لێکۆڵینەوە

03:37 - 02/03/2020

كەلتوور چ كاریگەرییەك لەسەر خۆراك دروستدەكات؟‌

پەیسەر

 کەلتووری خۆراک و خواردن لە کۆمەڵگای مرۆییدا بە درێژایی رۆژگار گرێدراوی ئەو پێکهاتەو چوارچێوانەیە کە بەسەر ئەو کۆمەڵگایەدا زاڵە. ئەم پرسە بۆ خۆی پەیوەندی بە بەستێنەکانی وەک داب و نەریت، هەلومەرجی جۆگرافیایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و مەزهەبی کۆمەڵگاکانەوە هەیە. بە واتایەکی تر، ئەو هۆکارانەی کە باسکرا لەدروستبوونی کەلتوورو جۆری خۆراک وشێوەی خواردندا کاریگەرییان هەیە. باسکردن لە کەلتووری خۆراک وخواردن لە ئێستادا بە هۆی زۆربوونی خەڵک وزیاد بوونی ئەو نەخۆشیانەی کە پەیوەندییان بە خۆراکەوە هەیەو هەروەها تێپەڕینی خێرای کۆمەڵگا لە نەریتییەوە بۆ مۆدێڕن، گرنگی وبایەخی زۆری پەیدا کردوە.

شێوازی دروستکردن ورێگای هەڵگرتنی لە کۆمەڵگاو کەلتوورێکەوە بۆ ئەوی تر جیاوازە

ئەگەرچی هەرناوچەو کۆمەڵگایەک کەلتوورو رەفتاری خوردوخۆراکی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام لەگوزەری رۆژگاردا گۆڕانی بەسەردا دیت. کاتێ خەڵک لە گوندەکانەوە دێنە شارەکان یان کۆچ دەکەن گۆڕان بەسەر خوردوخۆراکیاندا دێت. زۆر جار کۆچبەران لە خوردوخۆراک وەک کەرەستەیەک بۆ پاراستنی شوناسی کەلتووری خۆیان کەڵک وەردەگرن. بەگشتی خوردوخۆراکی جیاواز بەرهەمی کەلتووری جیاوازە. جۆری خۆراک، شێوازی دروستکردن ورێگای هەڵگرتنی لە کۆمەڵگاو کەلتوورێکەوە بۆ ئەوی تر جیاوازە. هەروەها لەکەلتوورە جیاوازەکاندا خواردەمەنییەکان بایەخی جیاوازیان پێدەدرێت، بۆنموونە: رەنگە لە کەلتوورێکدا شیرینی وەک هەدیەیەکی باش سەیر بکرێت بەڵام گێزەرو کەلەرم وەک هەدیە کاردانەوەی جیاوازی لێبکەوێتەوە. ئەوە لە كاتێكدا لە ڕووی زانستییەوە سوود و زیانەكانیان بەراوورد كراون و هەمووان دەیزانن.


خۆراک لەهەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنان ودروستکردن وبەکارهێنانیدا لەژێر کاریگەری کەلتووردایە. رەنگە لەکەلتوورێکدا بەخێوکردنی مەڕوبزن بایەخی پێبدرێت، بەڵام هەرلەو کۆمەڵگایەدا تەنانەت دەست تێوەدانی بەراز کارێکی خراپ بێت. رەنگە خەڵکانێک ماسی بە برژاوی بخۆن و خەڵکانی تر بە کاڵی بیخۆن. لەبواری بەکارهێنانیشدا هەندێ خەڵک بەکەوچک وچەتاڵ خۆراک دەخۆن، هەندێ تر لە چیلکە کەڵک وەردەگرن و بەشێکی تر لەپەنجەکانیان. ئەوانەش کە بەدەست خۆراک دەخۆن، بەشێکیان لەدەستی راست کەڵک وەردەگرن، هەندێکیان تەنها لەسێ قامکیان کەڵک وەردەگرن و خەڵکی وایش هەیە بەهەر دوو دەستی خوارن دەخوات. لەهەندێ شوێن لستنەوەی قامکەکان وەک عادەت وایەو رەنگە لەشوێنی تر بە عەیب دابنرێت. تەنانەت بڕی خواردنیش بەپێی کەلتوورەکان جیاوازە، رەنگە لەکەلتوورێکدا کەمێک لە خواردنەکە لە قاپەکەدا بهێڵنەوە بەو مانای کە تێریان خواردوە، بەڵام رەنگە لەشوێنی تر هێشتنەوەی خۆراک ببێتە هۆی ناڕەحەتی خانەخوێ یان چێشت لێنەر. لەوانەیە لەشوێنی تر لستنەوەی قاپەکە بەمانای ئەوە بێت کە خواردنەکە خۆش وبەتام بووە.

