ڕاپۆرتی کوردستانی

09:04 - 29/02/2020

سووتانی دارستانەکەی ئیمڕالی و ئەگەری دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ‌

پەیسەر

لە ٧ی ئابی ٢٠١٩وە چاوپێکەوتنی خێزان و پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕاگیراوە.

پێشتر بە هۆی مانگرتن لە خواردن لەلایەن لایەنگر و کادرەکانی پەکەکە بە پێشەنگایەتی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک و پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، دوای ماوەیەکی زۆر نزیکەی ٧ جار چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان كراوه‌.

بەڵام کە کۆتایی بە چالاکی مانگرتن هێنرا، لەو نێوەندەدا چەند کەسێک کۆتاییان بە ژیانی خۆشیان هێنا، حکومەتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) جارێکیتر چاوپێکەوتنەکانی ئیمڕالی ڕاگرت، ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی پەکەکە و لایەنگرانی.

 

دوایین پێشهات لە ٢٧ی شوبات، واتە دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویدا. میدیاکانی تورکیا لە زاری سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیاه‌ بڵاویانكرده‌وه‌، لە دورگەی ئیمڕالی ئاگر کەوتووەتەوە.

بە پێی قسەکانی سۆیلۆ لە دارستانەکانی ئیمڕالی ئاگرکەوتووەتەوە، بەڵام ئەو لیدوانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا کۆمەڵە پرسیارێکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە کە پەکەکەی نیگەران کردووە.

دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە و تا ئێستاش، هەموو دەزگا و ڕێکخستن و ڕێکخراوەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندن کردووە و لە باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەوروپا بێ وەستان خۆپیشاندان و چالاکی ئەنجامدەدرێت.

 

پەکەکە و لایەنگرانی بە گشتی پێیانوایە، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە دورگەی ئیمرالی، كە عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٩٩٩وە لەوێ بەندکراوە، پەیوەندی بە بەردەوامی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیەوە هەیە کە لە ئەنجامیدا ئۆجالان دەستگیرکرا.

کاردانەوەکان
هاوسەرۆکایەتی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەى ئاگرکەتنەوە لە دارستانەکانى ئیمراڵی راگەیه‌نراوێکى بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد، ماوەى ٢١ ساڵە گۆشەگیری لە دژی ئۆجالان لە دورگەى ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت، ئێستا بەرپرسانى دەوڵەتى تورکیا دەڵێن، ئاگر لە دارستانەکانی ئەو دورگەیە بەربووە. ئێستا کە لە تورکیا و هەرێمەکەدا پێشهاتی زۆر قەیراناوی لە گۆڕێدان، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە کەوتووەتە دۆخی هەڵوەشانەوە، دەبێت هەموو کەس بە گومان و جدیەتەوە لە رووداوى کەوتنەوەى ئاگر لە ئیمراڵی بڕوانێت. لە قۆناغێکى گرنگی لەمشێوەیەدا، کە تورکیا و ناوچەکە لە شەڕدان لە دورگەیەکى بەو جۆرەدا کە سیستمی چاودێریی توندی تیادا بەڕێوەدەچێت، لە زستاندا بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەوتنەوەى ئاگر مرۆڤ دەخاتە گومانەوە.

دوای ڕاگەیەنراوەکەی کەجەکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان هەزاران کەس  ڕژانە ناو شەقامەکان و داوایانکرد، خانەوادە و پارێزەرانی ئۆجالان سەردانی دورگەی ئیمڕالی بکەن و چاویان بە ئۆجالان بکەوێت.

 

لە خۆپیشاندانەکاندا ئاماژە بەوەکرا، لە مانگی ئابی ٢٠١٩وە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان نه‌كراوه‌ و هەواڵی ئاگرەکەی ئیمڕالی لەم دۆخەدا گوماناوییە و تا بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر دۆخی ئۆجالان چالاکیەکان بەردەوام دەبن.

ئەگەرەکانی پشتی ئاگرەکەی ئیمڕالی
وەک دەزانرێت نزیکەی ٨ مانگە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان نه‌كراوه‌. ئایا گومانەکانی کەجەکە و لایەنگرانی لەو ڕووداوە لە جێی خۆیدایەتی؟

هەر کاتێک حکومەتی ئاکەپە تەنگەتاو دەبێت، لە ناوخۆی تورکیادا چەندین کارت هەیە کە بەکاریدەهێنێت، یەکێک لەو کارتانەش عەبدوڵا ئۆجالان کە لە زیندانی ئیمڕالی دەستبەسەرکراوە.

لە ئێستادا ئاکپارتی لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا، بە تایبەتی لە سوریا، لە دۆخێکی زۆر قەیراناوی و ئاڵۆزدایە. لە هەموو لایەکەوە لە ژێر فشاردایە. پێدەچێت بە هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە ئیمڕالی هەوڵ بدات هیچ نەبێت فشاری کورد لەسەر خۆی کەمبکاتەوە و زەمینه‌یه‌ک بخوڵقێنێت کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان بكرێت، تا بەم شێوەیە فشار و هێرشی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر خۆی کەمبکاتەوە.

 

نمونەش بۆ ئەوە هەڵبژاردنی شارەوانیەکانی تورکیا بوو کە بەر لە هەڵبژاردنەکان ئاکەپە ڕێگایدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالاندا بكرێت. هەرچەندە ئۆجالان لە پەیامەکانیدا ئەو کاتە ڕایگەیاند، هەدەپە دەتوانێت خۆی بڕیار بدات کە دەنگ بە کێ دەدات، بەڵام دۆخەکە بە زیانی ئاکەپە کۆتاییهات و شارە گەورەکانی لەدەستچوو.

ئەگەرێکی تر ئەوەیه‌ پەیام بە کورد بگەیەنێت كه‌ دەتوانێت زیانێک بە سەرکردەكه‌یان بگەیەنێت، یان ئەوەتا لەم قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزەدا پێویستە هاوکاری ئاکەپە بکرێت یان هیچ نەبێت فشارەکان لەسەری کەمبکرێتەوە.

لەم دوو حاڵەتەدا کەجەکە، هەدەپە و ڕای گشتی چاوەڕوانی ئەوە دەکات پەیامێکی کراوە لە ئیمڕالیەوە بڵاوبکرێتەوە. تا دۆخی تەندروستی ئۆجه‌لان و رووداوی ئاگرەکەی ئیمرالی ئاشکرا نەکرێت و خێزان یان پارێزەران لەگەڵ ئۆجالان چاوپێکەوتن نه‌كه‌ن و ئۆجالان دۆخەکە شینەکاتەوە، نە کەجەکە و نە هەدەپە و نە لایەنگرەکانیان بڕوا بە هیچ لێدوانێکی ئاکەپە و دەوڵەتی تورکیا ناکەن.