ڕاپۆرتی کوردستانی

03:12 - 28/02/2020

سائیرون: عەلاوی كاندیدی بەرهەم ساڵحە نه‌ك ئێمه‌‌

سبەینێ جارێكی تر ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان بە كابینەی عەلاوی كۆدەبێتەوە. سەركردەیەكی سائیرون دەڵێت عەلاوی كاندیدی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بووە، ناوی ئەو لایەنانەش ئاشكرا دەكات كە دژی وەستاونەتەوە، چاودێرێكی سیاسی دەڵێت گرنگ بوو كورد لەم قۆناغەدا لەبری پۆست داوای چارەسەری كێشەكان بكات، پەیسەرپرێس ناوەڕۆكی پەیامێكی عەلاوی بۆ كورد ئاشكرا دەكات...

 سەركردەیەكی سائیرون بۆ پەیسەر: عەلاوی كاندیدی بەرهەم ساڵحە
 ریاز مەسعودی سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، پێویستە سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بەكابینەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی بدات، بە پێچەوانەوە دەبێت 30 رۆژ چاوەڕوانی كاندیدێكی تر بكەین، ئەوەش لەبەرژوەندی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق نییە. ئەو سەركردەیەی سائیرون دەشڵێت، لەدوای 2003وە پۆستەكان بەپێی عورفێكی سیاسی بەسەر چەند حزبێكی سیاسیدا دابەشكراون، ئەوەش مەترسیداربووە، چونكە كەسانی حزبی بێ توانا چوونە پۆستە باڵاكان، هەر ئەوەش وایكرد خۆپیشاندان لە 9 پارێزگای عێراق دەستپێبكات.

 عەلاوی خۆی كاندیدەكانی دیاریكردووە
ریاز مەسعودی دەڵێت، ئێمە لە هاوپەیمانی سائیرون پێمانوایە دەبێت ئەم حكومەتە سەربەخۆ بێت، یەكێك لە بەرپرسیاریەتیەكانی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێكی سەربەخۆی پاك بێت لەڕێی كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی بێلایەنی پاك و بێگەردەوە، بە یاسای نوێی هەڵبژاردن، "بەڵام كاتێك بەرێز محەمەد تۆفیق عەلاوی لەلایەن بەرێز بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارەوە كاندیدكرا تێبینی ئەوەمان كرد كە زۆرینەی كوتلە سیاسیەكان رەتیدەكەنەوە، هۆكارەكەشی ئەوەبوو كە بەرێز عەلاوی دەیەوێت خۆی كابینەكەی پێكبهێنێت بەپێی ئەو پێوه‌رانەی كە خۆی لەڕێی تیمێكی دانوستانكارەوە دیاریكردووە.

 پارتی و هاوپەیمانی هێزەكان و دەوڵەتی یاسا و بەشێك لە فەتح و نەسر دژی عەلاوین
ریاز مەسعودی ئه‌وه‌ی به‌ په‌یسه‌ر وت، پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی هێزە عێراقیەكان و هاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا و بەشێك لە هاوپەیمانی فەتح و بەشێك لە هاوپەیمانی نەسر پێیان وایە نابێت رێگە بدرێت ئەم كابینەیە پێكبهێندرێت بەبێ ئەوەی خۆیان وەزیریان تێیدا هەبێت. ئێمە پێمان وایە داواكاری ئەو حزبانە نا دەستوریە چونكە دەستور زۆر بە ڕوونی دەڵێت سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو خۆی وەزیرەكانی دیاریدەكات، بۆیە پێمان وایە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەستوری جێبەجێكردووە كاتێك كاندیدی وەزیرەكانی لە كورد و شیعە و سوننە و توركمان و مەسیحی دیاریكردووە، بەرێز عەلاوی بنەمای هاوسەنگی و نوێنەرایەتی هەمواری جێبەجێكردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرێز عەلاوی دەرگای گفتوگۆی بەرامبەر لایەنەكانی تر بەكراوەیی هێشتۆتەوە.

عەلاوی چاوەڕوانی لێكتێگەیشتنە لەگەڵ كورد
 ریاز مەسعودی دەڵێت، تائێستاش بەرێز محەمەد تۆفیق عەلاوی چاوەڕوانی لێكتێگەیشتنە لەگەڵ كورد، بۆ ئەوەی وەزارەتەكانی دارایی و داد و بازرگانی پربكاتەوە. له‌به‌رئه‌وه‌ داوا لە هاوبەشە سیاسیەكانمان لە هەرێمی كوردستان دەكەین پشتیوانی ئەم كابینەیە بكەن، بۆ ئەوەی حكومەت دەستبكات بە ڕێكارەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەم كابینەیە ساڵ و نیوێك زیاتر نامێنێتەوە
ریاز مەسعودی به‌ په‌یسه‌ری وت، تەمەنی كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی لە ساڵ بۆ ساڵ و نیوێك تێپه‌ڕ ناكات، لەو ماوەیەدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت و ئەنجومەنی نوێی نوێنەران متمانه‌ به‌ كابینەیەكی نوێی حكومەت ده‌دات.