سەرسفرەی نیوەڕۆ یان شێوان شوێنێکی گونجاوە بۆ گفتوگۆی خێزانی

خوردوخۆراک لە زۆرێک لە کەلتوورەکاندا بەپلەی جیاواز، دەورێکی گرنگی لە پەیوەندییە خێزانییەکاندا هەیە. بۆنموونە لە کوردستانی خۆمان خۆراک لە رێوڕەسم ومیوانییەکاندا گرنگی خۆی هەیە. لەهەندێ کەلتووردا جۆری خۆراک دەتوانێت پلەوپێگەی کۆمەڵایەتی خێزانەکە نیشان بدات. تەنانەت قسەکردن وگفتوگۆیش لەکاتی خواردندا باسێکی کەلتوورییە. زۆرێک لە بنەماڵەکان باوەڕیان وایە کە سەرسفرەی نیوەڕۆ یان شێو شوێنێکی گونجاوە بۆ گفتوگۆی خێزانی و گفتوگۆ لەگەل خزمان ودۆستاندا. خێزانی وایش هەیە قسەکردن لەسەر سفرەدا بە رەفتارێکی باش نازانێت.

خێزانی وایش هەیە قسەکردن لەسەر سفرەدا بە رەفتارێکی باش نازانێت

بەگشتی نەریتی خوردوخۆراک لە جیهاندا شتێکی جیاوازە، تەنانەت لەناو ئەو کۆمەڵگاو کەسانەشدا کە مێژوویەکی کەلتووری هاوبەشیان هەیە دەتوانێت جیاواز بێت. بۆنموونە خواردنی شلەوبرنج لە باشووری کوردستان زیاتر گرنگی پێدەدرێت وەک لە باکووری کوردستان. بەکورتی کۆی ئەم باوەڕو رەفتارانەی کە کەلتووری خوردوخۆراک پێکدێنێت لە پەیوەندییە کەلتوورییەکاندا بەگرنگ دادەنرێت و کەلتووری خۆراک لەهەر کۆمەڵگایەکدا دەتوانێت رەنگدانەوەی باوەڕو رەفتاری خەڵک بێت.


هەروەک باسکرا خوردوخۆراکی مرۆڤ پەیوەندی بە هەلومەرجی ژینگەیی و جۆگرافیایی وهەروەها تایبەتمەندی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، سیاسی و مێژووی مرۆڤەوە هەیە. جا لەبەرئەوەی ئەم تایبەتمەندیانەش گۆڕانیان بەسەردا دێت، سروشتییە کە گۆڕان بەسەر چەمک و ماناو کەلتووری خوردوخۆراکیشدابێت. 

رەنگە سەردەمانێکخوردوخۆراک وەڵامێک  بووبێت بۆ پیداویستییەکانی تینویەتی وبرسییەتی بەڵام لەکۆمەڵگای هاوچەرخداتەنیا ئەومانایەی نیەو وەک چەمکێکی مێژوویی وفرەرەهەند بە فەلسەفەو تێڕوانینی جۆراوجۆرەوە سەیر دەکرێت. ئەڵبەت هەندێ لەرەفتارەکانی خواردن لەمڕۆدا رەگ وریشەی مێژوویی هەیەو رەنگە بەکارهێنانیشی، بەرهەمهێنانەوەی مانایەکی مێژوویی بێت. سەردەمانێک بەرهەمهێنان وبەکارهێنانی گۆشت ئاماژەیەک بوو بۆ چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و دەسڕۆیشتوویی و، دەوڵەمەندی ئەو لایەنەی نیشان دەدا و لەبەرامبەردا بەکارهێنانی دانەوێڵەو هەندێ جار سەوزەو مێوە، چینی هەژاری کۆمەڵگای دەناساند.  یان بۆ نموونە لەکۆمەڵگای پەنجا ساڵ لەمەوپێشی خۆماندا مانای گۆشت وبرنج تێکەڵی جەژن وبۆنەکان ببووو بەخۆراکی لایەنێکی کۆمەڵگا دادەنرا. رەنگە حەزوئیشتیای ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردی لە برنج وگۆشت، وەڵامیک بێت بۆ هەست وهەژاری رابردوو یان پڕکردنەوەی کەلێنی چینایەتی.

