ڕاپۆرتی کوردستانی

01:27 - 10/03/2020

کۆپییەکی نوێی داعش لە کەرکوک‌

شاڵاو محەمەد

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، هێرش و پەلاماری داعش لە دەوروبەری کەرکوک بەتایبەت بەشی رۆژئاوای، پێی ناوەتە قۆنا‌غێکی نوێ و شێوازێکی تازەوە.

داعشەکانی ئەمجارە، لە جۆری هێرش و تاکتیک و رێکخستنیشەوە جیاوازن لەو داعشەی لە ناوەڕاستی ٢٠١٤ تا مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەوروبەری کەرکوکیان داگیرکردبوو.

رووداوەکانی دوو مانگی رابردوو
لە یەکەم هەفتەی ساڵی 2020 دا كاروانێكی سوپای عێراق له‌ سنووری قەزای داقوق، کەوتن بەسەر بۆمبی چێنراوی داعشداو عه‌قید روكن مازن عه‌بود فەرماندەی لیوای 45ی سوپا و چوار پاسه‌وانی برینداربوون، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە رۆژی دواتر مازن عەبود گیانی لەدەستدا.

کۆتایی مانگی یەک، لە داقوق چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سه‌ر كاروانێكی سوپای عێراق و لە ئەنجامدا دوو سه‌رباز كوژران.

داعشەکانی سنووری کەرکوک گۆڕانکارییان بەسەر تاکتیک و پیلانەکانیاندا هێناوە

دوایین رووداو رۆژی 18ی مانگی رابردوو – شوبات، له‌ گوندی چه‌خماخه‌ی سەر بە قه‌زای دوبز ( 35كم له‌ رۆژئاوای شاری كه‌ركوك) روویدا کاتێک ژمارەیەك چەكداری داعش، هەڵیانكوتایە سەر دوكانێكی ئەو گوندە و چوار هاوڵاتی دەکوژن و دووانی تریش بریندار دەبن.

دواتر خەڵکی گوندی چەخماخە بە چەک و تفەنگی خۆیانەوە، بەرپەرچی چەکدارەکان دەبنەوەو لە گوندەکە دووریان دەخەنەوە. لەو روبەڕووبوونەوەیەدا چەند هاوڵاتییەکی تری گوندەکە بریندار دەبن.

داعشی نوێ کێن؟
بەگوێرەی لێدوان و زانیارییەکانی بەرپرسانی سوپا و دەزگای هەواڵگریی و پۆلیس کە تایبەت داویانە بە گۆڤاری پەیسەر، چالاکبوونەوەی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکوک، بریتین لەو چەکدارە توندڕەوانەی ناوچەکە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، هەر گروپ و رێکخراوێکی تیرۆرستیی سەر هەڵبدات، ئەوان دەبنە ئەندامی.

ئەوانیش کۆنە بەعسییەکان و چەکدارە خێڵەکییەکانی سوننەن کە بەهۆی سەرهەڵدانی داعش لەو سێ ساڵەی رابردوودا، ئەوان تۆکمەتر و رێکخراوتر خۆیان رێکخستەوە.

جموجوڵ و دەرکەوتنەوەی ئەمجارەی ئەو چەکدارانە، هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانە خوێناوییەکانی بەغدا و شارەکانی خواروو ناوەڕاست لە مانگی ئۆکتۆبەری پارەوە.

بەرپرسێكی باڵای دەزگا ئەمنییەکان كەركوك بۆ پەیسەر گوتی:" داعشەکانی سنووری کەرکوک، گۆڕانکارییان بەسەر پیلانەکانیاندا هێناوە، ئێستا لەڕێی پەلاماری لەناکاو، دانانی خاڵی پشكنینی وەهمیی دەیانەوێ خۆیان دەر بخەنەوە. لە هێزێكی رێكخراو کە ئامانجی داگیركردنی چەند پارێزگایەكی عێراق بوو، ئێستا سیاسەتیان گۆڕیوە بۆ ئەوەی تەنیا باس بكرێن و بیسەلمێنێن ماون".

