ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:44 - 28/02/2020

بەرژەوەندیەکانی ئەردۆغان و تورکیا لە هەموو ڕوویەکەوە لە مەترسیدان‌

پەیسەر

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و تورکیا لە شەڕی ئیدلبدا شکستێکی گەورەیان هێناوە و لە دوێنێوە بە دەیان سەربازی تورکیا و چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا لە ئیدلب کوژراون.


دۆخی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هاوشێوەی دۆخی عوسمانیەکان و سوڵتان عەبدوڵحەمیدی دووەمە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا.


لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا سوڵتان عەبدوڵحەمیدی دووەم دەیویست لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیادا یاریەک بکات و زیاترین سوود بەدەستبهێنێت و چەندین پڕۆژە و بەرنامەی پێشکەش کرد، بەڵام دوایین جار هاوکێشەکان بە کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆری عوسمانی کۆتایی هات و تورک لە سنورەکانی تورکیای ئێستادا قەتیسکرا.

لە ئێستاشدا ئەردۆغان و تورکیا بە هەمان شێوەیە یاری لەنێوان رووسیا و ڕۆژئاوادا دەکەن، بەڵام وادەردەکەوێت، مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە و یاریەکە بە زیانی ئەردۆغان و تورکیا کۆتایی پێبێت.


شەوی ٢ لەسەر ٣ی شوبات هێزەکانی ڕژێمی سوریا، گروپە چەکدارەکان و سوپای تورکیای کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ٨ سەربازی تورکیا کوژران و ٩ سەربازی تر برینداربوون. ئەمە بووە یەکەمین هۆکاری دەرکەوتنی ناکۆکیە شاراوەکەی نێوان ئەنقەڕە و موسکۆ لە ئیدلب کە کاردانەوەی زۆریشی لێکەوتەوە.


ئەردۆغان دوای ئەو ڕووداوە ڕایگەیاند، ئەگەر روسیا ناتوانێ ڕژێمی سوریا کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا تورکیا دەتوانێ بە ئاسانی کۆنترۆڵی بکات و بەو شێوەیە هەڕەشەی کردبوو.


تورکیا دەزانێت ڕژێمی سوریا بێ ئاگاداری روسیا هیچ هێرش و ئۆپەراسیۆنێک لە ئیدلیب ئەنجام نادات، لەبەرئەوەی ئیدلیب هەرێمێکە کە خاڵی بە یەکگەیشتنی هێزەکانە و هەرجۆرە هێرش و ئۆپەراسیۆنێک بەبێ ئاگاداری یەکتری کاردانەوەی توندی لێدەکەوێتەوە.


کاردانەوەکانی دوای هێرشەکەی ٢ لەسەر ٣ی شوباتی ٢٠٢٠یش کۆنتڕۆڵنەکرایەوە و لەوە نزیکدەبێتەوە کە تورکیا و ڕووسیا بکەونە ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆوە .

دوێنی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٠ جارێکیتر ناوەندە سەربازی و یەکەکانی تورکیا لە باکووری ئیدلب لە لایەن ڕژێمی سوریاوە کرانە ئامانج کە باسی ئەوە دەکرێت ڕووسیاش بەشداری لە هێرشەکەدا کردووە  و زیاتر لە ١٠٠ سەربازی تورکیا کوژراون.


دوای هێرشەکە بێ ئەوەی داوای لێبوردن بکات، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا رایگەیاند، تورکیا ڕووسیای ئاگادار نەکردووەتەوە کە سەربازەکانی لەو ناوچەیە جێگیرکراون و وەک ئاماژەیەک کە بە هەڵە لێیاندرابێت.


خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیاش ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ڕووسیا ئاگاداری بوونی سەربازانی ئەوان بووە، هێرشەکە ئەنجامدراوە و وتی، ئەوانیش هێرشیان کردووەتەوە سەر ٢٠٠ بنکەی سەربازی ڕژێمی سوریا.


سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیاش ئاماژەی بەوەکرد سەربازانی تورکیا لەناو گروپە تیرۆریستیەکاندابوون و تورکیا زانیاری نەداوەتە ڕووسیا کە سەربازەکانی لەو جێگایە جێگیر کردووە.

لاڤرۆڤ وتیشی، " ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتی سوریا لەدژی گرۆپە (تیرۆریستیەکان) بەردەوامە و سوپای سوریا مافی هەیە وڵامی هەرجۆرە پێشێلکاریەک بداتەوە.


لە سەر داوای تورکیا لە شاری بروکسێڵی  پایتەختی بەلجیکا، ناتۆ لەبارەی دۆخی ئیدلب کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و جینس ستۆلبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ڕووسیا و سوریا پێویستە هێرشەکانیان ڕابگرن و داواکاری و بانگەوازی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگرن.


سکرتێری ناتۆ باسی ئەوەشی کرد، ئەوان چاودێری دۆخەکە دەکەن و دواتر لەبارەی چۆنیەتی پشتگیریکردنی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە ڕای خۆیان ئاشکرا دەکەن.


هەرچەندە ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپا هێرشەکەی سەر سەربازانی تورکیایان لە ئیدلب ئیدانە کرد، بەڵام لە لایەکی ترەوە بە هۆی فشاری تورکیاوە کە لە ڕێگەی پەنابەرانەوە لە ئەوروپای دەکات لە تورکیا نیگەرانە.


