ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:02 - 01/03/2020

پسپۆڕە ڕووسەکان: کێشەی ئیدلب بە توندوتیژی یەکلاییدەکرێتەوە‌

پەیسەر

ڕژێمی سوریا بە پشتگیری ڕووسیا و ئێران بڕیاری یەکلاکەرەوەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگای ئیدلبی سوریا داوە.

 بەو هۆیەشەوە بە ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشی ڕووسیا و سوریا بە هەموو هێزێکیانەوە بەردەوامە. تا ئەو ڕادەیەیە کە سوپای تورکیاش لە بەرانبەریان وەک قەڵغان قبوڵ ناکەن. نمونەش بۆ ئەوە هێرشی شەوی ٢٧ی شوبات بوو کە لە ئەنجامدا ٣٦ سەربازی تورکیا کوژران و ئەمەش بووە هۆی قەیرانێکی گەورە لە ناوچەکەدا.

لە ئیستادا وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکە داوا لە ڕووسیا و سوریا لە لایەک و لە تورکیا لە لایەکی تر دەکەن، هێرشەکانیان ڕابگرن و دەست بە دانوستان بکەن، بەڵام حکومەتی سوریا بە هیچ شێوەیەک ڕازی لەسەر ئەوە نییە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە ئیدلب بمێننەوە، ڕووسیاش ئەوە بە مافی ڕەوای حکومەتی سوریا دەزانێت.

هەرچەند تورکیا لە هەوڵە دیپلۆماسیەکانی بۆ ڕازیکردنی ڕووسیا بەردەوامە و باسی ئەوە دەکرێت، کۆبوونەوەیەکی چارەنوسساز لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام بدرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەوڵێکی تورکیا نەبووەتە هۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕووسیا و سوریا لە ئیدلب ڕابگیرێن و شەڕیش بەردەوامە.

 

پسپۆڕانی جەنگی ڕووسیا لەو بڕوایەدان، وڵاتەکەیان و حکومەتی ڕووسیا هیچ سازشێک لەسەر ئیدلب ناکەن و کێشەی ئیدلب بە توندوتیژی یەکلاییدەکرێتەوە.

ئەلکساندر گۆڵتس پسپۆڕی سەربازی ڕووسیا بە ماڵپەڕی دوێچەڤێلای ئەڵمانی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا دانوستان و ڕێککەوتنی باش لە نێوان ڕووسیا و تورکیادا هەبوو، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا، هەردوولا یەکتریان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان و پەیمانەکان تۆمەتبار دەکرد و تا دۆخەکە گەیشتە ئەم قۆناغە.

ئینان ستارۆدوبزیو پسپۆڕی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانیش بۆ هەمان ماڵپەڕ وتی، " دۆخی ئێستا لە دۆخی ٢٠١٥ دەچێت کە تورکیا فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیای لە سنور خستە خوارەوە و جیاوازیەکەی ئەوەیە، تورکیا لە ئێستادا بە هەموو شێوەیەک لە سوریا لە پاشەکشێدایە.

ستارۆدوبزیو لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی، یەک هۆکار هەیە رێگری لە ڕووسیا دەکات کە نەتوانێت بە تەواوەتی تورکیا پشتگوێبخات، ئەویش، بازرگانی و گەشتیاریە کە پەیوەندیەکی گەورە و لە مێژینە لەو دوو ڕووەوە لە نێوان ڕووسیا و تورکیادا هەیە.

ستارۆدوبزیو دەڵێت، "پرسی ئیدلب بۆ هەموو لایەنەکان زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی ئەو لایەنەی ئیدلب کۆنتڕۆڵ بکات وەک ئەوە وایە هەموو سوریای کۆنتڕۆڵ کردبێت و هۆکارەکەشی ئەوەیە ئیدلب وەک سوریای بچووک لەقەڵەمدەدرێت و ناوچەیەکی زۆر ستراتیژییە. بەو هۆیەوە ڕووسیا و حکومەتی سوریا بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لەبارەی ئیدلبەوە داوە و بە تەنها ڕێگایەک لەبەردەم لایەنەکاندا هەیە، ئەویش شەڕە کە ڕووسیا و سوریا دەیانەوێت چەکدارە توندڕەوەکان بە هەموو شێوەیەک لەو پاریزگایە دەربکەن و ئەوەی دەمێنێتەوە تورکیایە کە ئایا دەست لە پشتگیریکردنی ئەو چەکدارانە هەڵدەگرێت یان نە؟

لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەی گڵۆباڵی ڕووسیا لە بابەتێکیدا باس لەوە دەکات، کێ ئیدلب کۆنتڕۆڵ بکات، بە واتای ئەوە دێت کە لە سوریا خاوەن قسەیە.

ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات، ڕووسیا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە ستراتیژی خۆی لە سوریا داڕشتووە و بە پلان کار دەکات و لەوەش ناچێت پلانەکانی بە هیچ شێوەیەک تێکبدات و ئەوەش بە واتای هەموو بژاردەیەک دێت ئەگەر پێویست بکات.

 

وەک دەزانرێت، دوای هێرشەکەی سەر سوپای تورکیا لە ئیدلب کە ٣٦  سەربازی تورکیا کوژران، تورکیا دەرگای ئەوروپای بە ڕووی پەنابەراندا کردووەتەوە.

تورکیا بەو هۆیەوە دەیەوێت فشار لە سەر ئەوروپا دروست بکات کە لە دژایەتیکردنی ڕووسیادا پشتگیری بکات، بەڵام بێشانسیەکەی تورکیا لەوەدایە کە پێشتر بە هۆی نزیکبوونەوەی لە ڕووسیا و کڕینی سیستمی دژە مووشەکی ئێس ٤٠٠ و گوێنەدان بە ئەوروپا لەوە ناچێت، کارتی پەنابەران کاریگەریەکی زۆر لە سەر دۆخەکە دروست بکات.

هەروەها بیشانسیەکی تری تورکیا لەوەدایە، پوتین و ڕووسیا وڵاتێک نین کە زۆر حساب بۆ هێزی ناتۆ و ئەوروپیەکان بکەن و هەرچەندە تورکیا فشار لە سەر ئەوروپا دروست بکات، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندیەکانی تورکیا و ئەوروپا و لەوەناچێت کاریگەری لەسەر ڕووسیا دروست بکات، چونکە ڕووسیا خۆی یەکلایی کردووەتەوە و پێشەنگایەتی بەرەی دژ بە ڕۆژئاواییەکان دەکات.