بەهۆی ئینتمای مەزهەبیی و خێڵەکییەوە کەلێنێکی گەورەی ئەمنیی لە کەرکوک دروستبووە

ئەو بەرپرسە گوتیشی:" ئەوەندەی زانیاریمان هەبێ چەكداری بیانیان لەگەڵدا نەماوە، زۆرینەیان خەڵكی عێراق و سوریان و هەندێکیشیان خەڵكی ئەو ناوچانەن كە كردەوە تیرۆرستییەكەی تێدا ئەنجام دەدرێ".

کێ کەرکوک دەپارێزێ؟
لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەرکی پاراستنی ئەمنیەتی کەرکوک لە ئەستۆی سوپا، دژە تیرۆر و دەزگای هەواڵگریی عێراقدابووە. لە ساڵی 2019 ـوە لەلایەن لیوای 61ی تایبەتی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەهاوكاری پۆلیسی كەركوك بەرێوەدەبرێ. ئەو لیوایە بە بڕیاری فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق نێردراوە بۆ كەركوك و سەر بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكە.

بەڵام سەرباری ئەو هەموو هێزە، کەچی هێشتا نەیانتوانیوە ئاسایشێکی مسۆگەر بۆ هەموو پارێزگاکە دابین بکەن.

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە دەزگای هەواڵگریی لیوای61 بۆ پەیسەر گوتی:" لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا کە لەم ناوچەیە لە ئەرکداین، توانیومانە زیاتر لە 300 تۆمەتبار دەستگیر بكەین كە زۆرینەیان سەر بە رێكخراوی تیرۆرستیی داعش بوون".

نەبوونی دڵسۆز و خەمخۆر
زۆربەی بەرپرسە ئەمنی و هەواڵگرییەکانجەخت لەوە دەکەنەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەڕانەوەی ئارامیی بۆ کەرکوک و دەوروبەری، بەڵام کەسانێکی زۆریش هەن لەناو دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکاندا کە دەڵێن: بەهۆی ئینتمای مەزهەبیی و نەتەوەیی و خێڵەکییەوە، کەلێنێکی گەورەی ئەمنیی دروستبووەو توندڕەوەکان سوود لەو درز و کەلێنە وەردەگرن.

بۆ نموونە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی كەركوك کورد و عەرەب و تورکمان، داوایەکیان ئاڕاستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق کردووە تا لیوایەكی هاوبەشیان بۆ دروست بکات و ناوچەکە بپارێزن.

ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەو هێزە ئەمنی و هەواڵگرییانەی لە کەرکوکدان، وەکو ئەوەی پێویستە ئەرکەکانیان ئەنجام نادەن و بە هەرهۆکارێکبێ، چاوپۆشی لە خراپەکاران دەکرێ.

رێبوار تەها ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی گوتی:" فراکسیۆنەکەمان نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە و خراپی دۆخی ئەمنی قەزای داقوق و چەند شوێنێكی دیكەی شارەكەمان رونكردووەتەوە. داوامانكردووە لیوایەک لە پێکهاتەکانی کەرکوک تایبەت بۆ پاراستنی قەزای داقوق و دەوروبەری کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ یان بەرگریبێ پێكبهێنرێ. دەبێ پێداچوونەوە بە پلانی ئەمنی كەركوكدا بكرێت و بۆشایی ئەمنی نەهێڵرێت چونكە داعش زۆر باش سوودی لەو ناكۆكییەی نێوان پێكهاتە ئەمنیەكانی كەركوك وەرگرتووە".

جموجوڵ و دەرکەوتنەوەی داعش، هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانە خوێناوییەکانی بەغدا و شارەکانی تر

رێبوار بۆ پەیسەر گوتیشی:" پێشمەرگە لە كەركوكدا ئامادە نییە و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەستكراوەنین. هەروەها لیواكانی  سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ  و بەرگریی عێراق لە ئاستی خراپی دۆخەكەدا نین و پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ پۆلیس و دانیشتوانی کەرکوکدا نییە. ئەنجامی كۆبوونەوەكانی پارێزگاری كەركوكیش لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان، دیار نییە، لەڕووی ئەمنییەوە  هەموو ئەمانە بۆشایی ئەمنین و دەبێت چارەسەر بكرێن".

ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٩ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە