ڕاپۆرتی کوردستانی

10:12 - 25/12/2018

مێژووی سەد ساڵ چالاکی مەدەنیی لە سلێمانی‌

پەیسەر

رەنگبێ بۆ نەوەی نوێ جێی باوەڕ نەبێ ئەگەر پێی بڵێی مێژووی چالاکی مەدەنیی و خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە سلێمانی، پێ دەنێتە سەد ساڵەوە و لەو کاتەوە تائێستا ئەم شارە ئەو خەسڵەتەی لە دەست نەداوە کە ناڕەزاییەکانی دەباتە سەر شەقام. بەڵام ئەو راستییەکە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم چالاکی مەدەنیی و ناڕەزایی جەماوەریی دژی دەسەڵاتی ئینگلیز، لە شاری سلێمانی دا ئەنجامدراوە لە ساڵی ١٩١٩.

مەزبەتە و ئیمزا کۆکردنەوە
دوای دەستگیرکردنی شێخ مەحمودی حەفید بە برینداری لە مانگی حوزەیرانی ١٩١٩ لە شەڕی دەربەندی بازیان و دواتر دوورخستنەوەی بۆ وڵاتی هیندستان، لە شاری سلێمانی بزاوتێکی رۆشنبیریی و جەماوەریی دەستیپێکرد بۆ گەڕاندنەوەو ئازادکردنی مەلیکی کوردستان. 


هەڵمەتەکە لەڕێی مەزبەتەکردن و کۆکردنەوەی  ئیمزاوەبوو لەناو چین  وتوێژەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا کە سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن ئەم چالاکییە مەدەنییە لەلایەن خەڵکەوە زۆر باش پێشوازی لێکراوە و کاریگەری لەسەر بڕیاری ئینگلیزەکانیش هەبووە بۆ گەڕاندنەوەی شێخ مەحمودی حەفید. ئەوەبوو ساڵی ١٩٢٢ شێخی حەفید گەڕێنرایەوە بۆ کوردستان.

خۆڕووتکردنەوەو گونیە پۆشین
ساڵی ١٩٣٤ دەسەڵاتدارانی ئینگلیز شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە رێبەری (بزووتنەوەی هەقە) کە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاینییە و ناوەندەکەی لە سەرگەڵو و شەدەڵەی نزیک سلێمانی بوو، دەستگیرکرد و شێخ عەبدولکەریم و چەند کەسایەتییەکی تری ئەو بزووتنەوەی دوورخستەوە بۆ کەرکوک و دەوروبەری.

دوای دەستگیرکردن و دوورخستنەوەی، بەشیک لە موریدەکانی شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە، بۆ ئازادکردنی شێخەکەیان، بەکۆمەڵ بە پێ بەڕێدەکەون بەرەو کەرکوک و وەکو ناڕەزاییەک جلەکانی خۆیان دەسووتێنن و لە بەردەم بارەگای پۆلیسی کەرکوک مان دەگرن و گونیە دەپۆشن.مەزبەتە و ئیمزا کۆکردنەوە

تا ئەو کاتە و بۆ دوای ئەو رووداوەش، هەرگیز چالاکی لەو جۆرە نەکراوە و دووبارەش نەبوویەوە. ئەوە یەکەمجار بوو خەڵک وەکو دەربڕینی ناڕەزایی خۆی رووت بکاتەوە و گونیە بپۆشێ.
لە ئەدەبیاتی بزووتنەوەی هەقەدا، ئەو ساڵە ناونراوە "ساڵی گونیە" چونکە چالاکییە مەدەنییەکە کاری خۆی کرد و ئینگلیز و دەسەڵاتی عێراق ناچاربوون شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە و هاوەڵەکانی ئازاد بکەن و بیانگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

یەکەم خۆپیشاندان و دوکان داخستن
ساڵی ١٩٣٠ دەسەڵاتی داگیرکەری بەریتانیا و دەوڵەتی تازە دروستکراوی عێراق گەیشتنە ئەوەی رێککەوتنی گەڕانەوەی سەرەوەریی بۆ عێراق ئیمزا بکەن، بۆ ئەمەش دەبوو هەڵبژاردنێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرایە و ئەو رێککەوتننامەیەی پەسەند بکردایە.

