ڕاپۆرتی کوردستانی

04:58 - 11/03/2020

کــۆرۆنـا و پێنج پـەتا بۆ ئــابــووری کوردستان‌

پەیسەر

قسەیەک هەیە دەڵێ: هەرکاتێ ئابووری چین بپژمێ، ئەوا ئابووری دنیا نەخۆش دەکەوێ!

ئێستا چین نەک هەر ئابوورییەکەی، بەڵکو وڵاتەکە سەراپا تەنگەتاوبوون بەدەست پەتای کۆرۆناوە. ئایا دەبێ ئێستا دوای نەخۆشکەوتنی ئەم وڵاتە گرنگە، ئابووری جیهان حاڵی چۆنبێ؟

 
پرسیارەکە بۆ ئاستی ناوخۆ وردتر بکەینەوە: ئەی ئابووری لەرزۆک و قەیرانلێدراوی کوردستان حاڵی چۆن دەبێ دوای نەخۆشکەوتنی ئابوورییە تۆکمەکەی جیهان؟

ئێستا هەموو ناوەندە ئابوورییەکانی دنیا، شارەزا و لێکۆڵەرانی ئەم بوارە بێوچان سەرقاڵ و پەشێون تا ئەو کاریگەرییە کتوپڕ و خێرایەی کۆرۆنا هەڵسەنگێنن لەسەر بازاڕ و ئابووری جیهان. بەڵام ئەستەمە بگەنە ئەنجامێکی روون یان دڵخۆشکەر.

بۆ نموونە وڵاتێكی وەکو ئەڵمانیا، هەر لە ئێستاوە زراوی چووە لەو تەنگەژانەی بەهۆی کۆرۆناوە دێنە رێی ئابوورییە تۆکمەو بەهێزەکەی.

فیدراسیۆنی سەراسەری پیشەسازیی ئەڵمانیا پێشبینیکردووە، ئەگەر تا سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ کۆرۆنا لە چین و ژاپۆن، کۆریا و ئیتالیا کۆنترۆڵ نەکرێ، ئەوا ئابووری ئەڵمانیا دەستەوئێخە دەبێ لەگەڵ شکستێکی روخێنەردا. بەجۆرێک ئاستی دەرامەت دابەزێ بۆ نیوە یان کەمتر لە نیوە.

ئابووری هەرێم پێش هاتنی کۆرۆنا گرفتاربوو بە قەیران و قەرز و کەمی داهاتی ناوخۆ و ناکۆکی لەگەڵ بەغدا

وڵاتانی پیشەساز و خاوەن سەرخان و ژێرخانێکی پتەوی ئابووری ئەمە حاڵیانبێ، ئەی دەبێ ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەیان فرۆشی نەوتبێ، دەبێ لە چ دۆخێکی تۆقێنەردابێ؟

لە بەردەم زریانە نادیارەکەدا
ئێستا کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزیوە بۆ نزیک بە ٣٠ دۆلار، ئەمە نیشانەیەکی شوومە بۆ ئابووری هەرێمی کوردستان. چونکە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێم لەڕێی فرۆشی نەوتەوەیە.

حکومەتی هەرێم دەڵێ: نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلار قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت و موچەخۆرانی خۆی لەسەر کەڵەکەبووە.

وڵاتێكی وەکو ئەڵمانیا، هەر لە ئێستاوە زراوی چووە لەو تەنگەژانەی بەهۆی کۆرۆناوە دێنە رێی ئابوورییە تۆکمەو بەهێزەکەی

حکومەتی عێراق ناوبەناو موچەی هەرێم نانێرێ و ئەمەش دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی لێدەکەوێتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی تائێستا موچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی پێندراوە.

بازاڕ و ئابووری کوردستان هێشتا لەژێر کاریگەری ئەو قەیرانە داراییەدایە کە لە ٢٠١٥ـەوە بەرۆکی گرتووە.

بەهۆی راگرتنی دەوام لە فەرمانگە حکومییەکان داهاتی ناوخۆ ٧٠٪ کەمیکردووە

بەبڕیاری حکومەتی ناوەند و هەرێم، سەرجەم خاڵەسنوورییەکان لەگەڵ ئێران داخراون، بەمەش داهاتی گومرگیی بەڕێژەیەکی زۆر کەمیکردووە.

ئێستا دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، حکومەت دەوامی لە سەرجەم فەرمانگەکان - بێجگە لە تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان- راگرتووە. ئەمەش وایکردووە داهاتی ناوخۆ زیاتر لە ٧٠٪بێتەخوارەوە.

بۆ نموونە تەنیا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، تا سەرەتای ئەمساڵ داهاتی مانگانەی ١٢ ملیار دینار بووە. ئێستا ئەم بەڕێوەبەرایەتییە داهاتی دابەزیوە بۆ ئاستی سفر.

ئەم کەمبوونەوەیەی داهاتی ناوخۆ لە کاتێکدایە، کابینەی نۆ لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە هەوڵیداوە لەگەڵ داهاتی نەوتدا، "داهاتی هەمەچەشنە" زیاد بکات. بەڵام ئێستا لە یەک کاتدا چ نەوت و چ سەرچاوەناوخۆییەکان توشی ئیفیلیجی هاتوون.

ئەی چارەسەر چیە؟
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٠ حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی ئەو کێشە و تەنگەژانەی دێنە رێی ئابووری هەرێمی کوردستان.

کۆبوونەوەکە گەیشتووەتە ئەو بڕیارەی کە خەرجییەکانی حکومەت کەمبکرێنەوە و بەشی هەرەزۆری پڕۆژەکان رابیگرێن. رێگای دووەم ئەوەیە، زیاتر لە بەغدا نزیک ببنەوە تا پێکەوە روبەڕووی ئەو کێشانە ببنەوە کە لە داهاتوودا دێنە رێی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان.

پێویستە حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندی زیاتردابێ چونکە بەغدا دەتوانێ لەگەڵ بانک و رێکخراوە جیهانییەکاندا مامەڵە بکات

رێگای یەکەم کە کەمکردنەوەی خەرجی و راگیرانی پرۆژەکانە، پرۆسەیەکی زۆر عەمەلیی نابێ لە ئاستی مەترسییەکاندا. چونکە بێجگە لە دابینکردنی موچە، روبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش بودجە و خەرجی زۆری دەوێ.
بەڵام هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا هەنگاوێکی باشە، چونکە بەغدا وەکو دەوڵەت دەتوانێ لەگەڵ ناوەندە ئابوورییەکانی جیهان مامەڵە بکات و رێوشوێنی نێودەوڵەتی بگرنەبەر.
بەڵام پێناچێ ئەم هەنگاوانە لە ئاستی کاریگەرییەکانی ئەو تەنگەژە ئابوورییانە کەم بکەنەوە کە چاوەڕێی ئابووری جیهان دەکات، چونکە کۆڵەکەی سەرەکی ئابووری عێراق و کوردستان لەسەر نەوت وەستاوە، بەهای نەوتیش رۆژ بە رۆژ لە دابەزینی گەورەو بەردەوامدایە. ئەمەش وادەکات هیوا هەڵچنین بە نەوت، شانسی دەربازبوون لە قەیران کەم بکاتەوە.