وا دەردەکەوێت ئەوروپا تورکیای پشتگوێخستبێت، لەبەرئەوەی لە دوێنێوە (٢٧ی شوبات) دەرگاکانی بە رووی بولگاریا و یوناندا کردووەتەوە و شەپۆلێکی گەورەی پەنابەران بۆ سەر سنورەکانی ئەوروپا دەستیپێکردووە.

تورکیا لەبەرانبەر ئەوروپا و جیهان بە تەنها یەک کارتی فشاری بەدەستەوە ماوە کە ئەویش کارتی پەنابەرەکانە، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ دا ولاتانی ئەوروپا بە تایبەتی، ئەڵمانیا و فەڕەنسا و یونان و ئیتاڵیا پڕۆژەیەکیان ئامادەکرد کە بێ تورکیا بتوانن بەسەر قەیرانی پەنابەراندا زاڵ ببن.


پڕۆژەکەی ئەوروپا ئەوەبوو لە سەر سنورەکانی بولگاریا و یونان خاڵی چاودێری توندوتوڵ دروست بکەن و ئەوروپا بودجەیەکی تایبەت بۆ یونان و بولگاریا دابین بکات و سنورەکانیان توکمە بکەن و بە هەموو شێوەیەک ڕێگا لە پەنابەران بگرن کە لە ئێستادا پڕۆژەکە لە جێبەجێکردندایە.


هەروەها لە دەریای ناوەڕاستیشدا تورکیا ڕووبەڕووی ناڕەزاییەکی توندی وڵاتانی ئەوروپا بووەتەوە و هاوپەیمانیەکی بەهێز لە دەریای ناوەڕاست بە بەشداری ئیسرائیل، ئیتاڵیا، یونان، قوبڕسی یونان پێکهێنراوە بۆ دەرهێنانی گازی سروشتی کە بە هەموو شێوەیەک ئەنقەڕە پشتگوێخراوە.


لە لایەکی ترەوە ڕووسیا لە ئیدلب و لە لیبیاش لەدژی بەرژەوەندیەکانی تورکیایە و هاوکاری ئەو لایەنانە دەکات کە لەدژی بەرژەوەندیەکانی تورکیا دەجەنگن.

تورکیا لە هەموو ڕوویەکەوە لە پاشەکشێدایە و لە ناوخۆی تورکیاشدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ئۆپۆزسیۆن بووەتەوە و چەندین کەسایەتی و گروپ لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و ئەردۆغان جیابوونەتەوە.


سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەردۆغان زۆر ڕەخنەدەکرێت و ئۆپۆزسیۆن پێی وایە پێویستە حکومەت سیاسەتەکانی بگۆڕێت.


لە دوایین هەڵوێستدا ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتی دواڕۆژی تورکیا ڕایگەیاند، پێویستە تورکیا سیاسەتەکانی لە سوریا بگۆڕێت و لەگەڵ کورد دانیشێت.


داودئۆغلۆ دوای ئاڵۆزیەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا و کوژرانی بە دەیان سەربازی تورکیا لە ئیدلب نەخشەرێگایەکی بۆ دەرچوونی تورکیا لە قەیڕانی سوریا ڕاگەیاند.

بە پێی نەخشەڕێگاکەی ئەردۆغان کە لە شەس خاڵ پێک دێت، پێویستە تورکیا لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دانیشێت.


نەخشەرێگاکەی داودئۆغلۆ لە شەش خاڵ پێک دێت کە ئەمانەن:
یەکەم، پەرلەمان بە زودترین کات کۆببێتەوە.
دووەم، ڕووداوەکان چۆن ڕوویانداوە، پێویستە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.
سێیەم، ناکۆکیەکان بخریتە لایەکەوە و سەرۆک کۆمار لەگەڵ هەموو لایەک کۆببێتەوە.
چوارەم، سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی ناوچەکە کۆببێتەوە و دەست بە دیالۆگ بکرێت.
پێنجەم، پێویستە ئامانجی هەبوونی تورکیا بۆ عەرەب، کورد و تورک ئاشکرابکرێت.
شەشەم، پێویستە لەگەڵ برا کورد و عەرەب و گەلەکانی تری سوریا دەست بە دیالۆگ بکرێت.

لە لایەکی ترەوە ٢٣ و ٢٤ی شوبات هەدەپە ٤مین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا و ئەنجامنامەی کۆنگرەکەی ئاشکرا کرد.


لە ئەنجامنامەی هەدەپەدا باسی ئەوەکراوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان لەدژی حکومەتی ئاکەپە دەست بە هەوڵدان بکەن و هاوپەیمانی دیموکراسی پێکبهێنن و ئاکەپە لەسەر دەسەڵات لابەرن.


ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاکەپە پێدەچێت ئەو سیاسەتەی کە هەڵیانبژاردبوو و زۆر لە سیاسەتی سوڵتان عەبدوڵحەمیدی دووەم لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەچێت، سەرنەکەوێت و مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە و هاوكێشەکان لە زیانی تورکیا کۆتاییان پێبێت.