خواردن لەهەر کۆمەڵگایەکدا تا رادەیەکی زۆر لە پێکهێنەرە نەگۆڕو جێگیرەکانی کەلتووری ئەو کۆمەڵگایەیە

لەدروستبوونی عادەتی خواردندا، هۆکاری دەروونی، جڤاکی، کەلتووری وزیندەیی نەقشی هەیە. هەرکام لەم هۆکارانە لەرێگای خۆیانەوە لەسەر رەفتارو عادەتی خواردن شوێن دادەنێن. بۆنموونە گەنجانی هاوتەمەن لە رووی دەروونییەوە کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن ودەبنە هۆی ئەوەی کە تاک بەرامبەر بە تامی خواردن هەستێکی باش یان خراپ پەیدا بکات؛ هەر ئەم هەستە سادەیەش لەسەر جۆری خۆراک و بڕی خواردن وتەندروستی ئەو کەسە شوێن دادەنێت. عادەتی خواردن لەهەر کۆمەڵگایەکدا تا رادەیەکی زۆر لە پێکهێنەرە نەگۆڕو جێگیرەکانی کەلتووری ئەو کۆمەڵگایەیە. لە نێوان خۆراک وکەلتووردا پەیوەندییەکی تایبەتی هەیە، توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە  کەلتوورە جیاوازەکان لەدروستبوونی خواردنەکان ونەریتی خواردنی جۆراوجۆردا کاریگەرییان هەبووە. بەڕای زۆرێک لەبیرمەندانی بواری خۆراک، کەلتووری خۆراک بەبەراورد لەگەل عادەت وباوەڕو کەلتوورەکانی تر کەمتر تووشی گۆڕان دەبێت، بەوحاڵەش ئەمیش لە گۆڕان بەدەر نیەو لەگەل پەرەسەندنی دیاردەی شارنشینی، دەرفەتی فێربوون، دابارینی زانیاری، راگەیەنەکان، تێکەڵ بوونی کەلتوورەکان، جۆراوجۆری زیاتری خواردەمەنییەکان، جیهانی بوون، لەناوچوونی مەوداکان وبەرزبوونەوەی ئاستی داهاتی تاک وخێزانەکان و...هتد گۆڕانی تیا دروست دەبێت.

کەلتووری خۆراک وشێوازی خواردن وەک هێمایەک، دیارخەری نەژاد، رەگەز، مەزهەب، تەمەن، چینی کۆمەڵایەتی وبەگشتی شوناسی کەسی وکۆمەڵایەتییە. هەڵبەت کەبە تێپەڕبوونی کات وپەرەسەندنی پەیوەندی نێوان کەلتوورەکان وداهێنانی تەکنەلۆجی نوێ وگۆڕانی ئابووری وسیاسی وجڤاکی، هەروا چۆن شوناس وکەلتوورەکان کەوتنە ژێرکاریگەری، ئاوەهاش کەلتووری خوردوخۆراکیش لەفرەچەشنییەوە بەرەو لێکچوون رووی لەگۆڕان کرد.


