە سەرهەڵدانی هەر پەتاو نەخۆشیەك، لە مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشییە ترسناكەكانی تریشدا كە ئەگەری گواستنەوەیان هەیە لە ئەنجامی بەریەك كەوتن ئەوان هەمان مەترسییان لە سەرە.


ئەگەر ئەوان فریشتەئاسا و لە خۆبوردووانە خۆیان یەكلایی كردووەتەوە بۆ كەمكردنەوەی ئێش و ئازاریی خەڵك و توانا مرۆییەكانی خۆیان تەرخان كردووە بۆ چارەسەری ئەوانی دیكە، ئەوا دەبێت خەڵك بەگشتی و دامەزراوەكانیش بە تایبەتی ئاگایان لە دۆخی كارمەندانی تەندروستی بێت، ئەگەر پزیشكەكان تەنها ئیحالەو ڕەوانەكردن و ڕێنمایی و ئاڕاستەكردن كاریان بێت، ئەوا لایەنی جێبەجێكار و بەریەك كەوتنی زۆر لەگەڵ كارمەندانی تەندروستی دەبێت، هەر بۆیە دەبێت وەزارەتی تەندروستی و لایەنی پەیوەندیدار دەبێت زیاتر لە خەمی ئەو كەسانەدا بێت تا پرۆسەكە بە تەواوەتی پەكی نەكەوێت و وەك چۆن ئەوان لە خەمی هەمواندان، دیارە ئەوەش بە دابینكردنی پێداویستییەكانیان دەبێت، لەوانەش شوێنی شیاو، هەموو ئەو شتانەی دەبنەڕێگر لە گواستنەوەی، وەك كەمامە، دەستكێش، جل و بەرگی گونجاو، مادە پاككەرەوەكان و هەموو ئەو شتانەی كە لە سیستەمی تەندروستیدا بە ڕێگرو بەرگریی ناویان هاتووە، دیارە یەكێك لە ڕێگرییەكان سنورداریی موچەكەیانە كە ناتوانن هەموو شت بۆ خۆیان دابین بكەن، هەربۆیە ئەركی وەزارەتی تەندروستییە كە ئەو كارانە بكات، بە پێی هەندێك لە سەرچاوەكان پزیشكە پسپۆڕییەكان كەمتر مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەكان دەكەن و بەبەراورد بە كارمەندانی دیكەی تەندروستی بەراورد ناكرێن. لە لایەكی دیكەشەوە پزیشكەكان بەهۆی بەرزی ئاستی بژێویی و ئابوورییان ئەگەر حكومەتیش هەندێك پێداویستییان بۆ دابین نەكات ئەوا خۆیان دابینی دەكەن و خۆیان دەپارێزن، بەڵام ئەوەی كە لەبەرەكانی پێشەوەی جەنگی بەرگرییدایە كارمەندو ژینگە پارێز و پاكەوانەكان و فەرمانبەرانی دیكەی ناو نەخۆشخانەو بنكە تەندروستییەكانن.


ئەگەر ئەركی دابینكردنی شت و مەكی تەندروستی لە ئەستۆی حكومەت بێت ئەوا دەكرێت هاوڵاتیانی ئاسایش ڕۆڵیان هەبێت و هاوكاریی فەرمانبەران و تەندروستكارانی كوردستان بن، لانی كەم سەردانی نەخۆشخانەكان كەم بكەنەوەو بە پێی پێویست نەبێت سەردانی نەخۆشخانەو بنكە تەندروستیەكان نەكەن، ئەگەر كەسێكیش ناچابوو سەردان بكات ئەوا سەرجەم ئەو ڕینماییانە پەیڕەو بكات كە لەلایەن فەرمانبەرەكانەوە پێیان دەدرێت.


