ڕاپۆرتی کوردستانی

05:34 - 10/03/2020

سوریا دەست لەو سیاسەتە هەڵنەگرێ، تووشی گێژاوی قوڵتر دەبێتەوە‌

پەیسەر

نورەدین دەمیرتاش ئەندامی کۆمیتەی کەلتوور و هونەری پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" و برای سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، لە وتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی 'یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا' باسی لە هەڵوێستی دەوڵەتانی ئێران، سوریا و تورکیا بەرانبەر گەلی کورد کرد و ڕایگەیاند، تا ئێران کێشەی کورد چارەسەر نەکات، قەیرانەکانی کۆتاییان پێنایەت.

دەمیرتاش باسی هەڵویستی ڕژێمی سوریاش دەکات و دەڵێت:" ئێستاش ڕژێم دوای ئیدلب، هەڕەشە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات. ئەو سیاسەتە بوو کە سوریای خستە ئەم دۆخەوە. ئەگەر دەست لەو سیاسەتە هەڵنەگرن، سوریا تووشی قەیران و گێژاوی قوڵتر دەبێتەوە".

لەبارەی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیاش بەرانبەر بە کورد ئاماژەی بەوەدا، ئێستا تورکیا سیاسەتی "بدۆڕێ" پەیڕەو دەکات و ئەمەش لە بەرچاوی هەموو کەسێک ئەنجامدەدات. تورکیا بە هەڵوێستی 'من سەرنەکەوم، نابێت کەس سەرکەوێت' دەجووڵێتەوە و ئەو عەقڵیەتە بەرانبەر هاوڵاتیانیشی بەکاردەهێنێت.

گوتارەکەی نورەدین دەمیرتاش بەم شێوەیەیە:
ڕژێمی سوریا بە عەقڵیەتی با هەموو کەسێک بدۆڕی جووڵایەوە
لە سەروبەندی هەڵوەشاندنی سوریادا، ڕژێم هەڵوێستێکی دیموکراتیانەی پیشان نەدا و هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەنا. لە کاتی داگیرکردنی ئیدلب و ناوچەکانی تر لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە تەنانەت هەڵوێستێکی بچووکیشی دەرنەبڕی. لە کاتی هێرشی داعش لە بەرانبەر گەلی کورد لە ڕۆژئاوا هاوکاری نەکرد. گەلانی ڕۆژئاوا لە سەر ئەو خاکە باجی زۆریان دا و قارەمانێتییەکی زۆریان کرد. لەگەڵ ئەوەشدا ڕژێمی سوریا، چاوی لە داگیرکەری تورکیا گرت و بە عەقڵیەتی "با هەموو کەسێک بدۆرێت" جووڵایەوە.

 

ئێستاش ڕژێم دوای ئیدلب، هەڕەشە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات. ئەو سیاسەتە بوو کە سوریای خستە ئەم دۆخەوە. ئەگەر دەست لەو سیاسەتە هەڵنەگرن، سوریا تووشی قەیران و گێژاوی قوڵتر دەبێتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دیموکراسی و یەکێتی خاکی سوریا بە سیستمی بەرگریکاریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدی دێت.

گەلی کورد لە ئێران ئەکتەری سەرەکی گۆڕانکارییە
لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتێکی تر هەیە کە لەسەر گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژیت، ئەویش ئیرانە. ڕژێمی ئێران بەهۆی ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژموونی لەدەستنەدات، مافی گەلی کورد لە ناوخۆدا ناناسێت. لەگەڵ ئەوەی مافی خۆبەرێوەبەری بە کورد نادات، لە ناوخۆی سیستمیشدا بەرگەی ئەوە ناگرێت مافی کورد هەبێت.

ئەمریکا و هێزەکانی تری جیهان، بەو هۆیەوە دەتوانن رەخنەی توند لە ئێران بگرن و بەرەیەکی فراوان لەدژی ئێران پێکەوەبنێن.

 

گەلی کورد لە ئێران ئەکتەری سەرەکی گۆڕانکارییە و هەڵوێستی کورد لە داهاتووی ئێران-دا گرنگە. لە سوریا و تورکیاش دۆخەکە بەو شێوەیەیە.

لە ئێران ٢١ی شوبات گەل هەڵبژاردنی بایکۆت کرد. ئەو پەرلەمانەی کە نوێنەرایەتی گەل ناکات، ڕەوایەتی خۆی لەدەستداوە.

ئەگەر ئێران سیاسەتی چارەسەری دیموکراتی پەیڕەو نەکات، هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوخۆدا ناتوانێت ئارامی بەرجەستە بکات. بۆیە گێژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قوڵتر دەبێتەوە. کۆدار و پژاک هێزە ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین جار ڕایانگەیاندووە، کە ئەوان لایەنگری چارەسەری دیموکراتین. گەلی کورد بە گشتی دەیەوێت کێشەکەی لەگەڵ ئێران بە دیالۆگ و بە دیموکراسی چارەسەر بکات. لە بەرانبەر ئەوەش ڕژێمی ئێران بە فشار و توندوتیژی وەڵام دەداتەوە کە ئەوە سوود بە ئێران ناگەیەنێت.