جیهانی بوون وکەلتووری خۆراک
هەڵبژاردنی خۆراک وئەوەی کە چی بخۆیت تا رادەیەکی زۆر پەیوەندی بە نەریت و کەلتوورەوە هەیە. لەرابردوودا بەشێوەی نەریتی، کشتوکاڵ سەرەکی ترین سەرچاوەی خۆراک بوو. لەدەیەی ١٩٥٠ بەدوا دابینکردن وبەرهەمهێنانی خۆراک گۆڕا بۆ بازرگانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. بەدڵنیاییەوە لەماوەی سەدەی بیست ویەکیشدا گۆڕان لەبواری خوردوخۆراکدا دروست دەبێت. لەهەموو سەردەمێکدا خێزان ودۆستان دەوری گرنگیان لە هەڵبژاردنی  جۆری خۆراک وداب ونەریتی خواردندا هەیە. بەڵام هەنووکە  دەوری گرنگ و روولەگەشەی راگەیەنەکان وجیهانی بوون لەبارەی خوردوخۆراکەوە بۆ هەمووکەس ناسراوەو کاریگەری جۆراوجۆرو هەمەلایەنی لەسەر تاک وکۆمەڵ داناوە. جیهانی بوون کۆی هۆکارە سیاسی وئابووری و کەلتووری وکۆمەڵایەتییەکانە و ئەم هێزانەش کاریگەری لەسەرژیانی هەمووکەس داناوە.

ساڵی ٢٠٢٠ رێژەی ٦٥% ی مردنەکان هۆکارەکەی پەیوەندی بە خوردوخۆراکەوە دەبێت

بۆنموونە گۆڕانی کۆمەڵایەتی وەک دیاردەی شارنشینی و کارو پیشە، یان زانست وتەکنەلۆجی وپێشکەوتنی نوێ کاریگەرییان لەسەر خۆراک داناوە. لەدونیای ئەمڕۆدا زۆرێک لەخۆراکەکان بوونەتە هۆی دروست بوونی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی- ئابووری لە نێوان تاکەکان وکۆمەڵگادا کە پانتایی ئەو پەیوەندییە هەموو جیهانی لەخۆگرتووە. لەم سەردەمەدا بڕیاری بەکارهێنەران لەبارەی جۆری خۆراک وشوێنی دەسکەوتن وکڕینی، بووە بە بژاردەیەک لەناو شێوازی ژیاندا. شێوازێک کە جیهانی بوون بۆخۆی لەدروست بوونیدا دەوری هەبووە. شێوازی ژیان تارادەیەکی زۆر کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان وتەندروستی خەڵک داناوە، بۆنموونە بەهۆی ئەم گۆڕانەوە قەڵەوی وکێشی زۆر لەکۆمەڵگادا رووی لەزیاد بوونەو ئەم دیاردەیەش بۆخۆی بەستێنە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ وبۆرییەکانی خوێن وشەکرەو جۆرەکانی شێرپەنجەو....هتد. هەرلەم پەیوەندییەدا رێکخراوی تەندروستی جیهانی چەندساڵ لەمەوبەر رایگەیاند کە تا ئەمساڵ واتا ساڵی ٢٠٢٠ رێژەی ٦٥% ی مردنەکان هۆکارەکەی پەیوەندی بە خوردوخۆراکەوە دەبێت.

لە کۆمەڵگای نەریتی کەلتووریدا خوردوخۆراک ئەندامانی خێزانی لەدەوری یەکتر کۆ دەکردەوە

گۆڕانی شێوازی ژیان،گۆڕانی بەسەر کەلتووری خۆراکدا هێنا. ئاسەواری ئەم گۆڕانە بەسەر پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێزانییەوە دیارە، بۆ نموونە لە کۆمەڵگای نەریتیدا کەلتووری خوردوخۆراک وابوو کە ئەندامانی خێزانی لەدەوری یەکتر کۆ دەکردەوە، بەڵام لە کۆمەڵگای پیشەسازی دا، جۆرێ جیایی کەوتە ناو ئەندامانی خێزان و خواردنی خێرا ئەم دیاردەیەی زەقترو بەرینتر کردەوەو جۆرێ کەلتووری لەگەل خۆی هێنا کە چەمکەکانی وەک خێرایی وپەلەپەلکردن، نەبوونی کات، بایەخ پەیداکردنی زیاتری کارو ئەوەی کە نابێت کات بکەین بەقوربانی دروستکردنی خۆراک و...هتد بوو بەبەشێک لە رەفتاری رۆژانەو ئەم کەلتوورە رەفتارو نەریتی خەڵکی لەبواری خۆراکدا گۆڕی بۆ ئەو شتەی کە ئێستا هەموو کەس دەیبینێت. بۆنموونەلەکەلتووری خواردنی ئامادەو خێرادا پێویست ناکات ئەندامانی خێزان لەدەوری یەک کۆ ببنەوە.

