ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:23 - 09/03/2020

باباجان بۆ کورد چی پێیە؟‌

پەیسەر

عەلی باباجان وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا و یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی پارتی داد و گەشەپێدان کە مانگی تەموزی ساڵی ڕابردوو لەو پارتە دەستیلەکارکێشایەوە، وادەی ڕاگەیاندنی پارتە نوێیەکەی ئاشکرا کرد.

باباجان، لەگەڵ دامەزراندن و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئاكەپە، ناوبانگی پەیداكرد. هەرچەندە بە رووكەشی لەسەر ئیسلامی سیاسی تورك هەژمار دەکرێت، بەڵام شێوازی كاركردنی لەگەڵ دامەزراوە سەرمایەدارییە جیهانییەكان، سیمای سیاسییەكی لیبڕاڵیان پێ به‌خشیوه‌.

باباجان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس تی ڤی تورکی ستراتیژی پارتە نوێیەکەی و وادەی ڕاگەیاندنی پارتەکەی ئاشکراکرد گوتی،"ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ئازار لە مەراسیمێکدا پارتە نوێیەکەی ڕادەگەیەنێت".

باباجان دەڵێت، ٩٠ کەس وەک دەستەی دامەزرێنەرانی پارتەکەی بەشداری لە مەراسیمەکەدا دەکەن و ٢٧٪ی دامەزرێنەرانیش ژنن

باباجان گوتیشی، لە مەراسیمەکەدا ناوی پارتەکەی ئاشکرا دەکات، بەڵام ئاماژەی بە بەشێک لە ناوەڕۆکی پرۆگرامی پارتەکەی کرد کە بەم شێوەیەیە:
لە لاپەڕەی یەکەمی پرۆگرامەکەدا، باس لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن دەکات. هەروەها ئازادی ڕادەربڕینیش وەک کێشەیەکی سەرەکی تورکیا پێناسە کراوە. باسی ئەوەشدەکرێت کە جگە لە دیالۆگ هیچ شتێک ناتوانێت، کێشەکان چارەسەر بکات و ئەو وڵاتە بەرەو وێرانە دەڕوات.

باباجان لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە،"سیاسەتی تورکیا لەسەر ترس و تۆقاندن بنیاتنراوە. ئێمە دەمانەوێت تورکیایەکمان هەبێت کە هاوڵاتیان بێ ترس هەوڵ بۆ داهاتووی خۆیان بدەن." هەروەها بێ ئەوەی ناوی ئاکەپە بهێنێت، رەخنەی لە دەسەڵات گرت و گوتی،"ئێستا تورکیا پێویستی بە ئازادی و دیموکراسی و جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام بەم دەسەڵاتەی ئێستا ناتوانرێت تورکیا بەرەوپێشەوە ببرێت.

عەلی باباجان بانگەشەی ئەوەی کرد کە نەک تەنها دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ ئاکپارتی، بەڵکو جێگرەوەیە بۆ هەموو پارتەکانی دیکەی تورکیا و سیاسەتی دایک لە تورکیا پەیڕەو دەکات.

باباجان لەبارەی عەبدوڵلا گویل سەرۆک کۆماری پێشووی تورکیاش کە لە ئاکەپە جیابووەتەوە دەڵێت،"گویل دۆستێکی کۆنی منە. بەرلەوەی بچمە ناو سیاسەتەوە، گویلم ناسیوە. ئەوە هانی دان کە بەشداری لە سیاسەتدا بکەم. لە پڕۆسەی هەوڵ و ئامادەکارییەکان بۆ دروستکردنی پارتە نوێیەکەماندا زۆر هاوکاری کرد و ئەزموونەکانی بۆ ئێمە گرنگ بوون.

عەلی باباجان کێیە؟
لە ساڵی ١٩٦٧ لە ئەنقەرە لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٥ کۆلێژی بازرگانی ئەنقەرەی تەواو کرد، ساڵی ١٩٩٢ لە ئەمریکا بڕوانامەی بازرگانی باڵا و کارگێڕی لە زانکۆی نۆرسوێسترنی بە دەستهێنا. تا ساڵی ٢٠٠١ کۆمپانیایەکی بازرگانی گەورەی هەبووە و لە کەرتی تایبەت کاری کردووە. ساڵی ٢٠٠١ لە دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێداندا بەشدارییەکی چالاک دەکات و دەبێتە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی ئاکپارتی. لە کابینەی ٥٨ و ٥٩ حکومەتی تورکیادا دەبێتە وەزیری دەوڵەت و بەرپرسی ئابوری ئاکەپە.

پێشتر پۆستەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەرۆکی دەستەی دانوستانکاری تورکیا و یەکێتی ئەوروپای وەرگرتووە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ وە هیچ پۆستێکی حزبیی و حکومی بە عەلی باباجان نەدراوە

ئەحمەد داودئۆغلۆ یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی پارتی داد و گەشەپێدان –ئاکەپە-و سەرۆک وەزیری پێشووی توركیاش، لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ دا لە ئەنقەرە و لە رێوڕه‌سمێكدا پارتە نوێکەی بە ناوی (پارتی داهاتوو) ڕاگەیاند. ١٥٤ کەس بەشدارییان لە دامەزراندنی پارتی (داهاتوو)دا کرد کە ٣١ کەسیان ژنن.

باباجان و پرسی کورد

هەرچەندە تا ئێستا ڕاستەوخۆ عەلی باباجان باسی لە بەرنامە و پرۆگرامی لەبارەی کێشەی کوردەوە نەکردووە بەڵام کوردانی باکووری کوردستان گەشبین نین لە دامەزراندنی پارتە نوێیەکەی باباجان.

هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عەلی باباجان یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە کابینەکەی ئەردۆغاندا چالاک بووە و لەبەرامبەر ئەو توندوتیژیەی لەدژی کورد و هەدەپەدا کراوە، هیچ هەڵوێستێکی پیشان نەداوە

لە پۆلێنكردنی سیاسەتی كورد لە توركیادا دوو بۆچوون هەیە. یەكێكیان بۆچوونی نەتەوەپەرستییە كە پێی وایە دەكرێت بە بەكارهێنانی سوپا، ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت.

 

ئەوەی دیكەیان ئەو سیاسەتەیە كە پێیوایە بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێكی دیموكراسییانە دەكرێت كێشەی كورد چاره‌سه‌ربكرێت، بەڵام نازانرێت عەلی باباجان کام ڕێگا بۆ پرسی کورد لە پرۆگرامی پارتەکەیدا هەڵدەبژێرێت.