ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:53 - 11/03/2020

كاریگەریەكانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئابوری عێراق‌

پەیسەر پرێس

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت هێشتا زووە بریار لەسەر كاریگەریەكانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئابوری عێراق بدەین دەشڵێت هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت دەدەن، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت بەدابەزینی هەر بەرمیلێك نەوت رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار زیان بەئابوری عێراق دەگات، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووش دەڵێت نابێت حكومەت بیر لەپاشەكەوتی موچە بكاتەوە.

هەوڵی نێوەندگیری دەدەین
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بەپەیسەرپرێسی راگەیاند رێككەوتنی نێوان وڵاتانی ئۆپیك و بەرهەم هێنی نەوت كۆتایی ئەم مانگە كۆتایی دێت، عێراق دەستی كردووە بەپەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتانی بەرهەم هێن بۆ ئەوەی كۆبونەوەیەك بكرێت و بگەینە رێككەوتن و بازاری نەوت رزگار بكەین.

جیهاد دەڵێت هێشتا زووە بریار لەسەر كاریگەریەكانی ئەم كێشەیە لەسەر ئابوری عێراق بدەین لەبواری بودجە و بوارەكانی تر، چەندین بژاردە لەبەردەم عێراق هەن نامانەوێت پەشێوی رووبدات، ئێستا هەموو بەرهەم هێنەكانی نەوت زیانمەندن بازاری نەوتی جیهانی زیانمەندە، ئەوە تەنها عێراق ناگرێتەوە هەموو وڵاتانی گرتۆتەوە، و كاریگەری لەسەر ئابوری جیهان و پرۆژەكان و گەشەكردن دەبێت بۆیە هیوادارین چارەسەری ئەم دۆخە بكرێت و كاریگەریەكانی كەم بكرێنەوە.

بەهۆی پێداگری سعودیە و روسیا نرخی نەوت ئاوای لێهات
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت هەوڵەكانیان دەست پێكردووە بۆ گفتوگۆ و ئێستا لەقۆناغی پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرهەم هێنەكان، دەشڵێت عێراق رۆڵێكی گرنگی لەكۆبونەوەی ئەم دوایانەدا بینی بەڵام بەهۆی پێداگری روسیا و سعودیە لەسەر هەڵوێستەكانیان وایكرد نەگەینە رێككەوتن ئەگەرنا زۆر هەڵدرا رێككەوتن بكرێت، هیوادارم هەموو لایەك ئێستا درك بە مەترسیەكان دابەزینی نرخی نەوت بكەن و كۆبونەوەكە بكرێت.

عاسم جیهاد دەڵێت هەركاتێك بریاری كۆبونەوەكە درا كاتەكەی ئاشكرا دەكەن، دەشڵێت ئومێدمان هەیە كە لەو نێوەندگیریە سەركەوتووبین و بگەینە رێككەوتن، گەیشتن بەرێككەوتن بەواتای چارەسەری ئەو كێشەیە و كەم بوونەوەی زیانەكان دێت هەوڵەكانمان بەو ئاراستەیەدا بەردەوام دەبن.

زووە باس لەكاریگەریەكانی ئەم دۆخە بكرێت
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت زووە باس لەكاریگەری دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئابوری عێراق بكرێت، چونكە دیارنیە چەند دەخایەنێت، دەشڵێت دابەزینی نرخی نەوت بۆ یەك مانگ یان دوو مانگ بەواتای داتەپین یان كاریگەری گەورەی نایەت لەسەر ئابوری نیشتمانی، نامانەوێت پێش روداوەكان بكەین و دەمانەوێت چاوەروان بین.

لەهەرێم بپرسن
سەبارەت بەوەی تائێستا هەرێمی كوردستان نەوتی رادەستی حكومەتی عێراق كردووە وتەبێژی وەزارەتی نەوت داوایكرد ئەو پرسیارە لەبەرپرسانی حكومەتی هەرێم بكەین.

93 تریلیۆن دیناری بودجە لەداهاتی نەوتەوە دێت
لای خۆیەوە غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپەیسەرپرێسی راگەیاند لە 135 تریلیۆن دیناری بودجەی عێراق 93 تریلیۆن دیناری لەداهاتی نەوتە و 11 بۆ 12 تریلیۆن داهاتی نا نەوتیە و ئەوەی تریش كورتهێنانە بۆیە دابەزینی نرخی نەوت بەدڵنیاییەوە كاریگەری راستەخۆی لەسەر دۆخی ئابوری عێراق دەبێت.

عێراق تا 30 دۆلار دەتوانێت موچەی فەرمانبەران بدات
غالب محەمەد دەڵێت ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 30 دۆلاریش دابەزێت عێراق دەتوانێت موچەی فەرمانبەران بدات بەڵام دەبێت كارەكانی لەبواری تەشغیلی رابگرێت، موچەی فەرمانبەران لەساڵێكدا نزیكەی 50 تریلیۆنە، بۆیە ئەگەر نەوت 30 دۆلار بێت ساڵانە عێراق 58 تریلیۆن دیناری دەست دەكەوێت هەروەها 11 تریلیۆن داهاتی ناوخۆشی دەست دەكەوێت.