 

ئەڵبەت خوردوخۆراک بۆ خۆی وەک چەمکێکی کەلتووری لەگەل ئەم لێکەوتەو دیاردەیانەدا لە ململانێدایە، لەبەر ئەوەی کە خۆراک نەقشی جۆراوجۆری هەیە، راستە خۆراک بۆ ژیان پێویستە، بەڵام بۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتیش پێویستە. چوونکە خۆراک بەدریژایی مێژوو وئێستاشی لەگەل بێت لە هەموو کۆمەڵگایەکدا کاتێ پێشنیاری خواردنی بۆکراوە، هەڵگری پەیامی دۆستایەتی و خۆشەویستی بووە. قەبووڵکردنی پیشنیاری خواردنیش بەمانای پەسەندو قەبووڵکردنی ئەو هەستە مرۆییە بووە. بەپێچەوانەوە قەبووڵ نەکردنی پێشنیاری خواردن یان پێنەدان وگرتنەوە لە خواردن ( وەک ئەوکاتەی دایک شیربەمنداڵەکەی نەدا) نیشانە بێزاری وتوورەیی وهەڵگری پەیامی سزایە. بەهەر حاڵ، لەهەر سەردەمێکدا باسی خواردن وخۆراک بکرێت، خێرا بیرمان بۆلای ئەوە دەچێت کە کێ هەیەتی وکێ نیەتی. هەربۆیە باسکردن لە خۆراک وکەلتووری خوردوخۆراک  بەبێ باسکردن لە بوون ونەبوونی ئاسایشی خۆراک شتێکی پوختەو تەواو نیە، چوون ئەم چەمکانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە.

ئاسایشی خۆراک بنەڕەتی کۆمەڵگای گەشەسەندوو پێکهێنەری سەرەکی تەندروستی هزری ودەروونی وجەستەیی ئەندامانی هەرکۆمەڵگایەکە

کەلتووری خۆراک وئاسایشی خۆراک
ئاسایشی خۆراک یانێ دەسپێڕاگەیشتنی خەڵک لە هەموو کاتدا بەخۆراکی پێویست وسوودبەخش وتەندروست یان توانایی بۆ بەدەسهێنانی خۆراک بە شێوازێ کە کۆمەڵگا پەسەندی بکات. بۆنموونە ئەگەر خێزانێک نەتوانێت کاڵاوشتومەکی پێویست بۆژیانی خۆی دابین بکات ئاسایشی خۆراکی نیە. ئەم دەسڕانەگەیشتنەش بۆ ئەو گرێدراوی کۆمەڵی هۆکاری وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەو لەناو ئەم هۆکارانەشدا کەلتوور دەوری چارەنووسسازی هەیە.لەراستیدا ئاسایشی خۆراک بنەڕەتی کۆمەڵگای گەشەسەندوو پێکهێنەری سەرەکی تەندروستی هزری ودەروونی وجەستەیی ئەندامانی هەرکۆمەڵگایەکە.