كریكارەكان:
ئەگەر سەرنج بدەین لە ژیان و گوزەرانی كرێكارە جۆراوجۆرەكانی كوردستان، دەزانین كە ئەو چینە هەژارترین چینەكانی كۆمەڵگەی كوردستانن، ئەوان بۆ دابینكردنی بژێویی خۆیان و خانەوادەكانیان شەووڕۆژ كاردەكەن، كرێكارەكان كەمترین خۆپارێزییان بۆ دەكرێت لەلایەك لەبەر كارەكەیان و لە لایەكی دیكەشەوە باری ئابوورییان ئەوە هەڵناگرێت كە بتوانن پارێزگاریی تەوای خۆیان بكەن، لە هەمان كاتیشدا ئەگەر یەك رۆژنەچنە سەر كارەكنیان پێوەیان دیارە، بەتابەتی ئەو كرێكارانەی كە سەقاڵی خاوێنكردنەوەی شارەكانن، ئیتر كرێكاری فەرمی شارەوانیەكانی حكومەت بن، یان كرێكاری كۆمپانیاكانی خاوێنكردنەوە كە زۆرینەیان دەستكێشیش بەكارناهێنن، بەشێكی تری كرێكارەكان ئەوانەن كەلە چێشتخانەو كافتریاو شوێنە گشتیەكاندا كاردەكەن، كرێكاری پارێزەری بیناو شوێنەگشتیەكان كە زۆرترین بەركەوتنیان هەیە لەگەڵ خەڵكدا، یان ئەو دەستفرۆش و خاوەن عەرەبانانەی كە لە شوێنە قەرەباڵغەكاندا سەرقاڵی كارەكانیانن، هەربۆیە ئەگەر حكومەت توانای ئەوەی نیە كۆنترۆڵی ئەو دۆخە بكات، ئەوا دەبێـت هۆشیاریی گشتیان هەبێت و لانی كەم ئەو لیژنەیەی تایبەتە بە ڕووبەڕوو بوونەوەی كۆرۆنا كارێكیان بۆ بكات كە گونجاو بێـت لەگەڵ پیشەكەیان، بەو پێیەی پەیدابوونی تەنها یەك تووش بوو بەو ڤایرۆسە ژیانی هەمووان دەخاتە مەترسیەوە.


ئارایشگاو سەرتاشخانەكان:
لەو شوێنانەی كە مەترسی بڵابوونەوەی كۆڕۆنایان هەیە زۆرینەی ئەو شوێنانەی مەترسی بڵابوونەوەی ڤایرۆسەكەیان هەیە دادەخرێن، لەوانەش سەرتاشخانەوە ساڵۆنەكان، بەڵام تا ئێستا لە كوردستان لەبەر ئەوەی نەخۆشییەكە پێی نەناوەتە قۆناغی مەترسیدارەوەو تەنها لە گومانی توشبووندا قسەی لێدەكرێـت نەگەشتووەتە ئەوەی شوێنەكانی جوانكاریی ژنان و پیاوان دابخرێن، ئەوانەی لە سەرتاشخانەو ئارایشگاكاندا كاردەكەن مەترسیی توش بوونیان زۆرترە، لەبەر ئەوەی مامەڵەو بەریەك كەوتن و دەستلێدان زۆرترە.


كارمەندانی بانكەكان:
یەكێك لەو خاوەن پیشانەی كە مەترسی توشبوونیان زیاترە لەوانی دیكە فەرمانبەرانی بانك و گۆڕینەوەی دراوەكانن، لەبەر ئەوەی دراوەكان دەستاودەستی زۆردەكەن و لە ئەنجامدا دەبێـتە هۆی پیس بوون و بەریەك كەوتنی جەستەیی لەگەڵ دراوەكان، جگە لەوەش مامەڵەیان لەگەڵ هاوڵاتیان زۆرە، هەر بۆیە دەبێـت زۆرتر ئاگایان لە خۆیان بێت و پەیڕەوی لە چۆنیەتی خۆپارێزیی بكەن. هاوڵاتیانیش دەبێت سەردانیكردن كەم بكەنەوەو كەس لەگەڵ خۆیان نەبەنە ناو بانكەكانەوە بەتایبەت ئەوانەی منداڵن، یان بەتەمەنن یاخود نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.