نەوت بۆ 20 دۆلار دانابەزێت
غالب محەمەد دەڵێت ئەگەر نرخی نەوت بۆ 20 دۆلار دابەزێت كەس نایفرۆشێت چونكە تێچووی بەرهەمی نەوتی روسیا و ئەمریكا بۆ هەربەرمیلێك لە 20 دۆلار زیاترە بەڵام لەعێراق 10 بۆ 12 دۆلارە.

هەر دۆلارێك دابەزینی نرخی نەوت یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلار زیان بەعێراق دەگات
غالب محەمەد دەڵێت بەدابەزینی هەر دۆلارێك بۆ بەرمیلێك نەوت رۆژانەعێراق 3ملێۆن و 500 هەزار دۆلار و لەمانگێكدا 105 ملیۆن دۆلار و لەساڵێكدا یەك ملیار و 260 ملیۆن دۆلار زیان دەكات.

عێراق دەتوانێت پەنا بۆ یەدەگی بانكی ناوەندی بەرێت
غالب محەمەد دەڵێت ئەگەر هەرێم نەوت رادەستی بەغداد بكات ئەوە پشكی لەقەرزەكان و پارەی بانكی ناوەندی دەبێت، بۆیە ئەگەر دابەزینی بەهای نەوت دۆخی ئابوری عێراق هیلاك بكات ئەوە حكومەت دەست بۆ یەدەگی بانكی ناوەندی دەبات كە بڕەكەی 69 ملیار دۆلارە جگە لەوەی چەندین تۆن ئاڵتونی وەك یەدەگ هەیە، بەڵام هەرێمی كوردستان لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت هیچ بژاردەیەكی ئەوتۆی لەبەردەم نیە.

رۆژی هەینی رابردوو وڵاتانی ئۆپێك و بەرهەم هێنەرانی نەوت كۆبونەوە بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی نرخی نەوت و بڕی هەناردە لەكۆبونەوەكەدا روسیا داوایكرد رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەم بەرێژەی 2 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل كە كۆتایی ئەم مانگە كۆتایی دێت درێژ بكرێتەوە بەڵام سعودیە ئەو پێشنیارەی رەتكردەوە بەهۆیەوە نرخی نەوت دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینی.

دەست بردن بۆ موچەی فەرمانبەران كارەسات دروست دەكات
شێركۆجەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند ناشەفافیەتی كەرتی نەوت و غاز لەهەرێمی كوردستان وایكردووە گرفتی گەورە دروست بێت پێش ئەم دابەزینی نرخی نەوتە مانگانە لەنێوان 300 بۆ 400 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم مانگانە دیار نەبووە و جیایە لەو 300 ملیۆن دۆلارەی كە دەدرایە وەزارەتی دارایی بۆموچەی فەرمانبەران، بۆیە نازاندرێت داهاتی نەوت و غازی هەرێم چەندە بەڵام نابێت حكومەتی هەرێم دەستبەرێت بۆ ئەو 300 ملیۆن دۆلارەی كە مانگانە دیدا بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە، هەر كەم و كوڕیەك هەبێت دەبێت لەو بڕە بێت كە كەس جگە لەخۆیان نازانێت چی لێدێت، هەر دەست بردنێك بۆ موچەی فەرمانبەران كارەسات دروست دەكات.

شەفافیەت یارمەتیدەری هەرێم دەبێت

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵًێت شەفافیەت لەداهات و خەرجیدا دەتوانێت یارمەتی حكومەتی هەرێم بدات بۆ رزگاربوون لەو دۆخەی دێتە پێشەوە بەتایبەتیش داهاتی نەوت و ناوخۆ، بەڵام حكومەتی هەرێم ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە یاسای بودجەی نیە، ئەوەش وایكردووە پەرلەمان ئاگاداری داهات و خەرجی نەبێت.

پاشەكەوتی موچەی دروست بێتەوە هەڵوێستمان دەبێت
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت با حكومەتی هەرێم بەپەرلەمان و خەڵك بڵێت كێن خاوەن قەرزەكان كەحكومەتی هەرێم قەرزی لێكردوون و بڕەكەیان چەندە و كەی كراون و بۆچی كراون و كەی تەواو دەبن؟ بەڵام هیچ شتێكی فەرمی و باوەرپێكراو نیە كە حكومەتی هەرێم قەرزداربێت بۆیە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەشارەوەیی مامەڵە لەگەڵ ئەوپرسە بكات، دەشڵێت حكومەتی هەرێم ناتوانێت قەناعەتمان پێ بكات كە قەرزدارە بۆیە ئەگەر پاشەكەوتی موچە بسەپێندرێتەوە بەدڵنیاییەوە هەڵوێستمان دەبێت.

حكومەتی هەرێم چاوی لەبەغدایە
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبۆوە و لەكۆبونەوەكەدا داوای هەمەهەنگی زیاتر لەگەڵ بەغداد كرا بۆ چارەسەری قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت، چاوەكان لەسەر ئەوەن ئەگەر بەغداد دەستی بۆ یەدەگی بانكی ناوەندی برد پشكی هەرێمی لێبدات، ئەگەریش حكومەتی فیدراڵی قەرزی وەرگرت بەشێكی بدرێتە حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەی قەیرانی كەمی نرخی نەوت تێپەرێنێت..