 

لەم دەیانەی دواییدا نەبوونی ئاسایشی خۆراک بووە بە پرسێکی جیهانی وئامارەکان باس لەوە دەکەن کە هەنووکە ١٠ بۆ ١٢ لەسەدی دانیشتوانی جیهان تووشی بەدخۆراکین وئاسایشیان لەم بارەیەوە نیەو ئەم دیاردەیەش ئەنجامی خراپی بۆ تەندروستی و گەشەی کۆمەڵگا  بەدواوە دەبێت.کە باسی پەیوەندی خۆراک وگەشەی کۆمەڵگا دەکرێت بەدروستی ئەزانم کە نەختێ پەیوەندی نێوان خۆراک و گەشتیاری وەک هۆکارێ بۆ گەشەی ئابووری وکۆمەڵگا بەگشتی وتێکەڵی کەلتوورەکان، روون بکەمەوە. لەسەردەمی ئێستادا تەنیا شوێنەکان سەرنجی گەشتیاران راناکێشن، بەڵکو خۆراکی ئەو ناوچانەش هۆکارێکە بۆرووتێکردنی گەشتیاران. بەدڵنیاییەوە چەمکی گەشتیاریی خۆراک لەسەر ئەم بنەمایە سەری هەڵداوە، کارێگەری خۆراک وخواردن وخواردنەوە لە راکێشانی گەشتیاردا بە جۆرێکە کە '' خۆراک'' وەک یەکێک لە هێما سەرەکییەکان بۆ ناسینی کەلتوور، نەریت، خووخدەو روانگەی خەڵکی ئەو کۆمەڵگایانە بۆ ژیان دەناسرێت. ئەگەرئامانجی گەشتیاران ناسینی کەلتوور، نەریت ومێژووی هەر ناوچەیەک بێت، ئەوا خۆراکە ناوچەییەکان لەم بارەیەوە باشترین رێنمان. ئەم رەهەندەی خۆراک دەوری گرنگی لە راکێشانی گەشتیاری ناوخۆیی ودەرەکیدا هەیەو لەدونیای ئەمڕۆدا وەک بازاڕێکی پڕداهات سەیردەکرێت.


کەلتووروخۆراکی تەندروست
خۆراکی دروست وتەندروست دەبێتە هۆی گەشەوتەمەندرێژی مرۆڤ.جیالەمانەش، خواردنی تەندروست کاریگەری باش لەسەر مێشک وهزرودەروونی مرۆڤ دادەنێت. کاتێ باس لەخۆراکی تەندروست دەکرێت دەبێت ئەو خۆراکە پرۆتین،کاربۆهیدرات، چەوری، کانزا، ڤیتامین وئاولەخۆ بگرێت بۆ ئەوەی ببێتە هۆی گەشەو تەندروستی خانەکان وئەندامەکانی لەش. بەکورتی خۆراکی تەندروست ئەو خواردن وخواردنەوانەن کە زیانیان بۆ مرۆڤ نەبێ وپێداویستییەکانی مرۆڤ دابین بکات. پێویستە بزانین کە زۆرێک لە نەخۆشییەکان بەهۆی نەبوونی هاوسەنگی لەخواردن وبەکارهێنانی خۆراکەوە روو دەدات. وەک لاوازی ئێسکەکان، نەخۆشییەکانی پێست و...ئەڵبەت بەپێی توێژینەوەکان هۆکارەکانی وەک کەلتووری نەگونجاو، کەمی دەسڕاگەیشتن بەخۆراکی تەندروست، حەزوئۆگری تایبەتی، کەمی رۆشنبیری لەبارەی خۆراکەوە، هەژاری وگران بوون رێگرن لە خوردوخۆراکی تەندروست. بەڵام دروست بەکارهێنانی ئەوەش وا هەیە بۆخۆی بەشێکەلە کەلتووری خواردن.

مەبەست لەخواردنی دروست ئەوە نیە کە مرۆڤ  خۆی تووشی زگهەڵگووشین بکاوبە تایبەت خۆی لەو خواردنانە بێ بەش بکات کە حەزی لێیەو بەشیوەیەکی نادروست خۆی لاواز بکاتەوە، بەڵکو ئەو خواردنەی بە دروست دادەنرێت کە وزەیەکی زۆر ببەخشێت وبەکارهێنەکەی هەست بەتەندروستی وخۆشی وتام وچیژ بکات. بۆ ئەم کارەش پیویستە بیر لەخواردنە بەسوودەکان بکریتەوە. ئەلبەت تەنها چی خواردن گرنگ نیە، چەندە خواردنیش گرنگە.

