ڕاپۆرتی کوردستانی

05:21 - 05/03/2020

لە رێککەوتننامەی جەزائیردا کێ خیانەتی کرد؟‌

پەیسەر

رۆژی: 1975/3/6

رووداو: کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک لە شاری جەزائیری پایتەختی جەزائیر


رووداوە گەورەکە: تەوقەو یەکتر لە ئامێزگرتنی شای ئێران و سەدام حسێنی جێگری سەرکۆماری عێراق.

کاتێک لە تیڤییەکانەوە دیمەنەکە نیشاندرا، زۆربەی سەرکردەو سیاسەتمەدارانی دنیا حەپەسابوون بە دیمەنی لەباوەشگرتن و ماچماچێنی سەدام و شا، بەڵام کورد نەک هەر پەشۆکابوو بەڵکو لە دڵەوە ترسێکی گەورە دایگرت چونکە لەناو درزی دەستی سەدام و شا، چارەنووسێکی خراپ خۆی مەڵاس دابوو.
ئاکامی ئەم رووداوە چاوەڕواننەکراوەی ناو کۆبوونەوەکەی ئۆپیک بەوە شکایەوە، شۆڕشێکی هەرە بەهێز و بەربڵاوی کورد شکستی پێهێنرا و بڵاوەی لێکرا کە دواتر لە کوردستان بە " رێککەوتنامەی شومی جەزائیر" ناوی دەرکرد.

رێککەوتننامەی جەزائیر چی بوو؟
لە رێککەوتننامەی جەزائیردا ئێران دەیویست سنووری وشکانیی و ئاویی خۆی لەگەڵ عێراق یەکلایی بکاتەوەو بە رەسمی ببێتە خاوەنی شەتولعەرەب کە لە ساڵی ١٩١٤ەوە پێی وابوو لێی زەوتکراوە. عێراقیش دەیویست شۆڕشی کورد کۆتایی پێبهێنێ کە ئێران یارمەتییەکی بێسنووری ئەو شۆڕشەی دەدا.
دواجار هەردوولایان بە مەرامی خۆیان گەیشتن و تێیدا کورد کرایە قوربانیی ئاهەنگ و خۆشییەکانی ئەو رێکەوتنە کە ئەگەر هاوکاری و کۆششی (هەواری بومیەدیەن) سەرۆک کۆماری جەزائیر نەبوایە، بەئاکام نەدەگەیشت.

بەهار بە دەم کوردەوە پێنەکەنی
بەهاری ١٩٧٥ بەڕاستی بەهارێکی پشتشکێن بوو بۆ کورد و شۆڕشەکەی. دوای رێککەوتننامەی جەزائیر و شکستی شۆڕشی ئەیلول، خەڵک ئەم کارەساتەی ناونا "ئاشبەتاڵ" و سەرکردایەتی شۆڕشیش پێی دەوت خیانەتمان لێکراوە.
بەڵام کێ خیانەتی کرد و خیانەت لە چی کرا؟

ئەندازیاری رێککەوتننامەی جزایر لە یەککاتدا هەم سەدام بوو هەم شای ئێران، بەڵام سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول زیاتر پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و خودی (هێنری کیسنجەر) وەزیری دەرەوەی ئەو کاتە درێژ دەکرد.

کیسنجەر یەکێکە لە سیاسییە دەگمەنەکانی ئەمریکا، بە هەوڵی ئەو وەکو وەزیری دەرەوەو راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، بەهاری ١٩٧٥ نێوانی ئەمریکا و چین ئاسایی بوویەوە، پرۆسەی ئاشتی لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوی باشی نا. بەڵام لە یەک کاتدا دەستبەرداری دۆستەکانی خۆیان بوون لە ڤێتنامی باشوور و کورد لە عێراق.

پەیوەندی شۆڕشی کورد و ئەمریکا بە ئاگاداری و هاوکاری شای ئێران، ساڵی ١٩٧٢ خەمڵی و پێی نایە قۆناغێکی هەستیارەوە. مانگی ئابی ئەو ساڵە لە پرۆسەیەکی تەواو نهێنیدا، ئەمریكا مانگانە بڕی 250 هەزار دۆلاری وەكو یارمەتی دەدا بە سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول.
لە پاڵ ئەو یارمەتییانەی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیا و ئێرانیش یارمەتییەکانی خۆیان پێشكەش بە شۆڕشی ئەیلول کرد، پارەی ئەوانیش تێکڕا گەیشتە ملیۆنێك دۆلار لە مانگێكدا.