 

بەرجەستەبوونی دیموکراسی لە ئێران بە تەنها لە رێگای ئاشتبوونەوە لەگەڵ کورد و دیموکراسی چارەسەر دەبێت. ئەگەر کورد یەکگرتوو بێت، دیموکراسی بەرجەستە دەبێت. لەبەرئەوە گرنگترین شت ئەوەیە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکگرتوو بن.

ئەو عەقڵیەتەی کە دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە گۆمی خوێن، ناتوانێت بەردەوام بێت
ئێستاش تورکیا سیاسەتی "بدۆڕێ" پەیڕەو دەکات و ئەمەش لەبەرچاوی هەموو کەسێک ئەنجامدەدات. تورکیا بە هەڵوێستی 'من سەرنەکەوم، نابێت کەس سەرکەوێت' دەجووڵێتەوە و ئەو عەقڵیەتە بەرانبەر هاوڵاتیانیشی بەکاردەهێنێت. وەک ئەو هەڵوێستەی کە بەرانبەر ژن بەکاردەهێنرێت کە دەڵێت، 'یان بۆ منی یان بۆ گڵ'. ئەوە ڕێک کۆپی عەقڵیەتی دەوڵەتە.

دادگاکانی تورکیا بوونەتە دادگای چەتەکان. کەسێک ئازاد دەکەن کەسێکی تر دەستگیردەکەن. لە کۆڵانەکاندا کردەوەی چەتەگەری بەردەوامە، چووەتە ناو زانکۆکان. چەتەی ئابوریش پەیدا بووە.

لە تورکیا دۆخێک هاتووەتە پێشەوە دەبێت بڵێی من دڵخۆشم، ئەگەر بڵێی دڵم خۆش نییە، راستەوخۆ دەبیتە دوژمنی دەوڵەت! هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بۆیە لە زیندانەکاندان و دووردەخرێنەوە. بۆیە هونەرمەندان و پارێزەران دەست بە مانگرتن دەکەن، بەڵام ئەوان وادەزانن ڕۆشنبیر و هونەرمەندان لە بەهەشتدان.

 

دەوڵەت وادەزانێت ئابوری لە لوتکەدایە و ئەوانەی خۆیان دەکوژن نمایش دەکەن! هەرچەندە هەوڵ دەدەن ئەو دۆخە لە لایەن جیهانەوە نەبینرێت، بەڵام تورکیا زیاتر بەناو زۆنگاودا ڕۆدەچێت.

تورکیا وەک سوریا لە بەردەم کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیلیش بووەتە ئاستەنگێکی گەورە. لەبەرئەوەی ئەگەر کێشەکان کۆتاییان پێبهێندرێت، هیچ نرخ و ستراتیژییەکی لەناو وڵاتە عەرەبییەکاندا نامێنێت.

ئەگەر تورکیا دەستوەردان لە لیبیا بکات، ئایا کێشەکان چارەسەر دەبێت؟ بە پێچەوانەوە. بۆ ئەوەی چارەسەری دیموکراتی دروست نەبێت، چەتەکانی بۆ ئەوێ ڕەوانەکرد. وەک کە لە ئیدلب بینرا، ژمارەیەکی زۆر سەربازیشی لەگەڵ چەتەکان لە لیبیا کوژران.

لە ڕێگای کۆچبەرانەوە هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات. دەوڵەتی تورکیا بە هەموو دەزگاکانیەوە بووەتە قاچاغچی کۆچبەران. لە کاتێکدا کە توندوتیژی بەرانبەر کۆچبەرانی سەر سنور دەکرێت، بەڵام هەڕەشە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.

 

لە کاتێکدا کە لە دەرەوە، ناوخۆ و لە لیبیا و سوریا دەدۆڕێنێت، سیاسەتی 'من بدۆرێم، پێویستە هەموو کەسێک بدۆرێت' پەیڕەو دەکات.

ئەگەر بیانەوێت هێرشێکی تر بەرانبەر ڕۆژئاوا ئەنجامبدەن، بەڵام دۆخی نێودەوڵەتی لەبار نییە. ئەو قۆناغە کۆتایی هات. ئەو عەقڵیەتەی کە دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە گۆمی خوێن، ناتوانێت بەردەوام بێت. پیلانەکانی بەرانبەر ڕۆژئاوا پووچەڵبوونەتەوە، بۆیە لە ناوخۆدا تووشی ناکۆکی و دوژمنایەتی بوون.