مەبەست لەخواردنی دروست ئەوە نیە کە مرۆڤ  خۆی تووشی زگهەڵگووشین بکات

بۆگەیشتن بەخواردنی تەندروست لەخێزاندا دەکرێ ئەم رێکارانە لەبەرچاوبگیرێت: یەکەم، باشتر وایە لەگەل ئەندامانی خێزاندا راوێژ بکرێت. بۆئەوەی عادەتێکی نوێ بێتە ناو شێوەوشێوازی ژیان وبەردەوام بێت، باشتر وایە پرس وراوێژبەئەندامانی خێزان بکرێ و لەسەربنەمای خۆراکی بەسوود حەزی ئەندامان لەبەرچاو بگیرێت. دووەم رێکار ئەوەیە کە نابێ لەم کارەدا پەلە بکرێت. گۆڕانکاری لە شێوەوشێوازیخوردوخۆراکدا یەک شەوە دروست نابێ وپشوو درێژی ئەوێ. دەکرێ لەگۆرانی سادەوە دەسپێبکرێ وبەرەبەرە ئەوەی ویست وبەسوودە لە کەلتووری خوردوخۆراکدا جێگیر بکرێت. رێکاری سێیەم دەتوانێت ناسینی خۆراکە بەسوودەکان بێت، نەک تەنیا بۆ ژەمەکان بەڵکو بۆ نێوان ژەمەکانیش. مەبەست لێرەدا وەلا نانی خۆراک وخواردنە بێ سوودو کەم سوودەکانە و جێنشین کردنیان بە خۆراکی بەسوود. ریکاری چوارەم رێزدانان وجێبەجێکردنی بەرنامەکەیە، ئەم هەنگاوە گرنگییەکەی لەجێبەجێکردنەکەیدایە. رەنگە لەسەرەتاوە دژوار بێت، چوون گۆرینی عادەت وکەلتوور کاتی ئەوێ؛ بەڵام پاش ئەوەی وەک عادەتێکی ئاسایی لێهات لەرووی کات وخەرجیشەوە بەسوودە. لەکۆتاییدا پێویستە بیرلەداهاتی خیزانیش بکرێتەوە. چ لەکاتی دابین کردنی خۆراک وچ بۆ داهاتوویش. چوونکە خوردوخۆراکی تەندروست جۆرێ سەرمایەگوزارییە لەسەر تەندروستی ئێستاو داهاتوو. بەلەبەرچاو گرتنی ئەم بنەمایانە با ساردکەرەوەو شوێنی هەڵگرتنی خۆراکەکان، خواردەمەنی تەندروست وبەسوودی تیا بێت. دەکرێ لەهەڵبژاردنی ئەم خۆراکانەشدا ئەو ئەندامانەی کە بەد خۆراکن، بەتایبەت مناڵان بەشداربن.