ئەمریکا بۆیە ئامادەبوو پارەی زۆر بخاتە بەردەم شۆڕشی ئەیلول، دەیویست پارە و وزەی زۆری مرۆیی بە عێراق خەرج بکات و ناچاری بکات تا سازش لەسەر خواستەکانی بەرامبەر ئەمریکا بکات.

بە تێکچوونی پەیوەندی شۆڕشی ئەیلول و دەسەڵاتی بەعس لە عێراق، ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ کورد بەرزکردەوە بۆ زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا. شای ئێرانیش برێكی زۆر لەوە زیاتر پارەی تەرخانكرد بۆ بەهێزکردنی سەرکردایەتی کورد لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا کە بڕەکەی گەیشتە نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار. سەرەڕای پێدانی چەک و تفاقی زیاتر.

ساڵی 1973 تا 1975 تێکڕای یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ شۆڕشی ئەیلول گەیشتە 20 ملیۆن دۆلار لەگەڵ 1250 تەن چەک و تەقەمەنی و كەرەستەی جەنگیی.

هەموو ئەم هاوکاری و پشتیوانیانەی ئەمریکا بۆ کورد، لەژێر ناوی پرۆسەی نهێنیدا بوو. واتا لەسەر هێڵی خۆڵەمێشیی کە بریتییە لە هێڵێک لەنێوان پەیوەندی سەربازیی  ودیپلۆماسیدا.

تەواوی ئەو هاوکارییانەی ئەمریکا بۆ کورد، لەژێر چاودێری و رکێفی راستەوخۆی شای ئێراندابوو. بۆیە بەبێ ئاگاداری شا ئەستەم بوو پەیوەندی و هاوکارییەکان فراوان بکرێن.

.... ئەی شای ئێران چی کرد؟
ئەو رۆژەی لە جەزائیر گەڕایەوە بۆ تاران، شا کە غروری رێککەوتننامەی جەزائیری بەسەردا زاڵبوو، لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا کە لێی پرسی چارەنووسی کورد چی دەبێ دوای رێککەوتننامەکە؟ شا بە راشکاوانە دەڵێ: ئیتر پێویستمان بە شۆڕشی کورد نەما و پێمانگوتن دەبێ شۆڕش رابگرن. چونکە ئەوەی ویستم بۆ ئێران، بەدەستمهێنا. شۆڕشی کورد لەمە زیاتری پێناکرێ بۆیە بڕیاماندا تائێرە و بەس!

لەو کاتەوە کە حوکمی پاشایی لە عێراق بە کودەتایەک کۆتایی پێهێنرا، شای ئێران کێچ کەوتبووە کەوڵی و دەیویست ئارامیی و ئۆقرە لە عێراق ببڕێ.


تەنیا چەکێکی بەهێزیش بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، کورد و شۆڕشە بەهێزەکەی بوو. بۆیە ئامادەبوو ئەوپەڕی هاوکاری ئەو شۆڕشە بکات و ملیۆنان دۆلار بخاتە خزمەتییەوەو رێگەش بدات ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیلیش هاوکاری بکەن.

ئێران زۆر دژی رێککەوتننامەی ١١ی ئازاربوو کە لە نێوان شۆڕشی ئەیلول و حکومەتی عێراقدا ئیمزا کرابوو. بۆیە تادەهات خۆی لە سەرکردایەتی شۆڕشەکە نزیک دەکردەوەو هاوکاری پێشکەش دەکرد.

هاوکارییەکانی شای ئێران زۆر گرنگ بوو بۆ شۆڕشی ئەیلول و یارمەتی ئەوەیدا ببێتە گەورەترین شۆڕش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و حکومەتی عێراقی تەواو هەراسان کردبوو.

ئایا کورد پێشتر بێ ئاگابوو لە رێکەوتنەکە؟....
شا کە گوتی: ئیتر پێویستمان بە شۆڕشی کورد نەما و پێمانگوتن دەبێ شۆڕش رابگرن، بۆ بەشی هەرەزۆری پێشمەرگە و فەرماندەکانی شۆڕش و خەڵکی کوردستان قسەیەکی شۆکهێنەربوو، بەڵام ئایا بەڕاست سەرکردایەتی شۆڕش بێ ئاگابوو لە رێکەوتنەکە؟

مام جەلال کە ئەوکاتە نوێنەری شۆرشی ئەیلول بوو لە لوبنان دەڵێ: لەڕێی سەرکردەکانی عەرەب و فەلەستینیەکانەوە بیستم کە سەدام گوتوویەتی بە هەر نرخێک بووە لەگەڵ شای ئێران رێدەکەوم و شۆڕشی کورد تەفروتونا دەکەم.

