ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:41 - 08/03/2020

چۆن بوو پوتین شاندی تورکیای لەژێر پەیکەری کاترینای دووەمدا کۆکردەوە؟‌

پەیسەر

دوای ئاڵۆزییەکانی ئیدلیب و هێرشێکی لەناکاو و فراوانی هێزەکانی سوریا بە پشتگیری روسیا بۆ سەر سوپای تورکیا، سەرەتای ئەم مانگە شەڕ و پێکادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان تورکیا و ڕژێمی سوریا دەستیپێکرد.

شەڕ و پێکادان چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو و بە لێدوانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ٥٩ سەربازیان کوژراوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن زیاتر لە ١٥٠ سەربازی تورکیا کوژراون.

تورکیا لەو دۆخەدا پاشەکشێی کرد و چەندجارێک داوای لە روسیا کرد کە ئاگربەست ڕابگەیەنرێ. لە ئەنجامدا ڕۆژی ٥ی ئازار شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان سەردانی مۆسکۆی کرد و دوای کۆبوونەوەکی ٦ کاتژمێریی ئاگربەست لە ئیدلیب ڕاگەیەنرا.

 

ئەوەی جێی سەرنجی میدیا جیهانی و ناوچەییەکان بوو، ئەو پەیکەرەبوو کە لە پشت شاندی تورکیا دانرابوو و مشتومڕی زۆری دروستکرد.

لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا، پوتین میوانە تورکەکانی بردە ژێر پەیکەری (کاترینای دووەم) شاژنە گەورەکەی روسیا. ئەمەش سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا و ئاماژەیان بەوەدا کە پوتین بە ئەنقەست شاندی تورکیای لەژێر ئەو پەیکەرەدا وەستاندووە.

ئایا کاترینای دووەم کێیە و بۆچی شاندەکە لەژێر ئەو پەیکەرەدا وەستێنرا، چ واتایەک دەگەیەنێ و بۆچی سەرنجی میدیاکانی ڕاکێشا.

بەپێی بەڵگە مێژووییەکان لە سەردەمی شاژنە کاترینای دووەمدا، سوپای ئیمپراتۆری عوسمانیی گورزی گەورەی بەرکەوتووە و عوسمانییەکان لەسەردەستی سوپای ئیمپراتۆری روسیادا خاکێکی زۆری لە دەستدا.

شاژنە کاترینای دووەم کێیە؟
سوفیا ئوگوستا ئانهاڵت زیربست، ساڵی ١٧٩٢ی زاینی لە ویلایەتی پروسیای روسیا لەدایکبووە. کچی ئیمپڕاتۆری گەورەی روسیا پیتری گەورەیە، دوای ئەوەی خوێندن تەواو دەکات، بنەماڵەکەی ناوی کاترینایان لێنا. لە تەمەنی گەنجێتیدا دەبێتە شاژنی روسیا و نزیکەی ٣٤ ساڵ لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی دانیشت.

لە سەردەمی کاترینای دووەمدا سوپای روسیا گەیشتە لوتکەی بەهێزی  و توانی بەشێکی زۆری خاکی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیر بکات.

 

لە لایەکی ترەوە سەرکەوتنە سەربازییەکانی شاژنە کاترینا وایکرد کە دۆخی سیاسی و ئابووری روسیاش ببووژێتەوە و ئەوەش وایکرد، سەردەمی فەرمانڕەوایی کاترینای دووەم وەک سەردەمی زێڕینی روسیا لە قەڵەم بدرێت.

کاترینی دووەم ڕۆژ بە ڕۆژ لە جیهاندا ناوبانگی دەرکرد و دواتر وەک (کاترینی گەورە) ناسرا. سوپای روسیا لەو سەردەمەدا توانی نەمسا، ئوکرانیا، نەرویج، سوید  و وڵاتانی بەڵکان، بەشێک لە خاکی ئیمپراتۆرێتی عەسمانیی داگیر بکات،

دواتر هەمووی لەژێر ناوی روسیادا کۆکردەوە و روسیای بەسەر ٥١ ویلایەتدا دابەشکرد و سیستمێکی تایبەتی فەرمانڕەوایی دامەزراند.

ئیمپراتۆری روسیا و عوسمانییەکان لە سەردەمی کاترینی دووەمدا
لە سەردەمی کاترینی دووەمدا فراوانی خاکی روسیا گەیشتە ٥١٨ هەزار دوجار و بووە گەورەترین ئیمپراتۆریی ئەو سەردەمە. یەکێک لە ڕکابەرە هەرە سەختەکانی کاترینا دووەمیش، ئیمپراتۆری عوسمانیی بوو.

 

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، لە سەردەمی دەسەڵاتی شاژنە کاترینادا ١٠ بۆ ١٥ جار سوپای عوسمانیی لە لایەن ڕوسەکانەوە تێکشکێنراون و پاشەکشێیەکی زۆری پێکردوون. لەگەڵ ئەوەشدا خاکێکی زۆری لەژێر دەستی عوسمانییەکان دەرهێنراوە.

سەردەمی شاژنە کاترینا بە یەکێک لە سەردەمە هەرە ئاڵۆز و مەترسیدارەکان لە مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانییدا دادەنرێ. بەڵگەنامە مێژوویییەکان باس لەوەدەکەن کە عوسمانییەکان چەندینجار هەوڵی دیپلۆماسیان داوە بۆ ئەوەی ئاگربەستێک لە نێوانیاندا دروست ببێ و ڕێبکەون.

وەستانی تورکەکان لەژێر پەیکەری کاترینای دووەمدا
وەک ئەوەی لە سەرەتادا باسمان کرد، ڕۆژی ٥ی ئازار شاندێکی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان سەردانی روسیای کرد و لە کۆشکی سەرۆکایەتی روسیادا ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا، شاندی تورکیای لەژێر پەیکەری کاترینای دوومدا بە پێوە راوەستاند.

هەرچەندە تائێستا دەوڵەتی روسیا هیچ زانیارییەکی لەسەر هۆکاری کۆکردنەوەی شاندی تورکیا لەژێر پەیکەرەکە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان بە حاڵەتەکە کرد و بڵاویان کردەوە، ڤلادیمێر پوتین وەک ئاماژەیەک بە دووبارەبوونەوەی مێژوو شاندە تورکیەکەی لەژێر پەیکەرەکەدا کۆکردووەتەوە.

 

باس لەوەش دەکرێت مەبەستی پوتین ئەوەبووە کە جارێکیتر روسیا توانیویەتی تورکیا تێکبشکێنێ و ناچاریان بکات کە بۆ داواکاری و بەرژەوەندییەکانی روسیا، مل کەچ بکات.

لە میدیاکانی تورکیاشدا، ئەم بابەتە مشتومڕی نایەوە، هەندێکیان بە ئاسایی وەریانگرت و گوتیان: پوتین هەموو چاوپێکەوتنەکانی لەو هۆڵەدا لەگەڵ شاندی وڵاتان ئەنجام دەدات. بەڵام ڕایەکی تریش هەیە کە ڤلادیمێر پوتین بە تەنیا لەو هۆڵەدا پێشوازی لە شاندی ئەو وڵاتانە دەکات کە حسابێکی زۆریان بۆ ناکات.