لە کوردستان و بە تایبەت شاری سلێمانی، دەنگی ناڕەزایی بەرز بوویەوە دژ بەو رێککەوتننامەیە و گوترا کە هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد تێدا نییە. ئەو بەڵێنانەی ئینگلیز بە کوردی داوە لە عێراقدا، هیچی جێبەجێ نەکراوە. بۆیە دژی ئەوەبوون نوێنەرانی کورد بچنە ئەو پەرلەمانەی بڕیارە رێککەوتننامەکە ئیمزا بکات.

تا رۆژی ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠ ئەو ناڕەزاییانە پەرشوبڵاوبوون، بەڵام لەو رۆژەدا ناڕزایی گەیشتە ترۆپک و بە هاندانی شاعیر و هونەرمەند و رۆشنبیرانی ئەو کات، لە ( بەردەرکی سەرا) کە شوێنی دەسەڵاتدارانی حکومەت بوو، جەماوەێکی زۆر کۆبوونەوە و دەستیان بە گوتنەوەی هوتاف و دروشم کرد.

لە مێژووی کوردستان و سلێمانیدا، بۆ یەکەمجاربوو خۆپیشاندانی جەماوەریی بەو شێوەیە رێک بخرێت. فایەق بێکەسی شاعیر قوتابیانی قوتابخانەکەی خستە دوای خۆی و تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکە بوون، هەر فایەق بێکەس داوای لە بازرگان و دوکاندارەکان کرد بازاڕ دابخەن و تێکەڵ بەو خەڵکی ناڕازی بن.

چونکە یەکەمجاربوو بەو شێوەیە خەڵک گردببنەوە، خۆپیشاندانەکە هەرزوو ترسی خستە دڵی دەسەڵاتدارانەوە، بۆیە بە زەبری چەک ویستیان بڵاوە بە خەڵکی توڕە و ناڕازی بکەن. لە ماوەیەکی کەمدا ئەو گۆڕەپانە بووە شوێنی کوژرانی نزیکەی ٤٠ کەس لە خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیس و دەیانی تر برینداربوون.


شارەزایانی مێژوو دەڵێن ئەو خۆپیشاندانەی بەردەرکی سەرا، لە مێژووی سیاس و جوڵانەوەی سەربەخۆییخوازیی لە کوردستانی سەرەتای دروستبوونی عێراقدا، بە خاڵی وەرچەرخان دەژمێردرێ چونكە بۆ یەكەمجار بوو قورسایی شۆڕش لە گوندەكانەوە بۆ نێو قوڵایی شارەكان بگوزارێتەوە. 

لە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیدا
سروشتی سلێمانی وایە، ناڕەزایەتییەکانی دەباتە سەر شەقام، ئیتر بۆی گرنگ نییە دەسەڵاتدا کێیە. بۆ دەربڕینی شادی و ناشادی دیسان دێنە سەر شەقام. ئەمەش وایکردووە نزیکەی سەد ساڵە ئەم شارە بۆ زۆر رووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەی بە چەک بە دەستی نەهێنابێ پەنای بۆ چالاکی مەدەنیی بردووە.
لە دوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە شاری سلێمانی، دەیان و بگرە سەدان خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژ بە دەرکردنی یاسا لە پەرلەمانی کوردستان و خراپی سیستمی حوکمڕانی بەڕێوەچوون. بەڵام هیچکامیان هێندەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ کاریگەر و بەرچاو نەبوون.

لە رووداوەکانی ١٧ی شوبات دا بۆ یەکەمجار لە مێژووی چالاکی مەدەنی ئەم شارەدا، نزیکەی دوو مانگ خەڵک لەسەر شەقام خۆپیشاندانیان کرد و تێیدا چوار گەنج لە خۆپیشاندەران کوژران و دەیانی تریش برینداربوون. بەڵام جیاوازییە گەورەکەی نێوان ئەم خۆپیشاندانە و ئەوانەی پیشوو ئەوەبوو، کە حوکمڕان و تەقەکەران لە خۆپیشاندەران و جەماوەری ناڕازی، دەسەڵاتداری کورد خۆی بوون نەک عەرەب و ئینگلیز.