مام جەلال دەشڵێ: بە نووسراو سەرکردایەتی شۆڕشم ئاگادار کردەوە لەو مەترسییەو هۆشداریم پێدان کە سەدام نیەتی خراپە. بەڵام دیارە سەرکردایەتی شۆڕش ئەم هۆشداریدانەی بە هەند وەرنەگرت.

لەناو سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلولیشدا جۆرێک لە سڵەمینەوە هەبووە لەو نزیکبوونەوە بێ ئەندازە لە ئێران، ئەوان پێشبینیان کردووە کە ئاکامی ئەو هەموو هاوکارییەی ئێران خراپ دەبێ.

بەڵام بێجگە لە ئێران، لەو سەردەمەدا هیچ رێگەیەک نەبوو بۆ گرێدانی پەیوەندی بە دەرەوەو شۆڕش تەنیا و تەریک دەکەوت.


ئێستا کاتی پرسیارەکە گەورەکەیە.. لە رێککەوتننامەی جەزائیر و شکستی شۆرشی کورددا کێ خیانەتی کرد؟

ئەمریکا بۆ بەرژوەندییەکانی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا،  بە نهێنی و لە پەناوپەسێودا ملیۆنان دۆلاری پێشکەش بە شۆڕشی ئەیلول کرد.
ئێران، بۆ لاوازکردنی عێراق و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ سوپاکەی و گەڕانەوەی شەتولعەرەب بۆ سەر نەخشەی وڵاتەکەی، زۆر شتی پێشکەش بە شۆڕشی کورد کرد.

هیچکام لەم یارمەتی و هاوکارییانە بەناوی ئەوە نەبوو کە کورد مافی خۆیەتی لە عێراقدا خاوەنی کیانبێ. نە ئەمریکا و نە ئێران بە دێڕێک نەیانگوتووە بۆیە پشتگیری کورد دەکەین چونکە مافی خۆیەتی هەرێمێک یان کیانێکی هەبێ.

هەردوولایان دەڵێن بۆ بەرژوەندی خۆیان یارمەتیان پێشکەش بە کورد کردووە، کاتێ بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو زلهێزە دێتەدی، ئیتر چ کاریان بەوەیە یارمەتی کورد بدەن و سەرئێشە بۆ خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان دروست بکەن؟
هێنری کیسنجەر پاساوی دەستبەرداربوون لە کورد بە سێ هۆکار دەهێنێتەوە:

یەکەم: هەموو هاوکارییەکانیان بۆ شۆڕشی کورد لەڕێی شای ئێرانەوە بووە
دووەم: جوگرافیای کوردستان دەرەچەی نییە بۆ دەرەوە بێجگە لە وڵاتە سەردەستەکانیان، بۆیە ئەمریکا نەیدەتوانی بەبێ شا یارمەتی کورد بدات.
سێیەم: هەموو ئەوانەی پێشکەش بە کوردیان کردووە بە نهێنی بووەو نەدەکرا ئاشکرا ببێ.

شای ئێرانیش راشکاوانە گوتبووی: ئیتر پێویستمان بە شۆڕشی کورد نەما چونکە ئەوەی ویستم بۆ ئێران، بەدەستمهێنا. شۆڕشی کورد لەمە زیاتری پێناکرێ.

بەپێوەری سیاسەتی واقیعبینانە، کەواتە نە ئێران نە ئەمریکا خیانەتیان بە شۆڕشی کورد نەکردووە، بەڵکو کورد و دۆزە رەواکەی، بایی ئەوەی پێ نەبووە تا چڵێسی و تەماحی پاوانخوازانەی ئەوان دابین بکات.

ئێران دوو شتی ویست لە رێککەوتننامەی جەزائیردا بە دەستیهێنا ئەوانیش دیاریکردنی سنووری وشکایی و ئاوییەکان و دەستکەوتنەوەی شەتولعەرەب، عێراقیش تەفروتوناکردنی شۆڕشی کرد، ئەویش بە دەستهێنا.
هەردوولایان لەسەر جەستەی تێکشکاوی کورد ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.