 پێویستە قۆناغی پشك پشكێنە تێپەرێنین
ریاز مەسعودی دەڵێت، موقتەدا سەدر رایگەیاندووە كە دەبێت شیعە داكۆكی لە مافی كورد بكات و كورد داكۆكی لەمافی سوننە و سوننە داكۆكی لەمافی توركمان بكات، ئێمە دەمانەوێت قۆناغی پشك پشكێنە نەمێنێت و دەوڵەتی هاوڵاتی بوون دروستبكەین، كە هەمووان وەك یەك بن لە ماف و ئەركدا. پێمان وایە دەبێت كابینەی داهاتووی حكومەت تەواوی كێشەكان لەگەڵ پێكهاتەكان چارەسەر بكات، بۆ ئەوەی بڕیاری عێراقی بڕیارێكی بەهێز بێت و بۆ بەرژوەندی باڵای هەموو عێراقیەكان بێت.

 ئەوەی دوێنێ ڕوویدا دروستكردنی فشار بوو لەسەر عەلاوی
ریاز مەسعودی دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ پێنج شەممەدا رێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان كه‌ لەناو باڵه‌خانه‌ی پەرلەماندا بوون زیاتر بوو لە 176 پەرلەمانتار. بەڵام نەچوونە هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كان. ئه‌مه‌ش بە مەبەستی دروستكردنی فشاربوو لەسەر بەرێز محەمەد تۆفیق عەلاوی، ئێستا سیاسیەكان زیاتر لە بەرژوەندی باڵای عێراق، بیر لەبەرژه‌وەندی حزبی و پێكهاتەكانیان دەكەنەوە، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویستە بەرژوەندیە تایبه‌تیه‌كانمان بكەینە قوربانی بەرژەوەندیه‌ باڵاكان. ئەو قوربانیدانە بۆ لایەنێك نییە، بەڵكو لەپێناوی گەلی عێراقدایە.

 عەلاوی كاندیدی ئێمە نیە و كاندیدی بەرهەم ساڵحە
 ریاز مەسعودی دەڵێت، هەموو لایەك دەزانن كه‌ محەمەد تۆفیق عەلاوی كاندیدی هاوپەیمانی سائیرون یان فەتح نیە، بەڵكو كاندیدی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارە و ئەو كاندیدی كردووە، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویستە هێزە كوردیەكان و تەواوی هێزەكانی تر پشتیوانی ئەم كابینەیە بكەن، بەدڵنیاییەوە سبەینێ رێژەی یاسای پەرلەمانتاران ئامادەدەبن، بەڵام دیارنییە دەنگ بە كابینەكەی عەلاوی دەدەن یان رەتیدەكەنەوە. ئەگەر دەنگدانی سبەینێ نەكرێت، ئەوە دەبێت كاندیدێكی تر رابسپێردرێت و ماوەی 30 رۆژ چاوەڕوانی ئەویش بكرێت. ئەمه‌ لە بەرژوەندی هەرێم و ناوچەكانی تری عێراقیشدا نیە.

 دەستوور پیرۆز نییە
 ریاز مەسعودی دەڵێت، دەستوور گرەنتی پرۆسەی سیاسیە، بەڵام كاتێك لایەنێك هەوڵی هەمواركردنه‌وه‌ی دەدات، ئەوە شتێكی ئاساییە، دەستور كتێبێكی ئاسمانیی نییه‌ له‌ خوداوه‌  دابەزیبێت، نووسراوی دەستی مرۆڤە و دەكرێت هەموار بكرێتەوە بەپێی ئەو رێكارانەی لەناو خودی دەستورەكەدا دیاریكراون.
 مەسعودی وتیشی، هەمواری دەستور زیان بەهەرێمی كوردستان ناگەیەنێت. هەرێمی كوردستان دیفاكتۆیە و بڕیاری برایانی كورد خۆیانه، هەرێمی كوردستان پێش ساڵی 2003 هەبووە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2005دا دەستوری عێراق بنوسرێتەوە.

 چاودێرێكی سیاسی: گرنگ بوو كورد لە بری پۆست داوای چارەسەری كێشەكان بكات
لای خۆیەوە مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی بە پەیسەرپرێسی راگەیاند، زۆر گرنگ بوو لەم قۆناغەدا كورد لەبری پۆست داوای چارەسەری كێشەكانی بكات لەگەڵ بەغدا. دەشڵێت كێشەكە لەو شوێنەوە دەست پێدەكات كە عەقڵیەتی حزبی كوردی عەقڵێكی سەدەی بیستی زۆر داخراوە، ئەم فۆرمە حزبیەی ئێستا لە كوردستان هەیە هاوشێوەی نەماوە. دوا سەنگەری ئەم فۆرمە لە وڵاتانی عەرەبی بەهاری عەرەبی بەسەرداكرا و نەما. دوای ئەوەش تەنها لە عێراق مایەوە، ئەویش خۆپیشاندانی لەسەركرا و داوایانكرد حزبە دەسەڵاتدارەكان دووربخرێنەوە، تەقریبەن حزبە سیاسیەكانی عێراق ئەمەیان وەرگرت، دەزانن ناكرێت حزبایەتی لە سەدەی بیست بەم فۆرمە بكرێت، بەڵام عەقڵی حزبی كوردی ئەوەی قبوڵ نەكردووە كە وەزیری سەربەخۆ و حكومەتێكی نیشتمانی دروست بكرێت.