شۆفێری گشتی:
ئەو شۆفێرانەی كە كاری گواستنەوەی گشتی هاوڵاتیان دەكەن لە نموونەی پاس و تەكسی، دەبێت زۆر ئاگایان لە خۆیان بێت و بەشی گەورەی خاوێنكردنەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان لە ئەستۆیاندایە، لەبەر ئەوەی ڕۆژانەش لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر خەڵك ڕووبەڕوو دەبنەوەو دەست لەو پارانە دەدەن كە رۆژانە چەندان دەستی بەركەوتووە، دەبێت ئاگاداریی زۆرتریان هەبێت، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەش كە بە هێڵی گشتی هاتوچۆ دەكەن دەبێت هوشیارانەتر مامەڵە بكەن و دەستكێش و دەمامك بەكاربهێنن. ئەو ئامێرانەی كە دەستی بەریان دەكەوێت رۆژانە چەند جارێك خاوێنیان بكاتەوە.


دوكاندار و خاوەن ماركێـتەكان:
لە هیچ شوێنێكی دونیادا 100% ژیان ناوەستێت نەشوەستاوە، تەنانەت لە شاری ووهانی چینیش هێشتا ژیان بەردەوامە، بەشێك لە هاوڵاتیان دەچنە بازاڕەكان و دووكان و ماركێتەكانیان دەكەنەوە، هۆكارو پاڵنەرەكان هەرچی بن ناكاتە ئەوەی گرنگی و بایەخ بە تەندروستی خۆیان نەدەن، دووكان و ماركێتەكان لەبەر ئەوەی خەڵكی جۆراوجۆر سەردانی دەكەن و پارەی جۆراوجۆریشیان پێیەو بەریەك كەوتنیان هەیە لەگەڵ خاوەن دوكان و ماركێت و تەنانەت دەستفرۆشی سەرعەرەبانەكان بۆیە كارەكەیان بە یەكێك لە كارە مەترسیدارەكان دادەنرێت بۆ تووش بوون بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا.


مامۆستا و قوتابی:
قوتابخانەكان شوێنی كۆبوونەوەی زۆرینەی منداڵ و مێرمنداڵەكانی ناوچەكەیە، هەریەكەیان لە خێزانێكەوە هاتووە، هەیانە زیاد لە سنوور پاكوخاوێنە هەشیانە هیچ بایەخێك بۆ بواری تەندروستی و خاوێنی دانانێت، لەبەر ئەوی ژمارەشیان زۆرە و بەریەك كەتنیان زۆرە، سەرئاوەكان ستاندارنین، پاكوخاوێنكردنیان وەك پێوست نین، هەر بۆیە مەترسیەكانی سەر مامۆستاو قوتابیانیش زۆرن، هەربۆیە دەكرێت بگوترێت ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەكان تا ڕادەیەكی زۆر بە یەكێك لە ڕێگرییەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دادەنرێت.


فەرمانگەكان:
بڵاو بوونەوەی ئەو ڤایرۆسە تەنها لەڕێگەی بەریەك كەوتن یان پەرینی تەڕییە لە مرۆڤێكی تووش بوو بۆ یەكێكی ئاسایی، لە ئێستاشدا فەرمانگەكان دەرگایان كراوەیە بەڕوی هاوڵاتیاندا، ئەوا مەترسییەكە بۆ فەرمانبەران چەند بارە دەبێتەوە ئەگەر پاكوخاوێنی خۆیان و شوێنی كارەكەیان وە ك پێویست ڕانەگرن.


بە شێوەیەكی گشتی بەریەك كەوتن و مامەڵەكردن و تێكەڵاوبوون لەگەڵ خەڵك هۆكاریی سەرەكی گواستنەوەی ڤایرۆسەكەیە، هەرچەندە ئەو بەریەك كەوتنانە كەمتر ببنەوە مەترسیەكانیش كەمتر دەبنەوە، لە ئێستادانەخۆشیەكە لە كوردستاندا بەو شێوەیە نیەو تەنها لە كەركووك  چوار حاڵەت هەبووە، ئەگەر حاڵەتەكە بەرەو زیاتر ڕۆشت لەڕاستیدا نوێژی بە كۆمەڵ و نوێژی هەینیش ڕابگیرێت.