تایبەتمەندییەکانی خواردنی تەندروست
روونەکە خواردن یەکێک لەچێژبەخشترین بەشەکانی ژیانە. هەموو خۆراکەکان ئەگەر بەپێی پێویست بخورێن، دەتوانن بەشێک بن لەخۆراکی تەندروست. پێویستە مرۆڤ لە پێداویستی خۆراکی رۆژانەی خۆی ئاگادار بێت. چی خواردن وچۆن خواردن وچەندخواردن بەشێکی سەرەکییەلە رۆشنبیری خۆراک. بۆتەندروستی مرۆڤ رۆشنبیری خۆراک پێویستە، بەڵام بەس نیە؛ زۆر کەس زانیاری لەسەر زیانەکانی چەوری، خوێ وشەکر هەیە، کەچی لەخواردنیاندا زێدەڕۆیی دەکات. کەوابوو هونەری ئەم رۆشنبیرییە لە کرداردایە. پاراستنی هاوسەنگی لەخواردندا نیشانەی هەبوونی کەلتووری خۆراکی تەندروستە. پێویستە لەخواردنەکاندا سەوزە، میوە، دانەوێڵە، ماسی،هێلکەو گۆشت وبەرهەمی کەم چەوری هەبێت. هەروەک باسکرا شێوازی دروست خواردنیش بەشێکەلە رۆشنبیری و کەلتووری خوردوخۆراک کە دەکرێ لەم بارەوە رەچاوی ئەم تایبەتمەندیانە بکرێت: پیویستە مرۆڤ ئەوخواردەمەنیانەی کە حەزی لێ ئاکاودەوڵەمەندە بەماددەی بەسوود بناسێت. پێویستە بەئارامی ولەسەرخۆ خواردن بخوات بۆ ئەوەی هەم لەتێری و برسییەتی خۆی ئاگادار بێ وهەم چێژ لەخواردنەکە وەربگرێت. ترس ودڵەڕاوکێ وپەرێشانی لەکاتی خواردندا کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ دادەنیت، لەم بارەوە گوێگرتن لەمۆسیقایەکی ئارام زۆر باشترە لە سەیرکردنی هەواڵەکان وئەو فیلمانەی کە هەستی مرۆڤ ئەورووژێنێت. باشتروایە مرۆڤ ژەمەکانی خواردنی تێک نەداو تەرکیان نەکات، بەتایبەت خواردنی ناشتا. هەروەها لەتایبەتمەندییەکانی خواردنی تەندروست ئەوەیە کە مرۆڤ لەکاتی خواردندا خۆی سەرقاڵی کاری تر نەکات. بەگشتی وبەکورتی خۆراکی ناتەندروست وکەلتووری نادروستی خواردن کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی تاک وکۆمەڵ داناوەو مرۆڤیش کە بەرامبەر بەتەندروستی خۆی دەروەستە ناچارە لەم بارەوە گۆڕان لەژیانی خۆیدا دروست بکات. هەربۆیە لەم پێناوەدا پەروەردەو کەلتوورسازی بەهەنگاوێکی گرنگ لەبواری تەندروستی خۆراکدا دادەنرێت.


پەروەردەو کەلتوورسازی لەخوردوخۆراکدا
ئەگەرکەلتووری خوردوخۆراک دروستبێت،ئەکرێت زۆرێک لەخۆراکە بەسوودەکان لەجیاتی خۆراکی نەگونجاووکەمبایەخ لە خشتەی خواردنی رۆژانەدا دابنرێت. ناسینی کەلتووروعادەتە نادروستەکانی خواردن، هەنگاوی سەرەتاوپێویستە بۆ باشترکردنی بارودۆخی خوردوخۆراک وتەندروستی تاک وکۆمەڵگا. جۆری خۆراکی نێوان ژەمەکان بۆنموونە ئەو خواردنەی کە دایک لەنێوان ژەمەکاندا ئەیدات بەمناڵەکەی، ئەو خواردەمەنیانەی کەلە فرۆشگەی قوتابخانەکاندا دەفرۆشرێن، ئەوعەرەبانەو تابلۆیانەی کە لەسەرجادەو شەقامەکان بانگەشە بۆ خواردەمەنییەکان دەکەن، ئەو رێکلامانەی کەلە راگەیەنەکانەوە مێشکی مناڵان وبەگشتی خەڵک دەکاتە ئامانج و...هتد بەشێوەی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کەلتووری خوردوخۆراکی تاک وکۆمەڵ پێکدێنێت. لەئێستادا کەلتووری خواردن خەڵکی تووشی بەدخۆراکی کردوە، بەدخۆراکی جۆرێک نەخۆشییەکە بەهۆی بەکارهێنانی کەم یان زیاد لەپێویستی ماددەیەکی خۆراکی دروست دەبێت. بۆنموونە لەزۆرێک لەخێزانەکاندا ساردی لەجیاتی شیر، چەوری لەجیاتی پرۆتین ونوقڵ وشیرینی لەجیاتی سەوزەومیوە ئەخورێت. هەژاری کەلتووری وئابووری هۆکارن بۆ بەدخۆراکی ومەترسین بۆ تەندروستی، هەرچەند لەئێستادا دەبێ هۆکاری دەوڵەمەندی ،خۆشبژێوی وکەمبوونی رۆشنبیری خۆراکیش لەهۆکارەکانی بەدخۆراکی و نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بەخۆراک زیاد بکرێت.