مەسعود عەبدولخالق دەڵێت، باوی حكومەتی ئەحزاب بەواتای پارتۆكراسی نەماوە، ئەوە سیستمێكی زۆر كۆنە و زۆر بۆ خەڵك و میللەت ناخۆشە، بەڵام پێداگری حزبە كوردیەكان لەسەر هێشتنەوەی ئەو سیستمە زۆر خراپە و دژە به میللەت. بەرژوەندیەكان لە نیشتمانیەوە تەسك بوونه‌تەوە بۆ حزبی و لە حزبیەوە بۆ بازنه‌یه‌كی بچووكتر تا دەگاتە بەرژەوەندی كەسی بچوك ، ئەوە زیانێكی زۆری لە كورد دا. ئێستا كاتی ئەوەیە سەركردەكانی كورد ئەو گۆرانكاریانە  قبوڵ بكەن كە لەسەدەی 21دا پەیرەو دەكرێت. دەبێت وەزیر و حكومەت و دامەزراوەكان خەڵكانی ئاسایی بن، چۆن دەبێت لە كارگوزارێكەوە تا سەری سەرەوە لەسەر بنەمای تەزكیەی حزبی دابنرێن، ئەمە كوردستانی وێران كرد، كاتی ئەوەیە كورد لەبری وەزیر داوای ئەوە بكات دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق تەواو بكرێن ،بەتایبەتی ئەنجومەنی فیدراڵی و جێبەجێكردنی مادەی 140 و چوونەناوەوەی عێراق بۆ هەندێك رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی و رێكخستنەوەی پەیوەندی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری، بەڵام وەفدەكانی كورد داوای ئەوە ناكەن، هەر وەفدێك ئاگای لە وەفدی پێش خۆی و دوای خۆی نیە و بە دەستبەتاڵی دەیان نێرنەوە، بۆیە كاتی ئەوەیە چاكسازی بكرێت.

 دەبێت له‌ هەرێمی كوردستانیش حكومەتی تەكنۆكرات دروست بكرێت
مەسعود عەبدولخالق دەڵێت، ئەو حزبانەی پشتیوانی چاكسازی دەكەن، دەبێت پێداگری لەسەر ئەوە بكەن كە لەهەرێمی كوردستانیش، وەزیری سەربەخۆ و بەتوانا دابنرێت.

وتیشی، لەعێراقدا بۆچوونێك دروستبووە كە كورد ئاستەنگی بەردەم چاكسازیەكانه‌، ئەوەش مەترسیدارە لەراستیدا ئەو بۆچوونە راستە، حزبە عێراقیەكان ئاڵوگۆری دەسەڵات دەكەن سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیرەكان دەگۆردرێن. بەڵام لەهەرێمی كوردستان نە سەرۆك وەزیر دەگۆردرێت نە بەرێوەبەرێكی گشتی و نە قائیمقایمێك، ئەمەش لەكەیەكی گەورەیە بۆ هەرێم.

عەلاوی پەیامی بۆ كورد هەبووە
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتوون، محەمەد تۆفیق عەلاوی لەدوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت پەیامێكی ئاراستەی سەركردایەتی حزبە كوردستانیەكان كردووە و پێی وتوون ئامادەیە حەشدی شەعبی لەناوچە جێناكۆكەكان بكێشێتەوە و هێزێكی هاوبەشی كوردی و سوپای عێراق له‌شوێنیان دابنرێت، هەروەها دەست دەكات بە جێبەجێكردنی مادەی 140، داواشی لە كورد كردووە خۆی چاودێری بەڕێوەچوونی جێبەجێكردنی مادەكە بكات. هەروەها بودجەی هەرێم رەوانە دەكات و هەرگیز ئامادەنیە لەژێر هیچ فشارێكدا دەست بۆ بودجە بەرێت. وتوشیه‌تی لە گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ توركیادا هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی ئاگاداربێت كەوتۆتە كێشەیەكی زۆر خراپه‌وه‌ كە هەرگیز ناتوانێت لەژێر باری دەرچێت، بەڵام من بۆیان چارەسەر دەكەم، بەمەرجێك كورد دەستبەرداری داواكاری بچوك و سادەی وەك وەزیری دارایی و وەزیری حزبی بن.

 عەلاوی لە كورد ترساوە
 سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، محەمەد تۆفیق عەلاوی ترسی هەبووە لەم قۆناغەدا كورد دۆخی عێراق بقۆزێتەوە و داوایه‌كی گەورەی وەك كۆنفیدراڵی بكات، بەڵام شاندی كوردی لە یەكەم دانیشتندا داوای هێشتنەوەی وەزیرەكانیان كرد، داوایانكردووه‌ پارێزبەندیان پێ بدرێت و له‌ شوێنه‌كانیان بهێڵرێنەوە.